شـــــــوان خورشـــــید: ئەشکەوتی جاسەنە هەنگاوێک بەرەو ئاشتی.
گەر بوار بدرێت ئاشتی و گوێڕایەڵی بۆ داواکاری گەلانی بن دەست باشترین بژاردەیە، بەڵام زۆر جار پشتگوێخستنی ئەو مافە وا دەکات گەلانی ئازادی خواز تینوو بە ماف و بەدەستهێنانی هەناسەیەکی ئازادی و هەڵسوکەوت لە گەڵ مافی کەلتوری و نەتەوەیی پەنا بۆ چەک ببەن ویاخی ببن لەو ڕژێمانەی کە دەیانەوێ هەموو مافە سەرەتاییەکانیان داگیر بکەن، گەر سەیری هەر یەک لە پارچەکانی کوردستان بکەیت، دەقی ئەو سیناریۆیە دەبینی و لە هەر پارچەیەکیش دەرهێنەرەکە بە پێی ئەو ڕۆڵەی دیاری دەکات سیناریستەکەی دادەڕێژێ، ئەوەی گەریلاش بڕیاری لەسەر داو ئەو چەکانەی بوبونە دڵنەوایی دوری خانەوادەو ئەزیزانیان ئامادە بون دەسبەرداری ببن،کە هەموانی شۆک کردو دەیان پرسیاری لە دوای خۆیانەوە دروست کرد، هەر وا بەڕێکەوت نەبوەو شیکاریشی ئاوا ئاسان نیە و نەبوە، راستە خەباتێکی دورو درێژو خوێناوی چەند ساڵە بەرامبەر ڕژێمێکی دڕندەی وەک و تورک،کە نەک ئامادەی دانی هیچ مافێک بە گەلی کورد نەبوو لە تورکیا تەنانەت نکۆڵیشی لە بونی کورد دەکرد، ئەوەی پەکەکە کردی لە میژووی خەباتی نەپساوەی خۆی،گەر هیچیشی نەکردبێت، ئەوەی بە ڕژێمی تورک سەلماند کەگەلی کورد لە تورکیا بونی هەیەو مافی هەیە وەک مرۆڤ و گەل بژین،کە پێشتر نکۆڵی لە بونی نەتەوەیی کورد دەکرد، تەنانەت نەک لە تورکیا دژی کورد بوو بەڵکو لە پارچەکانی تریش هەر پێشکەوتن و جوڵانەوەیەکی کوردی بە مەترسی دەبینی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک، هەر بەو عەقڵیەتە نەتەوەپەرستی و دواکەوتوییەوە دژی کورد بوو، بەڵام لە کۆتای دا چی چنیەوە هیچ، وەک دەبینین هەر لەسەرەتای دروست بونی پەکەکەوە تا ئەمڕۆشی لە گەڵ دا بێت، هێزی سەربازی و هەواڵگری و دارایی خۆی بۆ لە ناوبردنی گەریلاکانی پەکەکە تەرخان کردبوو، هیچ پێشکەوتنێکی وەک ئەوەی ئەو دەیویست بە دەستی نەهێنا،بۆیە بە ناچاری پەنای بۆ پرۆسەی ئاشتی و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی دیموکراسی برد،گەر نا ئەگەر ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا بە ئەردۆگانیشەوە بیانزانیایە کە کردەوەی سەربازی کۆتایی بە پەکەکە دەهێنێ هەرگیز ئامادەی وەها بڕیارێک نەدەبون، بە ئاشتی کوردیان قبوڵ بێت کورد وەک براو هاوبەش لە تورکیا سەیر بکەن، لە کۆتای دا ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە گەلی کورد و بەرخودانی گەریلا زۆر لەوە گەورەترە کە هێزە داگیرکەرەکەیان بتوانن قوتیان بدەن،گەر نا و گەر بیانزانیایە دەتوانن لە ناویان بدەن جۆرێکی ترو هەڵسوکەوتێکی تریان دەنواند، بە جۆرێک قەت ئامادە نەبون کورد وەک نەتەوە بناسن کە تا دوێنێش نکۆڵیان لە بونیان دەکرد لە تورکیا.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چەند کاژمێری ڕابردووی 7/11ی ئەشکەوتی جاسەنەو چەک دانانی ئەو ژمارە گەریلایە و گەر تێبینی شێوەی چەک دانانەکە بکەی هیچ یەک لە گەریلاکان لولەی تفەنگەکانیان روەو خوار نەکردەوە،لە شۆڕکردنەوەی چەکەکانیشیان بە شێوەیەک دایان دەنا کە بەر یەک نەکەون، ئەوەندە خۆشەویستیان بۆ ئەو هاوڕێ دێرینەیان هەبوو، هەموشیان تاسەبار بوون تەنانەت کاتێ فرمێسکی ئەو تەوارەی قەندیل کە هەموانی هەژاند ماناو مەغزای خۆی هەبوو، هەرچۆنێ بێت پەکەکە بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان بڕیاری چەک دانانی داوەو یەکەم دەستەش وەک سیمبولی پرۆسەکە شایەتحاڵی ئەو هەنگاوە بون، هەر یەکەش لە ئێمە خوێندنەوەی خۆی هەبوو بۆ ئەو بڕیارو خۆبەدەستەوە دانە، بەڵام ڕاستیەک هەیە کە نابێت خۆمانی لێ بێ ئاگا بکەین کە شەڕو شۆڕشی کلاسیکی و تەقلیدی بەسەر چوەو ئەمڕۆ شەڕ شەڕی درون وپێشکەوتوترین چەکی سەردەمەو، هەرچەندە گەریلای پەکەکە قەندیل و خۆیان لە گەڵ ئەو بارودۆخەش دا گونجاند بوو، بەڵام هەرچۆنێ بێت شەڕی تەقلیدی کۆتایی هاتوە، بەتایبەت لەگەڵ دوژمنێکی وەک تورکیا کە سەر بە ئەندامی ناتۆیەو ئەوەی تا ئێستا پەکەکە کردویەتی بەرامبەر بە هەموو دەوڵەتانی ناتۆ وەستاوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە لە کۆتا پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە چی ئەگوزەرێ،چونکە هەر لەو ڕۆژەی ئۆجەلان پەیامی ئاشتی و چەک دانانی پێشنیار کرد، قەندیل چەکەکانی خامۆش کرد و بەس بۆ وەڵام دانەوەی هێڕشەکانی تورکیا ئاراستەیان دەکرد، بەڵام تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ هێڕشەکانی زیاتر دەکرد، هەرچۆنێ بێت ڕەنگە ئومێدیان بە بەڵێنەکانی پەکەکە نەبوبێ، بەڵام پەکەکە لە کۆنگرەکەیاندا لە سەر ڕاسپاردەی ڕێبەرەکەیان بڕیاری خۆهەڵوەشانەوەو چەک دانانیان کردە ستراتیژیان، هەر دوێنێش بە کردەیی پرۆسەی چەک دانان لە ئەشکەوتی جاسەنە بە نوێنەرایەتی لایەنە سیاسیەکان و نوێنەری میتی تورکی دەسی پێ کردو گەریلا چەکەکانیان سوتاند، بەڵام لە ئان و ساتی پرۆسەکە ڕژێمی تورکیا هێڕشی بۆ سەر سەنگەرەکانی گەریلا لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو، وەک لە ڕاگەیاندنی رێکخراوی cpt ئەمریکی کامەران عوسمان سەرۆکی ڕێکخراوەکە ئاشکرای کرد کە لەگەڵ نیازپاکی گەریلا لە ڕادەستکردن و سوتاندنی چەکەکانیان، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا پێنج جار تۆپبارانی گەلی مێوین و گەلی قەجۆ یان کرد لە دەڤەری نهێڵی لە سنوری قەزای ئامێدی، تەنانەت لە سەرەتای مانگی حەوتەوە تا ڕۆژی یانزەی مانگ سوپای تورکیا دوانزە جارهێڕش و تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردوە، جا ئەمە ڕژێمی تورکیا بێت چی لێ چاوەڕوان دەکرێ کە تا ئێستاش هێڕشەکانیان بۆ سەر سەنگەری گەریلا ڕانەگرتوەو گەریلا وەک تیرۆرست دەناسێنن و لە دەمی بەرپرسە باڵاکانی تورکیاوە پاشکری تورکیای بێ تیرۆر دەڵێنەوە، لە گەڵ ئەوەش دا چارەنوسی ئەو گەریلایانەی کە چەک دادەنێن نادیارە و هێشتا ئۆجەلان و هاوڕێ زیندانی کراوەکانی هاوڕێی نازانرێ چارەنوسیان بە چی دەگا کە دەبوایە چەندە پەکەکە نەرمیان نواندوە تورکیاو ڕژێمەکەی زیاتر هەنگاویان بنایایە، بەڵام دیار نیە چی دەبێت، هەرچەندە کورد لە باکوری کوردستان سەلماندیان کە گەلێکی ئاشتی خوازن و دەستی ئاشتی بۆ هەموو هەوڵێکی تروسکایی ئاشتی درێژ دەکەن.
