محەمەد بەرزی: منداڵ و ئینتەرنێت.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئینتەرنێت لایەنی زۆر باش و بە سوود و کارای هەیە وەک : بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیی و ئە ندامانی خێزان . ئامرازێکی زۆر بێ هاوتایە بۆ پەروردە و کات بەسەربردن، پڕە لە یاری و بابەتی هەمەچەشنە و زانیاری بێ ئەندازەی جیاواز ، بەڵام هەرگیز بۆ منداڵان جێگایەکی باش و سەلامەت و ئەرێنی نییە، چونکە ڕێگا بۆ توندوتیژی خۆش دەکات، لێوان لێوە لە دیاردەی دزێو و بابەتی ڕووت و سێکسی . ڕێگا لە خەوتن دەگرێت و کات بە فیڕۆ دەدات. پڕیشە لە کەسانی نیازخراپی درۆزن و دەم لووس و فێڵباز، کە بۆ منداڵان جێگای مەترسین و دەتوانن بە ئاسانی لە خشتەیان بەرن و مێشکیان پڕکەن لە ژەنگ و ژار . هەر بۆیە پێویستە منداڵان لە زیانەکانی دووربخرێنەوە و بپارێزرێن و یارمەتیان بدرێن بە چ شێوازێک بەکاری بهێنن ، تا تووشی ئاستەنگ و مەترسی نەبن و گەورەترین سود لە لایەنە باشەکانی وەربگرن، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو تەکنەلۆژیا ئەلکتۆنییە پێشکەوتووە پیشکەشی جیهانی دەکات.
ئەوەی شایانی باسە دایکان و باوکان دەبێ چاک ئەو ڕاستییە بزانن، منداڵانی ئەمڕۆ لە جیهانی ئینتەرنێتدا دەژین و گەورە دەبن، زۆر جار لە دایک و باوک و گەورەکان زیاتر ئاشنای بەرنامە و بابەتە نویێ کانن، لە وانیش زیاتر بەکاری دەهێنن، هەر بۆیە مەحاڵە لە ئینتەرنێت دووربخرێنەوە. بەڵام دەکرێت سەلامەتییان بپارێزن و لە مەترسییەکانیش دووربخرێنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پەیوەندی باشیان لەگەڵ منداڵدا هەبێ و بە جوانی باسی مەترسییەکانییان بۆ بکەن ، چونکە سەلامەتی بەکارهێنانی کۆمپیتەر ، پەیوەندی بە زمانی شیرین و هێمنی و دانانی یاسا و ڕێنماییەکانەوە هەیە، هەر بۆیە لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ چەند ئامۆژگارییەک دەکەین ، کە بۆ دایکان و باوکان و گەورەکان گرنگن:
1- دڵنیابن تەمەنی منداڵەکەتان گەیشتۆتە ئاستێک کە دەتوانێ بچێتە سەر ئینتەرنێت. ئاشکرایە منداڵانی ئەمڕۆ بە بەراورد بە ڕابوردوو زیاتر دەستییان بە تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت دەگات ، خۆ بڵاوبوونەوەی مۆبایلە زیرەکەکان، کە ئینتەرنیتییان لەگەڵدایە پڕن لە یاری و بابەتی سەرنج ڕاکێش ، کارێک دەکەن منداڵان بتوانن لەگەڵ کەسانی سەرتاسەری جیهاندا چەند کاتێک بەسەربەرن . هەر بۆیە زۆر پێویستە دایکان و باوکان تەمەنی ڕێگاپێدراوی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بزانن و لە هەندێک ماڵپەڕی وەک ئێنستگرام و تیکتۆک دووریان بخەنەوە. بێگومان ئەمڕۆ لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا ، کەمترین تەمەنی منداڵ بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بریتییە لە 13 ساڵ. زۆرجار منداڵ و خێزانەکان ئەو تەمەنە یاساییە پشتگویێ دەخەن. بۆیە گرنگە دایکان و باوکان و مامۆستاکان پابەندی تەمەن بن و ئەو بەرنامانە بەکارنەهێنن، کە مەرجی تەمەن ناگرنە خۆیان .
2- ئینتەرنێت لایەنی زۆر چاکی بۆ منداڵان هەیە، دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ ڕاپۆرتەکانی قوتابخانە و پەیوەندی کردن لەگەڵ مامۆستا و هاوڕێ و خێزانەکانیان . بەڵام بەکارهێنانیشی مەترسیی لەگەڵدایە . وەک بابەتی نەگونجاو و کەسانی خراپ ، کە خۆیان وەک منداڵ ، یان هەرزەکارێک نیشاندەدەن و بە فیڵ و درۆ بە دوای هاوڕێی نوێدا دەگەڕێن. لەوانەیە داوای زانیاری کەسیی لە منداڵەکە بکەن ، وەک ناونیشان و ژمارەی تەلەفون . هانییان بدەن پەیوەندییان پێوە بکەن و سواری ئەقڵیان بن. هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک ئاگاداری ئەوەبن منداڵەکانیان لە ڕێگای ئۆن لاینەوە چی دەبینن و چی دەبیستن ، کێ دەناسن و چیش لە بارەی خۆیانەوە باس دەکەن. لەم حاڵەتانەدا پێویستە ئامرازەکانی پاراستنیان بۆ بەکاربهێنرێن ، چاکتریش وایە بەردەوام چاوکراوە و چاودێری چالاکییەکانیان بن.
3- بەرنامەی بۆ دابنێن سەبارەت بە کات و چۆنییەتی بەکارهێنانی ئامێرەکان . پاشان بە دەم و لەبزی شیرینەوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن و بزانن لەگەڵ کێدا پەیوەندی دەکات و باسی چی دەکەن و چ جۆرە بابەتێک بڵاودەکەنەوە.
4- هاوکاری بکەن چۆن زانیارییە تایبەتییەکانی خۆی بە چاکی بپارێزێت، چونکە ئەگەر نەتوانێ بیپارێزێت، لە لایەن کەسانی ترەوە دەبینرێن و لەوانەیە خراپ بەکاربهێنرێن و بە گران لەسەریان بکەوێتەوە .
5- کات و کەشێکی لەبار بۆ منداڵەکەتان دروست بکەن، تا تەنها پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیێ و ئەندامانی خێزان و خۆتاندا هەبێت . یارمەتی بدەن زانیارییە خراپەکان بناسێتەوە و لێیان دووربکەوێتەوە. ئاشنای یارییەکان و سایت و زانیارییە متمانەپێکراوەکانی بن ، پاشان کاتی خۆتانی بۆ تەرخان بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ماڵپەڕە خراپ و زیانبەخشانەی منداڵ بە لاڕێدا دەبەن.
6- ئەرکی دایکان و باوکانە ڕێگای گونجاو بۆ پاراستنی منداڵ بگرنەبەر ، وەک سڕ ( بلۆک ) کردنی ئەو بەرنامانەی بۆ منداڵ ناگونجێن و هیچ بەرهەمێکی باشیان لێ هەڵناوەرێ ، پاشان دانانی وشەی نهێنێ بۆ کڵومکردن و نەکردنەوەیان . بەمەش خێزان و ئامێرەکان پارێزراودەبن و بە دووریش دەبن لە ڤایرۆس و بەرنامەی زیانبەخشی نەگونجاو .
7- کاتێک منداڵەکەتان دەستدەکات بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت، قسەی لەگەڵدا بکەن دەربارەی ئەو بابەتانەی دەیخوێنێتەوە و تەماشایان دەکات . بزانن بە پێی تەمەنی و لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە لەگەڵ کێدا بە بەردەوامی پەیوەندی هەیە و لەگەڵ کیشدا گفتوگۆ دەکات . لێی بپرسن سەردانی چ ماڵپەڕێک دەکات . پاشان لیستێکی بۆ دروست بکەن و پێکەوە سەیری بکەن . گویێ لە منداڵكەکەتان بگرن و بگەنە ڕێککەوتن لەسەرئەوەی چ بەرنامە و بابەتێک بۆ خێزانەکەتان گونجاوە. ئاگاداریشی بکەنەوە وریا بێت لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا و شوێنی خۆی بە نهێنی بهێڵێتەوە . پێویستیشە بەردەوام ئەوەشی بۆ دووبارەبکرێتەوە ، کە ئینتەرنێت گشتییە و تایبەت نییە تەنها بۆ خێزانەکەیان.
8- پێویستە شاشەی ئامێرەکان لەبەرچاو بێت، تا بتوانن چاودێری بەکارهێنانی ئینتەرنێتی منداڵەکەتان بن ، بە تایبەتیش منداڵی بچووک . پاشان زۆر پێویستە کۆمپیتەرەکەی لە ناوەندێکی کراوەی ماڵەکەدابێت، وەک هۆڵی دانیشتن، تا بە ئاسانی چاودێری منداڵەکەتان بکەن سەیری چ شتێک دەکات. پاشان بۆ ئەوەی نەشتوانێ موبایلەکەی بە ئینتەرنێتەوە ببەستێتەوە ، کارێک بکەن ژمارەی نهێنی تۆڕی ئینتەرنێتەکە نەزانێت. تا نەتوانێ بێ ئاگاداریتان پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە بکات. سەرباری ئەمانەش ڕێگا مەدەن ئامێرەکان لە ژووری نووستنی منداڵدا دابنرێت.
9- لە ماڵپەڕەکانی یاری و سۆشیال میدیادا ، هەندێک کەس تەنها بۆ هەراسانکردن و گاڵتەپێکردنی کەسانی تر دەچنە سەرئینتەرنێت . پێویستە ڕێگری لەو کەسانە بکرێن کە بێزاریان دەکەن و ئەو هێرشبەرانەش سڕبکرێن. منداڵەکەشتان فێربکەن لەو جۆرە کەسانە ئاگادارتان بکەنەوە و هەموو پەیوەندییەکی نەخوازراویش کڵۆم بکات ، تا تووشی زیان نەبێ.
10- ئینتەرنێت ڕێگا دەدا منداڵان ئاشنای بابەتەکانی گەورە ساڵان بن. پێویستە ڕێگریی لەمە بکرێت . دەکرێت هەندێک بەرنامە بەکاربێت بۆ ڕێگرتن لە چوونە ژوورەوەی منداڵ بۆ ئەو جۆرە ماڵپەڕانە.
11- فێڵبازەکان وەک ماری سڕ خۆیان مەڵاس داوە ، دەزانن منداڵان بە دوای یاری و گۆرانی و مۆسیقای بێ بەرامبەدا دەگەڕێن. جا ئەگەر منداڵەکەت کلیک لەسەر یەکێک لەو بەستەرانە بکات ، لەوانەیە ڤایرۆسێک دابەزنێت و توانای کۆمپیتەرەکە ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە . باشترین چارەسەریش بۆ ئەم دۆخانە بەکارهێنانی دژە ڤایرۆسە ، کە ڕێگا لە بەرنامە زیانبەخشەکان دەگرێت.
12- لەگەڵ ئەوەشدا ئینتەرنێت هۆکارێکی زۆر باشە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پەروردە و کات بەسەربردن، بەڵام سایتە مەترسیدارەکان ، مەترسی لەسەر منداڵ دروستدەکەن . بۆیە پێویستە ڕێگاکانی سەلامەتی بگرنەبەر وەک : ڕێگانەدان بە بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانەی دایک و باوک و گەورەکان بەکاریان دەهێنن . چاودێریکردنی ئەو ماڵپەڕانەشی منداڵەکە بەکاریان دەهێنێ . پاشان بە پێی تەمەنی منداڵەکە ماوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی بۆ دیاری بکەن . ئەمڕۆ شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن منداڵانی تەمەنی ( 5 بۆ 17 ) ساڵ ، نابێت لە ڕۆژێکدا دوو کاژمێر زیاتر لەسەر شاشەکان بن . هەربۆیە زۆر گرنگە چاودێریان بکرێن تا خوویان خراپ نەبێ ، بە تایبەتی منداڵانی پچکۆلە . گرنگیشە منداڵەکەتان ڕازی بکەن پابەندی کاتی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بێ . بۆ نموونە هەرجارێک تەنها نیوکاژمێر لەسەر شاشەکان بێ و کاتی کوژاندنەوەشییان بـۆ دیاری بـکەن. پاشان زۆر پێویستە لە کاتی دیاریکراودا و پێش نووستن ( وای فای ) ماڵەکەتان بکوژێننەوە ، تا هەمووان پشووبدەن و کەسیش نەتوانێ ئینتەرنێت بەکاربهێنێ. سەرباری ئەمانەش دەکرێت هەندێک ڕۆژ بۆ پشوو دیاری بکرێت و ئینتەرنێتی تێدا بەکارنەهێنرێت ، هەمووان کاتەکانی خۆیان بە شتی ترەوە خەریک بکەن. ئاگاداریش بن دەهری و تووڕە نەبن و نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ نەخەنە دڵیانەوە و ڕێگریی لە بەها زۆرەکان و لایەنە باشەکانی ئینتەرنێت نەکەن، کە ئەمڕۆ پێشکەشی منداڵانی دەکات.
13- ئاگاداری منداڵەکەتان بکەنەوە لە مەترسی و زیانەکانی بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیارییە کەسییەکانی وەک: ( ناو، ژمارەی تەلەفون، ناونیشانی ماڵ ، ئیمێڵ و ناوی قوتابخانەکەی ). خۆ ئەگەر منداڵەکە ویستی وێنەیەک ، یان زانیارییەک بڵاوبکاتەوە، وا باشترە پیش بڵاوکردنەوەی ئێوەی لێ ئاگاداربکاتەوە. فێری بکەن تەنها پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەشدا بکات، کە ناسیاون و متمانەتان پێیانە. ئاگاداری بکەرەوە ئەوەی لە ئینتەرنێتدا بڵاودەکرێتەوە هەمیشە دەمێنێتەوە ( هەندێکجار دەکرێت پیش ئەوەی کەسانێک بیبینن بسڕێتەوە، بەڵام زۆرجار پیش سڕینەوەیان بینراون ). هەر بۆیە پێویستە منداڵ بۆ پاراستنی وێنەو زانیارییەکانیان بەردەوام وریابکرێنەوە. پاشان بۆ ئەوەی بزانن منداڵەکەتان لەلایەن کەسانی فێڵبازەوە کراوە بە ئامانج ، ئەوا پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانە بن:
1 – بەسەربردنی کاتی زۆری منداڵەکە لەسەر ئینتەرنێت، بە تایبەتی لە شەودا.
2- تەلەفوونکردنی کەسانی نەناسراو بۆی.
3- دیاری نەخوازراو لە ڕێگای پۆستەوە.
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵێم: زۆر پێویستە دایکان و باوکان بە باشی گویێ لە منداڵەکانیان بگرن و نیشانیان بدەن دڵسۆزن بۆیان و گرنگی بە هەموولایەکی ژیانیان دەدەن. کارێک بکەن لەهەموو کێشە و گرفتێکدا بگەڕێنەوە بۆ لاتان. تا بزانن هەرچییەک ڕووبدات پەناوپشتن بۆیان. ئەوەی زۆریش گرنگە: پێویستە خۆشتان نموونەیەکی جوان و پاک و بێگەردبن و بەباشی ئینتەرنێت بەکاربهێنن، لا لە وێنە و ڤیدیۆی ڕووت و ماڵپەڕە سێکسییەکان و زمانی پیس و کوشتن و توندوتیژی و ماددەی هۆشبەر و کحولییەکان نەکەنەوە ، تا منداڵەکانتان چاوتان لێ نەکەن.
تێبینی: بۆ ئەم بابەتە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزیی وەرگیراوە .
- Latest Posts by محەمەد بەرزی
-
محەمەد بەرزی: گــونــدەکــان شـــادەمــاری دەوڵــەتــن.
- -
محەمەد بەرزی: مــنــداڵ و وەرزش.
- -
محەمەد بەرزی: ئــامــۆژگـــاری بــۆ مــنــداڵان.
- All Posts