نەوزادی موھەندیس: لەسایەی جەنگ و ململانێکدا جیھان بەرەو کوێ؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئاشکرایە جەنگ و ململانێ گەرم و ساردەکان یان ئاشکراو نھێنیەکان ھەمیشە بونەتە مایەی ماڵوێرانی و کارەسات و قەیران و تەنگژە سیاسی و ئابوری و بازرگانی و سەربازی و کۆمەڵایەتیەکان و مەترسیەکانی ژینگە و… ھتد.. و پێکەوە ھەموانیان بونەتە ھۆکاری شڵەژان و ناجێگیری و تێکدانی خۆشگوزەرانی و ئارامی ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و تێکدانی نەزمی ژیان و گوزەران بەگشتی.
لە ئێستادا و لەم قۆناغەی جیھانی پیادا تێپەڕدەبێت جەنگ و ململانێکان گەیشتونەتە قۆناغ و ئاستێک کەمەترسی ھەڵایسانی جەنگی جیھانی سێھەم و ئەتۆمی لێدەکرێت، ئەوەتا جەنگی ڕوسیا_ ئۆکراینا دوای زیاتر لە 3 ساڵ پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و ھەڵکشاوە بۆ ھێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنی و خزمەتگوزاریەکانی یەکتری و زۆر لە پێشتر ھێرشەکانیان چڕتر و توندتر بونەتەوە.جەنگی ئیسڕائیل – حەماس لە کەرتی غەزەدا گەیشتۆتە ترۆپکی مەترسی و ھێشتاش ھەربەردەوامە و گەرەکە بەتەوەاویتی چۆڵو و ویڕان بکرێت و ژیانی و گوزەرانی تیادا نەمێنێت. ئەوەتا ململانێکانی و ھەڕەشەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئێران پێی نایە قۆناغی ئاشکرا و گەرمتر و مەترسیدارترەوە بەھێرشکردنە سەر دەیان ئامانجی سەربازی و ئەتۆمی و کەسایەتیە سەربازیەکان کەئەمەش پێشینەیەکی مەترسیدارە.
ئەم سێ نمونەیەی شەڕی گەرم، نمونەی مەترسیدارن لەم قۆناغەی جیھاندا کە ئایندەی جیھان بە ئاڕاستەی ھێمنی و جێگیری و ئارامیدا گوزەر ناکات،بەڵکو ھەموو پێشبینی و گومانەکان بۆ ئەوەدەچن جیھان بەرەو کارەسات و قەیران و تەنگژەی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی زیاتر بچێت، چونکە ھەموان ئەوەی گەرەکیانە بریتی نیە لە پێشکەوتن و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی ھەموو جیھان، بەڵکو زلھێز و بەدەسەڵاتەکان شەڕ لە پێناوی مانەوەی پلە یەکی و بەھێزی خۆیاندا دەکەن لەسەر حسابی گەلان و کۆمەڵگا و وڵاتەکانی تر. ھەربۆیە ئایندەی جیھان بەڕۆشن نایەتە بەردیدە و بینین.
بەردەوامی ئەم جەنگ و ململانێیانە نیشانە و ئاماژەن بۆ تێکدانی ھاوسەنگی نێوان ھێزەکان و باڵادەستبوونی لایەک بەسەر لاکەی تر و بەرەیەک بەسەر بەرەکەی تردا، ئاماژەن بۆ بەردەوامبوون و سەرھەڵدانی چەندین قەیران و تەنگژەی ئاڵۆزتر کە بەرۆکی جیھان دەگرێتەوە لە ساڵانی ئایندەدا کە ھەموانیشیان مایەی زیانی گەورەن بۆ تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، ئەم جەنگ و ململاملانێیانە دەبنە ھۆکاری ناجێگیری سیاسی و کەئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر جوڵەی بازاڕەکانی جیھان و بەتایبەتیش بازاڕی دراو و بۆرسە و بازاڕەکانی وزە کە ماکینە و بزوێنەری ھەموو کەرتەکانی ژیانن لە پیشەسازی و کشتوکاڵ و سەربازی و ئابوری و… ھتد. دەبنە ھۆی تۆخکردنەوەی زیاتری ململانێکان و ڕکابەریەکان لەنێوان زلھێزەکان و ھێزە ھەرێمایەتیەکانیشدا و ھێندەی تر جیھان دەشڵەژێنن. ئەم جەنگ و ململانێیانە دەبنە ھۆکاری تێکدانی گەشە و ھاوسەنگی ئابوری جیھان و پشێوی و ڕاگرتنی ڕێگاوبانە بازرگانیەکان لە وشکانی و دەریای و ئاسمانیشدا و گرانبوون و بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستیەکانی ژیان و بڵاوبونەوەی برسێتی و بێکاری و ھەژاری و ھەڵئاوسان، ئەم جەنگ و ململانێیانە دەرگا واڵادەکەن بۆ خەرجی زیاتر لە بوارە سەربازی و ھەواڵگریەکان و تۆخکردنەوەی زیاتری ململانێکان و ئامادەسازی زیاتر بۆ بەریەککەوتن و پێکدادانی سەربازی تر ھەموو ئەمانەش لەسەر حسابی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئاشتی کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان.
