نیاز سەعید عەلی: ئایە ئەبومحەمەد جۆلانی، پێشینە و پەیوەندیی گوماناویی لەگەڵ ئەمریکا هەبووە؟!

ڕۆژی 1. 5. 2025، لەسیمینارێکدا لەئەمریکا؛ (ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوە)، لە(بالتیمۆر)، لەویلایەتی (ماریلاند)، بانگهێشتی (ڕۆبەرت فۆرد)ی دیبلۆماتکاری بەئەزموون و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لەسووریا ( 2011 – 2024)ی کرد، بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێک بەناوونیشانی (شۆڕشگێڕەکان لەسووریا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ئەی لەئێستادا چی؟) .
لەو سیمینارەدا ئەو دیبلۆماتکارە؛ کە لەڕابردوودا چەندین پۆستی وەکو دیبلۆماتکار و باڵیۆزو ڕاوێژکاری سیاسیی لەکاروباری دەرەوەدا پێڕاسپێردراوە؛ بۆ یەکەمجار ئەو نهێنیەی درکاند و باسی لەڕۆڵ و بەشداری خۆی کرد، لەچۆنیەتیی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و ئامادەکردنی کەسایەتیی (ئەبومحەمەد جۆلانی – ئەحمەد شەرعی ئێستا)، لەسەرکردەیەکی سەربازی و جیهادیەوە؛ بۆ سەرکردەیەکی سیاسی و میانڕەو، هاوکات بۆ مەبەستی ئامادەکردنی ناوبراو، بۆ بوون بە جێگرەوەی (بەشار ئەسەد)ی سەرۆکی پێشووی سووریا و کارکردن بۆ سڕینەوەی ناوی لەناو لیستی تیرۆردا.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەو پەخشبوونی چەند دیمەنێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوی ئەو سیمینارە، لەمیدیا و تۆڕەکانی سۆسیال میدیادا؛ سەرۆکایەتیی کۆمار لەسووریا لەڕاگەیەندراوێکدا، بایەخ و گرنگی و کاریگەریی قسەکانی ناوبراوی لەو سیمینارەدا؛ کەمکردەوە و نادیدەی کردو بەشێوازێکی جیاوازتر، باسی لەسەردانەکانی (ڕۆبەرت فۆرد)، بۆ شاری (ئیدلب) لەساڵی (2023) و دیداری لەگەڵ (جۆلانی) کرد.
لێرەدا دوو پرسیار ڕووبەڕووی سەرۆکایەتی کۆمار ئەبێتەوە؛ ئایە ئەو دیبلۆماتکارە گەورەیەی ئەمریکا، ئەتوانێت بە بێ پرس و ڕاوێژ، بە بێ ئاگاداری و تیشکی سەوزی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی؛ کار بۆ دەرکردنی ناوی (جۆلانی)، لەلیستی تیرۆر و ئامادەکردنی بۆ جێگرتنەوەی (بەشار ئەسەد) بکات؟
ئایە ئەو دیبلۆماتکارە گەورەیەی ئەمریکا؛ لەسەر چ بنەمایەک و بە چ گرێنتییەک، لەساڵی (2023)دا، دووجار سەردانی شاری (ئیدلب)ی پایتەختی حکومەتی ڕزگاریی تاکڕەوی (بەرەی ڕزگاریی شام) ئەکات و لەگەڵ (جۆلانی) کۆئەبێتەوە، لەکاتێکدا ناوبراو ناوی لەلیستی تیرۆری ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و خەڵاتێک لەلایەن ئەمریکاوە، بە بڕی (10) ملیۆن دۆلار دیاریکراوە بۆ هەرکەسێک؛ ئەگەر بتوانێت بە پێدانی زانیاری، هاوکار بێت بۆ دەستگیرکردن، یان لەناوبردنی (جۆلانی)؟!