بەهرۆز جەعفەر: سیاسەت زانستەو بەرگریکردن لێی ئەرکە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

سیاسەت بە بێ پلان، مەعریفە، ستراتیج و ئەزموون هیچ مانایەکی نییە و سیاسەت نییە. سیاسەت بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە بەباشترین شێوە لە ڕێگەی دەستەڵاتێکی شەرعییەوە. کڕۆکی سیاسەت وەک زانستێک بریتییە لە ناسینی “هێز” و “پەیوەندییەکانی هێز”. هەر هێز یان دەستەڵات بەس نییە، دەبێت ئەقڵیش لەتەنیشتیدا بوەستێت.
کەم نەبوون ئەوانەی هەموو شتیان بەدەست بوو، پارەو چەک و هەواڵگری و هەموو ئامرازێکیان لەبەردەست بوو؛ بەڵام چوونکە بێ ئەزموون، بێ ئەقڵ و هونەر بوون، ئەتواری خۆیان و دەوروبەریان بەدو نەشیاوبوو؛ وایاندەزانی دەزگای ئەمنی هەر بۆ ئەوەیە ڤیدیۆی نەشیاوی هاوڕێکانی خۆت تۆمار بکەی، چاودێری تەلەفۆنی هەرکەسێک بکەی کە خۆت حەزت پێی نییە، پەیج بکەیتەوەو مایک بەدەست ئاڕاستە بکەی، هەڵەشەیی بکەی و چی بە زارتدا هات بیڵێی و پەنجە با بدەیت، هونەرمەندو کچە مۆدێل بهێنی بە شان و باڵتدا هەڵبدەن، دارو بەرد لێت بترسن و خۆت و براو سکرتێر و دۆستی سکرتێر بکەونە بەرتیل وەرگرتن و هەڕەشەکردن، بە هاونیشتیمانی خۆت بڵێی؛ بمەوێ لە هەرشوێنێک بیت لەت لەتت دەکەم!؛ ئیتر ئەوە بۆیە چەقۆکە دەستی خۆیانی بڕی؛ شێرە بەفرینەش بوونایە ئاوها بەشەوو ڕۆژێک نە-دەتوانەوە. کڕۆکی هەموو ئەم شتانە ئەوەیە: قەت مومکین نییە نەزان بتوانێت بەردەوام بێت[ جا هەرکەس و لایەنێک بێت] هەر خۆی تووش دەکات، ڕۆژێک زووتر یان درەنگتر. ئینگلیزەکان بۆ ئەم حاڵەتە پەندێکیان هەیە [ کابرایەک هەبوو چەکووشێکی بەدەستەوە، ئیتر لە-خۆیەوە هەموو شتێکی لێ بوو-بوو بە بزماز]، هەموو شتێک بزمار نییە تۆ هەر پیای بکێشی!
ئنجا ئەمانە کە سەر لە خۆیان و دەوروبەریان تێک دەدەن، دێن دەبن بە “ئۆپۆزسیۆن”! هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی ئەوە پانزە ساڵە بێزاربوون لە هاتوهاواری بەناو ئۆپۆزسیۆن، شەو و ڕۆژ قسەو دەنگە-دەنگە؛ هەرکەسێک هەڵدەسێ تەلەفزیۆنێک و دوو پەیج دەکاتەوە و دەڵێت “من ڕاستم و هەموو ئەوانەی تر هەڵەن!”..نەبڕایەوە؟ وڵاتی چین نیزیکەی ملیارو نیوێک خەڵکە ئەوەندەی ئەو دوو گەڕەکەی سلێمانی مایک بەدەستی تیا نییە! بەشی سەت ساڵ قسەتان کردو مێشکی عالەمەکە پڕ-پڕ بوە. دوو گەڕەکە هەشت- نۆ حیزبی ئۆپۆزسیۆنی تیایە؛ چوار حیزب و گرووپی هەر ئیسلامی تیایە؛ ئەمانە لە بابانەکانەوە تا ئێستا هەر خەریکی پەلاماردانی یەکتر و یەکترخواردن و یەکتر جوینن! حیزبی وەهای ئۆپۆزسیۆن هەبوەو هەیە لە ئێستاوە بۆی بلوێ بەقەد “بێنیتۆ مۆسۆلۆنی” فاشییە..