لەلایەکی تریشەوە ھەموو ئەم جەنگ و ململانێیانە دەبنە ھۆکاری کێشەی ھەرە گەورە و مەترسیدار و گشتیگرتری جیھان کە بریتیە لە کێشەی ژینگە و ڕوودانی کارەساتە سروشتیەکان لە لافاو و داڕمانی زەوی و بەرزبونەوەی پلەی گەرمای زەوی و پەنگخواردنەوەی گەرما و بومەلەرزە و گڕکان و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و وشکەساڵی و بەبیابانبوون و… ھتد. تێکدانی ھاوسەنگی ژینگەیی کە ھەموانیشیان کاریگەری خراپ دەکەنە سەر تەندروستی گشتی مرۆڤەکان و بڵاوبونەوەی دەیان نەخۆشی و پەتای ترسناک و ئەوکاتیش لەناچوونی ملیۆنان کەسانی بێتاوان و ھەژار و بێدەرەتان.
ھەربۆیە لە ئامادەگی نەبوونی سەرکردە و ڕۆشنبیر و بیرمەندانی خەمخۆر و دووربین و مرۆڤ دۆست و ئاشتیخوازی ڕاستەقینە لە ئێستادا جیھان و تەواوی گۆی زەوی بە ئاڕاستەیەکی تاریک و توون بۆ ئایندە ھەنگاو دەنێت، چونکە لەلایەک بەھا مەعریفی و ڕۆشنبیریەکان و ڕۆشنبیر و بیرمەندەکان پەراوێزخراون و ڕێزیان لێناگیرێت و لەلایەکی تریشەوە بەھا مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەکانیش ژێر پێنراون، ئاشکراشە ھەرکات ڕۆشنبیری و حیکمەت و زانایی و لەولاشەوە ڕەوشت و ئاکارە مرۆییە باڵاکان بونیان نەما و پێچرانەوە و پشتگوێخران ئیدی ئایندەی کۆمەڵگا مرۆییەکان بەرەو ھەزاربەھەزارە دەچن و ڕوە و نغرۆبوون و بەفەنا چوون ھەنگاو دەنێن.
بۆیە ناکرێت ژیان و گوزەران لەسەر ئەم ھەسارەی زەویەدا و ئەم ھەموو پێشکەوتنە سەرسوڕھێنەرە تەکنلەۆجیایانە کە بەرھەمی عەقڵی مرۆڤەکان خۆیانن گەیشتونەتە پلە و ئاستێک لە پێشکەوتن کە بونەتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر تەواو ژیان و گوزەران، ئەوەتا تەکنەلۆجیا زیرەکەکانی کۆمپیوتەر و پەیوەندیەکان و پیشەسازی نانۆتەکنەلۆجی و پیشەسازیە سەربازیەکان و ڕۆبۆتەکان و زیرەکی دەستکرد، نەک بونەتە مایەی خۆشگوزەرانی مرۆڤ بەڵکو لە زۆر کاتدا بونەتە مایەی بێزارکردنی مرۆڤەکان و بونەتە ھۆکاری بێکاری و ھەژارخستنی مرۆڤەکان و کارەساتە دڵتەزێنەکانیشیان لەبواری سەربازی و جەنگەکاندا بەسەر مرۆڤایەتیدا ھێناوە.
بەم شێوەیە و لەسایەی ئەم جەنگ و ململانێیانەدا، ڕەنگە سەدەی 21 ھەمیش وەکو سەدەی 20 پڕ لەجەنگ و کاولکاری بێت بۆ مرۆڤایەتی لەسایەی ھەڵپەی سەرکردەکان بۆ دەسەڵاتی زیاتر و کۆکردنەوەی سەرمایە و دەستگرتن بەسەر سەرچاوە سروشتیەکان و وزەکاندا و پێدەچێت دەیان جەنگی گەرم و ساردی نوێتر و بەتەکنەلۆژیای نوێتریش ڕووبدەن و بەھێزەکان بەھێزتر و لاوازەکانیش بەرەو نەمان بچن و شارستانێتیەکان لەناوبچن و ژیانی پێکەوەیی گەلان مەحاڵ ببێت وجیھان وەک ئێستا ببێتە دۆزەخێکی سووتێنەر بۆ ھەموو ھیوا و ئاواتەکانی نەوەکانی ئێستا و ئایندە و ناتوانن لەسایەی ئاوھا ژینگەیەکی بارگاوی و پڕمەترسیدا ژیان بگوزەرێنن و ئایندەیەکی گەشتر بۆخۆیان بونیادینێن و خەون و ئاواتەکانیان سەوز بکەن و جیھانێکیش ئامادەبکەن کە تەژی بێت لە جێگیری و پێشکەوتن و ئارامی و ئاسایش دوور لە جەنگ و ململانێکان، ھەربۆیە دەکرێت ھەموان لە چاوەڕوانی پەڕجویەکدا بین بۆ پاراستن و ڕزگارکردنی ئەم جیھانە لە کارەسات و بەڵای دەسکردی مرۆڤ و سروشتیەکان لە پێناو بەردەوامبونی ژیان و گوزەران و نەوەکانی ئایندەشدا.