زەبەنگ بەهادین: جیاوازیی لە نێوان کەس و شت.
پەیوەندی مرۆڤ لەسەر بنەمای پەرەپێدانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تێکەڵبونی سۆسێۆلۆژی بنیات نراوە، ژیان بە شێوەیەک چنراوە کە هەموو چەمکێکی بەستراوەتەوە بە چەمکەکانی کەیەوە، هەموو بابەتێک لە ناو ژیاندا پەیوەندیەکی سروشتی و میتافیزیکی هەیە بە بابەتەکانی ترەوە ،مامەڵەی بونەوەرەکانی دی جگە لە مرۆڤ ئامنجەگەرای راستەقینەی بۆ مانەوە و زیاد بون و گەشە کردنە، ئەوان بەدەرن لە بنەماکانی تێکەڵبونی سۆسێۆلۆژی و پەیوەندییە سایکۆلۆژیە ئاڵۆزەکان، بە پێچەوانەوە بنەمای پەیوەندیان زۆرتر پەیوەستە بە بایۆلۆژیەتی مانەوە و زیادکردن، ئاژەڵەکان وەک شت سەیری یەک دەکەن وەک شت مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن بە هەمان شێوەی روەکەکان و بونەوەرکانی دی.
مرۆڤ لەمەدا جیاوازە، مرۆڤەکان لە دوو ڕوانگەوە یەکدی دەبینن ، بەشێکیان وەک ئاژەڵ و بونەوەرکانی دی مرۆڤ وەک شت دەبینن، بەشێکیشیان وەک کەس.
بە مانای مرۆڤ دوو دیدگای هەیە بۆ بینین یەکەم بینین و مامەڵە کردن وەک شت ، دووەم بینین مامەڵە کردن وەک کەس ، هەر تاکێک شتێکە لە نێو بوندا بەڵام لە ناوەوە کەسێکە لە ناو ژیاندا، بە مانای هەر تاکێک پێکهاتەیەکە لە بایۆلۆژیەت و سایکۆلۆژیەتی ئاڵۆز، ئەمە جەوهەریترین جیاوازی مرۆڤە لە بونەوەرەکانی دی ، منی مرۆڤ یان تۆی مرۆڤ شتین لە ناو بوندا، بەڵام کەسین لە مامەڵەکردن و لە ژیانکردندا ، شت بونی مرۆڤ بە تەنها بە مانای دابرانێتی لە کەسێتیەکەی و تەنها وەک بونەوەرێکی بایلۆژی یان وەک پێداوسیتیەک بەکار دەهێنرێت، بۆ نمونە من هاوژینەکەم یان خوشکەکەم یان باوکم وەک شت ببینم ئەو کات کەسایەتی ئەو دەسرمەوە، مامەڵەی شت لەگەڵ مرۆڤ خراپترین و نەزانترین جۆری مامەڵەیە، چونکە ئەنجامەکەی دەبێت بە موڵکداری و سرینەوەی کەسایەتی بەرامبەر، بۆ نمونە ئەو کەسەی من پەیوەندیەکم هەیە لەگەڵی جا هاوژین بێ خۆشەویست بێت هاورێ بێت کەسایەتی خۆی هەیە و خاوەن بیر و باوەر و جێگە و پێگەی خۆیەتی، کە بە ئەزمونی ژیانی خۆی بونیادی ناوەو ماندو بووە لە دروستکردنیدا، ناکرێت من وەک شت مامەڵەی لەگڵ بکەم و موڵکداری بکەم بۆ بە جێهێنانی خواست و ئارەزوەکانی خۆم، ئەو کەسە پێکهاتەی بایلۆژی و سایکۆلۆژی تایبەت بە خۆی هەیە وە بۆتە بەشێک لە سۆسۆلۆژیای کۆمەڵگا، ئەو ئوتۆمبیلەکەت یان کورسیەکەی ماڵەوە نییە چۆنت بوێت بەڕێوەی ببەیت و کاریگەری بکەیتە سەری، یان بیبەستمەوە و زیندانی کەم لە ناو چوارچێوەی بینینەکانی خۆمدا کە رەنگە هەڵەش بن، لێرەدا کەسایەتی ئەو کەسە وون دەبێت و جیاوازی نابێت لەگەل هەر شتێک کە لە ژیانی رۆژانەت بۆ سود و بەرژەوەندیەکانی خۆت بەکاریان دێنیت وەک قەلەمەکەت یان چآکەتەکەت یان موبایلەکەی دەستت، ئەمە دەبێتە مامەڵەی شت.
کاتێک من بە ئەو کەسە بڵێم کە پەیوەندیم پێوەی هەیە نابێت لەگەل ئەو کەسە قسە بکەی نابێت کار بکەی نابێت هاورێیەتی بکەی نابێت برۆیتە ئەو شوێنە بە مانای تۆ موڵکداری کەسەکە دەکەیت.
بنەمای سەرەکی دروستبونی مامەڵەی کەسێتی متمانە و بروا بونە بە کەسی بەرامبەر ، دەتوانیت لە ڕێگەی ئەم دوو چەمکەوە ئازادی تەواو بدەیتە بەرامبەر وەک کەس بیبینیت، وەک کەس مامەڵەی لەگەل بکەی، ئەم دیمەنە بێنە پێش چاوی خۆت، لە بری تۆ ئەو کەسە وەک شت مامەڵە لەگەل تۆ بکات و مەرجەکانی پەیوەندیەکە دیاری بکات، واتا تۆ بە پرۆتۆکۆڵی ئەو کەسە هەستیت و دانیشیت، ئەو کات تێدەگەیت کە تۆ کەسایەتیت نەماوە و تەنها بوکەڵەیەکی دەستی بەرامبەریت، هیچ کام لە بیر و باوەرەکانی خۆت جێگە ناگرن و کاریان پێناکرێت ، تەنها وەک بوکەڵەکە فەرمان و رێنمایەکانی بەرامبەر جێبەجێدەکەیت و کەسایەتیت نامێنێت و دەبیت بە شتێک کە ئەو خاوەنەکەیەتی و تۆ دەبیتە موڵکی ئەو.
سەرەنجام هەموو مرۆڤێک رۆژێک بە خەبەر دێت و بە دوای کەسایەتی خۆیدا دەگەرێت ئەو کات لە شت بون دێتە دەرەوە ، مرۆڤ گەلێکیش هەیە تا دوا هەنگاوی ژیانیان ناگەنە ئەو ئاستەو بە هەمیشە وەک شت دەمێننەوە بێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان خۆیان بناسن و لە خۆیان تێبگەن و وەک خۆیان بژین نەک وەک شت بەکار بهێنرێن، ئەم هەنگاوەش تا زوتر بکرێت مرۆڤ باشتر ژیان دەکات و خۆی دەناسێت و لە ژیانی خۆی تێدەگات.
- Latest Posts by زەبەنگ بەهادین
-
زەبەنگ بەهادین: ئامێرەکانی ڕێز.
- -
زەبەنگ بەهادین: کورد کراوەتە گەرای ماسی و ڕاوی خۆیانمان پێدەکەن.
- -
زەبەنگ بەهادین: نوسەر کێیە؟
- All Posts