شاخەوان سعید سەنگاوی: چۆن سلێمانی ئاشت دەکەنەوە؟
لە دوای ڕووداوەکانی لالەزارەوە، سلێمانی پێی خستە قۆناغێکەوە کە ئەستەمە بتوانێت شانازی بەدوێنێی خۆیەوە بکات، چونکە لە سەروبەندی ئەم ڕووداوانەی کە چەند مانگێکە لەم شارەدا ڕوودەدات، هەر لە دەستبەسەرکردنی مامۆستایان و سەرۆکی پارت و ڕێکخراوەکانی نایەری دەسەڵات تا دەگاتە ڕووداوە شۆکهێنەرەکەی لالەزار، ئەوەمان پێێ دەڵێت؛ چی دیکە پێویست ناکات ئەم شارە کە بە شاری هەڵمەت و قوربانی ناسراوە و لە کۆی ڕووداوەکانی هەرێم و بگرەی لە عێراقیشدا، لە پێگەی ڕێ نیشاندەر و ڕێ شکێن بوو، بۆ بەدەستهێنانی مافی تاک بەتاکی ئەم نیشتمانە بەم شێوەیەی بەردەوامبێت.
کەواتە ئەم سلێمانیە، سلێمانیەکەی دوێنێ نیە! کە بەهەر کوچە و گەڕەکێک و باخچەیەکیدا تێپەڕیتایە بانگی ئازادی دەچڕان بە گوێی نیشتماندا.
سلێمانی ئەمڕۆ بووە قوربانی شەڕی نێوان ئامۆزاکانی دوێنێ، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا بۆ یەکێتی کە سلێمانی بەجێ نفوسی ئەو هەژمار دەکرێت جێگایی تێڕامانە، چونکە ئەم شارە هەر لە سەرەتایی دروستبوونیەوە هەتا ڕۆژگاری پێش 22 ئاب هیچ پارت و حزب و لایەنێک نەیتوانیووە ئەم شارە دەستەمۆ کات، بەڵکو ئەم شارە مێژووەکەی ئەوەمان پێ دەلێت؛ ڕەحم بە کەس ناکات. هەرکات هەر پارت و لایەنێکی وەلانابێت، هەرگیز هەلی دووبارەی پێ نەداوەتەوە. بۆیە چەندین ساڵە حزبی باڵادەست لەم ناوچەیەدا یەکێتیە، بۆیە پێویست ناکات یەکێتی بەم جۆرە لە ئیدارەدان بەردەوام بێت لەم ناوچەیە، چونکە هەرێم و بەتایبەتی تر یەکێتی لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووس سازدایە بۆ پەڕلەمانی عێراق، کە سەرکردایەتی یەکێتی باش دەزانێت ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری هەیە لە سەر دووبارە داڕشتنەوەی هەیکەلی بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان. چونکە خودی یەکێتی یەکێک لە دروشمەکانیان بۆ هەڵبژاردنی هەرێم بریتی بوو لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حکومڕانی. بۆیە پێویستە لە سەر سەرکردایەتی یەکێتی و خودی سەرۆکی یەکێتی کە ئەم ناوچەیە بە ناوچەی جێ نفوسی خۆیان دەزانن، ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن و دەشێ بەچی شێوە و میکانزمێک بتوانن ئەو برینەی لە دڵی سلێمانیدا دروست بووە لە ماوەیەکی کورتدا سارێژی بکەن، یان ئەم برینەش وەکو سەدا برینەکانی دیکەی سەرجەستەی نیشتمان بە هەندی خۆڵ و تۆز دایدەپۆشن. بەڵام بێ ئاگایانە لەوەی کە بە کزەیی شەماڵی برێنەکان دووبارە سەرهەڵدەداتەوە.