نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، لەنێوان ڕاستگۆیی و ترسی قۆناغەکەدا بەرەو کوێ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەھەپە لە 22. 10. 2024 دا بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ئاشتبونەوە لە تورکیادا لەگەڵ پەکەکەدا و دەستپێکردنی سەردانە نھێنی و ئاشکراکانی وەفدەکان بۆ لای ئاپۆ لە دورگەی ئیمڕاڵی و ئاڵوگۆڕی بیروڕاو و بنەماکانی پڕۆسەکە و ڕێکەوتن لەسەر دەستپێکردنی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان لەسەر ئاستی سەرۆکی ھەموو پارت و سەرکردە دەسەڵاتدارەکان لە ئاکاپە و مەھەپە وەکو دوو ھاوپەیمانی دەسەڵاتدار و دواتریش پارت و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان لە جەھەپە و پارتی ئایندە و دەم پارتی و پێکھێنانی لیژنەیەکی سێ کەسی بۆ ئەم ھاتوچۆ و ئاڵوگۆڕانە و چەند جارێکیش سەردانی باشووری کوردستانیان کرد بۆ ڕاوەرگرتنی سەرکردە و پارتە سیاسیەکان و گەڕانەوە بۆلای ئاپۆ لە ئیمیڕاڵی،ئیدی ھەمووان بەپەرۆشەوە بەرەو پیری پڕۆسەکە چوون و ھەندێک بە متمانەو ڕاستگۆییەوە و ھەندێکی تریش بە گومان و ترسەوە ھەوڵی سەرخستنی پڕۆسەکەیان دەدا.
دوای بانگەوازە ئاشکراکەی ئاپۆ و ڕاگەیاندنی لە ئیستانبوڵ لەلایەن لیژنەی گقتوگۆکانەوە ئیدی پڕۆسەکە ھەنگاوێکی ئاشکرا و گەورەتری نا و ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ھەنگاوە گەورە و شۆکھێنەرەکەی دواتر کە تورکیا و ئەردۆگان و مەھەپەش جەختیان لەسەر دەکردەوە کە بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی خۆھەڵوەشانەوەی پەکەکە لە کۆنگرەیەکدا و دانانی چەکەکانیان و چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکانیان لە قەندیل.ھەرچەندە ئەمە مەرجێکی تاڕادەیەک قورس و سەخت بوو نەک بەتەنھا بۆ پەکەکە بەڵکو بۆ ھەموو کوردانیش.بەڵام متمانە بەخۆبوون و ڕاستگۆیی لە نیەت و بڕیارەکان و پەرۆشیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە و لەسەر ڕاسپاردەی ئاپۆ بۆ سەرکردایەتی مەیدانی پەکەکە لە قەندیل،ئەوەبوو لە ڕۆژانی 7. 5. 2025 لە دوو جێگەی جیاواز و بەنھێنی پەکەکە کۆنگرەی 12ھەمینی خۆی بەست و ھەموو ئەو مەرجانەی ڕاگەیاند.بەمەش پڕۆسەکە ھەنگاو و بڕیارە سەخت و قورسەکەی ڕاگەیاند گەرچی بەنابەدڵیش بوبێت،چونکە لەلایەک وەک پێشمەرج و مەرجی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە وابوو و لەلایەکی تریشەوە بەلای زۆرێکەوە وەک ئاشبەتاڵ و خۆتەسلیمکردنی پەکەکە وابوو و کەوتە بەر ڕەخنە و تانە و گلەیی زۆرەوە.
لە ئێستادا و دوای 8 مانگ پڕۆسەکە جۆرێک لە خاوبونەوە بەخۆوە دەبینێ بەھۆی لەلایەک مردنی ئەندامێکی سەرەکی وەفدی گفتوگۆکان سری سورەیا و نەخۆشکەوتنی ئەحمەد تورکیش و لەلایەکی تریشەوە ساردبونەوە و دوودڵی لەلایەن ئەردۆگان و ئاکاپە و مەھەپەوە دەردەکەوێت بۆ بەرەوپێشچوون و ئەنجامدانی ھەنگاوی کردارەکی لەلایەن دەوڵەتەوە وەک نیازپاکی و سووربونیان لەسەر بەردەوامیدانی پڕۆسکە،چونکە پێویستە دەوڵەتیش سەرەتا گۆڕانکاری لە دەستوری دەوڵەتدا بکات لەو بەندانەی کە نکولی لە بوونی کورد دەکات بە زمان و ناوچەو خوێندن و..ھتد. و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراتی ڕاستەقینە و ئازادی و دادپەروەری و داننان بەمافەکانی کورد و کەمینەکانی تر و ئازادکردنی زیندانیە سیاسیەکان و دەرکردنی لێبووردنی گشتی و دۆزینەوەی چارەسەرێکیش بۆ دۆخی سەرۆک ئاپۆ لە زیندان و …ھتد.
چونکە پڕۆسەکە دوولایەنەیە و ھەریەکە ئەرک و مافی لەسەرە کە جێبەجێیان بکات.بەڵام بەداخەوە ئەوا نزیکەی دوومانگە ھیچ باسوخواسێکی گەرموگوڕ نیە دەربارەی پڕۆسەکە و وەک بڵێی سەرانی دەسەڵاتی دەوڵەت لە تورکیا جۆرێک پەشیمانی و دزودڵییان بۆ دروستبوە و دەترسن لەسەرخستنی تەواوی پڕۆسەکە.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە ئایا سەرانی دەوڵەتی تورکیا بەتایبەتیش دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆگان ڕاستگۆن لەدەستپێشخەریەکەیان بۆ سەرخستن و چێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا؟ یان ئەوەتا لەبەر ئاڵنگاری و مەترسیەکانی قۆناغەکە کە ناوچەکە و خودی تورکیای پیادا گوزەر دەکات ئەم دەستپێشخەرییەیان ڕاگەیاند؟ ئەی پەکەکە و سەرانی پەکەکەش متمانەیان بەم دەستپێشخەرییە ھەیە لەلایەن تورکەوە؟ یانیش پەکەکەش بەھەمان شێوەی دەوڵەتی تورک بێ متمانەیە بە بەڵێن و دەستپێشخەری تورکان؟ ئایا ھەر بەڕاست پڕۆسەی ئاشتی لەسەر دەستی دوو کەسایەتی تاسەرئێسقان شۆڤێنی و بیر تەسک و دەمارگیری نەتەوەیی باخچەلی و ئەردۆگان دێتە دی؟و دەیان پرسیاری تریش.
کورت و پوخت مێژووی دەوڵەتی تورک و سیاسەت و بەرنامەکانی دژ بە کورد و کوردستان بەتایبەتی و کەمینەکانی تریش بەگشتی مێژوویەکی ڕەش و تاریکە و بۆتە مایەی نانەوەی ئاشوب و بەڵا و کوشتن و بڕین و زیندانیکردن و داپڵۆسین و کۆچپێکردنی زۆرەملێ و ڕاوەدونان و چەوساندنەوە بەشێوەیەک ھیچ متمانەیەک نەماوە لە نێوان دەوڵەت و ھاوڵاتیاندا ھەر لەساڵی 1923وە بەناو دامەزراندنی کۆماری تورکیای نوێ چونکە ھەر لەو کاتەوە و بەدرێژایی ١٠٠ساڵی ڕابووردوو پێنج بنەما و خاڵ ھێڵی سووربوون لە ناو دەستوری تورکیادا بۆ کورد و کەمینەکانی تر کە تەنانەت ھەموارکردنەوەی دەستورەکەش نایانگرێتەوە و ڕێگە بە گۆڕانیان نادرێت کەبریتین لە ھەریەکە لە (( دەوڵەتی تورکیا سیستەمی کۆماریە، دەوڵەتی تورکیا تەنھا لە یەک نەتەوە پێکدێت کە نەتەوەی تورکە،بنەمای عەلمانیەتیش واتە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت،بنەماکانی ئەتاتورک کە بریتین لە ( نەتەوە و عەلمانیەت و پێشکەوتنخوزای و کۆماری و دەوڵەت و نیشتیمانپەروەری)، زمانی دەوڵەتیش تەنھا زمانی تورکیە)) وھیچ کەس و لایەن و پێکھاتەیەک بۆیان نیە ئەم پێنج بنەمایە پێشێل بکەن. ئیدی ئەوە سەد ساڵی ڕێکە بەناو کۆمارێکیان دروستکردوە کە بە ئاگر و ئاسن مامەڵە تەنانەت لەگەڵ تورکە ئۆپۆزسیۆنەکانی خۆشیاندا دەکات و ھیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان نەتەوە پەرستەکان و ئاینیەکان و مەدەنی و سەربازیەکاندا کە دەچنە دەسەڵاتەوە،بەڵکو ھەموویان بونەتە پارێزەری ئەو میراتیە دژەمرۆڤ و دژو کورد و دژە ئاشتیەی کە ئەتاتورک دایڕشتوە.
بەھەمان شێوە چەندین جار ھەوڵی ئەنجامدانی پڕۆسەی ئاشتی دراوە لەنێوان دەوڵەت و پارتی کرێکارانی کوردستاندا بەڵام ھەموانیان بە فشار و گوشاری دەوڵەتی قوڵ و نەتەوە پەرستە توندڕەوەکانەوە شکستیان پێھێنراوە و درێژەیان بە سیاسەتی لەناوبردن و نکولیکردن لە بوونی کورد کردوە.ھەربۆیە ئەم ھەوڵەش ڕاستگۆییەکی ڕاستەقینە و ھەقیقەتی لێناخێنرێتەوە بەھێندەی ئەوەی کە ترسی گۆڕانکاری و ئاڵنگاریەکانی قۆناغەکە سەپاندویەتیە سەریان کە باش دەزانن بەردەوامبوونی تورکیا بەم سیاسەت و قەوارە و ھێزەوە ناکرێت بەردەوام بێت بەتایبەتیش لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرنگ و ھەستیار بۆ زلھێزەکان.
