دکتۆر پیرۆت محەمەد ئەمین: پشێوی دارایی، ژینگەیەکی بەپیت بۆ دەوڵەمەندبوون بە خێرایی.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
پشێوی دارایی دۆخێکی ناسەقامگیری و گێژاوی قووڵە لەناو سیستەمی دارایی وڵاتێک، یان هەرێمێکدا، کە لە زنجیرەیەک نیشاندەری نەرێنیدا ڕەنگ دەداتەوە کە کاریگەرییان هەیە. ئەم دۆخە بە شێوەیەکی گشتی دەردەکەوێت لە دابەزینی داهاتی حکومەت، تێکچوونی بازاڕی ناوخۆیی، ئیفلاسی بانکی و دامەزراوە داراییەکان و دابەزینی متمانە بە سیستەمی دراوی بە گشتی. وە لەناو ئەم دیمەنە داراییە ناجێگیرەدا، کۆمەڵێک کەس و لایەن، ئەو ئاژاوە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە دەستکەوتی خێرا بەدەستبهێنن.
هەرێم بە دۆخێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت كەبەڕێکەوت نییە، بەڵکو دەرئەنجامی تێکەڵەیەک لە هۆکارە پێکهاتەیی و سیاسەتی داراییە، کە دەبێتە هۆی لێکەوتەی ترسناک لەسەر بارودۆخی دارایی و ژیانی هاوڵاتیان.
یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی پشێوی دارایی لە هەرێم، ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورەی حکومەتە لەلایەت هەندێك کۆمپانیا. ئەمەش ڕەنگە بنەمای یەکسانی دەرفەتەکان تێکبدات. ئەم واقیعە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر دابەشکردنی هاوسەنگی سامان هەبێت و بەشداری بەشێکی فراوانی وەبەرهێنەرە ناوخۆییەکان و بەرهەمهێنەران سنووردار بکات، کە دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکەن لە هاندانی ئابووری و بەرزکردنەوەی ژینگەی کێبڕکێ.
فاکتەرێکی بنچینەیی قوڵکردنەوەی پشێوی دارایی، نەبوونی پلانی ستراتیژیی دروستە لە سیاسەتە داراییەكان. لەبری ئەوەی چاکسازیی پێکهاتەیی بگیرێتەبەر کە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی کەرتەكانی ئابوورییە ، بەردەوام بووە لە پشتبەستن بە داهاتی نەوت و خانووبەرە و خزمەتگوزاریی كۆمپانیاكان.
هەرێمی کوردستان شایەتی چالاکیی بەربڵاوە لە بازاڕە نافەرمیەکاندا، بەتایبەتی لە بازرگانیکردن بە دراو كە لەلایەن تۆڕە داراییەکانەوە دەقۆزرێتەوە بۆ قاچاخکردنی دراو و هەڵئاوسانی قازانج. كە دەرگا بەڕووی قازانجی بەرچاودا دەکاتەوە لەسەر حیسابی هاووڵاتیان و ئەو بازرگانانەی کە بۆ هاوردەکردن پشت بە دراوی بیانی دەبەستن.
هەروەها گواستنەوەی پارە و بازرگانیکردن بە زێڕ. ئەم چالاکییانە لەو کەناڵانەن کە بۆ گواستنەوەی سەرمایەی بەرچاو بەکاردەهێنرێت، کە ڕەنگە پەیوەست بێت بەو کەرتانەی کە تاكو ئێستا بە تەواوی ڕێکنەخراون. لە هەندێک حاڵەتدا ئەم پارانە بەشدارن لە دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکانی خانووبەرە و بازرگانی، کە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری نرخەکان هەیە و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری خێرا و ناڕەوا لە بازاڕی وەبەرهێنانی ناوخۆییدا.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان فراوانبوونی بەرچاوی ژمارەی بانکە ئەهلییەکانی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش پێشکەوتنێکە کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی چالاکی داراییە لە هەرێمدا. بەڵام ئەم فراوانبوونە مشتومڕى لەگەڵدا بووە لەسەر سروشتی هەندێک مامەڵەی دارایی، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی چاودێریەكی یەکگرتوو و ناتەبایی چوارچێوە یاساییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی. ئەمەش بووەتە هۆی پرسیارکردن سەبارەت بە پلەی شەفافیەت لە هەندێک لە کارەکانی بانکیدا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە سەرچاوە ئاشکرا نەکراوەکان یان مامەڵە نافەرمیەکانەوە هەیە.
هەندێک لە كەس و لایەن سوودیان لەم واقیعە وەرگرتووە بە ئاراستەکردنی سەرمایە بەرەو کەرتە تایبەتەکان، دیارترینیان خانووبەرە. ئەم کەرتە شایەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانی بەخۆیەوە بینیوە، تەنانەت لە قۆناغەکانی قەیرانی داراییشدا، كەپرسیاری لەسەر سروشتی هەندێک وەبەرهێنانی خانووبەرە دروستکردووە، کە پێناچێت ئامانجیان کێبڕکێکردن بێت لە بازاڕدا، یان دابینکردنی پێویستییەکی ڕاستەقینەی خانووبەرە.
زۆرجار تەواوی گەڕەکەکانی باڵەخانە بەرزەکان و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بە چۆڵی دەمێننەوە، یان بە نرخێک دەفرۆشرێن کە لە بەهای ڕاستەقینەی خۆیان زیاترە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێن نەک وەک دەرفەتێکی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان.
کاتێک پشێوی دارایی هەر وڵاتێک دەگرێتەوە، یەکەم کاردانەوەی لە لاوازبوونی توانای کڕینی هاووڵاتیان بەهۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە هەست پێدەکرێت. دواتر ئیفلیجی چالاکیی وەبەرهێنان و هەڵاتنی سەرمایە بۆ دەرەوەی وڵات لە ترسی مەترسییەکان. لە لایەکی دیکەوە بانکەکان ڕووبەڕووی فشاری بەرچاو دەبنەوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی مایەپووچبوون، یان شکستهێنانیان.
پشێوی دارایی، هەرێمی کردووە بە گۆڕەپانێکی چالاك بۆ دەوڵەمەندکردنی خێرا لەڕێگەی ئیستغلالکردنی سامانی سروشتی، هەروەها لەڕێگەی کەناڵە گوماناوییەکانەوە لە بانکەکان و بازاڕی ڕەش و کەرتی خانووبەرە، كە کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبووە. لە کاتێکدا سامانی کۆمەڵەیەکی كەمی کەسانی کاریگەر و وەبەرهێنەران زیادی کردووە، ئاستی دارایی چینی ناوەڕاست کەم بووەتەوە و ڕێژەی بێکاری و هەژاری بەرزبووەتەوە. بەردەوامی ئەم دۆخە نەک هەر مەترسی لەسەر ئابوری ناوخۆیی دروست دەکات و نایەکسانی کۆمەڵایەتی بەردەوام دەکات، بەڵکو هەڕەشە لە سەقامگیری هەرێم و ناوبانگی دارایی هەرێم دەکات، چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
پسپۆڕی : دارایی گشتی
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە