شاخەوان سعید سەنگاوی: نە ئێوە وەک ئێمە دەژین، نە ئێمەش وەک ئێوە دەمرین!
سەران و سەرکردەکانی کورد لە باشوور هەر کە دەمیان لە مایکەکان گیردەبێت، یەکێک لە وتەکانیان ئەوەیە “ئێمە لە ناو میلەتەکەماندا دەژین”. ئەم قسەیە بۆ کەسانێک ئەگەر لەم هەرێمە گچکەیەدا بژین دەزانن ئەم وتەیەی سەرانی بەناو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بە تەواوی سی سەد و شەست پلە ڕاستە. چونکە نە لە مێژووی دوێنێیان لە شاخ و نە ئەمرۆیان لە شاردا پەیڕەوی گوفتارەكەی خۆیان ناکەن.
ئاخر پێم بڵێ سەرکار کەی جەنابتان وەکو ئێمە ژیاون، با نمونەیەکی بچوکت پێ بڵێم، من بە دەیان پێچاوپێچی دەردەسەریدا گوزەرم كرد، تا توانیم بە داهاتێکی کەم ئەویش لە قوتی ماڵ و منداڵم گرتەوە تا بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە شارە و شار ڕامدەکرد تا بڕوانامەیەکی، باڵام لە قوڕگی شێردا دەرهێننا. ئەی جەنابتان نازانم بڕوانامەی باڵاتان هەیە، یان نا، بەڵام دڵنیام ئەگەر ویستان بەیانی بەزەبری پارەی پاشەکەوتکراوی میلەت بڕوانامەکە خۆی دەدات لە دەرگاتان، چونکە ئەمڕۆ زەمەن زەمەنی سەرمایەدارییە.
جەناب با بەڵگەیەکی دیکەشت بۆ بەیان بکەم، کوڕەکەم ساڵێکە شەشی ئامادەیی تەواو کردووە، بەڵام لە بەر گیرفانی باوکی، چونکە تێگەیشتووە کە باوکی کارمەندی حکومەتێکە کە پلانی بۆ رۆژی دواتر نیە، بۆیە ئاواتەکانی خۆی خستە ژێر پێیەكانی و لە بەر دڵی باوکیشی، بۆ ئەوەی باوکی شانازی پێوە بکات کە کوڕەکەی بڕوانامەیەکی هەیە، کە باوکیش و کوڕیش دڵنیان لە سایەی سەری ئێوە و مانان دەبێ سبەی لە دەرگای هەزار و یەک نەخوێنەوار بدات تا دەرگای لێبکەنەوە. ئەی کوڕەکانی جەنابتان، نەک کۆلێژی دڵخوازی خۆی، کەچی هەر بۆ خۆشیش بێ دەچن زانکۆ دەکەنەوە بۆیان و دەیانکەن بە سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، ئیدی نازانم توانای بەڕێوەبردنیان لە کۆێدایە! ئەها بیرم کەوتەوە کوڕەکەم هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی نەکەوێتە خولی دووەمەوە، بۆ ئەوە نا کە زووتر فریا بکەوێت لە گەڵ هاو پۆلەكانیدا گەشتێکی نیۆرک و لاسڤیگاس و بەرشلۆنە بکات بەڵکو لە بەر ئەوە بوو ڕۆژێک زووتر واتا دە هەزار زیاتر پەیدا بکات. ئەی کوڕەکانی ئێوە؟ نا دڵنیام…
جەناب با بەڵگەیەکی دیکەشت پێ بڵێم کە هەرگیز ئێوە وەکو ئێمە ناژین، ئێمە بە خێزانێکی پێنج نەفەری یەک ئۆتۆمبیل مان هەیە، بەڵام ئێوە هەریەکێکتان دەیان جۆری ئۆتۆمبێلتان هەیە. ئەها شتێکی کەشم بیر کەوتەوە لە سەر ئەم پڕۆژەی بەناو ڕووناکیەکەی جەنابتان کاتێک منداڵەکان گلۆپێک زیاتر کار پێ دەکەن من لێرەوە ناو جەرگم قرچەی دێ، چونکە پڕۆژەکەتان بۆ ڕوتانەوەی گیرفانی ئێمەیە لە پێناو پڕکردنی گیرفانی بەردەستەکانتان، دەنا ئەگەر وا نیە دەبێت مانگانە ئەو پارەیەی لە پای سەرفکردنی کارەبا لە کۆشکەکەی جەنابتان وەربگیرێت مووچەی وەزارەتی کارەبا دابین بکات. شتیکی دیكەش من لە گەڕەکێک دەژیم بە نزیکەی هەزار مال دەبێ، سوێند بەخودا باخچەیەکی تێدا نیە بۆ هەزار ماڵ، تەنانەت هیچ مەرجێكی ئەندازیاریی لە سەوزایی ڕچاو نەكراوە. کەچی لەم چەند ڕۆژەدا ڤیدۆی ماڵەکەی جەنابتم بینی بە قەد هەموو گەڕەکەکەی ئێمە بەس باخچەو سەوزایی تێدا بوو، ئاوا دەژین وەکو ئێمە؟! توخوا ببورن شتێک بیر کەوتەوە دەتوانم بپرسم سەرکارانی کورد ئێوە هەفتانە چەند دەدەن بە کوڕە هەژدە ساڵانەکانتان بۆ خەرجی هەفتانەی؟
بۆیە زۆر درێژە بە نووسینەکەم نادەم چونکە ئەگەر دڕێژەی پێ بدەم دەتوانم بە قەد ژمارەی ڕۆژەکانی تەمەنی حکومڕانیی کوردیی جیاوازی بنوسم لە نێوان ژیانی ئێمە و ئێوەدا.
بابێنەوە سەر مردن… لەم ژیانەدا ئەوەی بەلای منەوە چێژی هەیە ئەوەیە کە مردن جیاوازی ناکات لە نێوان ئێمە و ئێوەدا. هەردوو لامان دەبێت ئازاری مردن بچێژین. دەزانێت!
ئەگەر خودا قەڵەمی لەسەر بێت، ئەوکاتەی ئامانەتی ڕۆحی لێ سەندمەوە، ئەو کۆمەڵە کەسانەی کە دێنە سەر جەنازەکەم لە مزگەوت و پرسەکەمدا نە لە برسا دێن نە لە ترسا بەڵکو وەکو ئەرکێکی ئاینیی و هاوڕییەتیی و کەسایەتیی دێن و سپاردەی خاکم دەکەن و بۆ منداڵەکانم شوێنێک هەیە کە دەزانن باوکیان لێرەدا تەسلیم کراوە.
ئەی دەپرسم؟ ئەری کوا پرسەکەی سەدام حسێن، ئەی گۆڕەکەی؟ ئەی گۆڕەکەی معمر قەزافی کوا؟ ئەی گۆڕەکەی علی عبداللە کوا؟ خۆیان و گۆڕەكانیشان ون بوون. لەبەرئەوە دەڵێم “ئێوە وەکو ئێمە نامردن!
- Latest Posts by شاخەوان سەنگاوی
شاخەوان سعید سەنگاوی: چۆن سلێمانی ئاشت دەکەنەوە؟
-شاخەوان سەعید سەنگاوی: پیاسەیەک لە گەڵ پاڤڵ تالەبانی دا.
-شاخەوان سەنگاوی: یەک پرسیار و هەزار گوومان.
- All Posts
