نەوزادی موھەندیس: داڵانی ((ڕێڕەو)) زەنگزور و گرنگی و کاریگەریەکەی بۆ ناوچەی قەفقاس.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

پێشەکی
ڕۆژی ھەینی ڕێکەوتی 8ئابی 2025 کۆشکی سپی کۆبونەوەیەکی دووقۆڵی نێوان ھەریەکە لەسەرۆک کۆماری ئازەربایجان ئیلھام عەلیێڤ و سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا نیکۆڵ باشینیان بە سەرپەرشتی سەرۆک ترامپ ئەنجامدرا و توانرا کە ڕێکەوتنێکی مێژوویی ئاشتی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆبکرێت دوای نزیکەی 40ساڵ لە جەنگ و ناکۆکی و ململانێ لەسەر ناوچەی ناگۆڕنۆ کەرەباغ لەساڵی 1989کە لەلایەن ئەرمینیاوە داگیرکرابوو و وە ببوە ڕێگر لە بەردەم پێکەوەگرێدان و پەیوەندی بەشە سەرەکیەکەی ئازەربایجان و بەشە دابڕاوەکەی نەخچەوان،ھەروەھا پچڕانی پەیوەندی زەمینی نێوان ئازەربایجان و تورکیاش.بەڵام ئازەربایجان لە جەنگێکی غافڵگیرانە و کتوپڕی کورتخایەندا لە19ئەیلولی 2023توانی تەواوی خاکی کەرەباغ بگێڕێتەوە بۆ سەر خاکەکەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەشی تورک زمان بوون.
لەگەڵ ئەم ڕێکەوتنەشدا چەندین لێکتێگەیشتن و دۆکۆمێنتی گرنگ واژۆدەکرێت لەنێوان ئەمریکا و ئازەربایجان و ئەرمینا بە جیا و لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانیشدا پێکەوە لەڕێگەی کۆمپانیا بازرگانیەکانەوە لە بوارەکانی وزە و نەھێشتنی تیرۆر و ئاسایش و پیشەسازی بەرگری و زیرەکی دەستکرد و بازرگانی و گواستنەوە و… هتد.
وەک ئاشکرایە ئەم ڕێکەوتنە بەپلەی یەکەم لە قازانجی ئازەربایجانە چونکە ڕێگەخۆشکەرە کە ناوچەی نەخچەوان((کۆماری کوردستانی سووری پێشوو)) کەخاکی ئازەربایجانە،بەڵام لەمپەڕی بەیەکگەیشتنی ھەیە بۆ سەر بەشە گەورەکەی خاکی ئازەربایجان بەھۆی ھەڵکەوتەکەیەوە کە خاکی ئەرمینا کەوتۆتە نێوانیانەوە.
داڵانی زەنگزوری چیە و دەکەوێتە کوێوە و ئامانج لێی چییە؟
زەنگزور ناوی ئەو ناوچەیەیە کە ئیمپراتۆریەتی ڕوسیی لەساڵی 1868دا دایمەزراند، وەک بەشێک لە پارێزگای یەلیزافیتبۆڵ کە لە ئێستادا دەکەوێتە باشووری ئەرمینیاوە و بە ئەرمینی پێی دەوترێت؛ سیونیک و ئەم ناوچەیە ھەر لەکۆنەوە 1918 -1920 جێگەی ناکۆکی بوە لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا، بەڵام دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕوسیا بەریتانیا ڕازی بوو کە ئازەربایجان سەرپەرشتی ھەرێمەکە بکات لەساڵی 1919 دا ، بەڵام ئەرمینیا بەرگریەکی توندی کرد لەوکارە تا ھەردووک ئەرمینیا و ئازەربایجان بونە بەشێک لە یەکێتی سۆڤێەت. ئەم ڕێکەوتنە بریتیە لە کردنەوەی داڵانێک((ڕێڕەوێک)) بە درێژی 40کم لەنێوان ھەردوو بەشەکەی خاکی ئازەربایجاندا کە بە ناو خاکی ئەرمینیادا گوزەر دەکات و دەکەوێتە باشووری ناوچەی قەوقاز و ئەرمینیاوە لە ھەرێمی سیونیک لەشاری ((میگری))لەسەر سنوری ئێرانە. کە پێشتر ڕێڕەوکە بەناو خاکی ئێراندا گوزەری دەکرد و لەڕووی درێژی ڕێڕەوەکە و دواکەوتنی گواستنەوەوە تێچووی زۆری ھەبوو، بڕیارە ناوی لێبنرێت ( ڕێگای ترامپ بۆ ئاشتی و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی TRIPP).
ئەم داڵانە مەبەست لێی لەلایەک پێکەوەگرێدانی تەواوی خاکی ئازەربایجانە بەیەکەوە و لەلایەکی تریشەوە دەبێتە ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل و نەوت و غازی سروشتی لە ئازەربایجان و دەریای قەزوێنەوە بەرەو تورکیا و بەستنەوەی دەریای قەزوێن بەدەریای سپی ناوەڕاست و دواتریش بەرەو ئەوروپا. ئیدی ئەم ڕاڕەوە دەبێتە شاڕێگەیەکی بازرگانی و ئابوری گرنگ و زیندوو و دەروازەیەکیش بۆ ئاڵوێرکردنی ھەموو کاڵاو و پێداویستیەکان لەتەواوی ناوچەی قەفقاز و چینەوە بەرەو ئەوروپا و بەتێپەڕبوون بە خاکی تورکیادا و دەکرێت بەرەو ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیاش بڕوات.
گرنگی ئەم ڕێڕەوە چییە بۆ ھەریەکە لەوڵاتانی ناوچەکە و ئەوانی تریش؟
ئەم ڕێکەوتن و دروستکردن و کردنەوەی ڕێڕەوی (زەنگزور))ە کە ھەندێک ناوی دەبەن بە ((ڕێڕەوی تۆرانی بە قازانجی تورک زمانەکان))و ھەندێکی تر ناوی دەبەن بە ((ڕێڕەوی ناتۆ بەنزیکبونەوەی ھاوپەیمانی ناتۆ لە ڕوسیا))، گرنگیەکی ئێجگار گەورە و کاریگەری دوورمەودای جیۆستراتیژی ھەیە بۆ ئایندە لەڕووی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و ئەمنی و ھەواڵگریشەوە و کاریگەریەکانی بۆ ھەندێک وڵات ئەرێنیە و بۆ ھەندێکی تریشیان نەرێنی و خراپ و مەترسیدارە.بەم شێوەیەی لای خوارەوە: بۆ:
ئازەربایجان: گرنگی و کاریگەریەکانی گەورە و ئەرێنین و بریتین لە پێکەوەگرێدانی پارچەیەک لەخاکە دابڕاوەکەی((نەخچەوان)) بە تەواوی خاکی ئازەربایجانەوە و دواتریش کۆتایھاتن بەو ململانێ و ناکۆکی و جەنگە خوێناویەی کە ماوەی 40ساڵە بەردەوامە لەگەڵ ئەرمینیادا.بەھەمان شێوە ڕاڕەوەکە دەبێتە دەروازەیەکی گرنگی بازرگانی و داھاتی گەورە بۆ ئازەربایجان و ئەمەش دەبێتە گەشە و پێشکەوتن و بەرزبونەوەی ئاستی گوزەران و داھاتی ئازەربایجانیەکان ،بەھەمان شێوە دەبێتە داڵانێکی پێکەوە بەستنی ھەموو وڵاتانی ناوچەی قەفقاز بە ئەوروپا و تورکیا و باکوری ئەفریقاشەوە دوور لە ھەژموون و کاریگەری ڕوسیا و ئێران.ھەروەھا توندوتۆڵکردنی پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ھەواڵگریەکانیشی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلدا.تەنانەت زۆرینەی ئازەریەکانی ناو ئێرانیش خواست و ویستی گەڕانەوەیان ھەیە بۆ سەر وڵاتی ئازەربایجانی دایک و ئازەربایجان بۆخۆشی خواستی داگیرکردنی باکوری ئێرانی ھەیە بۆئەوەی شاری ئەێفەھانی مێژوویی بکاتەوە بە پایتەختی وڵاتەکەی لە جیاتی شاری باکۆی پایتەختەی ئێستای.
