زەبەنگ بەهادین: هاورێیەتی و دڵنیایی.
هاوڕێ شیعریکە هەناسە دەدات، رێدەکات و دەژی، خۆی قسە ناکات هیچ ناڵێ، بۆیە لە ناو ئێمەوە ووشەکان دەکات بە شیعر بە نوسین بە کرداری باش. ئەوە لە مومکیناتی ئێمەیە ووشەکان پێکەوە بنێن، بەڵام مومکیناتی هاورێکەمان بنیات نانی شیعرەکەیە و بیر بەبەردا کردنێتی، مومکیناتی هاورێ ئارامی و دڵنیای لە ناو ئێمەدا دەبێتە مومکیناتی سەرکەوتن و پێشکەوتن و بەختەوەری، ئەمە وا دەکات ئەم دوو مرۆڤە لە بیرکردنەوەدا نەبرێن و پێکەوە رێگاکان ئاسان و راست بکەن. وایان لێدەکات لە ناو خەیاڵیشدا ئەمان بەردەوامی بدەن بە بیرکردنەوەی لۆژیکانەو دروست. هەڵبەت بە ووریای هوشیاریانەوە تا نەکەونە تەپ و تۆزی خەیاڵە جەستەییەکان، یا ئارەزوە روکەشیەکان، یان پلەو پوست و بەرژەوەندییە ناشایستەکان.
هاورێیەتی باش بیرکردنەوە و زانین و زیندوێتی بەرهەمدێنێ، لە ناو ئەو بیرکرنەوەیە هەردو مرۆڤەکە بونی خۆیان و بونی یەکدی دەبینین و درک بە پێویستیان بۆ یەک دەکەن، لەوێدا ئارامی دەگاتە دەرونی هەردوکیان، بنیاتنانی ئەم پەیوەندییە دەرونی و پراکتیکیە دەتوانێت لە ناو هەردولا بیرێکی قوڵ و فراوان دروست بکات، بە جۆرێک ئاراستەی فکری هەموو بابەتێک ئاسان دەکات لە ناو هەردولا، کاتێک ئاراستە فکریەکە گەشەی کرد پەیوەندی دەرونی و پراکتیکی دوو کەسەکە نزیکتر دەبێت و رەنگەکانی گەشەی ئارامی زیاتر دەبێت، هەرکات ئەو دوو بیر و پراکتیکە چونە ئاستێک لە ناو یەکدا بیری هاوبەشیان هەبوو، یاخود بیری نزیکیان هەبوو، یان گفتو گۆ بەردەوام هەبوو لە نێوانیان، ئەگەر ئاراستەکانیشیان جیا بێت، دەگەنە بەختەوەری و زانینی بوون رێگا گرتن بەرەو دانایی دروست. ئەوەی هەموو مرۆڤایەتی بە دوایدا دەگەرێت ئەو بەختەوەرییە کە تەنها لە رێگەی دەرونێکی ئارامی دڵنیاوە پێدەگەیت، هەندیک پێی دەلێن؛ وزەی ناوەکی هەندێکی دی پۆتانسێل، هەندێکی دی پێی دەڵێن؛ پەیوەندی رۆحی، یان هاوتا بونی رۆحی. جوانترین پەیوەندی بوونی هاورێیەتی راستەقینەیە کە مانا دەبەخشێت بە ناومان.
هاوڕێیەتی بە مانای متمانە و رێز و خۆشەویستی و لێبوردەی، ئەو ساتەی مرۆڤ درک بە بونی هاورێیەکی باش دەکات لە ژیانیدا، ئیتر دڵنیای زیاد دەکات و ترسی لە روداو پێشهاتەکانی داهاتو و ئێستای ژیانی نامێنێ، هەمیشە لە ناو ئارامی و هێمنی هاورێیەتیدا دەرگایەک دەبینێ بە روی روناکی و چارەسەرەکان.
هاورێ راستەقینە وێستگەیەیەکی متمانە پێکراوە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری مرۆڤ لە ژیاندا.
- Latest Posts by زەبەنگ بەهادین
-
زەبەنگ بەهادین: ئێران بۆ ناکەوێ؟
- -
زەبەنگ بەهادی: ئاینی ئێوە لە ژێر پێمدایە.!
- -
زەبەنگ بەهادین: ئامێرەکانی ڕێز.
- All Posts