نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، ئەو مەتەڵەی کە وەڵامەکەی تەنھا بێ متمانەییە!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

دوای ڕاگرتنی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٥/ ٣/ ٢٠٢٣ لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگای بازرگانی پاریس لە فەڕەنسا بە بەرژەوەندی عێراق، ئیدی ئەم مەسەلەیە بۆتە مەسەلەیەکی جێگە ناکۆک و درێژخایەن و ئاڵۆز و جێگەی مشتومڕێکی بێزەنتی کە ماوەی ٢ ساڵ زیاترە بە ئاشکرا و نھێنی دانوسانی لەسەر دەکرێت و ھێشتاش ئەنجامێکی ڕوون و دڵخۆشکەرەی نەبوە.
ئەم پڕۆسەیە و ھەناردەکردنەوەی چەندە مەسەلەیەکی ئابوری و یاساییە ئەوەندەش بۆتە مەسەلەیەکی سیاسی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد و ئەمەش لە ئەنجامی بێ متمانەییەکی گەورەوە دروستبوە لە نێوان ھەردوولادا. بەھۆی ڕێکنەکەوتن یان پابەندنەبوون بە دەستوور و ڕێکەوتنە دووقۆڵیەکانی نێوانیانەوە و ئیدی ھەردوولا وەک کارتی فشار دژ بەیەکتری بەکاریدێنن.
ئاشکرایە کە لەم پڕۆسەیەدا ٤ لایەنی سەرەکی بەشدارن و پێویستە ھەموانیان ڕێکبکەون لەسەر وردەکاری ھەر پڕۆسەیەک کە لەو مەسەلەیەدا بێتەگۆڕێ و ھەریەکەیان ڕۆڵ و کاریگەری خۆی ھەیە و ھەرکات لایەنێکیان بوە ڕێگر و مەرجی پێشوەختەی دانا ئەوا تەواوی پڕۆسەکە ڕادەوەستێت و پەکی دەخرێت، ھەروەکو لەماوەی ئەو ٢ ساڵەی ڕابووردودا ڕوویداوە.
• عێراق وەکو وڵاتی خاوەن سیادە و سەروەری و بەپێی دەستور خاوەنی ئەو کێڵگە و بیرە نەوتانەیە کە لەسەر تاسەری وڵاتدا بونیان ھەیە و لەبەرھەمھێنان و کاردان و ئەوانەشی کە نەکەوتونەتە کار و دۆزینەوە و بەرھەمھێنان,ھەربۆیە لایەنی سەرەکی و یەکەمە و خاوەن بڕیاری یاسایی و دەستوریە لەو بابەتەدا.
• ھەرێمی کوردستانیش، بەو پێیەی کێڵگە نەوتیەکان دەکەوێتە سنوری جوگرافیاکەیەوە،خاوەنی کێڵگە نەوتیەکانە و بەپێی دەستوریش مافی ھاوبەشی ئیدارەدانیانی ھەیە لەگەڵ عێراقدا ولە ڕابووردوشدا لایەنی سەرەکی واژۆکردنی گرێبەستە نەوتیەکان بوە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکاندا و بەرپرسیارێتی یاسایی و دەستوری لە ئەستۆدایە و لایەنی دووەمی کاریگەرە لە مەسەلەکەدا.
• کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکان، وەک لایەنی سێھەم و بەرھەمھێنەری نەوتەکە،کاریگەری گەورەی ھەیە لەسەر ڕاگرتن یان دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتەکە و تا ئێستا ھەر ئەم کۆمپانیایانە کە خۆیان ڕێکخستوە لە گروپی پیشەسازی نەوتی کوردستان((ئەپیگور))دا ترس و بێ متمانەییەکی گەورەیان لاگەڵاڵە بوە بۆ ئایندەی کار و شایستە داراییەکانیان.
• دەوڵەتی تورکیا،وەک لایەنی چوارەمی پڕۆسەکە تائێستا نەبۆتە ڕێگرێکی گەورە لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمدا و ھەمووپابەندیە یاسایی و تەکنیکیەکانی لە دیوی تورکیاوە ئەنجامداوە و چاوەڕوانی ڕێکەوتنی سێ لایەنی یەکەمی عێراق و ھەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان دەکات.
ئەوەی لە ئێستادا و دوای زیاتر لە ٢ ساڵ چاوەڕوانیکردن بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە بۆتە خاڵی لێکتێگەیشتن و وەک دەرچە و کرانەوەیەک لە پڕۆسەکەدا ھاتۆتە پێش ،دوای ئەوەی کە مەترسی درێژەدان یان ھەڵایسانەوەی لە ئایندەدا جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێران دروستبوە بۆ ئایندەی ھەناردەکردنی نەوتی عێراقی لەڕێگەی کەنداوی عەرەبیەوە و بە ئەگەری داخستنی تەنگەی ھوروموز لەلایەن ئێرانەوە،ئەوا عێراق تاکە دەروازەی سەرەکی ھەناردەکردنی نەوتەکەی لەدەستدەدات و بەوەش کاریگەری گەورەی نەرێنی دروست دەبێت لەسەر بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتەکەی و لەدەستدانی ٩٠% داھاتی ھەموو عێراق و بەوەش عێراق ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی ئابوری و دارایی توند دەبێتەوە و کاریگەریە خراپەکانی دەکاتە سەر مووچە و قوت و ژیان و ئاوەدانی لە عێراقدا بەھەرێمی کوردستانیشەوە.
بۆیە لە ئێستادا و سەردانیکردنی وەفدی ھەردوولا بۆ ھەولێر و بەغداد (( خۆ ویستانە بێت یان لە ژێر گوشار و فشاری دەرەکیدا بێت)) بۆ دانوسانکردنی شێلگیرانە و دانانی سنورێکی یاساییانە و گەیشتن بە ڕێکەوتن و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوو بابەتی سەرەکی دانوسانەکان بوون ،بەو پێیەش بێت چ عێراق و چ ھەرێم لەم ئانوساتەدا پێویستیەکی گەورەیان بەداھات و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە ھەیە و دوای ئەوانیش کۆمپانیا نەوتیەکانیش تامەزرۆی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکەن.
ئەوەی کە جێگەی ناکۆکی و مشتومڕە لە پڕۆسەکەدا لە ئێستادا نە عێراق و نە ھەرێمە ،بەڵکو کۆمپانیا نەوتیەکانن،ئەوانیش تەنھا بێ متمانەیی و ترس و دڵەڕاوکێیان لە ھەڵوێست و بڕیارەکانی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆی بەبازاڕیکردنی نەوتی عێراقیە و دەترسن لە:
• وەزارەتی نەوتی عێراقی پابەند نەبێت بە پێدان و خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان لەکات و ساتی خۆیدا و دواخستیان بێت.
• ئەنجامنەدانی ڕێکەوتنێکی نوسراوە لە نێوانیاندا بۆ دیاریکردنی ئەرک و مافەکانی ھەردوولایان.
بەم شێوەیە،تەنھا بێ متمانییە کە وایکردوە دانوسانەکان بە ھێواشی بچنە پێشەوە، ھەربۆیە گەر ھەرێم و بەغداد گرەنتی زیاتر و کۆنکرێتی بدەنە کۆمپانیا نەوتیەکان و ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەیان بڕەوێننەوە، ئیدی بەپێی ئەو ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ لەسەر نرخی یەک بەرمیل نەوت و دیاریکردنی بە ١٦ دۆلار و ھەنگاوەکانی دواتریش,ھیچ بەربەستێک نەماوە لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی پڕۆسەکەدا و تەنانەت کۆمپانیاکان وەک ڕاگەیەنراوە لایەنی تورکیاشیان ئاگادارکردۆتەوە بۆ ئامادەسازی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتەکە لە ڕێگەی بەندەری جیھانی تورکیەوە.
ھەربۆیە دوای ٢ساڵ و ٣مانگ ڕەنگە ئەمە باشترین ھەل و قۆناغ بێت بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەوی نەوتی ھەرێم بەبڕی ٣٠٠-٤٠٠ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە گەر بەنرخی بازاڕی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بفرۆشرێت لە ئێستادا کە ھەر بەرمیلێک نەوت بە ٦٥ دۆلاری ئەمریکی مامەڵەی پێوەدەکرێت،ئەوا داھاتی مانگانەی دەگاتە ٥٨٥ ملیۆن دۆلار- ٧٨٠ ملیۆن دۆلار کە دەبێتە سەرچاوەی داھاتێکی باش بۆ خەزێنەی دەوڵەتی عێراق و بۆ نەمان و کۆتایپێھاتنی کێشەی مووچەی ھەرێمی کوردستان و و بەھێزبوونی ھەڵوێست و گوتاری ھەرێم لە بەرامبەر بەغداد و تێپەڕاندنی قۆناغی ترس و دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی لەنێوان ھەموو لایەنەکاندا.