عەتا قەرەداخی: گریمانەی بوونی کورد لە نێوان خەیاڵ و راستیدا – بەشی سێیەم.

ئاشکرایە کاریگەری نەرێنی نووسراوی سەر بەردی بێستون، لە قۆناغەکانی دواتری ژیانی کورددا بە دوو ئاراستە دەرکەوتووە، یەکەمیان خۆبەخاوەنزانینی کورد بۆ نووسراو و مێژوویەک کە نەک هەر هی ئەم نیە, بەڵکو نووسراو هەڵکۆڵینی پارسە هەخامەنشییەکانە کە دەسەڵاتی میدییەکانیان لەناوبردووەو دەستیان بەسەر وڵاتەکەیدا گرتووە. دووەم هەخامەنشیینەکان وایان نیشانداوە کە فەرمانڕەوای پارس و میدیان. ئەوەش رێگاخۆشکەر بووە بۆ درووستبوونی هەستی خۆ بەئێرانیزانی لای ئەو کوردەی کە خۆی بە نەوەی میدیا زانیووە، یان دەزانێت کە ئەو هەستی خۆ بەئێرانیزانینەی کوردی ئێستا هیچ راستیەکی تێدا نیەو بەڵگە میژووییەکانیش پشتگیری ئەوە ناکەن کە کورد ئیرانی بێت، بەڵام زمانەکەی سەربە گروپی زمانەکانی باکوری رۆژئاوای ئێرانە.، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆرینەی بەڵگەکان پشتگیری ئەوە دەکەن کە میدیا پێکهاتەی رەسەنی چیاکانی زاکرۆس و باکووری میسۆپۆتامیایەو ئەگەر بۆجوونی دووەمیس بۆ دەرکەوتنی میدیەکان راستبێت کە سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زاینە، ئەوا مادای و پارسوا هاوکات دەرکەوتوون و مادای واتە میدیەکان پێش پارسوا بوونەتە خاوەنی دەسەڵات. تەنانەت ئەگەر میدیا لەگەل پارسوادا پەیوەندییەکیان بە کۆچی ئارییەکانەوە حەبیت بۆ بانەکانی ئێران ئێران، دیسان لەو روانگەیەوە کە میدیەکان تاکە باپیرەی کورد نین و کورد زیاتر نەوەی پێکهاتە رەسەنەکانی باکوری میسۆپۆتامیاو زاکرۆس و ئەناتۆلیایە، واتە ئێرانیبوونی کورد بە پشتبەستن بەوەی کە کورد ئاریایی بێت، بەڵگەیەکی لاوازە. تەنانەت وشەی ئێران لەگەڵ دەرکەوتنی پارسەکاندا دەرکەوتووە نەک لەگەڵ دەسەڵاتی میدیا کە پێش دەسەلاتی پارسەکان بووەو لەو کۆنترە لە ناوچەکەدا. هەروەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد کە بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە بوونی میدیەکان دەگێڕێتەوە بۆ مێژوویەکی کۆنتر، بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەم بۆچوونەش راست نەبێت هێشتا بوونی میدیا وەکو ئامادەبوون و دەسەڵات دەکەوێتە پێش پارسواوە. میدییەکان دانیشتووی رەسەنی ناوچەکە بوون و لە سێ هەزار ساڵ پێش زایینەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی زاکرۆسدا ژیاون، بەڵام پارسەکان/ ئێرانیەکان لە کۆچبەرە ئارییەکان بوون کە لە هەزار ساڵی یەکەمی پێش زایینەوە وردە وردە لە ئاراستەی رۆژهەڵاتەوە چوونەتە ناوچەیەکی دەشتایی(فەلات) کە لە دواییدا بە ئێران ناسراوە(١٧).
بەهەرحاڵ لێرەوە دەمانەوێت سەرنج بدەینە سرووشتی پێکهاتەو بنیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای میدیا بە تایبەتی لەو مێژووەدا کە خاوەنی دەسەڵات و دەوڵەت بووەو گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی پەرەسەندن و هێزی و توانیوێتی ئیمپراتۆرێتی بەهێزو تا ئەندازەیەک تەمەن درێژو خاوەن نووسین و هەڵکۆڵین و مێژووی ئاشووری بڕوخێنێت.
پێکهاتنی دەوڵەتی میدیا جیاوازی هەبووە لەگەڵ سروشتی پێکهاتنی دەوڵەتانی پێش خۆی، لەوانەش سۆمەرو ئەکەدو ئاشوور، هەروەها لە دەوڵەتانی دوای خۆی جیاواز بووە بە تایبەتی هەخامەنشی و ئەشکانی و ساسانیەکان کە هەرسێکیان دەوڵەتی پارس و ئێرانی بوون. دەوڵەتی میدیا نەک بە پاڵپشتی چینی ئەرستۆکرات و زنجیرەی پلەوپایەی دەسەڵات دانەڕێژراوە، بەڵکو بە پاڵپشتی جەماوەری خەڵک و دژ بە ئەرستۆکراتەکان بووە. هەر لەبەرئەوەش بووە کە ئەرستۆکراتەکان لایەنگری ئاستیاک نەبوون(١٨). لە بەراییەکانی هەزارەی دووەمی پێش زایندا بارودۆخەکە نەختێ گۆڕانکاری بەسەردا هات، لە راستیدا ئەم م هەزارەیە شایەتی گۆڕانێکی جەوهەریە لە بورای بەرهەمهێنان و ژیانی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی میدیاو ئەو دەڤەرانەی کە دەوری میدیایان دابوو.. لەم قۆناغەدا بەرهەمهێنانی برۆنز گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، تا دەهات زیاتر گۆزەسازی پێش دەکەوت، جۆرو نەخشی دەفرەکان گۆڕانیان بەسەردا دەهات(١٩). لەم قۆناغەدا یەکەمین دابەشکاری گەورەی کار لە نێوان پیشەی شوانکاری و کشتوکاڵدا بەپێی هەڵکەوتەی شوێنی نیشتەجێبوون سەری هەڵدا. بەشێک لە هۆزەکان بوون بە پیشەوەرو چەندان جۆری کەرەستەی خاو بۆ نموونە میتاڵ-یان بەرهەمهێناو گەلێک پیشەی هەمە جۆریان گرتەبەر(٢٠). بێگومان یەکێک لەو ئاژەڵانەی کە جێگای بایەخپێدان بووە لە وڵاتی گۆتی و لۆلۆو پاشانیش لە وڵاتی میدیادا، ئەسپ بووە. لە بەراییەکانی هەزارەی یەکەمی پێش زایندا واتە نزیکەی سێ سەدە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی مید، ئەسپ جێگای بایەخپێدانی زۆر بووە لە ناوجە شاخاوییەکانی زاکرۆسدا.. دەتوانین بەوپەڕی دڵنیاییەوە جەخت بکەینەوە کە ئەو هۆزانە لە بواری شوانکارەیدا گەلێک پێشکەوتوو بوون بە تایبەتی لە بەخێوکردنی ئەسپداو لە لاپاڵی کەژەکاندا پەرەیان بە کشتوکاڵیش داوە(٢١). کۆمەڵگای میدیا لەبەردەم سەرەتای’خشت دروستبوونی کۆمەڵگایەکی کۆیلەگەریدا بووە، بۆ نموونە “شارە قەڵا”کان نەردەوانی بەردین یاخود “خشت”ی بە چواردەوردا دەکراو قولەی بەرزیشی تیدا دروست دەکرا. سەرەتای جیاکردنەوەی کاری پیشەوەری دەستیپێکرد. کاربەدەستان بۆ هەمیشە لە ئەرکەکانیاندا دەمانەوەو هەروەها جەنگەکانیش بووبوون بە ئەرکێکی رۆژانەی ژیانی گەل. بۆیە ئەو مافە بە خۆمان دەدەین کە لەم رێگایەوە باسی تایبەتمەندییەکانی تری ئەو کۆمەڵگایە بکەین. سیستێمی خێزانی باوکسالاری بوو بە تایبەتمەندیی زۆرینەی کۆمەڵگا. کۆیلەگەری تەشەنەی کردو هەروەها ئۆرگانەکانی بەڕێوەبردنی هۆزەکان گۆڕانیان بەسەردا هات- واتە ئۆرگانەکانی بەڕێوەبردن کەوتنە دەستی مەزنەکان و لەم رێگایەشەوە گەلەکانی خۆیان دەچەوساندەوە. بێگومان دەبێ ئەوەش بڵێین کە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی پێشکەوتنێکی دیاریکراوی مێژووی ئەو رۆژگارەی کۆمەڵگای میدیاوە لەبەردەست نیە(٢٢). باسیلی نیکتین دەڵێت: دەشێ کورد دابەش بکرێت بۆ شارستانی- نیشتەجێ و کۆچەری(٢٣). قەومی میدیا ئەساسەن گەڕۆک بوون، بەڵام لە شاخ و کێواندا بەرەبەرە جێگیربوون و عورف و عادەتی شاریان قبووڵ کرد. شارانیان لەسەر شاخێکی حاکم بەسەر دۆڵێکدا درووست ئەکرد. حەیاتێکی سادەی عەشائیریان هەبوو. لە جەدوەلی ئەسمای ئەم قەومەدا چەند گەورەی عەشیرەتێک بە شۆرەت بوون. هیچ دێیەکیان بەسەر دێیەکی تردا حاکم نەبووە. هەموویان لە حقوق و سەڵاحیەتدا مساوی بوون(٢٤). ئەگەر بۆ مێژووی دەوڵەتانی میدیاو هەخامەنشی بگەڕێینەوە، ئەوا جیا لەوەی تا چەند پەیوەندی چینایەتی لەناو دانیشتوانی ئەم دوو دەوڵەتە کۆیلەدارەدا رەگییان داکوتا بوو، ئێمە ناتوانین سەرنجی ئەو بایەخە گەورەیەی یاساکانی بنەماڵەیی و خێڵایەتی لەم دوو دەوڵەتەدا نەدەین(٢٥).
ئایا کۆمەڵگای میدیا کۆمەڵگایەکی چینایەتی بووە یان کۆمەڵگایەکی بێ چین بووە، واتە هەموو خەڵک لە یەک ئاستی کۆمەڵایەتیدا بوون یان جیاواز بوون؟ رەنگە خەیاڵکردنی کۆمەڵگایەک کە هەموو دانیشتووانەکەی لە هەمان ئاستدا بن، جۆرێک بێت لە خەیاڵی بەربڵاو. هەر لەسەر ئەم بنەمایە ناشێت پێداگری لەسەر ئەوە بکرێت کە کۆمەڵگای میدیا کۆمەڵگایەکی بێ چین بووبێت..لە راستیدا لە کۆمەڵگای میدیادا سیستێمی چینایەتی بوونی هەبووە، بەڵام دوو جیاوازی بنەڕەتی لەگەڵ کۆمەڵگای پارسی هەبووە. یەکەم ئەوەی کە سیستێمی چینایەتی لە وڵاتی میدیا رەهەندێکی پیرۆزی نەبووە، تاکوو بەهۆیەوە ئەم پیرۆزیە لە کەلتووری سیاسی و دینیدا رەنگبداتەوەو لە بازنەی پانتایی حەقیقەتدا خۆی جێگیر بکات. خاڵی دووەم بریتیە لەوەی کە دەوڵەتی میدیا بەپێی سیستێمی چینایەتی ئەرستۆکراتەکان دانەڕێژراوە، بەڵکو بە پاڵپشتی جووتیاران پێکهاتووە(٢٦).
لەبارەی سیستێمی کۆیلایەتی لە دەوڵەتی میدیادا زۆرینەی بۆچوونەکان ئەوەیە کە لە چوارچیوەی ئەم دەوڵەتەدا کە بێجگە لە میدیای بچووک، سەدەو نیوێک تەمەنی بوو، سیستێمی کۆیلایەتی وەکو سیستێمی کۆیلایەتی سۆمەرو بابل و ئاشوورو تەنانەت وەکو سیستێمی کۆیلایەتی پارس ( هەخامەنشی و ساسانی) پێکنەهاتووە. ئەگەریش سیستێمی کۆیلایەتی لە میدیا هەبووبێت، لە ئاستی کۆیلایەتی بنەماڵەیی تێنەپەڕیووە. هەربۆیە دەشێ ئەو بۆچوونەی کە سیستێمی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردنی میدیا بە سیستێمی کۆیلایەتی ناودەبات تەنیا پشت بە هاوشێوەکردنی سیستێمی میدیا بە سیستێمەکانی تری ئەو سەردەمە یان پێشترو دواتر دەبەستێت، نەک بە بەڵگەی زانستی سەلمێنەر.. بەرهەمهێنەرە سەرەکیەکانی وڵاتی میدیا، دانیشتووانی ئازاد بوون، کە هاوکات شۆڕشگێڕ بوون. هەروەها نهێنی سەرکەوتنی میدییەکانیش هەر ئەوە بووە(٢٧). هەروەک لەبارەی سرووشتی کۆیلایەتیەوە لە دەوڵەتی میدیادا باسی ئەوە دەکرێت کە.. بارودۆخی کۆیلەکان جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بارودۆخی کەسانی ئازاد نەبووە. کۆیلەکان کاری شوانییان دەکردو مافی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان هەبوو( مەبەست هاوسەرگیریە). کتسیاس ئاماژە بە جۆرێکی تایبەت و هاوشێوە لە سیستێمی کۆیلایەتی دەکات کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ سیستێمی پەروەردەکردنی منداڵ نەبووە. ئەوەی بە پێی وتەکانی کتسیاس و هیرۆدۆت روون و ئاشکرایە ئەوەیە لە وڵاتی میدیادا سیستێمی کۆیلایەتی بوونی نەبووەو لە راستیدا میدییەکان دژی سیستێمی کۆیلایەتی بوون(٢٨). هەروەها هیرۆدۆت باسی ئەوەی کردوەە کە منداڵی کەسایەتییەکی میدیا بە بەراورد لەگەڵ منداڵی کۆیلەیەکدا، لەیەک ئاستدا توانیوێتی وەکو ئەو یاری بکات.
هەروەها سەرباری ئەوەی دەوڵەتی میدیا لە ئەنجامی فیدراسیۆنی خێڵەکان و لەسەر بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی و پاشایەتی یەکسان دامەزراوەو ماوەی فەرمانڕەوایی پاشاکانی میدیا سنووردار بووە. هەروەها دەوڵەمەندەکان یان ئەرستۆکراتەکان و مۆغەکان بواری ئەوەیان پێنەدراوە بە ئارەزووی خۆیان بجوڵێن و لەسەر کاری جوتیاران و لەسەر دەستکەوتی جەنگ و تاڵانی خۆیان زیاتر دەوڵەمەند بکەن. رەنگە ئەمەش تا ئاستێک جیاوازبووبێت لە سیستێمی فەرمانرەوایی ئیمپراتۆرێتەکانی تری مێژوو..دەوڵەتی میدیا لەسەر دیموکراسی هاوبەش و پەسەندکراو و هەڵبژاردن و رەوایی داڕێژراوە، نەک لەسەر زنجیرەی پلەوپایەی دەسەڵات و مافی خودایی پاشاکان. ئامانجی سیستێمی داڕێژراوی میدیا بە پێچەوانەی سیستێمی ئێران و ئیسلام، داگیرکردن و تاڵانکردنی وڵاتەکان و بەدەستهێنانی دەستکەوت و تاڵانی نەبووە، بەڵکو ئامانجی ئەوان دادپەروەری ناوخۆیی و سەرکوتکردنی دوژمنان بووە(٢٩).
