دکتۆر بەهرۆز جەعفەر: هەر بە زۆر خەڵکی دەکەن بە دوژمنی خۆیان!

ساڵی 2019 یەکێک لەو کەسانەی زۆر بە سەرسەختی دژی دەستەڵاتی کوردیی قسە دەکات لە بەشی ترانزێتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی بووین بەتووشی یەکەوە. من خەو هێرشی بۆ هێنابووم و ئەویش زۆری پێبو، وتی ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنیم دانابوو، تەنانەت هەماهەنگیم لەگەڵ ڕێکخستنی حیزبیش هەبوو، کە خزمەتی ئەوان بکەم، کەچی هەر ڕۆژەو بەبیانوویەکەوە لە دەزگای ئەمنیەوە دەیاننارد بە شوێنمدا، هەر جووڵەیەکم دەکرد، خەڵکانێک کە خۆیان واو وا بوون، کوڕی ئەم پیاو خراپ و ئەو ژن خراپ بوون، چەند بەزمێکیان بۆ دەهۆنیمەوە، بەرپرس هەبوە شەو خۆی مەوعیدی دامەوتێ سبەی کاتژمێر 10 لای ئەو بم، چووم سکرتێرەکەی لەبەر دەرگا وتویەتی؛ سەفەری کردوەو لێرە نییە! وتی ئیتر وەها بێزاریان کردم کە بووم بەم کەسەی ئەمڕۆ سەدان هەزار کەس دەمناسن و گوێم لێدەگرن!
چەرچڵ جوانی وتوە “کۆلارە بە بای پێچەوانە بەرز دەبێتەوە”، تا تۆ دژایەتیان بکەی ئەوان گەورەتر دەبن؛ دەیان کەستان نەبینی کە هیچ “مواسەفات”ێکیان نەبو، تەنها دژایەتییەکی سادەی ئێوە کردنی بە پەرلەمانتارو وەزیر! هێزەکانی ئاسایش و هەواڵگری و دژە تیرۆر بە ئاڕاستەی پاراستنی خەڵکی کوردستان و سەقامگیرییەکەی سەدان هەنگاوی دلێرانەو شایستەیان ناوە؛ بۆچی ناوە- ناوە ئاوها وەک پووش و پەڵاش سووکی دەکەن؟ خەڵکی کوردستان دەیان ساڵ سەدان هەزار ڕۆڵەی خۆی کرد بە قوربانی، بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری، بۆچی ئاوها “خانەی داد” و “دادگا” تێک دەشکێنن و سووک و بێ متمانەی دەکەن؟
بۆچی نازانن مامەڵە لەگەڵ دوو گەنج بکەن، شەوو ڕۆژ لەهەموو سووچێکی ئەم جیهانە؛ لەهەر ناوەندێکی جیهانی ناوو ناوبانگی خۆتان بێزراو و نابووت دەکەن؟ هەر “شێروان شێروانی” نییە، بە هەزاران کەسی دیکەی وەک ئەو هەن کە هەڵەو کەمووکوورییەکانی دەستەڵاتی کوردیی، بێ ئاگایی و بێ موبالاتی کردونی بە ناحەزی ئەو هەرێمی کوردستانەو دەستەڵاتەکەی؟ هەر کە ناوی هەرێمی کوردستان دێت؛ ئەوانە قەڵس دەبن، چوونکە کەسانێک لەناو دەستەڵاتدا وەهایان کردوە ئەمە ڕووبدات، گومانی تێدا نییە “ئەوە بەئەنقەستە” و تەنانەت دژی خودی ناوەندی بڕیاری سیاسیی کوردستانە؛ دژی بونیادنانەوەو چاکسازیی و پتەکردنی گیانی پێکەوەژیانە. تۆ بۆچی ئەمانە دەکەی بە ناحەز و گەورەیان دەکەی! شێروان ئەگەر لە دەرەوەی زیندانیش بوایەو ئازاد بکرایە هەرئەوەندەی ئەم ڕۆژەو ئەم چەند ساڵە دەیتوانی گورز لە هەیبەتی دەستەڵات بدات کە لەزینداندا داویەتی! بۆچی ئەگەر هەڵەش دەکەن، بە میکانیزمێکی دیکە ڕاستیان ناکەنەوەو، نایانخەنەوە سەر ڕێگە ڕاستەکە!؟
بۆچی کوردستان جێگەی سەدان هەزار عەرەب، هەزاران جاش و سەدان کچە مۆدێل بێت، جێگەی ڕۆڵەکانی خۆی نەبێت؟ لە شەش مانگدا لە یەک قەزادا 182 گەنج ڕێگەی هەندەرانیان گرتۆتە بەر؛ بۆچی نازانن لەگەڵ ئەو خەڵکە دوو مامەڵەی خوا-ئاسایی بکەن!؟ هەلی کار چی یە؛ بۆچی چوار کارگە ناکەنەوە ئەو گەنجانە خەریکی کارو ژیان بن!؟
من خۆم پێموایە، چینێک (وەک تۆڕێک وان) لەناو خوودی دەستەڵاتی کوردییدا پەیدابوون دژی خودی دەستەڵاتی کوردیی و کیانی هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێن، هەر بەئەنقەستیش پیسخۆریی بەئاشکرا دەکەن، لەچەندین بواردا ڕێگەی خراپ و خراپتر دەگرنە بەر؛
1- ئەمانە یان کرێگرتەی وڵاتانی نەیاری کوردستانن [ ئەوەش ئەم گومانە زیادتر دەکات، کە ئەم تۆڕە لەدوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە زیاتر پەرەیان سەندوە، نەیارانی کورد دەیانەوێ ئەم کیان و سیستەمە کوردییە لەناوەوە بگەنێنن دای بڕزێنن].
2- یان خۆیان بەتاڵ و پووچن و لە هەرکەسێکی دی دەترسن کە کەمێک بیربکاتەوەو چالاک بێت
3- وەیان گرێی دەروونیان بەرانبەر خەڵکانی خۆیان لەناو دەستەڵاتی کوردییدا هەیەو، دەیانەوێ کەپرەکە بەسەر هەمواندا بڕوخێت.
بەگشتی، ئەم “تۆڕە” لەناو حکومەت و حیزبیشدا دژی هەرکەسێکن ئاقڵ بێت و تۆزێک بیر بکاتەوە! تەنانەت دژی کادیرەکانی خۆیانن، دۆسییەی “خورشید هەرکی” یەکێکە لەو بابەتانە کە بەهۆی نەزانیییەوە بێت یان بەکاری ئەنقەستی ئەو “تۆڕ”ە ئاوها گەورە کرا؛ تا ئاوهای لێ هات!