لایەنی کورد و پەکەکەش ئەزموونی 47 ساڵەیان لە خەباتی سیاسی و چەکداری خوێناوی ھەیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا و ئەوانیش پێناچێت لە بڕوا و قەناعەتێکی کۆنکرێتیەوە ھاتبنە پێشەوە بەڵام بۆئەوەی نەبێتە خاڵێکی نەرێنی لەسەر کورد و ماف و خەباتە ڕەواکەی دەستپێخەریەکەیان قبوڵکرد و تەنانەت بڕیارە سەختەکەشیان بە ھەڵوەشاندنەوە و چەکدانانیش دا،ھەربۆیە پەکەکە و سەرانی پەکەکە وەک لایەنی ڕاستگۆی پڕۆسەکە دەرکەوتوون لەبەردەم ڕای گشتی تورکیا و کورد و ناوچەکە و دونیاشدا.ئەوەی ماوەتەوە تەواوکردنی مەرج و ھەنگاوەکانی سەر ئەستۆی دەوڵەتە.
بەڵام خاوبونەوە و دواخستنی ھەنگاوە گەورەکان لەلایەن ھاوپەیمانی شوومی دەسەڵاتەوە ((مەھەپە + ئاکەپە))وە ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەوان بەو پاشخانە مێژووییە ڕەش و تاریک و دەمارگیر و کۆنەپارێز و خۆبەزلزانیانەوە ھیچ کات ڕاستگۆ نەبوون و ناشبن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە.چونکە ئەو دەستورە نامرۆڤانەیەی کە پێش سەد ساڵ نوسراوەتەوە و بۆتە دەقی پیرۆز لەلای تورکەکان بە سەرکردە و پارتە سیاسیەکان و لەلای ھاوڵاتیانی سادە و خوێندەوار و ئەکادیمیەکان و شەقامی پانوپۆڕی تورکەوە،ئیدی چاوەڕوان ناکرێت کە پڕۆسەیەکی واگەورە و مرۆڤدۆستانە لەلایەن ئەو عەقڵ و بیرکردنەوە بەبەردبوانەوە سەربکەوێت.ئەوان لە سیاسی و بازرگان و ئەکادیمی و نەخوێنەواریانەوە تەنھا مرۆڤی تورک بە بژاردە نایابەکەی تورکیا دەزانن و ھەر تورک بە شایستەی ژیان و ماف دەزانن و ئەوەشی کە تورکە ئەوا زۆر بەبەختە لەو کۆمارە خوێناویەدا و ئیدی لەدەرەوەی ئەم بیرۆکە دڕندە و نامرۆڤانەیەدا ھیچ کەس و بونەوەرێک لە کورد و پێکھاتەکانی تر مافی ژیان و خۆشگوزەرانی و ھاوڵاتیبونیان نیە و دەبێت ھەموان لەژێر ئاڵاخوێناویە سوورھەڵگەڕاوەکە و دەستورە نامرۆڤانەکە و تاکە سەرکردە و تاکە حیزب و تاکە زمانەکەی تورکاندا ملکەچ بن، بەپێچەوانەوە کوشتن و بڕین و ڕاوەدونان و زیندانی و لەسێدارەدان گەورەترین خەڵات و پاداشتە بۆ گیان و ڕۆحیان.
ھەربۆیە پڕۆسەی ئاشتی ئەم جارەش لەسەردەستی نەتەوەپەرستە ڕەگەزپەرستەکان و ئاینیە کۆنەپارێز و دووڕوەکان و ئەکادیمی و سیاسیە ھەلپەرستەکانی تورکدا پێناچێت سەربگرێت چونکە ڕای گشتی شەقامی تورکیایان پڕکردوە لە بیرۆکەی مەترسیدار و بەکارھێنانی بەردەوامی دەستەواژەی بنەبڕکردنی تیرۆر و تیرۆریستان و ڕێگەنەدان بە دابەشبوونی دەوڵەتی تورکیا و بەردەوامی توندوتیژی و دەوڵەتی تورکیا گەرەکێتی بەناوی مەسەلەی ئاشتی و کوردەوە دەستوەردان بکات لە ناوخۆی سوریا و عێراق و ئێرانیش و خۆی کردۆتە دەمڕاستی بەناو چارەسەی مەسەلەی کورد لەناوچەکەدا، کە ھەموو ئەم بابەتانە وایانکردوە ھەموان بە ترس و گومانەوە لە پڕۆسەکە بڕوانن بەمەش تورکیا لە دەوامە و گێژەڵوکەی شەڕ و خوێن و فرمێسکدا دەسوڕێتەوە و ئۆباڵەکەشی بەتەنھا لەئەستۆی دەسەڵاتە نەتەوەپەرستەکانی تورکاندایە نەک کوردی ئاشتیخواز و ژیاندۆست و مرۆڤدۆستدا.