بەختیار نامیق: گۆڕینی وێنەکە، لە وێنەی دەوڵەتەوە بۆ وێنەی بانک.

وردە وردە ئەو وێنەیە کە لە میمۆری گشتدا بەرجەستە بو بو دەگۆڕێ، ئەم گۆڕینی وێنەیە کە دروشمی شۆڕشی شاخ بەرهەمی هێنابو قۆناغ بە قۆناغ دەگۆڕێ بۆ وێنەی تەواو جیاواز کە شۆڕشی شاخ لە یادەوەری گشتیماندا ڕەسمی دەکرد ، ئەگەر لە قۆناغێکدا وێنەگەلێک لە ناو سندوقی وێنەی ( دەوڵەتی هاوڵاتی ) دا کۆنەستی هاوڵاتی داگیر کردبێ و بوبێت بە بیروباوەڕو و خوێنی لە پێناودا دابێت، ئەوا بەهۆی پاوانکاری حیزبی و پاشان کلتوری خێڵەوە تەواو دەگۆڕێ، ئەم وێنەیە دەبێتە موڵکی حیزب، بە مانایەکی تر وێنەی دەوڵەت بە هەموو شێوەکانیەوە؛ دەوڵەتی هاوڵاتی و دەوڵەتی نەتەوەو… هتد، دەبێتە موڵکی حیزب و حیزبیش لە کرۆکیا هەڵگری جۆرێک لە لادان بوە بە ڕێبازەکانی خۆی و جۆرێک لە کلتووری خێڵیان هەڵگرتوە ، لێرەوە وردە وردە وێنەکە دەگۆڕێ بۆ وێنەی بانک ، واتا لە دەوڵەتەوە بۆ بانک، بانکیش دەبێتە موڵکی هێزێک کە لەدەستی گروپێکدا کۆدەبێتەوە ئەم هێزەش حیزب و دەوڵەت وەک کارتۆنێک یان گالیسکەیەک بەکار دەهێنن بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان ، هێزی یەکێتی ناوەکی ئەم هێزە پەیوەندی خوێنە ، لێرەوە با ڕونتر بدوێین، ماڵباتی بارزانی تەواوی ئەو وێنەیەی لە خوێدا کۆکردوتەوە واتا داگیرکردنی وێنەی دەوڵەت بۆ خێزانێک ، ئەم ماڵباتە دەیانەوێ ئەزمونی وەلی عەهدی و مۆدێلی خلیجی وەربگرن ، بەڵام سەرتاکەی ئەوەیە لە دۆخێکی وەک دوو زۆنی پاشکۆیەتی وڵاتانی زلهێزدا زەحمەتە ، بە پلان هەوڵەکانیان لە جوگرافیایەکی دیاریکرودا دادەڕێژن ، دوای قۆناغی تەواو بونی دەستەڵاتی نەوەی یەکەمی شۆڕش و باڵادەستی نەوەی دوهەم و لەدەروەی حکومەت پاوانکردنی داهات و کۆمپانیاکان نەوەی سێهەمی بارزانییەکان کار لەسەر ڕێکخراوەکان مەدەنی دەکەن ، هەمو ئەمانە و وێنەیەکە لە دوا قۆناغیدا گۆڕاوە بۆ بانکێک و دەستەڵاتێک لە بەرامبەردا هاوڵاتی دەخرێتە ناوبازنەیەک و خێزانێک لەدەرەوەی ئەم بازنەیە کۆنتڕۆڵی حکومداری کۆی جومگەکانی حکومی دەکەن، لێرەوە جیاوازیەکی چینایەتی گەورە دروست دەبێ لە نێوان تاکی خەڵک و تاکی خێزانێک ، کاردانەوەی هاوڵاتی دەبێتە ڕەخنەگرێکی توند.
کاتێک وێنەکە لە دەستەڵاتێکی ڕەشیدەوە دەگۆڕێ بۆ بانکێک و ئەندامانی خێزانێک پاوانی دەکەن هەر کەسێک نزیک بێتەوە لەم بانکە دەکەوێتە بەردەم ڕەخنەیەکی توند، واتا هەر کەسێک مامەڵەیان لەگەڵ بکات وێنەکە وا ڕۆشتوە کە پارە وەردەگرێت، بە تایبەت لە سلێمانیدا چونکە حەوزەی دروستبونی هەموو حیزبەکانە بە پارتیشەوە هەر حیزبێک پێوەری وێنەکانی گۆڕا بێت سزای دەدات، دوای یەکێتی ئازیزترینیان گۆڕان بوە سزای داوە ، پارتی وا وێنا دەکرێت کە لە سلێمانیدا دروست بوە و هەڵهاتوە و چوتە جوگرافیایەکی تر، سلێمانی دەستی نایگاتێ تا وەک یەکێتی و گۆڕان سزای بدات.
ماهیر حەسەن وەک ئەکتەرێکی کۆمێدی و ڕەخنەگری گەورە، کاتێک لە ڕەخنەوە دەگۆڕێت بۆ ناو بازنەی بانکەکە، کاتێک نزیک دەبێتەوە لە بانکێک کە هونەرمەند و ڕۆشنبیری تێدا ڕەش دەکرێتەوە ( سپیکردنەوەی هونەرمەند و ڕۆشنبیرمان گۆڕیوە بە ڕەشکردنەوە، چونکە پڕۆسەکە ڕەشکردنەوەیە ) دەکەوێتە بەر ڕەخنەی توند، وێنەکە لێرەدا کەسایەتی ماهیر حەسەن نیە هێندەی گۆڕینی وێنەی یەکەمە کە ماهیر ڕەخنەی توند لەم دەستەڵاتە و لەم بانکە دەگرێت، بەڵام وێنە گشتیەکەی خۆی دەشێوێنێ دەبێتە کۆپی وێنەی بانکەکە ، دواجار ئەو مەقولەیە دەبێتە ڕاستی کە دەڵێ ( کۆمیدیا گوناهبارە بەوەی کێشەکانی خەڵک لە کێشەی جدیەوە دەکات بە کێشەی پێکەنیناوی و گاڵتەجاڕی )، بەدەر لە ماهیر هەر کەسێکی تر بوایە ڕوبەڕوی هەمان ڕەخنە دەبوەیەوە ، بەڵام جیاوازیەکە لەوەدایە ماهیر حەسەن ئەکتەرێکی گەورەیە زیاتر ڕوبەڕوی ڕەخنە دەبێتەوە کە کۆی پەیامەکە دەڵێ؛ نابێ ماهیر حەسەن کە ئەکتەرێکی گەورەیە نزیک ببێتەوە لەم بانکە کە خۆی ڕەخنەی لێدەگرێت.
کێشە لە ماهیرحەسەندا نیە هێندە لە گۆڕینی وێنەکەدایە بۆ بانکێک و لەوڕێگەیەوە سەدان ڕێکخراو بە پارەی ئەم بانکە بەڕێوەدەچێ، لێرەوە وێنەی شۆڕش بۆ دەوڵەتی هاوڵاتی گۆڕدراوە بۆ وێنەی بانکێک و خێزانێک.