ڕزگار حەسەن: پهیامی پێغهمبهرایهتی و د.خ واقیعی ئێستا.
ناردنی پێغەمبەران د.خ بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، خواستێکی ئیلاهییە بۆ ئەوەی پەیام و ڕەفتاری چاکەکاری بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت. ئەم پرۆسەیە لە دەرەوەی ئیرادە و زانیاری مرۆڤەکانە، بەڵکو ویستێکی ئاسمانییە و دەیەوێت پەیام ئاراستەی کۆمەڵگای مرۆیی بکات. پێغەمبەرایەتی بە مانای خۆیدا پیرۆزترین و بەرپرسیارترین ئەرکە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە دەبێت دوور لە هەر جۆرە بەرژەوەندییەکی کەسی ئەنجام بدرێت، من لهم وتارهدا ههوڵدهدهم ههندێك گرنگترین بنهماكانی پهیامی پێغهمبهرایهتی روون بكهینهوه:
یەکەم ئەرکی پێغەمبەرایەتی گەشەپێدانی ڕەوشتبەرزی و گیانی خۆنەویستییە. ڕەوشت بە مانای گیانی چاکەکاری و ڕاستگۆیی، جگە لەمە خۆنەویستی، دووربون لە خۆپەرستی، هەڵپەی بەرژەوەندخوازانە و خۆسەپێنی و باڵادەستی خود. جگە لەمانە، بەبەرزی ئاستی زانستی جیادەکرێتەوە دەبێتە جێگای متمانەی مرۆڤەکان. پێغەمبەران بە نموونەی ژیانیان ئەو ڕەوشتانەیان پیشان داوە کە مرۆڤایەتی پێویستی پێیانە بۆ ژیانێکی ئاشتیانە و هاوسۆز.
ئهركێكی دیكهی پهیامی پێغهمبهرایهتی نەویستنی دونیا و تەرخانکردنی کات بۆ ڕەوشتە بەرزەکان و گەشەپێدانی خۆشەویستییە، نەک بەناوی ئاینەوە سەرقاڵی خۆدەوڵەمەندکردن و خۆشژیانی و پلەو پایەی دنیایی بن. هیچ کات پێغەمبەران خاوەنی کۆشک و تەڵارو دەسەڵاتی شاهانە نەبوون. دەبێت ئەوە ئاگاداربین لەو سەردەمە دەیان جۆر حوکمڕانی وەک کیسرا و یۆنان و ئیمپراتۆرێتی چین جۆراو جۆر لەدەسەڵاتدا هەبووە، یان مێژووی دەسەڵاتدارانی فیرعەون لە میسر کە زور نزیک بووە لە پێغەمبەر، سەرنجێ ڕانەکێشا تا خۆی بکاتە خاوەنی و لە کۆشکو خۆشگوزەرانی ئەواندا بژیت، بەڵکو لای وابوو نێردراوێک ئەرکی بەئاگاهێنانەوەی مرۆڤایەتی بێت دەبێت هەمیشە لە ئەرکدا بێت، بەوپەڕی خۆنەویستی ژیاوە و کاری کردووە.
کێ جێنیشینی پێغەمبەر (د . خ) دەبێت؟
گرنگترین پرسیار لێرەوە دەستپێدەکات: ئایا کێ جێنیشینی پێغەمبەر دەبێت؟ ئایا مەلای ئاینی, یان حیزبی ئیسلامی؟ بێگومان بە وردبوونەوە لە ڕۆڵیاندا تێدەگەین کە مامۆستای ئاینی وەک تەنها فەرمانبەرێکی دەوڵەتی دانراو بۆ قسەکردن بەفەرمانی دەوڵەت كاردهكهن ، هیچ ئەرکێکی تری نییە. مەلا خەونی میحرابی فێنک و مینبەری بەرز و عەمامەی تورکی و تێکتۆک و قسەکردنی دووبارە دەبێت، ئەو ڕۆڵە ڕاستەقینەیی پەیامی ئایین و ئاینداری دەیەوێت نابینیت، دابڕاون لە دنیای زانست، لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، لە ناو کولتوور و مێژوودا گیریانخواردووە.
دەوڵەمەندی مامۆستای ئاینی و دووری لە ڕاستی پێغەمبەرایەتی بەبیانووزۆرو زەبەنەکانی، دەبێت دەوڵەمەندی موسڵمان سەیارە و خانوو و دەعوەتی بۆ حازر بکات، وەک ئەوەی بەڕێز مامۆستا تەنها ئهركی وتاردان بێت ، وتارێک نەک کردار، نە وهلامدانهوهی پێداویستیهكانی سهردهم و ههڵكردن لهگهڵ رهوتی زانستی نوێی سهردهم ، بهڵام بهداخهوه ئهوان نه ئههلی زانستن ، نه خاكێتی و سنگفراوانی ، ئەوان وەک پێغەمبەر دونیانەویست نین، لە هەمووکەس زیاتر دونیاخوازن.
دیاردەی ئیسلامیی سیاسی و بازرگانی بەناوی ئایین.
دیاردەیەکی دیکەی ئاینی سەرنج ڕادەکێشێت ئەویش دیاردەی ئیسلامیی سیاسییە، کە بەناوی ئاینەوە ئەدوێن و خۆیان وەک نوێنەری ئایین نیشان دەدەن. هێزە سیاسیە ئیسلامیەکان نەک گوزارشت لە بەهای ئاینی و نوێنەرایەتی ئایین ناکەن، بەڵکو بازرگانن بەناوی ئاینەوە، هەمیشە سەرمایەگوزاری دەکەن بۆ دەستبەری زۆرترین دەسکەوتی مادی. سەرکردەی هیچ حیزبێکی ئیسلامی نییە هەژار بێت، هەموو سەرکردە و مەکتەب سیاسی و خاوەن بڕیارەکانیان بە پلەی تایبەت خانەنشینکراون، مووچەی مانگانەی زەبەلاح وەردەگرن، لە جۆری ژیان و خۆشگوزەرانیدا هەندێکیان سەرکردە عەلمانیەکانیان تێپەڕاندووە.
ئەم ڕاستییە ئەوە دەردەخات کە دوای پێغەمبەران، هیچ کەسێک یان گرووپێک نەیتوانیووە بە ڕاستی ئەو پیرۆزی و خۆنەویستیە بگەیەنێت کە تایبەتی پێغەمبەرایەتی بووە. بە هۆی بەرژەوەندی کەسی و پۆلیتیکی و ئابووری، ئەو پەیامە پاک و خاوێنە لە شێوەی ڕاستەقینەی خۆی دوور کەوتووەتەوە و بووەتە ئامرازێک بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات و سامان. ئەمە گەورەترین خیانەتە لە مێژووی ئیسلام .
ئەم شیکارییە دەریدەخات کە جیاوازیەکی زۆر لەنێوان ئەرکەکانی ڕاستەقینەی پێغەمبەرایەتی و ئەوەی ئێستا لە ناوی ئایین و پێغەمبەرایەتیدا ئەنجام دەدرێت، هەیە. پێویستە گەڕانەوە بۆ بنەڕەتەکانی سادەیی، مرۆڤدۆستی، خۆنەویستی و ئەرکی ڕاستەقینەی خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بەدوور لە بەرژەوەندی کەسی. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین ڕاستی پێغەمبەرایەتی لە ناکۆکی و هەڵەکانی ئێستا جیا بکەینەوە و ڕێگا بۆ گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئەو بەهایانە خۆش بکەین کە پێغەمبەران بۆ مرۆڤایەتیان هێناون.