بەگشتی و تا ئەندازەیەکی نزیک لەیەکتر هیرۆدۆت و دیاکۆنۆف و ئیقرار عەلی یێف و مینۆڕسکی و مار و کتسیاس و ڤیلچێڤسکی و محەمەد ئەمین زەکی و باسیلی نیکیتین و تیۆدۆر نۆلدکە و زەکەریا قادری و زۆری تریش، کورد بە نەوەی میدیاو گۆتی و لۆلۆو کاشی و هۆری و سۆباری و خاڵدی و کاردۆخی و خێڵ و پێکهاتەکانی تری باکووری میسۆپۆتامیا و چیاکانی زاکرۆس دادەنێن و لایەنگری و بەڵگەی بەهێزو سەلمێنەر بۆ ئەوەی کە کورد گەلێکی ئێرانی ئاریا نەژاد بێت و لەگەڵ کۆچی خێڵە ئاریایەکان لە رۆژهەڵاتەوە هاتبێت، یان بەڵگەی زۆر لاوازە یان لەبەردەستدا نیە، بە تایبەتی مینۆڕسکی و مار لەسەر بنەمای زانستی زمانیش پشتگیری ئەوە ناکەن، هەرچەندە دەشێ گۆڕینی زمان روویدابێت. بەڵام ئەوەی ئێمە لە هێنانەوەی قسەی مێژوونووسانی دێرین لێرەدا هینامانەوە بۆ ئەوەیە بتوانین رووناکی بخەینە سەر سرووشتی کۆمەڵگای میدیا چ لە سەروەختی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دەوڵەتی میدیادا، چ دوای روخاندنی ئەو دەوڵەتە.
ئەوەی لەو وتەو بەڵگانەدا دەردەکەوێت کە لە سەرەوە هێناماننەوە، کۆمەڵگای پێش میدیا لە باکووری میسۆپۆتامیاو چیاکانی زاکرۆس لە لۆلۆو گۆتی و میتانی و هۆری و کاسی و کاردۆخی و ئەوانی تریش، پێکهاتەی شێوە خێڵایەتی بوون و زیاتر بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و ماڵاتەوە خەریکبوون، کە ئەوەش خاسێتی شوانکارەی پێبەخشیوون. واتە زۆرینەی خێڵەکان شوانکارە بوون و لە چیاکاندا ژیاون و بەدوای پاکژو لەوەڕگاو ئاودا رۆیشتوون، واتە لە شوێنیکی دیاریکراودا جێگیر نەبوون. هەرچەندە لەپاڵ پیشەی شوانکارەیدا ئەوانەی لە پێدەشتەکان یان لە دامێنی چیاکاندا ژیاون، سەرقاڵی کشتوکاڵ بوون. ئاشکرایە پیشەی کستوکاڵ پێویستی بە مانەوەو جێگیربوونە لە شوێندا. لێرەوە دەردەکەوێت کە لەو قۆناغانەدا، کۆمەڵ یان خەڵک لەسەر ئاستی ئەو کارەی پێوەی خەریکبووە دابەشبووە بۆ ئاژەڵ بەخێوکەران- شوانکارە-، لەگەڵ جووتیاران، کە یەکەمیان کۆچەری و دووەمیان نیشتەجی بووە.
لە راستیدا لێرەدا پرسیارێکی گرنگ و سەرەکی پەیوەست بە ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە سەر هەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە ئایا لەو قۆناغەدا کە خەڵک سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵ بوون، سیستێمی کۆمەڵگا ج جۆرە سیستێمێک بووە؟ ئایا دەشێ بگوترێت سیستێمی ئابووری فیودیالی بوونی هەبووە؟ یان ئایا سیستێمی کۆیلایەتی باڵادەست بووە لە کاتێکدا پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە سیستێمی کۆمەڵگای میدیا سیستێمی کۆیلایەتی هاوشێوەی کۆمەڵگاو دەوڵەتانی تری کۆنی بەخۆیەوە نەبینیووە؟ یان سیستێمی کۆمونەی سەرەتایی هەبووە؟ یان لە راستیدا هیچ سیستێمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بوونی نەبووەو دەشێ بگوترێت کۆمەڵگایەکی بێ سیستێم بووە، یان بەدەربڕینێکی تر سیستێمی کۆمەڵایەتی تێکەڵەیەک بووە لە کۆمۆنەو کۆیلایەتی و کشتوکاڵی، بەڵام هیچ کامیان نەبووە بە تەنیا. ئەمەش جۆرێ لە نائاساییبوون لە سرووشت و بنیادی پێکهێنەرانەی کۆمەڵگای پێش میدیاو تەنانەت کۆمەڵگای میدیایشدا نیشان دەدات.
