دکتۆر پیرۆت محەمەدئەمین: لە فەرمانبەرێکی بەرهەمدارەوە بۆ دڵەڕاوکێى: مووچە وەک نیشاندەری لەدەستدانی متمانە بە دامەزراوەکان.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لەبەر ڕۆشنایی ئەو قەیرانە داراییە یەک لە دوای یەکانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، دواکەوتن یان نادیاری مووچەی فەرمانبەران بووەتە یەکێک لە ئاماژەپێکەرەکانی هێواش هێواش تێكچونی پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتیان و حکومەت. مووچە چیتر تەنیا پارەدان نییە بۆ کار، بەڵكو گۆڕاوە بۆ ئاوێنەیەک کە ڕەنگدانەوەی ڕادەی متمانە بە دامەزراوە گشتییەکان و پلەی پابەندبوونی ئەخلاقییان بەو کەسانەی لە ژێر چەترەکەیاندا کاردەکەن.
ساڵانێکە قەیرانی مووچە لە هەرێمدا دووبارە دەبێتەوە لە کەرتەکانی حکومەتدا ئەمەش ژینگەیەکی کارکردنی دروستکردووە کە بە دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری تایبەتمەندە. ئەو فەرمانبەرانەی سەردەمانێک کارەکانیان وەک ئامرازێک بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا و خزمەتکردنی گشتی سەیر دەکرد، ئێستا سەرقاڵی پرسیارێکی بنەڕەتین: ئایا لەم مانگەدا مووچەکەم وەردەگرم؟ ئەم دڵەڕاوکێیە ڕۆژانەیە، پاڵنەرەکان تێکدەدات و بەرهەمهێنان دەگۆڕێت بۆ ڕۆتینێکی بێمانا، یان بارگرانییەکی دەروونی کە قورسایی زۆری لەسەر كارمەندان دادەنێت. دوبارە دواکەوتنی مووچە، هەروەها کەمبوونەوەی بەهای ڕاستەقینەی بەهۆی هەڵاوسان و نەبوونی شەفافیەتی دارایی، نەک هەر زیان بە بارودۆخی ژیانی فەرمانبەران دەگەیەنێت، بەڵکو متمانە بە دامەزراوەکان تێکدەدات. هاووڵاتیان مووچە وەک هێمایەک بۆ ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی نێوان خۆیان و دەوڵەت سەیر دەکەن. کاتێک ئەم گرێبەستە چەندین جار پێشێل دەکرێت، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەکی قەناعەت پێکەر یان پلانێکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە هەبێت، کارمەندان هەست دەکەن پەراوێزخراون و چیتر کارەکانیان بەهایان پێنادرێت و ڕێزیان لێناگیرێت.
لەوەش گرنگتر، لەدەستدانی متمانە بە دامەزراوەکان بەهۆی مووچە و کرێ، کاریگەری لەسەر تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ خزمەتگوزاری گشتیش هەیە. بۆ نموونە وانەوتنەوە یان چاودێری تەندروستی چیتر سەرچاوەی شانازی، یان سەقامگیری نییە، بەڵکو هاوواتای فشاری دەروونی و قوربانیدانی بێ بەرامبەرە. ئەمەش بۆشایییەک لە دڵسۆزی دامەزراوەیی دروست دەکات و دەرگا بەڕووی بژاردەی مەترسیدارتردا دەکاتەوە بەدوای سەقامگیریدا، وەک کۆچکردن، کشانەوە لە کایەی گشتی، یان تەنانەت بەشداریکردن لە کاری نافەرمیدا، یان گواستنەوە بۆ کەرتی تایبەت (ئەگەر دەرفەتەکان لەبەردەستدا).
مووچە تەنیا ژمارەیەک نییە لە هەژماری بانکیدا؛ یەڵكو هێمای متمانە و بەردەوامییە، هەروەها نیشاندەری ڕادەی پابەندبوونی دامەزراوەیەکە بە کارمەندەکانی و کۆمەڵگاکەیەوە. ئەگەر حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان بەڕاستی هەوڵی بنیاتنانی دامەزراوەی سەقامگیر و گەیشتن بە گەشەپێدان بدەن، دەبێت لەم هێما سادە و لە هەمان کاتدا قووڵەوە دەست پێبکەن: گەڕاندنەوەی متمانەی فەرمانبەران بەو ڕاستییەی کە کارەکانیان بە نرخ دەزانرێت و داهاتوویان دڵنیایە، تەنانەت ئەگەر بە کەمترین شێوەش بێت.
گەڕاندنەوەی متمانە تەنها بە پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا بەدەست نایەت، بەڵکو بە دابینکردنی شەفافیەت و پەرەپێدانی ستراتیژی ئابووری دادپەروەرانە و بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە تێگەیشتن لەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی دامەزراوەکانیان دەبێتەوە. ئەو کارمەندەی هەست بە دادپەروەری بکات، ئەو کارمەندەیە کە توانای بەخشین و داهێنان و پابەندبوونی هەیە. لە بەرامبەردا فەرمانبەرێکی نیگەران نیشانەی خراپی کۆمەڵگایەکە کە لە ناوەوە بە بێدەنگی دەڕووخێت.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە