نەوزادی موھەندیس: لەپەراوێزی بڕیارەکەی تورکیا بۆ نوێنەکردنەوەی گرێبەستی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا/ بەشی یەکەم.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ستراتیژیەتی تورکیا چییە لەکەرتی وزەدا ؟
پێشەکی
کەرتی وزە لە تورکیادا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە بەشێوەیەک ئاماژەکانی دەرھێنانی نەوتی خاو و غازی سروشتی بەرزبۆتەوە بۆ 947,8 خاڵ لە مانگی تەمووزی 2024دا.ئەم بەرزبونەوە بەرچاوەش لەو کاتەوەیە کە کێڵگەی غازی سروشتی لە ێەقاریا لە دەریای ڕەش لەساڵی 2020دا دۆزرایەوە. بەھەمان شێوە بەرھەمی نەوت لە شاخی غەبار گەیشتە 45 ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە مانگی حوزەیراندا.تورکیا بڕیاریداوە کە ھەوڵەکانی بەردەوام بێت لە دۆزینەوەی نەوت و غازی سروشتیدا،لەگەڵ پلانی فراوانکردنی چالاکیەکانی لە ھەردوو دەریای ڕەش و دەریای سپی ناوەڕەستدا.
بەپێی زانیاری و داتاکانی دەرچوو لە لایەن پەیمانگای ئاماری تورکیاوە (TurkStat)، نیشاندەری تێکڕای ماوەی بۆ دەرھێنانی نەوتی خاو و غازی سروشتی بەرزبۆتەوە بۆ 947.8 خاڵ لە مانگی حوزەیران ساڵی 2024دا کە بازدانێکی گەورەیە بە بەراوورد بە 995,7 خاڵ لەھەمان مانگی ساڵی 2023دا.
پڕۆسەی دەرھێھانانی نەوت و غازی سروشتی لە تورکیادا خێراتر بوە لەم چەند ساڵەی دوایدا بەشێوەیەکی بەرچاو، بەشێوەیەک ئاماژەکان لە کانونی دووەمی ساڵی 2005دا، 69,6 خاڵ پیشاندەدا، و ھەرواش بە مام ناوەندی مایەوە بە 75 خاڵ تا ساڵی 2029.
ئیشوکارەکان دەستیان بە گۆڕانکاری کرد کاتێک تورکیا گەورەترین کێڵگەی غازی سروشتی لە ھەموو مێژووی خۆیدا دۆزیەوە لە کێڵگەی (( صەقاریا)) لە دەریای ڕەشدا لەساڵی 2020دا. بە ھاتنی مانگی کانونی یەکەم لەھەمان ساڵدا، نیشاندەرەکە 99,4 پیشاندا و لە مانگی ئایای 2029 چووە سەروو 900خاڵەوە بۆ یەکەم جار. بەھەمان شێوەش دوای دۆزینەوەی نەوتی خاو لەناوچەی شاخی((غەبار)) لە ولایەتی شرناخی باشووری ڕۆژھەڵاتی((کوردستانی باکور)) نیشاندەرەکە دەستی کرد بە بەرزبونەوە لەساڵی 2022دا و گەیشتە 992,9 خاڵ لە مانگی کانونی یەکەمی ھەمان ساڵدا. و بەھاتنی مانگی ئازاری ساڵی 2024یش گەیشتە 946,9 خاڵ، ئەمەش ڕەنگدانەوەی زیادەی ساڵانەیە بە ڕێژەی 32,2% . ئەم بەرزبونەوەیەش لەمانگی حوزەیراندا گەیشتە لوتکە.
تورکیا دۆزینەوەی گەورەترین نەوتی وشکانی ڕاگەیاند
دەزگای نەوتی تورکیا دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ھەرێمی شرناخ لە باشوری ڕۆژھەڵاتی وڵات ((باکوری کوردستان)) ڕاگەیاند، کە بڕی یەک ملیار بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێت،ئەمەش دەبێتە گەورەترین دۆزینەوەی نەوتی وشکانی لە تورکیادا.
ھەروەھا دەزگاکە ڕوونیکردەوە کە بیرێکی ھەڵکەندوە بەناوی (( ئایبوکە یاڵچین-9)) کە 20 کیلۆمەتر دوورە لە قەزای جەزرا لە ولایەتی شرناخ، کە کۆگایەکی نەوتی سوکی دەسکەوتوە لە قوڵایی 2779 مەتردا، ھەروەھا ئاسۆی دۆزینەوەی نۆیشی لەناوچەکەدا بینیوەتەوە، لە ئێستادا ئەو بیرە نزیکەی 90 ھەزار بەرمیل ڕۆژانە بەرھەمدێنێت.ھەر بەو ئاڕاستەیە کۆمپانیای نەوتی حکومەتی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە کە ھەڵدەستێت بە ھەڵکەندنی چەندین بیری ھەڵسەنگاندنی یەک لەدوایەک لە ناوچەکەدا بە بڕی 900 بیرە نەوت و تا کۆتایی ساڵیش پلانێک دادەنێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە بە تەواوەتی، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی بڕی بەرھەمھێنان بۆ ئەوەی بگاتە بڕی 900 ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا،کە بریتیە لە دووھێندەی ئەو بڕەی کە ئێستا تورکیا بەرھەمی دەھێنێت.
بەرنامەش ھەیە کە بڕی بەرھەمی بیری ئایبوکە یاڵجین لە 900ھەزار بەرمیلەوە بۆ 980 ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکرێتەوە و بتوانرێت پێداویستیە ناوخۆیەکانی تورکیا دابینبکرێت و ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگە نەوتیەکان.
لە ئێستادا تورکیا لەڕێگەی کورە ئەتۆمیەکانەوە بەڕێژەی 90% پێداویستی کۆی گشتی خۆی لە وزە دابیندەکات. لە یەکەم وێسگەی ئاق قویوی ئەتۆمیەوە.
کەرتی وزە لە تورکیادا
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە کە تورکیا،بڕی کەم لەنەوت و غازی سروشتی بەرھەم دەھێنێت، و زۆرینەی پێداویستیەکانی لەوزە ھاوردە دەکات، بەشێوەیەک لە ساڵی 2022 بڕی 246 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ھاوردەی بەکارھێناوە،سەرەڕای بەکارھێنانی بڕی 29 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەرھەمھێنراو لە ناوخۆدا.
تورکیا بۆ ھاوردەکردنی نەوت پشتدەبەستێتە سەر ھەریەکە لە ڕوسیا و ئازەربایجان و ئێران ،سەرەڕای ھاوردەکردنی غازی سروشتی شلکراوە. تورکیا کێڵگەیەکی غازی سروشتی لەدەریای ڕەشدا پەرەپێداوە کە بڕی 790 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆدەگرێت.
ستراتیژیەتی تورکیا چییە لەکەرتی وزەدا ؟
ئاڕاستەی ستراتیژی تورکیا بەرەو کەرتی غازی سروشتیە و پاڵنەرێکی نوێشە بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.
خاڵە سەرەکیەکان:
• تورکیا بەھەنگاوی خێرا بەرەو چەسپاندنی پێگەی خۆی دەڕواتە پێشەوە وەک ناوەندێکی ھەرێمایەتی بۆ بازرگانی غازی سروشتی،بە سوود وەرگرتن لە پێگە ستراتیژیەکەی و ژێر خانە پێشکەوتوەکەشی.لەم چەند مانگەی کۆتاییدا ژمارەیەک لە ڕێکەوتنامەی واژۆکردوە کە ھەموانیان دەبنە چەسپاندن و بەھێزکردنی ھەمجۆرکردنی سەرچاوەکانی غاز.و ڕێگەشی پێدەدات بە فرۆشتنی غازەکە کە دەیکڕێت بۆ لایەنی سێھەم.
• ستراتیژیەتی تورکیا چەختدەکاتە سەر پێشخستنی ژێرخان لە ڕێگەی زیادکردنی توانای وێسگەکانی شلکردنەوەی غازەوە و زیاکدرکردن و فراوانکردنی توانای ھەڵگرتنیشەوە.ھەروەھا واژۆکردنی ڕێکەوتنامەی ھەناردەکردنی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا.و دابینکردنی پێداویستیە نوێکان بەھۆی ڕێکەوتنامەی درێژخایەنەوە،ھەندێک لەو ڕێکەوتننامانە بەنەرمیان جیادەکرێنەوە،بەشێوەیەک ڕێگە بە تورکیا دەدات کە دووبارە غازەکە بفرۆشێتەوە بە بازاڕەکانی ئەوروپا.
• تورکیا واپێشبینی دەکات کە بتوانێت نزیکەی 900 ملیار مەتر سێجا لە غاز دابینبکات لەماوەی ئەم 90 ساڵەی داھاتوودا.ئەمەش وادەکات کە بتوانێت پابەندییەکانی بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا بەجێبگەیەنێت.ھەروەک چۆن ھەوڵدەدات بۆ فراوانکردنی ھاوکارییەکانی لەگەڵ میسردا لەبواری غازدا. ھەروەھا تورکیا ھەوڵی دۆزینەوەی ھەلی کاری نوێ دەدات لە ێۆمال لە ڕێگەی ڕێکەوتننامەکانی دۆزینەوە و گەڕان بەدوای نەوت و غازدا لە ئاوە ھەرێمیەکانی ێۆمالدا.
• تورکیا لە ڕێگەی ئەو ستراتیژیەتەوە ھەوڵی بەھێزکردنی پێگەی خۆی دەدات وەک ناوەندێکی ھەرێمایەتی وزە،و درێژکردنەوەی نفوزی خۆی بەرەو وڵاتانی ڕۆژھەڵات و باشووری ئەوروپا کە بەدەست قەیرانی غازەوە دەناڵێنن بەھۆی ڕاوەستانی غازی ڕوسیاوە،پێدەچێت ئەمریکاش ئەم ئاڕاستە و ھەوڵانەی تورکیا پێناخۆش نەبێت تائەو کاتەی تورکیا نەبێتە ناوەندێک بۆ دووبارە فرۆشتنەوەی غازی ڕوسیا بۆ چاوبەستەکی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا.
تورکیا لە ساڵی 2023وە دەستیکردوە بە بەستنی ڕێکەوتنامە بۆ ھاوردەکردنی غاز بۆ ئەوەی ھەنگاوە گرنگەکەی ھەڵبنێت لە ستراتیژیەکەیدا بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی لە غاز و بۆ بوون بە ناوەندێک بۆ بازرگانیکردن پێوەی لەسەر ئاستی جیھان،تورکیا دادەنرێت بە پێنجەمین گەورە بازاڕی غازی سروشتی لە ئەوروپادا،لەدوای ھەریەکە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئیتالیا و فەڕەنساوە،بە زیاد لە 20 ملیۆن ھاوبەشی ماڵ و جێگەی بازرگانی و پیشەسازی،و بەکارھێنانی ساڵانەی دەگاتە نزیکەی 50 ملیار مەتر سێجا.
پێداویستیەکانی تورکیا و سەرچاوەکانی لە غاز
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەرچوو لەلایەن دەستەی ڕێکخەری بازاڕی وزەی تورکیەوە (EPDK) لەساڵی 2023دا، بڕی غازی سروشتی بەرھەمھێنراو لەناوخۆی تورکیادا لەو ساڵەدا گەیشتۆتە نزیکەی 807,28 ملیۆن مەتر سێجای پێوانەیی،ئەو بڕە بە واتای زیادبوون دێت بەڕێژەی 992.55% لە بڕی غازی بەرھەمھێنراودا بە بەراوورد بە ساڵی ڕابووردوو،ھۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆزینەوەی غاز لە ناوچەی ئابوری تورکیا لە دەریای ڕەشدا لەساڵی 2020دا،دوای 3 ساڵ کارکردنی خێرا،غازە دۆزراوەکە لە دەریادا ئامادەیە بۆ ناردنی بۆ ناو سیستەمی ناوخۆیی تورکیا.
گەورەترین دۆزینەوەی غازی سروشتی لەناوخۆی تورکیادا بریتی بوو لە کێڵگەی ێەقاریا لە دەریای ڕەشدا ((بەپێی سەرچاوە حکومیەکان دەخەمڵێنرێت بەنزیکەی 790 ملیار مەتر سێجا لەگەڵ دۆزینەوەی زیاتر کە دواتر ئاشکراکران))، توانای بەرھەمھێنانیش گەیشتە 6 ملیۆن مەتر سێجا،ئەوەش بەواتای دابینکردنی پێداویستی غازی سروشتی بۆ 2 ملیۆن و 600 ھەزار ماڵ دەگەیەنێت.لەگەڵ غازی بەرھەمھاتوو لەکێڵگەکانی ترەوە،ئەوا بڕی بەرھەمی ڕۆژانە لەتورکیادا دەگاتە نزیکەی 7,5 ملیۆن مەتر سێجا(( واتا کەمتر لە 95% لە پێداویستی ڕۆژانە)).
تورکیا یەدەگی گەورە و دەوڵەمەندی نیە لە غازی سروشتی کە بتوانێت پێداویستیە تایبەتیەکانی خۆی دابین بکات،لەبەرئەوە غاز ھاوردە دەکات لە ڕێگەی بۆرییەوە لە وڵاتانی دراوسێیەوە،ئێران( لەڕێگەی ھێڵی بۆری غازی سروشتی ئێران –تورکیا) و ئازەربایجان ( لە ڕێگەی ھێڵی بۆری تاناپ TANAP، و ھێڵی غازی سروشتی باکۆ-تەبلیسی-ئەرزەڕۆم، ڕوسیا ( لە ڕێگەی ھەردوو ھێڵی (( تورک ستریم و بلو ستریم)).
ھەر بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی ڕێکخستنی بازڕای وزە،کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە، توانراوە بڕی 50 ملیار مەتر سێجای پێوانەیی لە غازی سروشتی ھاوردە بکرێت لەساڵی 2023دا.ڕوسیاش پلەی یەکەم دەگرێت لە ھەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ تورکیا بە پشکێک کە دەگاتە نزیکەی 24%،دوای ئەویش ئازەربایجان دێت بە پشکی نزیکەی 20%،دوای ئەوانیش ھەریەکە لە وڵاتانی وەکو جەزائیر و ئێران و ئەمریکا و میسر دێن.لە پاڵ 8 وڵاتی تردا کە بەبڕی کەمتر لە 9 ملیار مەتر سێجای پێوانەیی( وەک لە خشتەی -9- دیارە). بۆ زانیاری تورکیا لە ساڵانی ڕابووردودا زیاد لە 30 وڵاتەوە غازی ھاوردە کردوە،لەنێویاندا نەیجیریا و قەتەر و ئەنگۆلا ھەبوون، لەساڵی 2023دا توانراوە بڕی 94,270 ملیار مەتر سێجا لە غازی سروشتی شلکراوە (LNG) ھاوردەبکرێت بۆ ماوەی درێژ و خێراش،کە دەکاتە ڕێژەی 28,27% لە کۆی ھاوردەی تورکیا.
خشتەی ژمارە-9- : ھاوردەکردنی تورکیا بۆ غازی سروشتی شلکراوە بۆ ساڵی 2023 (ملیار مەتر سێجا)
سەرچاوە ڕوسیا ئازەربایجان جەزائیر ئێران ئەمریکا میسر ئەوانیتر کۆی گشتی
2023 29,340 90,257 5,988 5,405 4,099 9.399 2,963 50,484
سەرچاوە: دەستەی ڕێکخستنی بازاڕی وزە (EPDK)
ھەروەک خشتەی ژمارە-2-، سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا ھاوردەی غازی سروشتی دەکات،لەھەمان کاتیشدا ھەڵدەستێت بەھەناردەکردنیشی ھەرچەندە بەبڕی زۆر کەمترە.پێگە جوگرافیاکەی یارمەتیدەرە بۆ ئەو کارە کە کردویەتیە ناوچەی تێپەڕبوون بۆ ھێڵی بۆریە غازیەکان،ھەروەھا بەھۆی توانای بۆ شلکردنەوەی غازەکە کە لە دەرەوە دەیکڕێت و دواتر دەیفرۆشێتەوە بە وڵاتانی تر وەکو یۆنان و بولگاریا و وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا.
خشتەی ژمارە -2- : ئاماژەکانی کەرتی غاز لە تورکیا بۆ ساڵەکانی 2099-2023
2099 2020 2029 2022 2023
ھاوردەکردن لەدەرەوە ( ملیار مەتر سێجا ساڵانە) 45.299,47 48.925,59 58.703,93 54.669,67
50.483,77
بەرھەمی ناوخۆیی (ملیۆن مەتر سێجا ساڵانە) 473.87 449.27 394.44 379.89 807.28
ھەناردەکردن ( ملیۆن مەتر سێجا ساڵانە) 762.68 577.52 382.89 589.43 896.28
بەکارھێنانی ناوخۆیی ( ملیار مەتر سێجا ساڵانە) 45.282,03 48.266,54 59.830,36 53.200,55 50.290,84
ھەڵگیراوی ناوخۆیی ( ملیار مەتر سێجا ساڵانە) 3.095,44 2.852,00 9.994,97 5.334,46 5.442,40
سەرچاوە: دەستەی ڕێکخستنی بازاڕی وزە (EPDK)
لە ساڵی 2023شەوە،کۆمپانیای ھێڵی بۆری نەوتی تورکی ((بۆتاش BOTAŞ)) ھەستاوە بەھەناردەکردنی غاز لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ یۆنان و ڕۆمانیا و بولگاریا،ھەروەھا غازی سروشتی شلکراوەشی ھەناردەکردوە بۆ بولگاریا و ێربیا و سویسرا.ھەروەھا کۆمپانیای Tmak Natural Gas ھەستاوە بەھەناردەکردنی غازی سروشتی شلکراوە بۆ کۆماری مەکدۆنیای باکور.لەسەرئەوەوە ھەناردەکردنی غازی سروشتی شلکراوە لەساڵی 2023دا بەنزیکەی ڕێژەی 23,93%ی پێکھێناوە لە کۆی ھەناردەکردنی غاز کە گەیشتۆتە 896,3 ملیۆن مەتر سێجای پێوانەیی،کە دەکاتە زیادە بەڕێژەی 54,95% بەبەراوورد بە ساڵی 2022.
جا تورکیا ئەو غازە سروشتیەی کە خۆی بەرھەمی دەھێنێت و ئەوەشی لە ڕێگەی ھاوردەکانی بۆرییەوە دەستیدەکەوێت ھەناردە دەکات،ھەروەھا غازی سروشتی شلکراوەش،لەژێر ناوی ((تێکەڵەی تورکی Turkish Blend)) و ئەو کردار و بەرنامەی تورکیاش لە بازرگانی غازدا لەلایەن وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیەکانی تورکیاوە ئەلپ ئەرسەلان بەیرەقدارەوە ڕاڤەکراوە و لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت : (( بە تەنھا یەک نیشتیمان نیە بۆ غاز بەشێوەیەک دەتوانرێت بکڕدرێت و دواتریش بفرۆشرێتەوە لەڕێگەی چەند وڵاتێکەوە. لێرەدا مەبەستێتی بڵێت کە تورکیا وەک سەنتەرێکی بازرگانی وایە،ئێمە پێویست ناکات کە غازی دەرھێنراو ھەرناردە بکەین لە خاکەکەماندا، جا تێکەڵەی تورکی بریتیە لەو غازەی کە دەستمان دەکەوێت لە کرداری تێکەڵکردنەوە کە تورکیا ئەنجامی دەدات بۆ ئەو غازەی کە بۆی دێت و ئەوەشی کە بەرھەمی دەھێنێت.
ستراتیژیەتی نوێ
پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیادا جەختیکردۆتەوە لەسەر سیاسەتە نیشتیمانی و ناوخۆییەکان لە سیاسەتی وزەدا دوای ڕاگەیاندنی بەڵگەنامەی سیاسەتی وزە و بەکانزاکردنی نیشتیمانی (MEMP) لە ساڵی 2097دا،بەشێوەیەک لە دەستپێکدا جەختیکردەوە لەسەر وەبەرھێنان لە ژێرخانی وزەدا، بۆیە ھەستا بە دامەزراندنی پۆلێکی ھەڵکەندن بۆ گەڕان و دۆزینەوە لە ناوچە دەریاییەکانی چواردەوری وڵات لە سێ لاوە،ھەروەک چۆن ژمارە و توانای پاشکۆکانی گۆڕینی غاز و ھەڵگرتنیشی زیاد کرد.
تا ساڵی 2097 ھەموو تورکیا تەنھا دوو وێسگەی شلکردنەوەی غازی ھەبوو بەتوانای کۆی بەرھەمھێنانی بە بڕی 30 ملیۆن مەتر سێجا ڕۆژانە،و ھەستا بە زیادکردنی توانای ئەو وێسگانە، و سێ وێسگەی سەرئاو کەوتووشی زیادکرد بۆ شلکردنەوەی غاز(FSRU) لە جێگەی جیاوازدا،وەزیری وزە بەیرەقدار ڕایگەیاند کە توانای شلکردنەوەی ئەمڕۆ گەیشتۆتە 960 ملیۆن مەتر سێجا ڕۆژانە، وتیشی: (( ئەوەش مانای وایە کە تورکیا بە ئاسانی دەتوانێت ھاوردەی زیاد لە نیوە لە پێداویستیەکانی خۆی لە غاز بکات لەشێوەی غازی سروشتی شلکراوە لە ڕێگەی پاپۆڕەوە)).
لەمڕۆدا تورکیا توانای ھەڵگرتنی غازی ھەیە بە بڕی 5,8 ملیار مەتر سێجا،و ئامانجیشێتی بگاتە 90-92 ملیار مەتر سێجا تا ساڵی 2028.بە دەربڕینێکی تر،تورکیا گەرەکێتی توانای ھەڵگرتنی بەرزبکاتەوە و بیگەیەنێتە 20% لانی کەمی پێداویستیەکانی لە غاز.کە دەگاتە 80 ملیار مەتر سێجا ساڵانە لە غاز بۆ تۆڕی نیشتیمانی تورکیا لە ڕێگەی بەرھەمێنانی تایبەت بەخۆی و ھێڵەکانی بۆری ئێستاوە و ڕێکەوتنامەکانی ھاوردەکردن،بەشێوەیەک نزیکەی 30 ملیار مەتر سێجا لەو ژمارەیە ھەناردەکرێت یان دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی تر.لەسەر ئەو بنەمایە تورکیا ساڵانە بڕی 50 ملیار مەتر سێجا غاز بەکاردەھێنێت،بە کردارەکی گەیشتۆتە قۆناغێک کە دەتوانێت ئەو زیادەیەی کە لەغاز پێیدەگات ھەناردەبکات،وەک ئەوەی لەگەڵ ئامانجەکەیدا دەگونجێت کە تورکیا ببێتە ناوەندێکی بازرگانی وزە. گرنگە بوترێت ئەو ھۆکارەی کە پاڵینا بەتورکیاوە بۆئەوەی گەشە بەژێرخانی وزەی خۆی بدات بۆ ئەوەی پێداویستیە تایبەتەکانی تێبپەڕێنێت و ھەناردە کردنیشی زیاد بکات بریتیە لەو پێشکەوتنانەی کە لەگەڵ پەتای کرۆنادا ھاتنە ئاراوە و بەھەمان شێوە لەگەڵ ھەڵایسانی جەنگی ڕوسیا-ئۆکرایناشدا.
