دکتۆر پیرۆت محەمەدئەمین: گرانیی تێچووی ژیان، هەڕەشەیەکی بێدەنگ بۆ سەر خۆشگوزەرانی.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
خۆشگوزەرانی بە مانای توانای تاکەکان، خێزانەکان و کۆمەڵگاکان دێت بۆ دابینکردنی بەردەوامی پێداویستییە سەرەتایەکانیان؛ لەوانەش خۆراک و خانووبەرە و چاودێری تەندروستی و گواستنەوەو پەروەردەو چاودێری منداڵو جل و بەرگ و… هتد، هەروەها کۆنترۆڵکردنی کاروباری دارایی ڕۆژانەیان. لەگەڵ توانای بڕیاردانی ئابووری و زامنی دارایی و هەست بە ڕازیبوون و خۆبژێوی سەبارەت بە دارایی کەسی و ڕێڕەوی پیشەیی خۆیان و ئاستی دڵەڕاوکێیان لەخۆدەگرێت. هەروەها توانای بەرهەڵستكردنی شۆکی دارایی و دروستکردنی سەروەت و سامان و پاراستنی داهاتی گونجاو بە درێژایی ژیان.
بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی كاڵاو پێداویستیە سەرەکیەکانی وەک خۆراک و خانووبەرە و گواستنەوە و خزمەتگوزاری دیكە، ئەمەش وایکردووە کە تاک و خێزانەکان بە زەحمەت بتوانن خەرجییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن. زۆرجار ئەم بەرزبوونەوەیە زیاترە لە بڕی ئەو داهاتانەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەدەستی دەهێنن.
بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان هەیە. لەگەڵ دابەزینی هێزی کڕین، ئاستی دڵەڕاوکێ بەرز دەبێتەوە، ڕەزامەندی لە ژیاندا کەم دەبێتەوە و تەندروستی دەروونی و جەستەیی کاریگەری لەسەر دەبێت. زۆرجار خێزانە کەم داهاتەکان و ئەو کەسانەی کە داهاتی جێگیریان هەیە، قورسایی ئەم بارگرانییە لە ئەستۆ دەگرن. چونکە ناچارن دەستبەرداری، یان كومكردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان بن وەک سووتەمەنی، خۆراکی گونجاو، یان کەلوپەل، ئەمەش بۆشایی نێوان نایەکسانی کۆمەڵایەتی و هەژاری فراوانتر دەکات.
لەبەرئەوە زۆر گرنگە و پێویستە ڕێگایەک بۆ پێوانەکردنی خۆشگوزەرانی هەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی حکومەت بتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتەکانی و دەزگاکانی بکات لەسەر بنەمای ئەوەی کە تا چەند کوالیتی ژیانی خەڵک باشتر بكەن.
لە هەرێمی كوردستان چەند فاكتەرێك هەیە كە بوەتە هۆی بەرزبوونی تێچووی بژێوی لەوانە گرانبوونی نرخی خۆراک و کاڵا جیهانییەكان، هەروەها دابەزینی بەهای دیناری عێراقییە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی. لەگەڵ چاودێری نەکردنی لایەنی پەیوەندیدار لەسەر نرخ و ئاستی بەرهەمهێنان و چۆنیەتی ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنیان و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی گرانی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی.
زۆر جار، هۆکارەکە ناهاوسەنگی بازاڕە، چونکە هەندێک کۆمپانیای قۆرخکاری کەناڵەکان/ بەرهەمهێنان و هاوردەکردن و دەرهێنان و فرۆشتن، کۆنتڕۆڵ دەکەن و بە ئارەزووی خۆیان نرخەکان بەرز دەکەنەوە. هەروەها ڕێژەیەکی زۆر لە خێزانەکان پشت بە بازرگانی نافەرمی و کاری ڕۆژانە دەبەستن، كە بوەتە هۆی ناسەقامگیری داهاتیان.
بەرزبونی تێچووی بژێوی لەهەرێم بوەتە هۆی ئەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دراو كەم بكات، چونکە بەشێکی زۆری پاشەکەوتی داهاتی هاوڵأتیان لەبری دیناری عێراقی بە دراوی بەها بەرز ڕاگیراوە. بەرز بوونەوەی نرخ پاڵ بە تاکی دەوڵەمەندەوە دەنێت بەتایبەتی بۆ بازرگانی و هاوردەکردنی کاڵا و وەبەرهێنان لەخانووبەرە.
لە هەرێمدا، لەگەڵ پرسەکانی داهاتی تاکەکەسی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و تۆڕەکانی سەلامەتی کۆمەڵایەتی وەک گرنگییەکی سەرەکی دەمێننەوە. سەقامگیری خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان پەیوەستە بە نرخی نەوت و سیاسەتی دارایی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی. لە لایەکی دیکەوە وەبەرهێنان لە خزمەتگوزاریە گشتیەکاندا پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ باشترکردنی کوالیتی ژیان. بە سەرچاوەی داهاتە سنووردارەکان، تەحەداکە لە بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە نێوان خەرجییەکانی کارپێکردن و خەرجییەکانی وەبەرهێناندا دەمێنێتەوە، کە گەشەپێدانی درێژخایەن دروست دەکات. هەر ناهاوسەنگییەک ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان دەبێت، جا لە ڕێگەی دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەوە بێت یان ژێرخانی لاواز.
داتاکان لە هەرێم ئاماژە بەوە دەکەن کە مانگانە و ساڵانە تێكڕا بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانی بەخۆیەوە دەبینێت. مانگانە، تێچووی خانووبەرە (کرێ، ئاو، و کارەبا) بە ڕێژەی 209% بەرزبووەتەوە، و کاڵا و خزمەتگوزارییە هەمەجۆرەکان بە ڕێژەی 102%. وەساڵانە کاڵا و خزمەتگوزارییە هەمەجۆرەکان بە ڕێژەی 15.8%، پەروەردە بە ڕێژەی 10.8%، تەندروستی بە ڕێژەی 8.1%، خۆراک بە ڕێژەی 5% . ئامێری ناوماڵ و چاککردنەوە بەڕێژەی 9.7% . چێشتخانەکان 4.9% .جل و بەرگ و پێڵاو 4.6% .خانووبەرە (کرێ، ئاو، کارەبا، سووتەمەنی) بە ڕێژەی 1.1% زیادیان کردووە. ئەم ژمارانە گوشاری بەرچاون لەسەر داهاتی هاوڵاتیان، بەتایبەتی ئەوانەی داهاتیان سنووردارە.
بۆ چارەسەری گرانی تێچووی بژێوی ژیان، پێویستیەکی بەپەلە هەیە بە دەستێوەردانی کاریگەرانەی حکومەت بۆئەوەی بتوانێت خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بپارێزێت بە جێبەجێكردنی سیاسەتی دارایی بەرفراوان وپێشکەشکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری. هەروەها کەناڵی پشتیوانی جۆراوجۆر چالاک بکات، بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیان. ئەم کەناڵانە بریتین لە زیادکردنی پشتیوانی دارایی ڕاستەوخۆ، فراوانکردنی بەرنامەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی کاڵای سەرەکی پاڵپشتیکراو، پێشکەشکردنی لێخۆشبوونی باج، و ڕێکخستنی بازاڕەکان بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی ناڕەوای نرخەکان. هەروەها پشتگیری وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بکرێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی خواستی زۆر بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بازاڕ.
پسپۆڕی : دارایی گشتی
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە