مەحمود عەبدوڵا: کوردایەتی و گازلایتەرەکانی.
گازلایت، یان بەکوردی چرای گازی، چەمکێکی دەرونناسییە، ملە فیلمی ( gaslight )، وەرگیراوە. بەڵام ئەم چەمکە ئەمڕۆ لە بواری دەرونناسی و شیکاری سیاسی و فەلسەفەدا بەکاردێت.
فیلمەکە باس لە کەسێک دەکات کە بەکۆمەڵێک تەکنیکی دەرونی، هەوڵدەدات دەستبەسەر ئەقڵی خێزانەکەیدا بگرێت. پیاوەکە ژنەکەی دەگەیەنێتە سنوری شێتی. بۆنمونە بەدزییەوە چراگازیەکە خەف(کز)دەکات.کاتێک ژنەکە دەڵێت: ژورەکە تاریکە، پیاوەکە دەڵێت: ڕوناکیەکان وەکخۆیانن هیچ تاریک نییە و لەخۆتەوە وڕێنە دەکەیت، ئەوەش وادەکات ژنەکە گومان لە هەستەکانی خۆی بکات، لەگەڵ چەندین تەکنیکی دیکە کە پیاوەکە بەکاری دێنێت.
گازلایت بە خراپبەکارهێنانی دەرونی دەوترێت کە ڕێکخراوێک، یان کەسێک، ڕابەری گروپێک بەرامبەر ئەوانیتر دەیکات. بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتاریان گازلایتەر گومان دەخاتە سەر تەندروستی دەرونی بەرامبەر؛ بۆدەستگرتن بەسەر ڕەفتاریدا، بەجۆرێک کەسی بەرامبەر گومان لە ڕاستی و دروستی بۆچونەکانی خۆی بکات. یان گومان لەیادەوەری خۆی بکات. بەواتا یەکیتر گومان لە توانای خۆی بکات، بۆ دەرککردنی واقیع. وە ڕۆڵی میدیای دەسەڵات، لە شێواندنی واقیع و ساختەکردنی دەچێتە خانەی ئەو دیاردەیە، واتا گازلایتینگ.
گازلایتەرەکان، کەسانێکن بەردەوام نکۆڵی لەکارە پیسەکانی خۆیان دەکەن” بەرپرس و ڕاوێژکارو نوسەرە فاسدەکان بێنە بەرچاو سەبارەت بەقەیرانەکان و نکۆڵیکردن لە کەموکوڕییەکان، بەردەوام نکۆڵی لەقەیران و کێشەی کارەباو موچە دەکەن و خەڵک بێزار دەکەن، بۆنمونە کاتێک خەڵک کێشەی دارایی هەیە، ئەوان دەڵێن؛ خەڵک ئۆتۆمۆبێلی هەیە. ئەگەر خەڵک کێشەی هەیە، ئەی بۆ ملیۆنێک ئۆتۆمبێل هەیە. لێرەدا دەیەوێت پێمان بڵێت: مامۆستایان و ڕۆشنبیران، خەڵک بەگشتی هەڵەن، کێشەکە لە خودی خۆیاندایە، ئەوان نازانن قەیران چییە. هەبونی ئۆتۆمبێلێک پاساوە بۆ دزینی چوار ئۆتۆمبێلی خەڵک!
ئەو بەناو سەرۆک حکومەتە دەیەوێت خەڵکی ئۆتۆمبێلەکانیش بفرۆشن ئینجا بەگوێدرێژ ئەو شارو ئەم شار بکەین. ئەوسا جەنابیان بڵێت: وەڵا باوکم ڕاستە خۆ قەیرانە. ئاستی ژیان بەگوێرەی سەردەم دیاری دەکرێت، ئەگەر بتوانین ژیان بگەڕێنینەوە دواوە،مخەڵک گوێدرێژی هەبو، یەک ملیۆن گوێدرێژ بەس بو بۆئەوەی سەرۆکی حکومەت بونی گوێدرێژ بکاتە پاساوی نکۆڵیکردنەکانی چەتەییەکانی بنەماڵەکەی.
کێشەیەک نییە،کارەبای بیست و چوار سەعاتی هەیە، یان دەڵێن: خەڵک بەهیچ ڕازیی نییە، زۆرێکیش بڕوادەکەن کە ئەوە خۆیانن خراپ بیردەکەنەوە، ئەگینا واش نییە! ئەمانە قوربانی ئەو دیاردەیەن بەناوی گازلایتینگ.