ھەلی تورکیا لە ئەوروپادا
پێش ھەڵایسانی جەنگی ڕوسیا-ئۆکراینا، ڕوسیا سەرچاوەی سەرەکی بوو بۆ دابینکردنی پێداویستی غازی ئەوروپا بەڕێژەی 40%،ھەروەک بەھەمان شێوە بوو بۆ تورکیاش،جا ڕوسیا لە 3 ڕێگەوە غاز دابیندەکات بۆ ئەوروپا کە بریتین لە:
یەکەم/ ھێڵی باکوور // نۆرپ ستریم، کە گرنگترین پێدان و ھەناردەکردن لەو ھێڵەوە دابیندەکات،کە ڕاستەوخۆ غاز بۆ ئەڵمانیا دەگوازێتەوە و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا،لە ئێستادا ئەم ھێڵە ڕاوەستاوە بەھۆی ئەو تێکدانەی کە بەریکەوتوە.
دووەم/ ڕاڕەوی ناوەڕاست، ھەروەک ناسراویشە بە ناوی ڕێڕەوی ئۆکراینی، کە واچاوەڕوان دەکرا کە بڕی 40 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی ساڵانە بۆ ئەوروپا بگوازێتەوە لەڕێگەی ئۆکرایناوە لەماوەی 2029-2024دا، بەپێی ڕێکەوتنامەی واژۆکراو لە 30/92/2099دا لەنێوان کۆمپانیای غازی سروشتی ئۆکراینی(( نافتۆ غاز)) و کۆمپانیای ((گازپرۆمی)) ڕوسیا.لەگەڵ ئەوەشدا، ماوەی ئەو ڕێکەوتنامەیە لە 30/92/2024دا تەواو دەبێت، بەڵام ڕوسیا ئامادەیی خۆی پیشانداوە کە ناردنی غاز بەردەوامی پێدەدات، بەڵام ئۆکراینا دەرگای نوێکردنەوەی ڕێکەوتنامەکەی داخست، بەپێی مەھدان ساغڵەم،لێکۆڵەر لە سیاسەتی وزە و پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمپانیاکانی وزەدا،سلۆڤاکیا (( کە 3,2 ملیار مەتر سێجا)) و نەمسا(( 5,2 ملیار مەتر سێجا)) و مۆڵداڤیا (( 2 ملیار مەتر سێجا)) ھاوردە دەکەن ئەوا زۆرترین کاریگەریان لەسەر دەبێت بەھۆی ڕاوەستان و کۆتایھاتنی ئەو ڕێکەوتنامەیەوە. ھەروەھا ئەوەش بەدەردەخات کە ھەریەکە لە مەجەڕ و ئیتالیاش غاز لە ئۆکرایناوە ھاوردەکەن،ھەربۆیەش پێویست دەکات کە زامنی گەیاندنی غاز بکرێت بۆ ئەو وڵاتانە.
سێیەم/ بریتیە لە ڕێڕەوی باشوور، کە ئاماژەیە بۆ ڕێڕەوی گەیاندنی غاز بە ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە،لەگەڵ ھێڵی بۆری (( تورک ستریم)) کە ئیشپێکردنی تەواو بوو لە ساڵی 2020دا، کە دەکرێت لە ڕێگەی یەکێک لەو دوو ھێڵەوە کە لە ڕوسیاوە دێن غاز بگوازرێتەوە بۆ تورکیا، لەکاتێکدا دەتوانرێت کە ھێڵەکەی تر غاز لە ڕێگەی تورکیاوە بگوازێتەوە بۆ بولگاریا و دواتریش بۆ ئەوروپا،لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەر ڕێکەوتننامەی ((ڕێڕەوی ناوەڕاست)) تازەنەکرێتەوە لە ڕێگەی ئۆکرایناوە، ئەوا تەنھا یەک ھێڵ دەمێنێتەوە بۆ گواستنەوەی غاز بۆ ئەوروپا،واتا ڕێڕەوی باشوور، توانای ئەو ھێڵە دەگاتە 96 ملیار مەتر سێجا ، جا ئەو توانایە بە گرنگی دەمێنێتەوە بەتایبەتیش لە ڕووی ئاسایشی گەیاندنەوە بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا و ناوچەی بەڵقان، لەو چوارچێوەیەدا ماوەیەکە تورکیا لە گفتوگۆکردندایە بۆ زیادکردنی توانای ئەو ھێڵە بۆ بولگاریا، کە توانای ئێستای دەگاتە 3,5 ملیار مەتر سێجا ساڵانە،بۆ 7 ملیار مەتر سێجا ساڵانە لە قۆناغی یەکەمدا،و دواتریش بۆ 10 ملیار مەتر سێجا.
ڕێکەوتننامەکانی ئەم دواییەی تورکیا
لەکاتێکدا ئەوە دۆخی گەیاندنی غازە بۆ ئەوروپا،بەتێڕوانینێکی ورد لەو ڕێکەوتننامانەی کە تورکیا واژۆیانی کردوە لە ساڵی 2023وە ئەوا ئەو بیرۆکەیە دەدات دەربارەی پێویستی وڵاتانی ئەوروپا بە غاز کە بەھۆی جەنگی ڕوسیا-ئۆکرایناوە ھەڕەشەیان لێدەکرێت،ئەو ھەلەی کە تورکیا ھەوڵی بۆ دەدات.کۆمپانیای بۆتاشی BOTAŞ تورکیا کە سەربەحکومەتی تورکیایە لە3. 1. 2023دا ڕێکەوتنامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای بولگار گازدا Bulgargaz واژۆکردوە بۆ ھەناردەکردنی بڕی 1.5 ملیار مەتر سێجا لە غازی سروشتی شلکراوە ساڵانە و بۆ ماوەی 13 ساڵ، یەکەم باریش لە مانگی 4. 2023دا ڕەوانەکراوە.وەزیری وزەی بولگاریا ڕایگەیاندوە ڕۆسن گریستۆف و وتویەتی: (( ئەو ڕێکەوتنامەیە نەک بەتەنھا بۆ بولگاریا گرنگە بەڵکو بۆ ھەموو وڵاتانی باشووری ڕۆژھەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپاش گرنگە)).
