حەمەئازاد بەرزنجی: شەرتە هەر گەیشتمە ماڵەوە، بچم چی وێنەتان هەیە لەناو ئەلبومەکەمدا بیان دڕێنم.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

کاتی خۆی کە گەنج و خوێندکار بوین، بەتایبەتی لە قۆناغی زانکۆ، هاوینان پیاسەیەکی ناوبازاڕمان دەکرد و، لەوێوە بۆ گەرەکی توی مەلیک کە دەکەوتە سەروی سلیمانی و تا کۆتایی شەقامەکە دەڕۆیشتین تا ئێوارە دادەهات ئەوسا ئاڕاستەمان پێچەوانە دەکردەوە و هەرکەسە بەرەو ماڵەوە دەگەڕایەوە . ئەمە پێیان دەوت ( پیاسەی ئێواران ) و زۆر کەسیش بە تەوەسەوە دەیانگوت : (دەست بە تەنکی). چونکە تاکو نزیک ئەو تەنکی و کۆگای هەڵگرتنی ئاوەی لەسەر گردێک بو لە نزیک شاخەکە دەڕۆیشتین، کەبۆ ئەمبارکردنی ئاوی سلێمانی بەکار دەهات و ئاستی بەرزیەکەشی ، لە ئاستی سلیمانی زۆر بەرزتر بو.
زۆر درێژەی نەدەینێ لە ڕۆژێ لەو ڕۆژانەدا لە بەشی سەرەوەی شەقامەکە گردبونەوەیەک و قەرەباڵغیەک دروست بو، سەیرمان کرد، یەکێ بەتەنها لەگەڵ دوان، سیانێکی دیدا بەشەڕ هاتون. خەڵکی لێکیان کردنەوە، کە سەرنجماندا دورو نزیک دەمانناسین و هاوڕێی یەکتریش بون، بەڵام نەمانزانی لەسەر چی بەشەڕ هاتبون. سەیرمانکرد لایەنێکی شەڕکەرەکان، کە یەکە تەنهاکە بو بەهیچ شتێ داناساکێ و و خاو نابێتەوە و هەر هەڕەشەش دەکات. لە کۆتاییەکەیدا کەوتە هەڕەشە گەورەکەی وتی گوێ بگرن ئێستا ئەزانن چی دەکەم! ماڵەکەشمان نزیکە. ( لە بەینی خۆماندا وتمان خۆی کەر نەکات و بچێت لە ماڵەوە دەمانچەو شت بهێنێ ). وتی: ( شەرت بێ هەر گەیشتمە ماڵەوە، بچم چی وێنەتان هەیە لەناو ئەلبومەکەمدا هەر هەموی بدڕێنم ). لەگەڵ هەمو ڕێزماندا و هەر بۆ شۆخی و سلێمانی گوتەنی ئەوسادا، هەڕەشەکەی وەلەدی عەقاریانە بو.
ئێستاش وا کەوتینە ناو جەژنەوەو موچە هەر نەهات. هەڕەشیان کرد و موچە لەکاتی خۆیدا نەدرێت و پێش جەژن بە غدا موچە نەنێرێ هەڵوێستی توندمان دەبێ . وتمان تۆ بڵیی ڕەحیم ، ڕەحم نەکات و ئەمجارە بەڕاسی بێت و نەیقەومێنێ و نەچێ لە ماڵەوە دەمانچە بهێنێ. خۆ هەمو جارێ وەک عیزەت یەکپارچەی سلێمانی, یان هەر دەمە. یان شەڕیش بکات دەیدۆڕنێ و دەیکوتن و حەسیرمەیانیکی باشی پێدەکەن و لە کۆتاییەکشیدا ئەم بە دۆڕاویشەوە هەر دەڵێ: دەبڕۆن ئاواتان لێدەکەم.
وتیان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، باسی نەدانی موچە دەکرێ و هەڵوێستەکەشمان، ئاشکرا دەکەین. هەڵوسێتەکەیان ئاشکرا کرد و وتیان: ( بڕینی موچە واتا برسیکردنی بەکۆمەڵ و ئەمە دژی دەستورە. شەرتە بچین لایەنە نێو دەوڵەتیەکانتان لێ ئاگادار بکەینەوە ). ئا ئەمە هەمو هەڕەشەو گوڕەشەکەیان بو.
هەمو بەم بەرە جەژنانە چاوەڕوانی هەڵوێستی مەردانەیان بوین! هەر نەبێ نەبێ! با بۆ جاێکیش بێت. با هەڵوێستێکی پیاوانە و نیشتمانیان هەبێت. کە بڵێن با بەغدا موچە نەنێرێ ئێمە میللەتی خۆمان برسی ناکەین ئەوا بڕیارمان دا: موچە بۆ جەژن لە داهاتی ناوخۆ و لەداهاتی ئەو نەوتەی کە دو سال زیاترە بە قاچاخ دەیفرۆشین و عانەمان بەکەس نەداوە. موچەی میللەتەکەی خۆمانی پێدابین دەکەین.
هەرەشەکەیان هیچ دەرچو چونکە پارەی تێکەوت. ئەمانیش لەمەسەلەی پارەدا ، لە خۆیان و بنەماڵەکانیان، زیاتر، خواش ناناسن. چونکە گەر خوایان بناسیایە هەڵبەت تۆزێ سۆز هەر لەدڵێاندا دەبو ئەم جەژنەیان لە خەڵک لەباتی خۆشی نە دەکرد بە زەهری مار. وەک چۆن مناڵانتان لە جەژنانە بێبەشکرد، خێزانەکان و ماڵی کوردانتان لە نوقڵ وشەربەت و گۆشت و قەیسی بەیانیانی جەژن بێ بەشکرد، دەک بەو دوعایانە بن کە خەڵکی هەژاران لێتان دەکەن. هەرچەندە دوعا و ئاهو نزای هەژاران بۆی هەیە، بەڵام بۆ بەدیهێنانی نزاو دوعاکان و هیوا دزراوەکانمان دەبێ بە کردارەکی خۆمان هەنگاو بنێین . نابێ هەر بە دوعای بکەین.