هەندێکجار هەوڵدەدەن ئێرە بەراورد بکەن بەهەژارترێن وڵاتی دنیا، ئینجا پێمان بڵێن: سوپاسی خوابکەن، هەموو دەربڕینەکان خۆدزینەوەن لەبەرپرسیاریەتی. وەک ئەوەی ئیشی حکومەتێک ئەوەبێت وەڵامی قسەی خەڵک بداتەوە، لەکاتێکدا حکومەت دەبێت وەڵامی داخوازی خەڵک بەکردار بداتەوە. دەی گەمژەترین کەس بکە سەرۆک وەزیران کە هەموو پلانی ئەوەبێت مێشکی بگوشێت تاقسەیەک فڕێبداتە ناو خەڵک، دەتوانێت تەنانەت گەمژەترین کەس باشتر لێدوان دەدات. وەک دەڵێن؛ کەس دەمی نەبەستراوە. بەڵام وادیاڕە ئەمان بەزنجیری تورکی دەستیان بەستراوە.
گازلایتەر والەکەسێک دەکات کە نەتوانێ خۆی بیرکاتەوەو بۆ بڕیاردان پێویستی بەکەسیتر بێت، لەبواری ژیانی کۆمەڵایەتی،کاتێک کەسێک دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر بیروبۆچون و ڕەفتاری کەسێک. زۆرجار لە بواریی کار و ژیانی تایبەتیش کەسانێک دەست وەرداندەکەن و بەناوی دڵسۆزی پێش کەسەکە دەکەون، یان کەسەکە بڕیارێک دەدات،گازلایتەر دەڵێت؛ چۆن وادەکەیت؟ چۆن ووابیردەکەیتەوە تۆ دەبێت ئاوابکەیت، ئاوات باشترە؟ بەکورتی قوربانی وای لێدێت گومان لە توانای بڕیاردانی خۆی بکات و گومان لە بۆچونەکانی خۆی بکات،گەرچی وەک ڕۆژی ڕوون شتەکان دیاربن. گازلایتەر کە سادیست و نەرجسییە، دەشێ ژن بێت، یان پیاو، بەئاشکرا دڕۆدەکات، بەرامبەر کەسی قوربانی و ڕەفتاری بەوشێوەیە:
یەکەم/ تەنگ پێهەڵچنینی قوربانیەکە، گاسلایتەر وانیشاندەدات کە بایەخ بەکەسی بەرامبەر نادات و لەمەبەستی تێناگات، دەستەواژەی دوبارە دەستیپێکردەوە. سەدجار پێم نەوتی کە لە بواری سیاسیدا گازلایتەر بێ بایەخی خۆی بەم شێوەیە نیشاندەدات، بۆنمونە مسرور دەڵێت: سوپاس!
دووەم/ گازلایتەر گومان دەخاتە سەر زاکیرەی قوربانیەکە سەبارەت بەڕابردوو،کاتێک باسی ڕوداوی چەندساڵ پێش دەکرێت و دەڵێت: نانا بیرت چۆتەوە، ئای! تۆ کێشەی بیرچونەوەت هەیە، ڕوداوەکە ئاوانەبوو. بەو شێوەیەیە من بۆت دەگێڕمەوە. لە بواری سیاسیدا گازلایتەرەکان خیانەت دەکەنە نیشتیمان پەروەریی، بەنمونە 31ی ئاب. دیارە بەهۆی دەیان کەسی بەکرێگیراو و میدیای زەبەلاح پڕوپاگەندەی لەم شێوەیە دەکەن. بەڵام مرۆڤێک قوربانی گازلایتەر نەبێت، دەزانێت ئەو لەواقیعێکدا دەژی دەرەنجامی ئەم خیانەتەیە.
سێیەم/ لادان لەبابەت.گازلایتەکە بابەت دەگۆڕێت، بۆنمونە دەڵێت: تۆ لەخۆتەوە شت دەڵێیت و شت دەدۆزیتەوە تا دژی من بەکاری بێنیت، یان لەکەسێکیتر ئەوەت بیستوە. واتا جەلاد خۆی وەک قوربانی و غەدر لێکراو نیشاندەدات” نمونە لەحیزبەکانیش هەیە کاتێک حیزبێک سەرەڕای ئەوەی بەڕۆژی ڕوناک هەرچی کاریی پیسە دەیکات و هێشتا دەڵێت:کەسانێک هەن دژی پارتیمانن دڵڕەشن و لەخۆوە ڕقیان لەپارتییە. یاخی بونی مەدەنی و ناڕەزایی ناودەنێن ئیرهابی فیکری! لەکاتێکدا ئەوان لەڕێگەی ئیڕهابی فیکری درێژە بەهەبونی خۆیان دەدەن.
چوارەم/ گرنگی نەدان بەقوربانیەکە مەسەلەن نیگەرانیەکانی کەسی بەرامبەر بێ بایەخ دەکات و دەڵێت: لەسەر ئەم شتە بێمانایانە لەمن نیگەرانی! لەکاتێکدا بە ئەنقەست کەسەکە نیگەران دەکات! بۆ نمونە؛ کاتێک تۆ لەدواکەوتن ی ژوان، یان وەڵامنەدانەوەی تەلەفۆن نیگەران دەبیت، لەکاتێکدا ئەو بە ئەنقەست وادەکات دەڵێت: ئای ئەمانە کەی مەوزوعن تۆ خۆت وایت، هەستیاریت،گرنگی بەوشتانە ئەدەیت دەنا من هەر بۆم گرنگ نییە، تۆ زۆر بێ ئارامیت.کەسی گازلایتەر سادیستە، چێژ لەئازاردانێ دەرونی دبینێت. وانیشاندەدات کە هەستەکانی تۆ خراپن. یان خۆگیلدەکات لە هەندێ بابەتی پەیوەست بەهاوڕێیەتی و پەیوەندی هاوسەری و لەبواری سیاسیدا کەس، یان حیزب دەڵێت؛ موچە چییە، توسەری من باسی مەکەن، بابەتەکەتان زۆر گەورەکردوە. یان ئەڵێن موچە هەموشتێک نییە. لەکاتێکدا سەدان هەزاریان بە موچە بێدەنگ کردووە. موچەی بندیواری.
پێنجەم/ نکۆڵیکردن لە قەول و قەراری پێشتر، ئەمڕۆ پێم وتبوی کەناتوانم بێم بەدواتدا، شک و گومان دروستکردن لەیادەوەری.لەکاتێکدا وای نەگوتووە. بۆئەوەی چاوەڕوانی کەسی بەرامبەر بێبایەخ بکات.گازلایتەر نەرجسیە و هەرگیز داوای لێبوردن ناکات.
نیشانەکانی کەسی قوربانی دیاردەی گەس لایتینگ
1- هەستدەکات لەجاران زیاتر بەگومانە لەخۆی.
2- هەست بەسەر لێشێواوی دەکات و پێیوایە تەندروستی دەرونی تەواونیە.
3- پێیوایە بەردەوام دەبێ داوای لێبوردن بکات لەهاوڕێکەی یان ئەوکەسەی کە هەوڵیداوە کۆنتڕۆڵی بکات٠
4- سەرەڕای هۆکاری زۆری خۆشحاڵی، بەڵام هەست بە خۆشحاڵبون ناکات.
5- هەستدەکات دەبێ تاکتاکی ڕەفتاری هاوسەر، یان هاوڕێکەی بۆ ئەوانیتر ڕونبکاتەوە. لەبواری سیاسی، تاک هەوڵدەدات بۆحکومەت ڕونیبکاتەوە کە ئەوەتا جزدانەکەم، سوێند دەخوات پارەی پێنییە! بەجۆرێک دەپاڕێتەوە،کە بیسەلمێنێت ئەو وڵاتەکەی خۆشدەوێت، بەڵام زۆری بۆهاتوە. چونکە دەترسێت و گومانی لە هەڵوێستی خۆی هەیە، ئەترسێ گازلایتەرەکان تاوانباری بکەن، بە یاخیبون و شێتی.
6- دەزانێت کێشەیەک هەیە، بەڵام بەدیاریکراوی نازانێت کێشەکە چییە.
7- بەردەوام هەستدەکات دەبێ ئینسانێکی باشتربێت
8- هەستدەکات لیاقەتی هاوڕێ یان هاوسەرەکەی نییە.
تائێرە زیاتر باسێکی گشتییە. بەڵام با لەمەودوا تەنها گازلایتەری سیاسی وەربگرین،کە چۆن هەوڵدەدات ئەقڵی میللەت لاقە بکات. دەسەڵات بەنرخی قوتی خەڵک، خەڵکی بەناو ڕۆشنبیرو ئەکادیمی بەکرێگرتووە، بۆنکۆڵیکردن لەبونی پارەی تەرخانکراو بۆ موچە. تا بێنە سەرشاشە و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و پاساو بهێننەوەو والەخەڵک بکەن،گومان لەهەستی خۆیان بکەن سەبارەت بە حکومەت. ڕۆشنبیرێک تا دوێنێ ڕەخنەی دەگرت، لەناکاو دەگەڕێتەوە لای دەسەڵات. لێرەدا ئەوی حوکم دەکات پارەیە، نەک لۆجیک. ئەم هاتن و چونی ڕۆشنبیری حیزبی،وادەکات کەسانێک هەبن،گومان لەهەڵوێستی پێشتری خۆیان بکەن.
کەسی گازلایتەر نەرجسییە. ئەو پێی وایە هەڵەکردن واتای ناتەواوییە، بۆیە هەرگیز دانبەهەڵەکانی خۆی دانانێت. بەڵکو لەجیاتی ئەوە، گومان دەخاتە سەر دروستی بیرکردنەوەی بەرامبەرەکان. بەڵام گازلایتەر دوژمنێکی ترسناکە، چونکە ئەو دوژمنایەتی ڕاناگەیەنێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، لەژێر ناوی خۆشەویستی و دڵسۆزی کارەکانی دەکات. لەگەڵ هەرلێدانێکی سادیستی و نەرجسیانە شدا بۆمبارانی سۆزداری قوربانی، یان قوربانیەکان دەکات.
هەروەک ئەو سیاسیانەی لەژێرناوی خۆشویستنی کوردوکوردستاندا، دەستیان بەسەر چارەنوسی میللەتێک داگرت، لەژێرناوی کوردپەروەری و نیشتیمانپەروەریدا کارەکانیان ئەنجامدەدەن. جاکاتێک گاسلایت ڕێکخراوێک بە ملیاران دۆلار بخاتە خزمەت تەکنیکەکانی کۆنتڕۆڵکردن دەبێ چ ئەنجامێکی هەبێت!
نائومێدی، گومانکردن لەیادەوەری، بڕوابەخۆنەبون و … هتد .
کێشەی موچە: نزیک دەساڵە ،هەرچی قەڵەمفرۆش و زوڕناژەنی کوردایەتییە ،تادەگاتە تیکتۆکچی و کچەمۆدێل ،هێنایانە سەرساشە تا بە خەڵک بڵێن دۆخەکە بەوشێوەیەنییە خەڵک خۆی خەتابارە لەوەی پارەی نییە. بۆنمونە لە قسەکانی ئەو قەڵەمفرۆش و بەکرێگیراوانە:
1- خەڵک تەمبەڵە و کارناکات.
2- خەڵکی ئێمە دەعوەت زۆر ئەکات.
3- گەنج کارکردنی پێ عەیبە.
4- خەڵک هەرچاویی لە دامەزراندنە.
5- سەیرانگاکان جمەیان دێت.
6- باحکومەت ئەوەندەی هەیەتی دابەشی بکات. “لێرەدا جەنابی ڕۆشنبیر وادەکات خەڵکێک گومان بکەن لەوەی حکومەت پارەی هەبێت٫ کابرای بەکرێگیراو خۆی دەکاتە دڵسۆزی خەڵک، ئەڵێ هەرچۆنێک بێت نیوموچە دابەشبکەن. پەم دەیەوێت پێمانبڵێت ڕازیبن بە نیوموچەش، بەڵا م جەنابی لەبەر زۆرخواردن هەناسە بڕکێیەتی، وەک پەڵێن لەبەر ورگی بەساڵ قاچەکانی خۆی نابێنێت”
7- شۆڕشمان بۆ موچە نەکردوە.
8- کەڕامەت هەبێت پارەش دەبێت، ئیتر ئاوا لیستی قسە و دەربڕینەکان درێژ دەبێتەوە، وەک گوێیان. بەڵام لەهەموویان بێشەرمانەتر ئەوەیە: کە بەناو سەرۆکی حکومەت دەڵێت: سوپاس! وەک ئەوەی لەگوێی گادا نوستبێت و گوێی لەم هەموو سوکایەتیە نەبوبێت کە پێیکرا. نە ئەوسەدان و هەزاران لێدوان و نوسینانە. لەکاتێکدا شەقیان لەمامۆستا هەڵدا، سوکایەتیان بە سەدان کەس کرد، گازی فرمێسک ڕێژیان بەکارهێنا، مانگرتن، بایکۆت، شکایەتکردن لە دادگای فیدڕاڵی و کۆچی بەلێشاو. بەڵام ئەو دەڵێت: سوپاسی خۆڕاگری خەڵک دەکەین. گاسلایتەر دێت پێماندەڵێت: من ئاگاداری هیچ شتێک نیم، ئەوەندەی ئاگادارم خەڵک خۆڕاگربو. خەڵک حکومەتی خۆی خۆشدەوێت.
ئەو چاک دەزانێت کارێگەری و ئەوخۆڕاگریە درۆزنانەیە چیبوە، لەسەر کۆمەڵگا. ئەودەزانێت گەنجەکان نیشتیمان بەجێدێڵن بەلێشاو،دەزانێت ڕێژەی جیابونەوە دەهێندە زیادیکردوە، کوشتن و کێشە کۆمەڵایەتیەکان،کێشەدەرونیەکان چەند زیادبوون، چۆن کۆمەڵگە لەداهاتودا کارێگەری پەکخستنی پەروەردەی لێدەردەکەوێت، نەمانی ئینتیما و، بەڵام هێشتا سوپاسی خەڵک دەکات. ئەڵبەت ئەمە سوپاس نییە جنێوە، ئیهانەیە و بێ شعورییە. بەڵام بێشعوری دەرمانی نییە.