موتەلیب سەعید عومەر: تاوانەکانی زەعیم سدیق و عراقنا واحد.
لە 9ی حوزەیرانی 1963 تاوانبار زەعیم سدیق، ئەو دەمەی فەرماندەی لیوای بیست بوو لەسوپای عێراقدا، لەهێرشێکی وەحشیانەدا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بێتاوان لە دەوروبەری شاری کەرکوک، دووچاری بۆردومان و هێرشی پیادە بوون ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کوشت و دەستی بەسەر ناوچەکانی نزیک داگرت. پاشان هێرشی دڕندانەی بۆسەر شاری سلێمانی و شارە زوور و چەند شوێنی تر کرد.
زەعیم سدیق ئەو تاوانبارە دڕندەیە بوو کەفەرمانی دابوو بەهێزەکەی کورد بکوژن هیچ سڵ نەکەنەوە، ئەم تاوانە لەمێژوودا زۆر باسکراوە، چەندین کتێب لەبارەی ئەو ڕووداوە سامناکە نووسیراوە، دیارترینیان کتێبی شاری سلێمانی، نووسینی ئەکرم ساڵح ڕەشە و ( ناڵەی دەروون ) ی شێخ محمدی خاڵ. لەوتارێکدا بەناوی چ ڕۆژێکی تووش بوو بەڕوونی باسی گرتن و کوشتن و کۆکردنەوەی خەڵکەکەی کردووە کە لەناو تەویلەی ئاژەڵاندا گەمارۆیان داون.
وێڕای گێڕانەوەکان لەسەر زمانی ئەوخەڵکانەی لەڕەشبگیریەکەدا بەرکەوتوون دوای چەندین ڕۆژ لەئازارو برسێتی و سوکایەتی گەمارۆدان ئازاد کران، دوێنێ لەیادی ئەو مەرگەساتە لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک وێنەو گفتوگۆو یادەوەرییەکانی زەعیم سدیق وەبیر نەوەی ئەم سەردەمە هێنرانەوە.
ئێمەی کورد باش دەزانین ئەوانەی لەوهەڵمەتدا گیراون چیان لێ بەسەر هێناون، وەختێک گیران بردویانن بۆ شوێنێک بەناوی حامیەی سلێمانی کە ئێستا بەپارکی ئازادی ناسراوە، لەوێ لەناو تەویلەی ئاژەڵ و گەوڕی وڵاخدا، بەشێکی خەڵکەکە بەچوار ڕۆژ و زیاتر مانەتەوە. لەبەدواچوونێکم لەگەڵ یەکێک لەو پیاوە بەتەمەنانەی لەو سەردەمەدا لەناو ڕووداوەکەدا بووە، ووتی؛ ئەفسەرێک وێنەیەکی سەرکردەیەکی ئەوسای کوردی هێناو بەگەنجێکی گووت تفێکی لێ بکە، بەڵام نەی کردو ئەفسەرەکە بەدەمانچە گەنجەکەی کوشت. یەکێکی تر لەوانە گێڕایەوە ووتی؛ ئەوشەوە بۆ بەیانی ڕەشبگیرییەکە ڕوویدا، لەماڵەوە دانیشتبووم، خزمێکم هات ووتی؛ دەوری شار گیراوە، وەرە با بڕۆین بەرەو دەرەوە خۆمان دەرکەین، وتی؛ بەناو زێرابەکانی قەراغ شار لەدامێنی جولەکان دەرچوین، ئەوسا سلێمانی بچوکتر بوو، توانیمان ڕزگار بین. شایەدحاڵەکان دەڵێن هێزەکەی تاوانبار زەعیم سدیق خەڵکیان لەماڵەکانیان دەهێنایە دەرەوە و گولـلە بارانیان دەکرد. پیاوی بەتەمەن لەکاتی ڕۆیشتنی بۆ مزگەوت شەهیدیان کردووە.
نەتەوەیەک بەم ڕادەیە کۆمەڵکوژ کراوە دووچاری ئەم هەموو نەهامەتی هاتووە لەهەموو ئەمانە واوەتر لەگرتەیەکی ڤدیۆ پەیامنێرێک پرسیار لەژمارەیەک عەرەب دەکات کەبۆ گەشتیاری و کات بەسەربردن هاتوون بۆ سەیرانگاکانی کوردستان. پەیامنێرە لێیان دەپرسێت ڕاتان چییە لەبارەی ئاو و هەوای کوردستان؟ هەموویان لەوەڵامدا دەڵێن؛ عراقنا واحد. یەکێک دەڵێت؛ عێراق هەمووی یەک وڵاتە، شتێک نیە بەناوی کوردستان، ئەوە قسەیەکەو بەس. یەک دەڵێت؛ عێراق لەخواروو تا ژوور یەک دەوڵەتە، شتێک نیە بەناوی کوردستان. تەنانەت بڕوایان بەوڵاتێک نیە بەناوی کوردستان. کوردستان بەو سروشتە جوان و شیرینەی دەیان هەزار گەشتیاری عەرەب ڕووی تێدەکات، پێیان لەنگە بڵێن ئەمە خاکی کوردستانە. کێشەکە لەوەدانیە ئێمە دەوڵەتمان نیە. بەڵکو کێشەکە لەهەڕاجفرۆشی و بێ بایەخکردنی خاک و سەروەت و سامانەکەیدایە، بەویستی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەرامبەردا لەدیدی شۆڤێنیەوە عەرەب دەڕوانێتە وڵاتێک کەتەنها ئەم بەشەی ئەوان پێی دەڵێن؛ ( شمال حبیب ). وەک بەشێک لەعێراق دەبینێت نەک وڵاتێکی ڕازاوە و ئاوەدان و پڕ پیت و فەڕ کە ئەوان بەویستێ خۆیان تەڕاتێنی تیا دەکەن.
نەتەوەیەک بەدرێژایی سەددەی بیستەم لەبەردەم شاڵاوی گرتن و کوشتن و تێهەڵدان و ئاوارەیی و دەربەدەری کۆمەڵکوژیدا بووە، ئێستا خاک و ئاو و سروشتی کوردستان لەبەرپێی عەرەبی چاوڕەشدا، بەکەیفی خۆی و گیرفانی پڕەوە بەناو هەموو سەیرانگاو ڤێلاو مۆتێل و شەقام و شوێنەوارەکاندا دێت و دەچێت. دانیشتوانەکەیشی بێ پارەو بژێویی ژیانێکی شایستە، ژیان دەگوزەرێنێ.
ئەرێ شۆڕش بۆ کرا لەپێناو چی؟ کورد لەسەر زمان و ماف و بوونی خۆی دەیان ساڵ کوژرا، خوێنی بەخشی سەرخان و ژێرخانی وێران کرا، ئەنفال و کیمیاباران کرا، ئێستا عەرەب خاوەن ماڵ و کوردستانیش بێ ناونیشانە، بیرتانە لەهەشتاکاندا سرودێک لەئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان دەیگوت چەک هەڵگری خاکێکم دوژمن لەسەری زاڵە من بووم بە بێگانە، بێگانەش خاوەن ماڵە.