خاڵێکی تر سەبارەت بە سیستێمی کۆمەڵایەتی میدیا، ئەوەیە کە بەپێی بۆچوون و لێکدانەوەو ئەو دەرئەنجامانەی کە توێژەرانی بواری مێژوویی و نەژادناسی و مرۆڤناسی و ئاسەوارناسی و کۆمەڵناسی پێیگەیشتوون، ئەوەیە کە سیستێمی کۆمەڵایەتی دەوڵەت و کۆمەڵگای میدیا، جیاواز لە دەوڵەتی کۆمەڵگاکانی پێش و هاوسەردەم و پاش خۆی کە ئەوان سیستێمی دەوڵەت و کۆمەڵگای کۆیلایەتیبوون، ئەم سەرباری بوونی کۆیلە لە ئاستی تاکاکەس و بنەماڵەیی و خێڵەکاندا، بەڵام سیستێمی کۆیلایەتی بە بنیادو شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندی بەرهەمهێنان و وەکو سیستێمی ئابووری کۆیلایەتی بوونی نەبووە. ئەم بۆچوونە ئەگەر وەکو راستیەک وەربگیرێت، کە لای بەشێک لە توێژەران خاڵێکی ئەرێنیە بۆ کۆمەڵگای میدیا، ئەوا لەبەردەم ئەو لێکدانەوەیەدا رامان دەگرێت، کە بۆچی جیاواز لە کۆمەڵگاکانی تر کە لە کۆمۆنەوە گەیشتوون بە سیستێمی کۆیلایەتی و دەوڵەت لەسەر شێوازی هەرەمی یان چینایەتی دامەزراوەو کۆیلە کە زۆرینەی کۆمەڵگایان پێکهێناوە تا ئەندازەیەکی زۆر سیستێمەکە خاسیتی ئامرازی پێداون و ئەوانیش رۆڵی ئامرازیان بینیووە لە کارکردندا. واتە کۆیلە لە کۆمەڵگای کۆیلایەتیدا ئەرکی بەردەوامی کارکردن و بەرهەمهێنان بووەو بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانی بدات خواردنی پێدراوەو تەنیا بۆ خستنەوەی نەوەو درێژەدان بە مانەوەی سیستێمی کۆیلایەتی مافی ژیانی هاوبەش و منداڵ خستنەوەی پێدراوە، واتە بۆ خستنەوەی نەوە بە مەبەستی درێژەدان بە کۆیلایەتی. سیستێمی دەوڵەت و کۆمەڵگای کۆیلایەتی سیستێمیکی رێکخراوو دیسپلینکراوی تووندوتۆڵ بووەو زۆرینەی شارستانێتیە دێرینەکان کە پاشماوەو ئاسەوارەکانیان ماونەتەوە لە شارستانی سۆمەری و بابلی و ئاشوری و میسری و گریکی و رۆمی و چینی و شارستانێتی پارسی بە تایبەتی ساسانی… بەرهەمی سیستێمی دەوڵەتی کۆیلایەتی بوون. کەواتە سەرباری خراپی و هەژموونی کەمینە لە سیستێمی دەوڵەتی کۆیلایەتیدا بەسەر زۆرینەداو بە کۆیلەکردنی یان بە دەربڕینێکی تر بە ئامرازکردنی رووبەرێکی فراوانی کۆمەڵگا، سیستێمی دەوڵەتی کۆیلایەتی لە روانگەی بەرهەمهێنانی شارستانێتیەوە وەکو قۆناغی بنیادنان سەیردەکرێت و ئەو کۆمەڵگایانەی لە مێژووی دێریندا توانیوویانە سیستێمی کۆیلایەتی بەرهەمبهێنن، توانیوویانە ئامادەبوونی خۆیان لە رابردوودا لەسەر بنەمای وەبەرهێنانکردن لەسەر ژیانی رووبەری فراوانی پێکهاتەی کۆیلە بسەلمێنن.
تێبینی/ سەرچاوەکان لە کۆتایی دوابەشدا دادەنێین.