نەوزادی موھەندیس: ژیانی حیزبایەتی لە کوردستاندا چۆنە و بەرەو کوێ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەداخەوە کایەی سیاسی بەگشتی و ژیانی حیزبایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا بەتایبەتی وا شێواوە کە بەدەرە لەھەموو ڕێسا و یاساکانی زانستە سیاسی و حیزبیەکان لەدونیای پێشکەوتووی حیزبایەتیدا و ئەوەی لە کوردستان پێی بوترێت حیزبی سیاسی ڕاستەقینە بوونی نیە و تەنھا وەکو سیما و شێواز و پەیکەری ڕێکخستن خۆیان نمایش دەکەن و بەناوی دۆست و لایەنگر و نفوزی شەقامیشەوە خۆیان لە ھەڵبژاردن و کۆنگرەکانیاندا نمایش دەکەن و ناوبەناویش بەناوی کۆنگرەی گشتیەوە گرد دەبنەوە و دوور لە بنەما حیزبیەکان و بە فشار و گوشاری تەکەتول و دڵڕازیکردن و چاوسوورکردنەوە ئەندامانی کۆنگرەی گوێلەمشت دیاریدەکەن (ھەڵدەبژێرن)،گوایە بەمەبەستی نوێبونەوە و ھێنانە پێشەوەی خوێن و دەموچاوی نوێ و وزە و توانای نوێوە ھەڵبژاردنێکی ڕۆتینی ئەنجام دەدەن و ئەنجامیش بەکۆی دەنگ سەرۆک و ئەمیر و سکرتێر و ئەمینداری گشتی و… ھتد. ھەڵدەبژێرنەوە و کۆمەڵێکی تێکەڵیش لە دەموچاوە کۆنەکان و ھەندێکی بەناو نوێشەوە دێننە ناو سەرکردایەتیەوە. بەڵام کەمترین گۆڕانکاری و قسە و گفتوگۆ دەکەن لەسەر بەرنامە و دیدگا و تێڕوانینە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەکان. ئیدی بەم شێوەیە ژیانی حیزبایەتی بۆتە شانۆگەریەکی دووبارە و بێزراو لەکوردستاندا، بەڵگەش دوای ھەموو کۆنگرەیەک دەیان کادر زویر دەبن و دووردەکەونەوە و حیزب و سەرکردە و کۆنگەرەکانیشیان ڕەخنە باران دەکەن.
بەم شێوەیە ھەموو حیزبەکان لە عەلمانی و ئیسلامی سەرۆک و ئەمیر و ئەمیندارەکانیان بونەتە کەسانێکی پیرۆز و بێ ڕکابەر و ھەر خۆیان دەمێننەوە و وەک بڵێی ئەو پۆستەیان تا مردن تاپۆکردوە لەسەر خۆیان و دواتریش نەوەکانیان.کە بەڕاستی نەریتێکی ناشیرین و قێزەونی سیاسیە.چونکە حیزب بەرەو دۆگمابوون و چەقبەستن دەبەن و یەک ڕەنگ و یەک دەنگی دەکەن و ھێواش ھێواش حیزب لاواز و بەرەو پیربوونی دەبەن و ئیدی دیاردەی بنەماڵەیی و تەکەتولی ناڕەوا و مشەخۆری و گەندەڵی و ھەڵپەی پلەو پۆست تیایدا زیاد دەکات لەسەر حسابی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ گەشەپێدانی حیزبەکە و ھەر ئەمەش وایکردوە کە تەواوی حیزبەکان بەرەو بچوکبونەوە و چوونەوەیەک بچن لە جیاتی گەشەکردن و گەورەبوون و فراوانبوون. بەڵگەش ئەنجامی ھەموو ھەڵبژاردنە گشتیەکانە.
ئەم دیاردەی دووبارە ھەڵبژاردنەوەی سەرۆک و ئەمیر و ئەمیندارەکانی حیزب ڕێگە دادەخات لەسەر ھاتنە پێشەوەی کەسانی نوێی بەتوانا و گەنج بۆئەوەی حیزب لە چەقبەستوویی ڕزگاربکەن و ھەنگاو بەرەو پێشەوە بەرن و دیدگای نوێ و پەیوەندی نوێ و دووبارەش خۆنوێکردنەوەی لەگەڵ جەماوەر و گەڕانەوەی متمانەش بە حیزب تۆخبکرێتەوە.دەبینی چەند خولێک چەند دەموچاوێک لە سەرکردایەتی حیزبەکاندا دەمێننەوە و تەنھا ھەڵپەی مانەوە و بەرژەوەندیەکانی خۆیانن. ھەربۆیەش تەواوی حیزبەکان بێزراون تەنانەت لەلایەن ئەندامەکانی خۆشیانەوە و ھەرئەمەش وایکردوە کە کادرانی ناسراوی گەلێک لە حیزبەکان بەشدارینەکەن لە کۆنگرەکانیاندا و کۆنگرەی زۆربەی حیزبەکان وەک ھەڵبژاردنە گشتیەکان بونەتە ڕۆتین و شەرعیەت پێدانی دووبارە بەھەندێک کەس و ئەوانەشی بەناو نوێ و گەنج دێنە پێشەوە ئەوا بەدڵنیایی بە پەسەندکردنی پێشوەختە ھەڵدەبژێردرێن، یان ڕاستر بوترێت دیاریدەکرێن. تەنانەت زۆربەیان کاری حیزبی و ئۆرگانیشی نەکردوە لەناو ڕیزەکانی حیزبەکانیاندا کەچی دەبینی پلەو پۆستی حیزبی باڵای پێدەدرێت کە ھەموو ئەم کارانە توڕەیی و زویری کادران و ئەندامانی لێدەکەوێتەوە و ھەرئەمەش دەبێتە بەردی بناغەی ناڕەزایی دەربڕین و بێ متمانەیی و دواتریش دەنگنەدان و دوورکەوتنەوە لە حیزب و لەکۆتایشدا بچوکبونەوەی حیزب.
جا ئەم دیارەدە قێزەونە لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانیشدا بۆتە باو و مۆدێلێکی ناشیرین و ئەوان پێش ئەوەی بگەنە دەسەڵاتیش بۆگەنیان کردوە و گیرۆدەی دەرد و پەتای حیزبە دەسەڵاتدارەکانیش بوون و ھەربۆیەشە ناتوانن ببنە ھێزگەلێکی ئۆپۆزسیۆنی بەھێز و متمانە پێکراوی جەماوەر و دەنگەکانیان تەنھا قەتیسبوە لە ژمارەیەکی دیاریکراودا سەرەڕای تەمەنێکی 20ساڵەیی و کەمتر، یان زیاتریش بەسەر دامەزراندنیاندا.
خاڵێکی تر لەناو تەواوی حیزبەکاندا بە بچوک و گەورە و بە دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆنیشەوە ھەموانیان لە ھەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق و کوردستان و ئەنجومەنەکانیشدا، تووشی دیاردەیەکی قێزەونتر بونەتەوە،کە بریتیە لە دووبارە و سێبارە کاندیدکردنەوەی کۆمەڵێک کەس کە بەھەق نەسەرکەوتووبون و نە کاری باشەشیان کردوە و بەتەنھا لە خزمەت و دەسکەوت و بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆیاندا بوون، ئیدی نازانرێت ھۆکاری دووبارە کاندیکردنەوەیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ڕەنگە بڵێن دەموچاوی ناسراون و خەڵکی دەنگیان پێدەداتەوە،کە وانیە و ئەوان لە کەسانی تر بێزراوتر و ناشیرینترن.یان ڕەنگە بڵێن بەھۆی بوونی داھات و دارایی باشیانەوە ڕەنگە دەربچنەوە و بەمەش حیزب قازانج دەکات،ئەمەشیان وانیە و ئەزمونیش دەریخستوە کە زۆرێک لەوانە دەرنەچونەتەوە و حیزبیشیان ناشیرین کردوە ،یان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حیزبەکان کاندیدبونەکانیان قۆرخکردوە بۆ ژمارە کەسێک و وەکو قۆنتەرات پێیان دەدەنەوە، یان ئەوەتا کادری باش و سەرکەوتوو و گەنج و داھێنەریان پەروەردە نەکردوە و دەترسن دەرنەچن.کە بەداخەوە ڕەنگە ئەم ھۆکارەیان لەھەموانیان بەھێزتر بێت،چونکە تەواوی حیزبەکان لەم قۆناغەدا ھێندەی سەرگەرمی دەسکەوتی مادی و پلە و پۆست و ئیمتیازاتن نیوھێندە بەتەنگ بیروباوەڕ و پێگەیاندنی کادر و ھوشیارکردنەوە نین ھەربۆیەش ڕۆژ بەڕۆژ حیزبەکان بچوک و ناشیرینتر دەبن لەناو خجی خۆیان و لەناو جەماوەریشدا.
ئیدی بەم شێوەیە ژیانی حیزبایەتی تەندروست و ساغڵەم لە کوردستان و عێراق و ڕۆژھەڵاتیشدا بە گشتی تێکچوە و بۆتە فەوزا و بێسەروبەری و ھیچ نرخ و بەھایەک بۆ دروشمەکانی دیموکواتی و ئازادی و دادپەروەری و کاری پێکەوەیی نەماوەتەوە یان لە بنچینەدا ھیچ باوەڕێکی کۆنکرێتیان نەبوە بەو بەھا و دروشم گەلە ئازادیخواز و پێشکەوتوخوازانەی کە ساڵانێک ڕۆڵەکانی گەلیان پێ چەواشەکردبوون.تەنانەت زۆرێک لە حیزبەکان بونەتە کۆمپانیایەکی بازرگانی بەشێوەیەک ھێندەی ھەڵپەی دەسکەوتنی داھات و دارایی و خۆ دەوڵەمەندکردن دەدەن نیوھێندە کار بۆ گۆڕانکاری و ھوشیارکردنەوە و پێگەیاندنی کادرانی خۆیان وگەشەو پێشکەوتنی گەل و وڵات نادەن ،ھەربۆیەش بەداخەوە ئایندەش ڕەنگە لە ئێستا و ڕابووردومان تاریکتر بێت.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- Latest Posts by نەوزادی موهەندیس
-
نەوزادی موھەندیس: گەلانی ئێران لەنێوان ترس لەدەسەڵات و بێ متمانەیی بە ئەمریکا؟
- -
نەوزادی موھەندیس: پڕۆژەی کەناڵی سەلمان، وەک پڕۆژەی سەدەی سعودیە و جێگرەوەی تەنگەی ھورموز.
- -
نەوزادی موھەندیس: دیموکراسی چییە؟ فەرمانڕەوایی زۆرینە، یان دەستەبەری کەمینە. بەشی یەکەم.
- All Posts