ئەرمینیا: بۆ ئەرمینیاش بەھەمان شێوە دەبێتە ھۆی نەمانی گرژی و ئاڵۆزی مێژویی لەگەڵ دراوسێ بەھێزەکەیدا لە ئازەربایجان و لەڕێگەی ئەم داڵانەشەوە ئەمیش سوود و قازانجی ئابوری و بازرگانی دەستدەکەوێت وەک ناوچەیەکی ڕاگوزەری بازرگانی. لەبەرئەوەی ئەرمینیا وڵاتێکی داخراوە و لەلایەن ئازەربایجان و تورکیاوە گەمارۆیەکی ئابوری توندی لەسەرە لەساڵی 1992وە دەبێتە ھۆکاری ئاشتەوایی و گەشەو پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ ئەرمینیەکان.ئەرمینیەکانیش بۆیان دەرکەوتوە کە ڕووسیا گەورە ھێزی بەناو دۆستی مەسیحی ھیچکات و تاسەر و لەکاتی تەنگانەکاندا پشتی نەگرتوە و ھەربۆیە گەرەکێتی لەڕێگەی ئەم ڕێکەوتنامەیەوە ئەمن و ئاسایش و ئابوری خۆی زیاتر تۆکمە و پتەوبکات و جێگیری سیاسیش بۆخۆی دابینبکات لەڕێگەی پەیوەندیەکانی بە ڕۆژئاواو و ئەمریکاوە.
تورکیا: تورکیا بەھۆی ھەڵکەوتە جیۆسیاسیەکەیەوە وەک ڕارەوێک و پردێکی پەڕینەوە لەنێوان وڵاتانی ناوچەی قەفقاس بۆ تەواوی ئەوروپا و باکوری ئەفریقیاو ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش سوود و قازانجێکی گەورەتر دەکات لەوەی کە لە ئێستادا ھەیەتی،لەڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیشەوە بەھۆی بەستنەوەی ئازەرباجیان کە ھەموانیان تورک زمانن و زۆر جار دەوترێت تورکیا و ئازەربایجان دوو وڵات و یەک زمانن و دواتریش ھەموو کۆمارە تورک زمانەکانی تر وەک تورکومانستان و کازاخستان و قیرغیزستان و ئۆزباکستان و… ھتد. دەبنە کوتلەیەکی گەورەیی مرۆیی تورک زمان و دەتوانن کاریگەری و ھاوپەیمانی گەورە پێکەوەبنێن لەناوچەی قەفقازدا ((یەکخستنی وڵاتانی تورکی))و مەترسی و ھەڕەشەش دروستبکەن بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
ئەمریکا: ئەمریکا وەک سەرپەرشییار و چاودێریکەر و پارێزەری ڕێڕەوەکە مافی گەشەپێدان و پەرەپێدانی ڕاڕەوەکەی پێدراوە بۆ ماوەی ٩٩ساڵ، بەپێی یاسایەکی ئەرمینیا کە لەم دواییانەدا دەنگی لەسەردراوە،سوود و قازانجی زۆر گەورە دەکات لەڕووی سیاسی و ئابوری و ھەواڵگری و ئەمنیەوە،چونکە دەبێتە ھێزێکی گەورە و کاریگەر لەناوچەکەدا و لەسەر زەمینێکی ئازاد و کراوە بۆ چالاکیە سیاسیەکان و دواتریش لەڕووی ئابوریەوە دەسکەوتی گەورە دەبینێت چونکە ئەمریکا بە پێی ڕێکەوتنەکە دەبێتە تاکە لایەن کە دەسەڵاتی گەشەپێدانی داڵانەکەی ھەیە و وەک دەوترێت ئەو ڕارەوە بەکرێدەگرێت وەک سەرپەرشتیاری داڵانەکە و دواتریش لەڕووی ھەواڵگری و ئەمنیشەوە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ڕووسیا و ئێران و کە بۆخۆی ئازەربایجان ھاوپەیمانێکی گەورەی ئەمریکا و ئیسڕائیلە و بوونی ئیسڕائیل لەناو خاکی ئازەربایجاندا مانای بوونی ئەمریکایە و ئیدی دەستیان واڵاتر و بەھێزتردەبێت بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی پلانەکانیان دژ بەھەریەکە لە ئێران و ڕووسیا.
