نەوزاد بەندی: ژنە جوتیارەکان خۆیان لە خۆیان داوە یان حوکمەت خۆی خۆی ڕوخاندووە.

هەندێ کەس ئەڵێن: گۆڕینی حوکمەت کێشەکان چارەسەر ئەکا. بەڵام من ئەپرسم کام حوکمەت؟ ئەو حوکمەتەی کە بازرگانێکە و هەموو دەزگا خزمەتگوزاریی و پەروەردەییەکانی کردووە بە دەزگای بازرگانیی و ژێر بە ژێر خۆی وەبەرهێنانیان تێدا ئەکات؟
ئەو حوکمەتەی کە دژی دەزگا حوکومییەکان ئیش ئەکات و ..ئەگەر نەخۆشخانەیەکی حوکومیی هەبێ، دوانزە نەخۆشخانەی بازرگانیی قوت کردۆتەوە؟
ئەو حوکومەتەی کە ئەگەر دایەنگا و باخچەیەکی ساوایان و قوتابخانەیەکی سەرەتایی حوکومیی هەبێ، دە دوانزە دایەنگا و باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی بازرگانیی بەناوی وڵاتانی بیانییەوە قوت کردۆتەوە؟
ئەگەر زانکۆیەکی حوکومیی هەبێ، دەیان زانکۆی بازرگانی بە ناوی ووڵاتانی بێگانەوە دامەزراندووە؟
بەنزینخانە و کارگەی چیمەنتۆ و جگەرە و پاڵاوگەی حوکومیی لەسەر زەمینی هەرێم نەهێشتووە و هەمووی بوون بە دەزگای بازرگانیی حیزبی قائید.
کارەبا و ئاو و پەیوەندییەکان یەکپارچە لە دەستی حوکومەت ڕفێنراون و خراونەتە دەستی زبری بازرگانە حیزبییەکان کە ڕاستەوخۆ سەر بە حیزبی قائیدن.
پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتیی لە لایەن حوکمەتەوە !! لە حوکومەت سەنراوەتەوە و دراوەتە دەستی بازرگانانی حیزبیی سەر بە حیزبی قائید.
کام دەزگا و دامەزراوەی حوکومیی ئەگۆڕن لە کاتێکدا حوکمەتەکە خۆی لە مێژە دەزگا و دامەزراوە حوکومییەکان گۆڕاون و ڕوخاون؟
ڕۆژ بە ڕۆژ فەرمانبەرە حوکومییەکان خانەنشین دەکرێن و ..ژمارەکانیان ئەپوکێنەوە و ..هێزی کاری حوکمەت وەک بەزی بەر ئاگر ئەتوێتەوە و .. هیچ کەسێکیش لە جێیان دانامەزرێت .لە بەرامبەردا سەدان کۆمپانیا و هەزارەها هێزی کاری ئێرانی و تورکی و چینی و ماچینیی نیشتەجێ کراون.
ئەوەیش بڵێین هەرچی دامەزراوەی حوکومیین خاڵی کراونەتەوە لە خزمەتگوزارییەکان و بوون بە پاڵپشتی دامەزراوە ئەهلییە حیزبییەکان و تەنها پارەیان پێ پەیدا ئەکرێ ، بۆ نمونە بڕواننە دەرمانخانەی نەخۆشخانە حوکومییەکان هیچ جۆرە دەرمانێکیان تێدا نییە، نەخۆش ئەبێ بڕوات لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەرمان و کەرەستەکان بکڕێت و بیهێنێتەوە بۆ نەخۆشخانە حوکومییەکان. پاشان داتاشینی یاسای نەشتەرگەریکردنی سیمی پرایڤەیت لە نەخۆشخانە حوکومییەکاندا لوتکەی گاڵتەجاڕییە. سیمی پرایڤەیت واتە نیمچە ئەهلیی، یان نیمچە بازرگانیی، واتا نەخۆشێک دێتە نەخۆشخانەی حوکومیی پێویستی بە نەشتەرگەرییەکە، لە دەرەوە بۆ نمونە بە ملیۆنێک دینارە، ئەمان لەناو نەخۆشخانەی حوکومیدا بە 600 هەزار بۆی دەکەن و پارەکەیشی بۆ دەستڕۆیشتوانە. هەروەها کۆلێژەکانی زانکۆ حوکومییەکان نمرەیەک ئەفرۆشن بە هەزاران دۆلاری ساڵانە بۆ ئەوەی تەلەبەیەک لە کۆلێژێکەوە بڕوات بۆ کۆلێژێکی بەرزتر ئەمەیش زاراوەیەکی بێگانەی بۆ دانراوە، ناو نراوە پاڕالێل، به بێ گوێدانە ئاستی زانستیی و خواردنی مافی تەلەبە زیرەکەکان. یان لە قوتابخانە حوکومییەکاندا ،بە قودرەتی قادر، تەلەبە هیچ فێر نابێ، ناچارە بچێت وانەی تایبەتی بازرگانیی بکڕێ، ئەگینا ئەو داهاتووەی کە لە بنچینەدا سووتاوە و دامەزراندن نییە، ئەسوتێت.
ئەم حوکمەتەی ئێستا هەیە ئەگەر باران ببارێ جوتی ئەگەڕێ و ئەگەر با بێ ئاشی ئەگەڕێ. ئەگەر فەرمانبەرە حوکومییەکان مان بگرن و دەرگای دامەزراوە حوکمییەکان دابخەن، ئەوسا دامەزراوە بازرگانییە ئەهلییە حیزبییەکان بازاڕیان گەرم ئەبێ.
واتا زانکۆی حوکومیی مان بگرێ ، زانکۆی ئەهلی حیزبیی پڕ ئەبێ لە تەلەبە و بازاڕیان گەرم ئەبێ ..هەروەها نەخۆشخانە و هەموو سێکتەرە حوکومییەکان بە هەمان شێوەیان لێهاتووە، باران بێ جوتی دەسەڵات ئەگەڕێ و با بێ ئاشەکەی..
یەک سێکتەر نەماوەتەوە هەژار و کەمتوانا و بێنەوایان ڕووی تێ بکا بێجگە لەو خێرخوایانەی کە لە ڕێی خوادا و بە تەمای بەهەشت، زەکات و سەدەقە ئەدەن بەو خەڵکە.
سەرۆک وەزیرانی ووڵاتی فینلاند، قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکانی لە ووڵاتەکەیدا داخست ، ووتی : هەبوونی خوێندنی دەوڵەمەندەکان و خوێندنی هەژارەکان، دووبەرەکیی کۆمەڵایەتیی دروست دەکا و جۆرێک لە ڕەگەزپەرستیی و چینایەتیی تۆخ دەکاتەوە ، نامانەوێت ، کۆمەڵگایەکی یەکسان و تەبامان ئەوێت .
لە سەردەمی سەدامدا کە بە گەورە دیکتاتۆر ناسراوە، بازاڕە ناوەندییەکان هەبوون کە هەموو کەرەستەیەکیان بە نرخی هەرزان بە فەرمانبەران ئەفرۆشت.
ئەگەڕێمەوە و ئەڵێم، حوکمەت خۆی خۆی ڕوخاندووە باس لە گۆڕین و ڕوخانی چی دەکەن ؟ ئەگەر سبەینێ حوکمەتێکی تریش بێتە، لە چۆڵاییەکی کەنعان خۆی دەبینێتەوە و .. هەرچی دەزگای حوکومیی هەیە بوون بە ئەهلی و حیزبیی و چ قورەتە توخنیان بکەوێت ..
و علی روح المرحوم سورة الفاتحة.