زەبەنگ بەهادین: نوسەر و رۆشنبیران چی بکەن؟
لە سەرەتای ڕزگاری هەرێمی کوردوستانەوە نوسەران و رۆشنبیران بونە قەڵغانی دەرخستنی راستیەکان و دەنگی شەقام و دەسەڵاتێکی راستەقینەی چوارەم بەسەر دەسەڵاتی حوکمراندا، هەرچەندە لەو کاتەوە ئەوانیش بەش بوون بەسەر حیزبەکان و بێلایەنەکان، بەڵام هەرچۆن بێت بەشێک مابون دەیانتوانی راستییەکان بڵێن و دەست بخەنە سەر برینەکان و چارەکان بخەنە روو.
ئەمرۆ دوای تێپەر بوونی چارەکە سەدەیەک بەسەر حوکمرانی فیدراڵی هەرێمدا، لە دوای ئەو هەموو شکست و نوشست و دەردەسەریانەی بەسەر کوردستاندا هاتووە جیا لە جاران بەشێک لە نوسەران دەنگیان نەماوە و کاریگەریان نییە لەسەر روداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، بە شێوەیەک لە پاڵ کایە سیاسیەکان کایەکانی دی کۆمەڵگاشیان وونکردوە، هەندێک لە نوسەران و رۆشنبیران کەوتونەتە دۆخی سڕ بوون یان بێهیوا بون، یان ترس، یان تەسلیم بوون، لە ئێستا بەشێکی نوسەرەکان و رۆشنبیران بەسەر ئەم بەشانەدا دابەش بوون کە رەشبین و بێهیوان، هەرچی بێدەنگی ئەو کۆمەڵە رۆشنبیر و نوسەرانەیە بە دڵنیای لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە نادیموکراسیەکانە لە بەرژەوەندی ئەو دەسەڵاتانەیە کە ئامانجیان ماشینەوەی سامانەکانی نیشتیمانە بۆ خۆیان، لە پاڵ بێدەنگی جەماوەر و کپ بونیان.
بەشێک لە بێ هیوا بونی خەڵک دەگەرێتەوە بۆ ئەزمونەکانی پێشوو لە خۆپیشاندان و مانگرتن و چالاکی جۆرا و جۆر، کە سودیکێان لێ نە بینی بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک، بە پێچەوانەوە رۆژ لە دوای رۆژ مەوداکانی دیموکراسی و دادپەروەری و یاسای کەمتر دەبێتەوە، بەشێکی بۆ نەبونی متمانەیە بە یەکدی بە شێوەیەک هەر حیزبەو کۆمەڵێک لە نوسەر و رۆشنبیری لەپاڵ خۆیدا کڕ کردوە و تەنها بۆی هەیە بە بەژن و باڵای حیزبەکەیدا بڵێت؛ ئەمە حیزبە ئۆپۆزسێۆنەکانیش دەگرێتەوە، کۆمەڵێکی دی بێهوا بون و بێدەنگ بوون کەمینەیەکیش بەردەوامن و خەبات دەکەن و کۆڵنادەن، کار وا بروات سەرنجام هەموان بێدەنگ دەبن و تەنانەت بشنوسن، یان بڵێن؛ ئەو کات کاریگەریان نامێنێ ئەگەر لە ئێستاوە رێگا چارەیەک دیاری نەکرێت بۆ بەردەوامی و گەشەکردن.
نەمانی، یان کەمبونەوەی پشتیوانی نێو دەوڵاتی بۆ دیموکراسی و ئازادی رادەربرین و دەرخستنی راستیەکانیش بەشێکی دی ئەم کێشە گەورەیە کە ئەمرۆ رۆشنبیران تێی کەوتون کە رەنگە ئەوانیش لە پێداچونەوەی مێژو ئەزمونە کۆنەکانیانەوە لەگەل هەرێمدا بێ هیوا بوون لە هوشیار بونەوەی خەڵک و ئاگای جەماوەر یا خود لەوانەیە بێهیوا بوو بون لە باشی و راستی کەمینەیەک لە نوسەران و رۆشنبیران.
نەبونی جێگرەوەش کارلێکی گرنگی هەیە بۆ نەمانی هاوپەیمانی نێو دەوڵاتی بۆ نوسەران و رۆشنبیران، لە بارێکدا ئەگەر دەسەڵاتێک خراپ بێت کێ جێگرەوەی ببێت لە کاتێکدا بەشێکی ئەو نوسەر و رۆشنبیرانە دەسەڵاتی سێبەری حیزبە دەسەڵاتدارەکانن، هەموو ئەم گرفتانە وای کردوە هێدی هێدی نوسین و دەنگ و رەنگ سودی کەم بکاتەوە و بەرەو نەمان بچێ کە پێویستە بونی هە ێت بە بەردەوامی بۆ گۆرانکاری و چاکسازی، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە سەر دۆخی گشتی و رۆژ لە دوای رۆژ بێهیوای خەڵک زیاتر بێت و ئومێدێک نامێنێت بۆ چاکسازی و دیموکراسی راستەقینە.
ئێستا باشترین کاتە رۆشنبیران و نوسەرانی سەربەخۆ کۆنفراس، یان کۆبونەوە یان سیمینار یان هەر شێوەیەکی پێکەوە بوون بدۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەکی گونجاو بۆ ئەم دۆخە چەقبەستوەی کە سیاسەتی هەرێمی پێدا تێدەپەرێت و ئەنجامەکەشی لاواز بوونی زیاتری هەرێمە، رێگا چارەیەکی ستراتیژی بدۆزرێتەوە تا مەوداکانی دیموکراسی قەتیس نەکرێن و خەلکیش لەوە زیاتر بێهیوا نەبێت، لە کۆتادا هەر میلکەتێک ویستی پێشکەوتن و ئازادی و دیموکراسی هەبوبێت قەڵەم چەکی سەرەکی بووە بۆ بەدیهێنانی و پێشخستنی دەوڵەت و گەڵ.
- Latest Posts by زەبەنگ بەهادین
-
زەبەنگ بەهادین: ئێران بۆ ناکەوێ؟
- -
زەبەنگ بەهادی: ئاینی ئێوە لە ژێر پێمدایە.!
- -
زەبەنگ بەهادین: ئامێرەکانی ڕێز.
- All Posts