لە مانگی 8. 2023دا، ڕێکەوتنامەی ھەناردەکردنی غازی سروشتی واژۆکراوە لەگەڵ کۆمپانیای MVM CEEnergy حکومی مەجەڕیدا،بەپێی ئەو ڕێکەوتننامەیە،تورکیا بۆ یەکەم جار ھەنگاوێکی ناوە بۆ ھەناردەکردنی غاز لە ڕێگەی ھێڵی بۆرییەوە بۆ وڵاتێک کە سنووریان بەیەکەوە نیە،وبڕی ئەو غازەش ئاشکرانەکراوە کە لە تورکیا ھەرنادە دەکرێت،بەڵام بەپێی ڕۆژنامەکانی مەجەڕەوە،ڕێکەوتنامەکە بڕی 275 ملیۆن مەتر سێجا غاز ڕەوانە دەکات، ھەروەھا ڕێکەوتنامەیەکی تریش بۆ ھەناردەکردن کە سێھەمینە واژۆکراوە بۆ ساڵی 2023 لەگەڵ کۆمپانیای OMV Petrom ڕۆمانیدا لە مانگی 9. 2023دا، ئەو ڕێکەوتنامەیەش ڕێگە دەدات بە ھاوردەکردنی بڕی4 ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی ڕۆژانە، ڕێکەوتنامەکەش لە مانگی31. 3. 2025دا کۆتایی دێت، بەھەمان شێوە ھەر لە مانگی9. 2023دا ڕێکەوتنامەیەکی تر واژۆکراوە لەگەڵ کۆمپانیای East Gas Energy Trading کە ڕۆڵێکی چالاک دەبینێت لە بازاڕی وزەی مۆڵدۆڤیادا،بەپێی لجمک پاڵا،ڕاوێژکاری سەرۆکی وزە لەناو شاری ئەنکەرەدا بۆ لێکۆڵینەوە لە قەیرانەکان و سیاسەت ANKASAM))، ئەوا کۆمپانیای بۆتاشی تورکیا توانیویەتی کە پڕۆژەیەک وەدیبێنێت کە ناودەبرێت بە ڕێڕەوی غازی باشوور لە ڕێگەی ئەو ڕێکەوتننامانەوە کە ئەنجامیداون.
ئامادەسازی بۆ دوای ساڵی 2027 و ھەمەجۆرکردنی ھاوردەکردن بۆ گرەنتیکردنی گرێبەستی ھاوردەکردنی نوێ
لەکاتێکدا تورکیا ڕێکەوتنامەکانی گواستنەوەی غاز واژۆدەکات،لەھەمان کاتدا دەستیشیکردوە بە دامەزراندنی گیرفانی دابینکردنی وزە بۆ ساڵی 2027 و دواتریش،خاڵی جیاکەرەوە و جێگەی سەرنج لەو ڕێکەوتنامانەی ھەناردەکردن کە لەساڵی 2023دا واژکراون بریتیە لەوەی کە ئەو ڕێکەوتننامانە درێژخایەنن و درێژدەبنەوە بۆ نزیکەی 10ساڵ، بەمەش ھەلی بازرگانی زیاتر نەرمتر دابیندەکات بەبەراوورد بە ڕێکەوتننامەکانی پێشووتر،بەڵام تورکیاش پابەند دەکات بە دابینکردنی غاز بۆ ئەو وڵاتانەی کە بۆیان ھەناردە دەکات، ھەرلەبەرئەوەیە کە تورکیاش پەنای بردۆتە بەر زیادکردن و ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی کڕینی غاز، گۆگان سورۆش سەرۆکی کۆمەڵەی غاز لە کۆمەڵەی سەکۆی نەوت و غازی سروشتی (PETFORM) ئاماژە دەدات،کە کۆمپانیای بۆتاشی تورکیا لە ئێستادا ھەوڵدەدات بۆ دابینکردن و ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھاتەکانی لە غاز بۆ ئەو ڕێکەوتننامانەی کە بەم نزیکانە کۆتاییان پێدێت.نەک بەتەنھا بۆ دابینکردنی غازی سروشتی بۆ بازاڕی ناوخۆ بەڵکو بۆ ھەناردەکردنی زیادەکانیش، دەشڵێت:( لەکاتی لێکۆڵینەوەی ڕێکەوتننامەکان کە بەم دواییانە واژۆکراون،دەبینین کە بۆتاش بەرەو ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ھێنانی دەدات لەگەڵ تەواوبوونی ڕێکەوتننامەکانی ڕوسیادا لەساڵی 2025دا و ئەوانەی ئێرانیش لەساڵی 2026دا لە ماوەی داھاتوودا، ڕێکەوتننامەی نەرمیشی ھەیە کە ڕێگەی پێدەدات بە ناردنی ئەو بڕانە بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا بەشێوەیەکی تایبەت لەو حاڵەتانەی کە تورکیا پێویستی بەو بڕانە نابێت)).
