نەوزادی موھەندیس: جەنگیزچاندار، دەربارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاوھای وت.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

لە ڕێکەوتی 3 تەموزی 2025 و لە میانەی کۆڕێکدا کە دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆلێنەوەی ستراتیژی سازیدابوو بۆ ڕۆژنامەنوس و ئەندام پەڕلەمانی دەم پارتی بەڕێز جەنگیز چانداری بەڕەچەڵەک تورک و دۆستی کورد لەژێر ناونیشانی( پێشھاتەکانی پڕۆسەی چارەسەری و ھەنگاوەکانی داھاتووی حکومەتی تورکیا)دا، کە چەندین ڕۆشنبیر ئامادەیبوون: بەکورتی بەم شێوەیە باسی لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا کرد:
* پڕۆسەکە نەیار و یاری ھەیە لەناو شەقام و سیاسیەکانی تورکیادا.
* پڕۆسەیەکی گرنگ و ھەستیارە.
* ئەمە سێیەم جارە کە کار بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی لە تورکیادا دەکرێت و تائێستا بە ئاکام نەگەیشتووە.
* پڕۆسەکە لەلایەن توندڕەوترین پیاوی تورکیاوە دەستپێشخەری بۆ کرا کە دەوڵەت باخچەلی بوو سەرۆکی پارتی مەھەپە.
* خەباتی چەکداری کورد و مەسەلەکەی خستە سەر نەخشەی سیاسی و گرنگ بوو.بەڵام ئیدی قۆناغی چەکداری کۆتایی ھاتوە و پێویست بە چارەسەری سیاسیە.
* ڕوانگەی تورکیا بۆ پڕۆسەکە بریتیە لە نەھێشتنی گروپە چەکدارەکان و تیرۆر.
* بەڵام لە دیدگای کورد و دەم پارتیەوە پڕۆسەکە بەناوی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیەوە لێی دەڕوانرێت.
بەم شێوەیە گەلێک خاڵی گرنگی تریشی خستە ڕوو، ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو ئەوەیە کە لەسەر تێڕوانینی تورکەکان بوەستم بۆ پڕۆسەکە کە بە (پڕۆسەی نەھێشتنی گروپە چەکدارەکان و تیرۆر ) ناویدەبەن، و تائێستاش و دوای 9 مانگ ھێشتا وشە و زاراوەی تیرۆر زۆر دووبارە دەکەنەوە وەکو بڵێی ھێشتا بڕوایان بە نیەت و ڕاستگۆیی و ھاتنەپێشەوەی ئۆجەلان و پەکەکە نیە بۆ پڕۆسەیەکی ئاشتی ڕاستەقینە کە زیاد لە 47 ساڵ تورکیا و کوردستانی باکوری کردبوە گۆڕەپانی ململانێی خوێناویی و وەکو ئەردۆگان ڕایگەیاند کە زیاد لە 2 تریلیۆن دۆلار زیانی مادی و کوژراو و برینداری ھەزاران ڕۆڵەی کورد و تورکی لێکەوتۆتەوە.
گەر تورکەکان تەنھا وەک نەھێشتن و ھەڵوەشانەوە و گروپێکی چەکداری و نەمانی تیرۆر لێیبڕوانن و کاری بۆبکەن،کەواتە ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی مێژووکرد و ڕاستەقینە و دوور ودرێژ نابێت،بەڵکو تەنھا بەلەناوبردن یان نەمانی گروپێکی چەکداری،ڕەنگە لە زووترین کاتدا گروپێک یان دەیان گروپی چەکداری تر سەرھەڵبدەنەوە و بە خوێناویترین شێوازیش دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە بخەنەوە بەر ڕووبەڕووبونەوەی خوێناوی درێژخایەن و جارێکی تر کاروانی خوێن و فرمێسکی کورد و تورک بەردەوامیان ھەبێت، بۆیە دەبێت ئەم تێڕوانین و دیدگا ھەڵە و پڕ لە غرور و خۆبەزلزانی و خۆبەگەورە و بەھێزدانەنە لەلای تورکان و دەوڵەتیش بگۆڕدرێت بۆ چارەسەرێکی سیاسی مەسەلە گەورەکەی کورد بەتایبەتی و بەگشتیش بۆ ھەموو کەمە نەتەوایەتیەکانی تر لە تورکیادا. گەرەکە دەوڵەتی تورک بەسەر تەواوی سیاسەت و پیلان و بەرنامە و دیدگای خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی بگۆڕێت و دانبنێت بەھەڵەکانی ڕابووردویدا لە قەدەغەکردنی زمان و کەلتور و ناو و شوناس و دابونەریتی کورد لە تورکیادا و ھەموو لاپەڕە ڕەشەکانی گرتن و ڕاوەدونان و ئەشکەنجەی زاڵمانەی ناو زیندانەکان و سووتماککردنی گوند و شارە کوردیەکان وەلابنێت و پڕۆسەی ئاوەدانی و گەشەی باکوری کوردستان دەستپێبکات و سیاسەتی لەناکاو لە باکوری کوردستان ھەڵبگرێت و کار بۆ ھەموارکردنی یاساکان و دەستوری تورکیاش بکات و تەنانەت کار بۆ نوسینەوەی دەستورێکی مۆدێرن و مەدەنی تر لەوەی ھەیە دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی و پایەگرنگەکانی یەک دەوڵەت و یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک نەتەوە و کۆماری و عیلمانیەت ھەڵبگرێت و لەجیاتی بنەمای دەوڵەت-نەتەوە جێگرەوەی نەتەوەی دیموکراتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی چێبکات کە ھەموان بە ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و لەسەر شێوەی کۆنفیدڕاڵی و مۆدێرنێتەی دیموکراسی ھەست بە ھاوڵاتیبونی خۆیان بکەن.
چونکە بەبێ ئەو گۆڕانکاریە گەورانە لە زیھنیەتی تاک بەتاک و خێزان و تەواوی کۆمەڵگای تورکیدا بە شەقامی ئاسایی و سیاسی و سەرکردەکان و ڕۆشنبیر و ئەکادیمیەکانیانەوەی ناتوانرێت ئەو ڕق و کینەی سەد ساڵی ڕابووردوو کە چاندویانە لەدڵ ودەروونی تورکەکاندا بە ئاسانی بسڕێتەوە و بتوانرێت پڕۆسەیەکی گەورەی ئاشتی و بە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگەی تورکیا سازبکرێت و سەرکەوتووش بێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە تاکو ئێستاش وشەگەلێکی وەکو (یاخیبووان ) بۆ گەریلاکانی پەکەکە بەکاردێنن و وشەی( تیرۆر) بۆ کاری شۆڕشگێڕی گەلێکی ژێردەستە و مافخوراوی وەکو کورد بەکاردێنن کە ھیچ کات کاری تێکدەرانە و تیرۆری مەدەنیانە لەلایەن شۆڕشەکانی کوردەوە نەبۆتە ئامانج،بۆیە پێویست دەکات دەوڵەت لەسەر زاری خۆیان و ڕاگەیاندنەکان و ھەواڵ و ھەوڵەکانیاندا کار بۆ سڕینەوە و خۆبەدوورگرتن بکەن لە بەکارھێنانی ئەو جۆرە وشانە.
گەر سەرانی ئاکاپە و مەھەپە بەو شێوەیە بڕواننە پڕۆسەیەکی واگەورە و ھەستیار و پڕ مەترسیش کە تەنھا بریتی بێت لە نەھێشتنی گروپی چەکدار و تیرۆر ئەوا بەدڵنیایەوە عاقیبەتی باش نابێت و ڕەنگە لەنیوەی ڕێگەشدا ساردبێتەوە و خاوبێتەوە و ھەڵیشبوەشێتەوە.بۆیە گرنگە وەک پڕۆسەیەکی دوورمەودای ڕاستەقینەی ئاشتی و چارەسەریەکی دیموکراتیانەی گشتگیری کۆمەڵگەی تورک و کورد لێیبڕوانرێت و ڕاستگۆیانەش ھەوڵی بۆ بدرێت.
چونکە پڕۆسەکە بۆ کورد و تورک وەکو یەک گرنگە و بۆ تەواوی ناوچەکەش گرنگی زیاتری ھەیە،تورک پێش کورد پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەی نێوماڵی تورکیا ھەیە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ءئەمنی و کۆمەڵایەتیشەوە و بارودۆخەکان بەگشتی لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا نیە لە مەھەپە و ئاکاپە، ھەربۆیە پیاوێکی توندڕەوی دژە کوردی فاشیستی وەکو باخچەلی پێش ھەموان دەنگ و دەستی ئاشتی و ئاشتبونەوە بەرزدەکاتەوە و درێژدەکات بۆ کورد و ئۆجەلان بۆ دەربازبوونی تورکیا لەم قۆناغە پڕ مەترسیەی کە ڕووبەڕووی بۆتەوە.
تا ئێستا پڕۆسەکە وەک ئەوەی کە لەسەری ڕێکەوتوون پەکەکە ھەموو ئەرکەکانی خۆی لە شەڕڕاگرتن و قبوڵکردنی دەستپێشخەری ئاشتی و خۆھەڵوەشاندنەوە و تەسلیمکردنەوەی چەکەکانی ئەنجامداوە و ئەوەی کە ماوەتەوە ئەرکی دەوڵەت و لایەنی سەرەکی پڕۆسەکەیە کە بریتیە لە حکومەتەکەی ئاکاپە و مەھەپە بۆ بە یاساییکردنی پڕۆسەکە لە پەڕلەمانەوە و دەرکردنی یاسا پێویستەکان و دواتریش ھەموار و تەنانەت نوسینەوەی دەستورێکی نوێی مەدەنیانەترە بۆ ھەموو تورکیا و بۆ ھەموو کۆمەڵگەی تورکیا دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و حیزبی، دەستورێک کە مافی ھەموان زامن بکات لە ئازادی و دیموکراتی و مافە سیاسی و ئابوریەکان و کۆمەڵایەتیەکان بە یەکسانی و دادپەروەری و نەخشەکێشانیش بۆ ئایندە و کاری پێکەوەیی و ئامادەسازی بۆ گۆڕانکاریەکانی ئایندە.
کوردیش گەرەکە لە قۆناغی ئایندەی ئاشتیی و خەباتی سیاسی و مەدەنی و پەڕلەمانی و جەماوەریدا ھەموانیان لەناو پارتێکی سیاسی گەورە و گرنگ و کاریگەری خۆیاندا خۆکۆبکەنەوە و یەک و یەکگرتووبن بۆئەوەی ھێز و سەنگ و قورسایی نەتەوەیی و سیاسی خۆیان بپارێزن و ببنە کۆڵەکە و پایەیەکی گرنگی تورکیای نوێ و لە پەڕلەمان و حکومەتی تورکیادا بەشداربن و کورد وەک دووەم نەتەوەی گەورەی تورکیا جێگە و پێگەی شایستەی خۆی وەربگرێت ئەوەش بە پێداگریان دەبێت لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و خۆشگوزرەانی و ژیاندۆستی و ژندۆستی و ژینگە پارێزی کە جگە لەم بنەمایانە و دەستپێوەگرتنیان ئەو خەون و ئاواتانەی کە کە لەپێناویدا شۆڕشێکی 47 ساڵەی کۆتایی پێھێناوە و لە ئێستادا پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتی چێکردوە نایەنە دی و وەکو دارێکی زڕی بێبەر دەمێننەوە.