زەبەنگ بەهادین: درۆکردن بۆتە جێگای شانازی بۆ میدیای کوردی.

لە جیهاندا میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم دەبینرێت لە روی چاودێری و بەدواداچون بۆ کێشەکانی وڵات و شیکاری بۆ چارەسەر و دەرخستنی گەندەڵکاران و خراپەکاران، لە رویەکی دیەوە سەرچاوەیەکی سەرەکی پەروەردە و فێرکردنە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا ، دەتوانێت بە ئاسانترین رێگە بچێتە نێو ماڵەکان و بگات دەستی تاک بە تاکی کۆمەڵگا، لێرەوە تێدەگەین کە میدیا راستەخۆ کاریگەری هەیە لەسەر ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە یەک کاتدا، دەتوانێت ئاشتی بێنێت لە هەمان کات توانای نانەوی شەر و ئاژاوەو بەدبەختی هەیە.
میدیاکانی کوردوستان بەشێکیان میدیای سەربەخۆ نین، حکومەتی هەرێمیش میدیایەکی تایبەتی بە خۆی نییە، میدیاکاران و نوسەران کاتێک دەچنە ویستگەیەکی میدیای کە سەر بە لایەنە حیزبیەکانن سەرجەم ئازادیەکان خۆیان دەدۆڕێنن و وەک توتیەک ئەوەی بۆیان دەنوسرێت و پێیان دەوترێت تەنها دەتوانن ئەوە بڵێنەوە نمایشی ئەوە نیشان بدەن، کە ئەویش لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەیە کە کاری لێدەکەن ، جگە لەوەی ئەتەکێتئ رۆژنامەوانی خۆی لە قەیراندایە و لەبری ئەوەی کار بکرێت بۆ یەکگرتوی و ئاشتی کۆمەڵایەتئ بە پێچەوانەوە بەرنامە دادەرێژن بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگا و لە خشتە بردنیان، درۆ کردن بووە بە سیمای راستەقینەو سەرەکی بەشێک لە میدیای ئەمڕۆ، بگرە درۆکردن بۆتە جیگای شانازی بۆ بەشێک لەو میدیاکوردیانە، گاڵتەکردن بە هەست و سۆزی خەڵک، بەکارهێنانی جەماوەر بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی حیزبەکان شاردنەوەی راستی و هەڵبەستنی درۆی باوەر پێکراو، میدیایەکمان هەیە لە بری ئارامی بۆتە دەرد و بەڵا بەسەر خەڵکەوە ئەوەندەی دی مێشکی هاونیشتیمانیانی ماندو کردوە.
بەشێکی زۆری ئەم کارانەی ئەم میدیا کوردیانە دەیکەن بێ هیواکردنی خەڵک و سەرلێشێواندنیەتی تا پەرچەکرداری دروستی نەبێت ، لە پاڵ جیاکاری زەق دروستکردن لە ناو کۆمەڵگا. جار جاریش شارچێتی و بگرە کۆڵانچێتیش، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناخۆش و دڵتەزێن و گاڵتەکردن بە هەست و دەرونی خەڵک، گەورەکردنی دەم و چاوە دۆراوەکان و گرنگی دان بە مۆدێل و کەسە بێ ئەرزشەکان تا وا لە کۆمەڵگا بکات چاو لە خراپەکاری بکەن نەک هەنگاو بۆ باشیەکان بنێن، کێشە سەرەکیەکە ئەوەیە هەمو ئەم میدیا حیزبیانە بە پارە وقوتی خەڵک بەرێوە دەبرێن وە بونەتە مۆتەکە بۆ ژیان هەمان ئەو خەڵکانەی مافەکانیان دەخورێت بە بەرچاوی ئەو میدیانەی کە راستیەکان دەپۆشن و درۆ بە دوای درۆ دەهۆننەوە بۆ تێکدان و سەرلێشێوانی کۆمەڵگە.
بەشێکی زۆری ئەو دۆخە ناتەندروستە وئەو شکستە گەورانەی کوردستانی تێکەوتوە پەیوەندی بە خراپی و دەسترۆشتوی میدیای حیزبەکانەوە هەیە ، ئەمرۆ میدیایەکی زەبەلاح نییە بە تایبەت کەناڵە ئاسمانیەکان و میدیا بینراوەکان مەبەستمە کە سەر بە لایەنێکی حیزبی نەبن گەرچی زۆرینەی ئەو حیزبانەش ژێر بە ژێر و بە شاراوەی پەیوەستە بە دوو حیزبە سەرەکیەکەی هەرێمەوە و پارە و بودجەی کەنالەکانیان لەو دوو حیزبە وەردەگرن، بۆیە خەڵک ئێستا ئاراستەیەکی هوشیارانەی وەرگرتوە و هێدی هێدی دوور دەکەونەوە لە میدیای کوردی و باوەر و متمانەیان بە هیچ میدیاو کەناڵێکی ئاسمانی نەماوە، نەزانینی راستیەکان زۆر باشترە لە پێگەیشتنی درۆ و قسەی ناراست و پەروەردەی هەڵە ، ئێمە لە دۆخێکداین بەراستی پێویستمان بە میدیای سەربەخۆ و نوسەری سەربەخۆ و کەناڵی سەربەخۆ هەیە تا بتوانن بە راستی دەست بخەنە سەر برینەکان و چارەی راستەقینەی کێشەکان دیاری بکەن و ببنە جێگەی متمانەی کۆمەڵگا چونکە دڵنیام رۆژێک دێت پێویستمان بە دەنگێک دەبێت کە هەمومان بروامان پێبێت و ببێتە میمبەرێک هەموان بە ئازادی ببینن و بنوسن و بڵێن بێ ئەوەی حیزب چیلکە بداتە ناوەرۆکەکەی ، ئەو کات دەتوانم بڵێم لە ئازادی و پەروەردە و راستی نزیکین, بەڵام لە ئێستادا میدیا کوردی بە هەمو مانایەک وێرانەیە.