ئەوە ئێوە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنتان بینیوە خەریکی بونیادنانی تاک بێت؛ ناوەندێکی پەروەردەیی هەبێت؟ هۆبەیەکی بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەی مرۆیی و لێکۆڵینەوەی زانستی هەبێت بە پێی زانستی سەردەم؟ کوردستان خاوەنی گازو نەوتە؛ سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن هەبوە بزانێت ئامۆنیاو یۆریا چی یە؛ مادەی ئەندامی و نائەندامی چی یە؟ هایدرۆجینی سەوز چی یە؟! لە ڕۆحی سەردەمەکەی ئێستا تێبگات!؟ نایزانێ، ئەو هەر خۆ گیڤکردنەوە و هەندێ شتی لۆکاڵی هەلەق و مەلەق دەزانێ؛ خۆی لێ بوە بە “سەرکردە”! بەندوباوی کۆنی چینییەکان باسی بۆقێک دەکەن لەناو بیرێکدا؛ خۆی لێ بو-بو بە مەلەوان و شارەزای کاروباری دەریا؛ بۆق چی لەکاروباری دەریا دەزانێت؟ وەختێک کە ئاوی بیرەکە وشکی کرد و بە هەزارحاڵ هاتە سەرەوە ئنجا زانی دونیاکە وا نییە کە ئەم لێی تێگەیشتوە؟!
ئێستا ماوەتەوە دەستەڵاتی کوردیی! وەڵامی ئەو هەموو نوێنەرایەتییە جیهانییە؛ ئەو دەوڵەتە زلهێزانە بداتەوە کە دوو دەیەیە داوای یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو یەک ئەرتەشی و ئاسایشی دەکەن؛ هەزار جاریان وت: هێزەکانتان یەکخەن و پاڵپشتی دارایی و لۆجیستیان کرد، ئێستا حکومڕانی کوردیی چۆن ئەوانە تێدەگەیەنێت کە هێزو چەکی پێشکەوتوویان بۆ شەڕی ناوخۆ و دەستشکانەوەی ناوخۆ نییە؟ بۆیە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان بەندە بە وەڵامی ئەو پرسیارەوە. بەندە بەوەی لە زووترین کاتدا ئەم هەرێمە دەتوانێت دامەزراوەی بەهێز درووست بکات!؟ یان نوێنەرایەتییە جیهانییەکان لە کۆبونەوەی مانگانەو گرووپەکانی خۆیاندا دەستو پێی لێ دەشۆن! ئا..خۆی ڕاستیتان دەوێ؟ دیموکراسییەت لە هەموو جیهاندا لە پاشەکشەدایە، لیبراڵیزم و تێرمە نەرم و خۆشەکانی تر خۆی هەر لە قەیراندایە؛ لێ بۆ هەرێمی کوردستان گرینگە پێکەوەژیان و کەلتوری دیموکراسیی فەرامۆش نەکات و بزوتنەوە مەدەنییەکان تا ئاستی سفر نەبات؛ تاوەکو لەچاو دەوروبەردا سەرنجڕاکێشتر دەربکەوێ.
بەهەرحاڵ، هێز و دەستەڵات لای زانایانی فیکریی سیاسیی خۆرئاوایی و ئیسلامیش لەوێنەی ئەرستۆ، تۆماس هۆبز، ماکیاڤیللی، هانس مۆرگێنتاو، ئیبن تەیمییە، ئیمامی غەزالی و زۆری دیکەش تا ئاستی پیرۆزی پیرۆزە؛ بەڵام دەبێت بۆ بەرز ڕاگرتنی قەزیەو متمانەی کۆمەڵگەو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمان بێت؛ بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و بونیادنانی دامەزراوەو پەسەندکردنی زانست و لۆژیک بێت.
ئەرکی نوخبە ئەوەیە ڕێگە نەدات سیاسەت بۆگەن بکرێت؛ وەکو “ئیبن خەلدون” لە سەدەی (٨ی هیجری) دا وتویەتی: سیاسەت بۆ درووستکردنی چاکەی گشتی یە، وە خێری زیاترە لە شەڕ.