دکتۆر پیرۆت محەمەدئەمین: تارمایی دواکەوتنی مووچە و داڕشتنی زۆرەملێی بازاڕی ناوخۆیی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

هەرێمی کوردستان بۆ هەلی کار بەزۆری پشت بە کەرتی گشتی دەبەستێت. لە ئێستادا کەرتی گشتی نزیکەی 1.25 ملیۆن مووچەخۆری تێدایە، لەنێویاندا خانەنشینان. ئەم كەرتە نوێنەرایەتی بەشێکی گەورەی هێزی کڕین دەکەن لە بازاڕی ناوخۆییدا. بەم شێوەیە مووچەی کەرتی گشتی بڕبڕەی پشتی داهاتی خێزان و چالاکیی ئابووری پێکدەهێنێت.
ساڵانێکە هەرێمی کوردستان قەیرانێکی دووبارە بووەوە لە خەرجکردنی بەردەوامی مووچەدا بەخۆیەوە دەبینێت. ئەم دواکەوتنە بەردەوامە چیتر تەنیا قەیرانێکی ئیداری، یان سیاسی نییە؛ گۆڕاوە بۆ دووڕیانێکی ئابووری کە کاردانەوەی قووڵی لەسەر بازاڕی ناوخۆیی و شێوازی بەکاربردن و فرۆشتن دروستكردوە.
لە ئابوورییەکی پووکانەوەیدا کە بە پلەی یەکەم پشت بە خەرجییەکانی حکومەت دەبەستێت، دواکەوتنی مووچە لەشادەماری چالاکییە بازرگانییەکان لە هەرێم دەدات. هەر کە دواخستنی مووچە، یان دواکەوتنی مووچە ڕاگەیەندرا، خێزانەکان بە خێرایی هەنگاو دەگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان یۆ كەمترین ئاست، وەکڕینەکانیان سنووردار دەکەن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک، دەرمان، و سووتەمەنی، لە هەمان کاتدا کڕینی شتە گەرانبەهاکان یان تەنانەت هەندێک خزمەتگوزاریی ناپێویست، دوادەخەن یان بە تەواوی دەستبەرداری دەبن.
لە نێوان ئەم پاشەکشە و پێویستییە سەختەی خێزانەكان بۆ مانەوە، بازاڕە ناوخۆییەکانی هەرێم ناچار بوون پرۆسەی خۆگونجاندنێکی پڕ لە ئازاریان بەسەردا بسەپێنرێت. بازرگانان و فرۆشیاران کە چیتر ناتوانن پشت بە شێوازەکانی خواستی پێشوو ببەستن، دەبێت پێشکەشکردنی فرۆشتنیان دووبارە دابڕێژنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی دارایی نوێدا بگونجێت. بۆ نموونە، کاڵا بەکۆمەڵەکان (وەک گەنم و برنج و گەنمەشامی و خەڵوز و کانزای ئاسن و چیمەنتۆ و پێو و… هتد)، کاڵای گەرانبەها و خزمەتگوزارییە ناپێویستەکان دەگۆڕن بە کاڵای بچووکتر و هەرزانتر. هەروەها بازرگان و فرۆشیاران هەوڵدەدەن خەرجییە سنووردارەکانی بەکاربەر بۆكاڵاو شمەك هان بدەن، لەڕێگە کڕین بەشێوەی قیست و هەندێك جار بە قەرز و یان داشکاندنی زیاتر.
پرسەکە تەنیا لە بازاڕەکاندا سنووردار نییە؛ بەڵكو درێژدەبێتەوە بۆ کەرتی بانکی، کە وەبەرهێنان کەم دەبنەوە و قەرزە گوماناوییەکان زیاد دەبن، ئەمەش قەیرانی نەختینەیی لەناو خودی بانکەکاندا قووڵتر دەکاتەوە. هەروەها قەرزی ماڵان لەنێو خەڵکدا زیاد دەکات، چونکە هەوڵدەدەن قەرەبووی کەمیی داهاتی مانگانە بکەنەوە، ئەمەش متمانەی نێوان تاکەکان و بازرگانان و دامەزراوە داراییەکان دەشێوێنێت.
تارمایی دواکەوتنی مووچە تەنیا تەحەدای ئابووری نییە؛ بەڵكو کۆمەڵایەتیشە. کاتێک بازاڕەکان لە ژێر فشاردا گرژ دەبن و خۆیان دەگونجێنن، نایەکسانی کۆمەڵایەتی خراپتر دەبێت و دەرفەتە ئابوورییەکان کەم دەبنەوە. ئەمەش جیاوازی نێوان ئەوانەی داهاتیان هەمەچەشن و ئەوانەی کە بە تەواوی پشت بە مووچەی کەرتی گشتی دەبەستن فراوانتر دەکات.
دەکرێ بڵێین قەیرانی بەردەوامی دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان نەک هەر هەڕەشە لە سەقامگیری بژێوی تاکەکان دەکات، بەڵکو بازاڕی ناوخۆیی بە شێوەیەکی ناتەندروست و زۆرەملێ دادەڕێژێتەوە. ئەگەر ڕەگ و ڕیشەی ئەم قەیرانە چارەسەر نەکرێت، مەترسی چەقبەستوویی دارایی و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان لە ئارادا دەمێنێتەوە.