ئیسڕائیل: ئەمیش بەھۆی بوونی ھاوپەیمانی و پەیوەندی بەھێزی ھەواڵگری لەگەڵ ئازەربایجاندا سوود و قازانجی زۆر دەکات و گەرەکێتی بەتەواوەتی ئازەربایجان بخاتە ژێر ھەژموون و کاریگەری خۆیەوە وبیخاتە چوارچێوەی ڕێکەوتنامەی ئیبراھیمی کە ئامانج لێی بەرفراوانکردنی پەیوەندی و دۆستایەتی ئیسڕائیلە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا و پاراستنی مان و ئەمنیەتیشێتی بۆ ئایندەش.کە ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکدانی پەیوەندیەکانی ئێران و ئازەربایجان، ئیسڕائیل گەرەکێتی سوودی ئابوریشی دەستبکەوێت لە داھاتی نەوت و غازی سروشتی زۆروزەوەندی ئازەربایجانەوە و پێداویستیەکانی خۆی دابینبکات.
ئێران: ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە زۆرترین زیانی بەردەکەوێت و گەورەترین مەترسیش ڕووی تێدەکات، چونکە ڕێڕەوەکە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر سنورەکەیەوە لە باکورەوە کە تاکە دەروازەی پەیوەندی ئێران و ئەرمینیایە و لەڕێگەی ئەرمینیاشەوە بۆ ڕوسیا و ناوچەی قەفقاسیش، کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە نوێیە دەبێتە جێگرەوەی ڕێڕەوی کۆنی ئارازی ئێرانی کە ئێران زۆر سوود و قازانجی ئابوری و بازرگانی لێوەدەستدەکەوت، ڕێگای باکۆ و قارسی تورکیا بە درێژاییەکی زۆرەوە دەکەوێتە سەر سنورەکانی، ئیدی دوای ئەم ڕێکەوتنە تاکە دەروازەی ئێران بە ئەوروپاوە دەبێتە تورکیا کەئەمەش بۆخۆی مەترسیەکی گەورەدەبێت بۆ ئایندە لەکاتی کێشە و ناکۆکی لەگەڵ تورکیادا،ھەربۆیە ئەمەش دەبێتە دەروازەیەک بۆ دەستێوەردان لەکاروباری ئێران و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی و دزەکردنی ناو خاکەکەیەوە و دواتریش پلانی گۆڕانکاری ڕژێمەکەی و… ھتد. بۆیە ئێران زۆر بەتوندی ئەم ڕێکەوتنە ڕەتدەکاتەوە و لەسەر زاری عەلی ئەکبەر ولایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامنەئیەوە ڕایگەیاندوە کە ناوچەی قەفقاس بێ خاوەن نیە، تاکو ئەمریکا بە ئارەزووی خۆی مامەڵەی پێوە بکات و ئێرانیش بێدەنگ و بێ جوڵە و بێ پەرچەکردار دەستەوستان دانانیشێت گەر بەتەنھاش بێت بەبێ ڕوسیاش. ئێران دەڵێت ئەمە بۆ دابەشکردنی خاکی ئەرمینیایە و نەخشەکێشانەوەی سنورەکان و گۆڕینی پێگەی جیۆستراتیژی ناوچەکەشە.
ڕووسیا: دیارە ھەموو ئەم بێدەنگی و تاڕادەیەک ڕازیبونەی ڕوسیاش و خۆبەدوورگرتنی لەم ڕێکەوتنە و وازھێنان لە ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ھۆکارەکەی ڕاگرتنی شەڕی ڕوسیا- ئۆکراینا و پێدانی چەند کۆمارێکی ڕۆژھەڵاتی ئۆکراینایە بەڕوسیا. بەھەمان شێوە کردنەوەی ئەو ڕارەوە بۆ ڕوسیاش بەسوودە لەم کاتەی کە ھەموو ڕاڕەواکانی تری لەگەڵ ئەوروپادا داخراوە بەھۆی جەنگی لەگەڵ ئۆکراینادا. لەگەڵ ئەوەی کە زۆر باش دەزانێت کە ھەموو ئەو ھەوڵانەی ئەمریکا بۆ گەمارۆدان و فشار و گوشار خستنە سەر ڕوسیایە لە ئایندەدا لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و وزەشەوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەی کورد چ سوود یان زیانێک دەکات لەم ڕێکەوتنە؟
بەھۆی ھەڵکەوتەی ناوچەی کوردستانی ڕۆژھەڵات لەسەر ھەرسێ سنورەکانی ئێران و ئازەربایجان و تورکیادا لەو سێ کوچکەیەدا،لەناوچەکانی شەڵماش و خوێ و شکاک و… ھتد. حەتمەن دەبێتە خاڵی لاواز بۆ ئێران و دەستوەردان لەکاورباری ناوخۆ و یارمەتی و بەکارھێنانی کوردانی ئەو ناوچەیە وەک پێگەیەک بۆ ھەڵایسانی شۆڕش و ڕاپەڕین و دواتریش یارمەتی و کۆمەکی سەربازی پێیان بۆ ڕووخاندن و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی ئێراندا و بەمەش کوردانی ڕۆژھەڵاتیش وەکو باشووری کوردستان دەکرێت ببێتە خاوەنی خودموختار یان فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێرانی لاوازدا و بەمەش ھەلێکی گرنگ و مێژوویی بۆ ئەو پارچەیەی کوردستانی گەورەش ھەڵدەکەوێت کە پێ بەپێی پارچەکانی تر خۆی ڕابپسکێنێت و لەتەوقی دەسەڵاتی ناوەندی ئێران لەتاران خۆی ڕزگاربکات.گەر بتوانێت سیاستە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی ناوچەکە باش ھەڵبسەنگێنێت و بخوێنێتەوە و بەقازانجی مەسەلەی کورد لە ڕۆژھەڵاتدا بەکاربێنێت. ئەمەش وەستاوەتە سەر حیزب و سەرکردەکانی کوردانی ڕۆژھەڵات کە ئەرکیانە ھەر لە ئێستاوە ئەم ھەلە و ئەم ئاڕاستەیە بۆ گۆڕانکاری بەقازانجی ئایندەی کوردان بقۆزنەوە.
لەکۆتایدا ئەم ڕێڕەوە کاریگەری و گرنگیەکی گەورەی ھەیە لەڕووی جیۆسیاسیەوە لەناوچەی قەفقاسدا بەھۆی بەستنەوەی ھەردوو کیشوەری ئاسیا- ئەوروپا((ئۆڕاسیا)) کە ناوچەیەکی ناو دڵی جیھانن و گرنگیەکی ئێجگار گەورەی ھەیە لەڕووی جییۆسیاسیەوە و وادەکات کە ئەم ناوچەیە لە ئایندەدا ببێتە جێگەی ململانێ و گۆڕانکاری لە ھاوسەنگی ھێز و دەسەڵاتەکان ومشتومڕی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا و ھاوپەیمانی ناتۆ، ھەربۆیە ھەندێک دژی پڕۆژەکەن وەک ئێران و تاڕادەیەک ڕوسیا و بەنابەدڵیش ئەرمینیا و ھەندێکیشیان ھاندەر و پشتیوانی گەورەی پڕۆژەکەن وەک تورکیا و ئازەربایجان و ئەمریکا و ئیسڕائیل، بەو ھیوایەی کە کوردیش لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ئەم ھەلە بقۆزنەوە و بتوانن وەک پارچەکانی تری کوردستان دەسکەوتێکی مێژوویان دەستبکەوێت.