لەو چوارچێوەیەدا تورکیا ھەستاوە،بەپشتبەستن بە ژێرخانەکەی کە پەرەی پێداوە و لەسەر توانا گەشەسەندوەکانیشی لە شلکردنەوەی غاز و ھەڵگرتنیدا،بەم ھەنگاوانی لای خوارەوە:
یەکەم: تورکیا ھەستا بە درێژکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنامەیەی کەلەگەڵ جەزائیردا واژۆیکردبوو بۆ ھاوردەکردنی غازی سروشتی شلکراوە،کە وابڕیار بوو کە لە کۆتایی ساڵی 2024دا کۆتایی پێبێت،بۆ ماوەی 3 ساڵی تر،جا بەپێی ڕێکەوتننامەکە کە واژۆکراوە لە نێوان کۆمپانیای بۆتاشی تورکی و کۆمپانیای نەوت و غازی سروشتی نیشتیمانی جەزائیریدا سۆناتراک SONATRACH ئەوا تورکیا بەردەوام دەبێت لە ھاوردەکردنی بڕی 4,4 ملیار مەتر سێجا ساڵانە لە غازی سروشتی شلکراوە لە جەزائیر.
دووەم: تورکیا لە30. 1. 2023دا واژۆی ڕێکەوتننامەیەکی کرد لەگەڵ سەڵتەنەتی عوماندا بۆ ھاوردەکردنی غازی سروشتی شلکراوە،و بەپێی ئەو ڕێکەوتننامەیە لەنێوان ھەردوو کۆمپانیای ((بۆتاشی تورکی و عومان بۆ غازی سروشتی شلکراوە)) تورکیا بڕی یەک ملیۆن تەن ( 1.4 ملیار مەتر سێجا)) لە غازی سروشتی شلکراوە ساڵانە ھاوردە دەکات بۆ ماوەی 10ساڵ و ئەم پڕۆسەیەش لە ساڵی 2025وە دەستپێدەکات.
سێیەم: کۆمپانیای((بۆتاش)) ڕێکەوتننامەیەکی واژۆکردوە لەگەڵ کۆمپانیای ((ئیکسۆن مۆبیل ExxonMobil)) ئەمریکیدا لە 9. 5. 2024دا لە واشنتۆن،بۆ ھاوردەکردنی نزیکەی 2.5 ملیۆن تەن ((نزیکەی 3.45 ملیار مەتر سێجا)) لە غازی سروشتی شلکراوە ساڵانە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەھەمان شێوە. لەبارەی ئەو ڕێکەوتننامەیەوە وەزیری وزەی تورکیا بەیرەقدار لە ئاھەنگی واژۆکردنەکەدا وتویەتی : ((بەم ڕێکەوتننامەیە ھەنگاوێکی تر ھەڵدەنێین لە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانماندا،ئێمە لەناو ئەو ژمارە کەمەی وڵاتانداین لە جیھاندا لە ڕووی توانا و ئامێرەکانەوە لە بواری غازی سروشتی و بازرگانیکردن پێوەی. ھاوبەشیەکانمان درێژپێدەدەین بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەیاندنی وزە بۆ وڵاتەکەمان و ناوچەکەشمان)).
چوارەم: لە 2. 9. 2024 دا،کۆمپانیای ((بۆتاش)) ڕێکەوتننامەیەکی واژۆکردوە لەگەڵ کۆمپانیای ((شێل Shell)) بۆ ھاوردەکردنی 4 ملیار مەتر سێجا لە غازی سروشتی شلکراوە ساڵانە و بۆماوەی 10 ساڵ. کە کاری ھاوردەکردنەکەش کە 40 بار لەخۆدەگرێت لەساڵی 2027دا دەستپێدەکات.بەپێی ڕێکەوتنامەکە،ڕێژەی 8% ئەو غازەی بازاڕی تورکیا پێویستیەتی ھاوردە دەکرێت بۆ ماوەی 10 ساڵ، ئەم ڕێکەوتننامەیە بە نەرم و خۆشدەست باسدەکرێت، لەبەرئەوەی ڕێگە بە کۆمپانیای (بۆتاش) دەدات بەوەرگرتنی غازی سروشتی شلکراوە لە کۆمپانیای ((شێل)) لە وێسگەکانی غازی سروشتی شل لە ئەوروپادا، بەو مانایەی تورکیا دەتوانێت کە بیفرۆشێتەوە بە ئەوروپیەکان بە نرخێکی قازانجتر لەوەی کە لە کۆمپانیای ((شێل)) وە کڕیویەتی لەو کاتانەی کە پێویستی پێی نیە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک لەلایەن مەھدان ساغڵەم، تورکیا غازی ھاوردەکراو لە کۆمپانیای (ئیکسۆن مۆبیل) بەکاردەھێنێت لە بازاڕی ناوخۆ یان ھەڵیدەگرێت، لەگەڵ کەمکردنەوەی کڕینی خێرا،لەکاتێکدا غازی ھاوردەکراو لە کۆمپانیای( شێل) دەفرۆشێتەوە، ھەروەھا ساغڵەم ڕایدەگەیەنێت: ( بەلای تورکیاوە،کڕینی زیادبوون لە توانای کڕینی غازی سروشتی شلکراودا ئەوا بوارێکی زیاتر دەداتە تورکیا بۆ مانۆڕکردن لەڕووی گفتوگۆکردنەوە لەسەر نرخەکان لە ماوەکانی کۆتایھاتنی ڕێکەوتنامەکاندا لەو وڵاتانەی کە غاز دابیندەکەن لەڕێگەی ھێڵەکانی بۆری کلاسیکیەوە،جا لەبەرئەوەی تورکیا غازی ھاوردەی زیاتری ھەیە،ئەوا تواناشی ھەیە کە پارێزگاری لە نرخەکان بکات لە ئاستێکی زیاتر گونجاودا، ئەمەش دۆخی تورکیا بەھێز دەکات لە کاتی گفتوگۆکردنەکاندا بۆ درێژکردنەوەی ڕێکەوتننامەکانی لەگەڵ ھەریەکە لە ئێران و ڕوسیادا)).
پێنجەم: تەنھا لەدوای 2 ھەفتە لە واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکەی لەگەڵ ((شێل))دا،کۆمپانیای ((بۆتاش)) ڕێکەوتننامەیەکی تری واژرکردوە لەگەڵ کۆمپانیای Energies Total لە ھیوستن لە ئەمریکا لە 18. 9. 2024 دا، بۆ ھاوردەکردنی 16 بار لە غازی سروشتی شلکراوە ساڵانە (( نزیکەی 1.6 ملیار مەتر سێجا)) بۆ ماوەی 10 ساڵ، کە لەساڵی 2027وە دەستپێدەکات، لە ڕێکەوتننامەی Energies Total بەھەمان شێوە،کۆمپانیای بۆتاش بەشێکی گەورە لەو 1.6 ملیار مەتر سێجایە لە غازی سروشتی ساڵانە وەردەگرێت لە وێسگەکانی بەرھەمھێنان لە ئەمریکادا،ھەروەک لە حاڵەتی ڕێکەوتننامەی کۆمپانیای ((شێل))دا ھەیە، دەتوانرێت بەشێک لە غازی سروشتی شلکراوە وەربگرێت لە وێسگەکانی تورکیا یان ئەوروپا ئەگەر ((بۆتاش ))ئەوەی ویست.
بەم شێوەیە،تورکیا واپێشبینی دەکات کە بتوانێت بڕی 100ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی دابین بکات لەماوەی ئەو 10ساڵەی ئایندە کە ئەو ڕێکەوتننامانەی تیادا واژۆکردوە،ئەوەش توانای پابەندیەکانی بە ڕێکەوتننامەکانی بۆ دابینکردنی غاز بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا زامندەکات.
پڕۆژەکانی ئایندە
تورکیا ھەوڵدەدات بەھەمان شێوە کە گرێبەستی ئایندەیی واژبکات بۆ ھاوردەکردنی غاز بەشێوەیەکی گەورەتر و زیاتر لە میسرەوە،دوای ئەوەی کە تورکیا پێشکەوتنێکی گەورەی وەدیھێنا لە چاککردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ میسردا بەم دواییانە،گرنگی دا بە کێڵگەکانی غازی میسری لەدەریای سپی ناوەڕەاستدا،لە کاتێکدا میسریش گەرەکێتی کەسوود لەپاپۆڕەکانی(ھەڵگرتن ودووبارە تێکردنەوەی غازی سەرئاوکەوتوو FSRU) تورکیا وەربگرێت لە ھاوردەکردنی غازدا.وەزیری وزەی تورکیا بەیرەقدار وتوووێژی لەگەڵ ھاوتا میسریەکەیدا کردوە دەربارەی ئەو بابەتە لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا لەمانگی ئەیلوولی ڕابووردوودا.لێرەدا گرنگە کە ئاماژە بدەین بەوەی کە ھەریەکە لە میسر و تورکیا،ێۆمال بە ھاوبەشێکی ستراتیژی خۆیان دادەنێن،و ھەردووکیان ڕێکەوتننامەی سەربازی و بازرگانی فراوانیان لەگەڵ مەقادیشۆدا بەم دواییانە واژۆکردوە،لەم ساڵدا تورکیا ھەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ڕووپێوی بوومەلەرزەیی لە ناوچەی ولایەتی دەریایی چۆناڵ کە ڕووبەرەکەی دەگاتە 95ھەزار کیلۆمەتر دووجا،بە ئامانجی گەڕان بەدوای نەوت و غازی سروشتیدا،ھەردوو وڵاتی تورکیا وێۆمال ڕێکەوتننامەی بەرھەم وھاوبەشیان واژۆکردوە لەو بارەیەوە.ڕەنگە بەھەمان شێوە بتوانن غازیش بدۆزنەوە لەو کێڵگانەی کە ئاماژەی ھەبوونی نەوتیان پیشانداوە.
دەرئەنجامەکان
باوەڕ وایە کە ڕێکەوتننامەکانی غازی سروشتی شلکراوەی دوور مەودا کە تورکیا ئەنجامیداون سیفەتێکی جیاکەرەوەی دەداتێ لە دانوسانە نوێکاندا لەگەڵ ڕوسیا و ئێراندا،کە ڕێکەوتننامەکانیان نزیکە لە کۆتایھاتنەوە، جا وەک دەرئەنجامێکی ئەو کارە،ئەوا تورکیا بەتواناترین وڵات دەبێت کە بەشێوەیەکی خێرا پێداویستیەکانی وڵاتانی ئەوروپا لە غاز دابین بکات،کۆمپانیای ((بۆتاش)) ی تورکی پێگەی خۆی لەکەرتی وزەدا قایمکردوە لەڕێگەی واژۆکردنی ئەو ڕێکەوتننامانەوە، ئەمەش بەزۆری دەبێتە ھۆی ئەوەی کە تورکیا نفوزی خۆی لەڕووی وزە و دپلۆماسیەوە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا زیاد بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕێکەوتننامانەش وەک پێویست نەبن کە تورکیا بکەنە ناوەندێکی وزە،ئەوا دەبنە ھۆی زیادکردنی نفوزی تورکیا لە کەرتی وزەدا، بەتایبەتیش لە بازاڕی ئەوروپادا،ئەوەشی کە ئەو گریمانەیە پشتڕاستدەکاتەوە دوورخستنەوەی ھەڵسوکەوتی واشنتۆنە بۆ ڕێگریکردن لەو چالاکیەی تورکیا، بەجیا لەو حاڵەتەی کە تورکیا ببێتە ناوەندێک بۆ دووبارە فرۆشتنەوەی غازی ڕوسیا لەداھاتوودا وەک فێڵکردنێک بەسەر سزا سەپێنراوەکانی سەر ڕووسیادا،ئەوەش ڕێگەی تێناچێت لە حساباتەکانی تورکیای ئێستادا.
سەرچاوەکان:
1. https://www.syria.tv
2. https://attaqa.net
3. https://arabic.cnn.com
4. https://epc.ae/ar
5. https://www.epdk.gov.tr/home/en
6. https://ar.wikipedia.org
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی