عوسمان عەسکەری: دەستی ئسرائیل لە دابەشبوونی سوریا، ئاواتەکانی ئەردۆغان لە کۆشکی سپی.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، لە 25ی ئەم مانگەدا، بە تامەزرۆییەوە چاوم بەئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکەوێت، ئێمە کار لەسەر چەندین ڕێککەوتنی بازرگانی و سەربازی دەکەین، لەوانە کڕینی فڕۆکەی گەورەی جۆری بۆینگ، ڕێککەوتنێکی گەورەی F-16، و دانوستانەکان لەبارەی فڕۆکەی F-35، بەردەوام دەکەین کە پێشبینی دەکرێت بە شێوەیەکی ئەرێنی کۆتایی پێبهێنین.
لای خۆیەوە ئەردۆغان لە مانگی تەمموزدا ڕایگەیاند کە پێشتر لەگەڵ ترەمپ لەبارەی فڕۆکە پێشکەوتووەکاندا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن. لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کۆشکی سپی، ئەردۆغان هیوادارە متمانەی ترامپ بەدەستبێنێ و چەندین ڕێککەوتنی بازرگانی و سەربازی، لەنێویاندا بکرێت.
سوریا لە ناوەندی دانوستانەکان
پێشبینی دەکرێت ململانێی سوریا بەسەر گفتوگۆکانی ئەو سەرۆکەدا زاڵ بێت، چوونکە دوابەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، تورکیا لە “سوریای نوێ”دا وەک هاوبەشێکی سەرەکی و پارێزەرێکی سەرسەختی سوریا مامەڵە دەکات، بۆیە دوای ڕووخانی ئەسەد، تورکیا و قەتەر، بە هاوبەشی دوو وێستگەی کەشتی کارەبایان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیر کرد کە 800 مێگاوات کارەبا بۆ سوریا دابین دەکات، هەروەها کۆمپانیاکانی بیناسازی تورکیا پلانیان بۆ هەوڵێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوە بە بڕی 500 ملیار دۆلار داڕشتووە کە تیایدا، گرنگی بە دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ڕێگاوبانەکان دەدرێت. بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەردۆغان فشار بخاتە سەر ترەمپ لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە داهاتووی سوریا، لەوانە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ کوردانی ڕۆژاڤا و گەڕانەوەی زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سوریا بۆ تورکیا، بەڵام پاکێجەکەی ئەردۆغان زۆر گەورەو سەرنجڕاکێشە.
گرێبەستێکی گەورەی ئەردۆغان لەسەر مێزەکە
بەردی بناغەی ستراتیجی ئەردۆغان لەسەر پێشخستنی پیشەسازی بەرگری تورکیایە.. تورکیا لە ساڵی 2014ەوە بەرهەمهێنەری فرۆکەی بێفڕۆکەوانە “درۆن”، کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای لیۆناردۆی ئیتاڵی پەرەی پێدراوە. ئەم درۆنانە، بەتایبەت بایراکتار، وەک چەکێکی کاریگەر لە ململانێکانیانی ئۆکرانیا، لیبیا، ئازەربایجان و لە دژی کوردستانیش ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە. بەوهۆیەوە، کۆمپانیای بایرەکتار توانیویەتی دەیان درۆن بە پۆڵەندا، مەغریب و فینلاندو … هتد. بفرۆشێت، شانبەشانی ئەوانەش، مۆڵەتی بەرهەمهێنانی داوەتە ئۆکرانیا، بەوەش تورکیا هەنگاوێکی گەورە لە پیشەسازی جەنگدا چۆتە پێشەوە.
ئەردۆغان بە کەڵک وەرگرتن لەم سەرکەوتنە، ئامانجی ئەوەیە کە گرێبەستێکی وەبەرهێنانی گەورەتر لەگەڵ ترەمپ دەستەبەر بکات. ئەو ئاواتێتی، تورکیا بخاتە سەر نەخشەی پیشەسازی جەنگ و بەرگری جیهانی لەڕێگەی هاوبەشی “شەراکەت” بەرفراوان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە توخمە سەرەکییەکانی بریتین لە دابینکردنی 300 فڕۆکەی بۆینگ و دامەزراندنی دەیان کارگەی تایبەت بە پیشەسازی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا. پێشبینی دەکرێت کە گرێبەستێکی سەرەکی لەگەڵ کۆمپانیای لۆکهید مارتن، بەرهەمهێنەری فڕۆکەی F-16، واژۆ بکات بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێت فڕۆکەی جەنگی خۆی دروست بکات بە بەکارهێنانی بزوێنەری F-16، بەم شێوەیە، ئەگەر ترامپ هاوکار بێت، تورکیا بەرەو گۆڕەپانی پێشکەوتووی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتوو دەچێت.
دوو دەستکوتی سەردەم “صفقة العصر” و فۆبیای کورد
وەک لە سەرەوەدا هاتووە، ئەردۆغان پاکێجێکی بەرگریی گەورە دەداتە ترەمپ، ئەگەر سەرکەوتوو بێت، ئەردۆغان تاجی سەرۆکێکی مەزن دەنێتە سەری و دەستکەوتی ستراتیژی و پیشەسازی و جیۆپۆلەتیکی بۆ تورکیاو گەلەکەی دابین دەکات. ئەوانەی مامەڵە بازرگانییەکان لەگەڵ ترەمپ ڕێکدەخەن، پێشبینی دەکەن کە مامەڵەکان لەگەڵ ترەمپ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت و لایان وایە کە ترامپیش گرێبەستێکی زەبەلاح پێشکەش بە ئەردۆغان دەکات، تا کارئاسانی بۆ پڕۆژە ستراتیژیانەی تورکیا بکات، تەنانەت ئەگەری گەڕانەوەی پشکی تورکیا لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35 دا هەیە. بەڵام بەربەستێکی بەرچاو ماوە، ئەویش فۆبیای کوردە کە ئەردۆغانی تووشی وەسوەسە و ترسێکی قووڵ کردووە و هەڵوێستی شەڕانگێزانەیەتی لە دژی کوردەکانی سوریاو خۆسەری ڕۆژاڤا کە گرێدراوی بەرژەوەندییە ستراتیژیەکانی ئەمەریکاو ووڵاتانی ڕۆژئاوایە لە ناوچەکە. بۆیە پێداگری سەرۆکی تورکیا لەسەر ئەوەی ترەمپ دەستبەرداری پشتیوانیی ڕۆژاڤا بێت، دەستکەوتە ستراتیژییە ئەگەرییەکانی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە. بەڵام ئەو برا موسڵمانە ئیخوانیەی کورد!، ئامادەیە هەموو ئەو دەستکەوتە ستراتیژیانەی تورکیا، کە هەزاران هەلی کار دەستەبەر دەکاو زانست و پیشەسازی لە زانکۆکاندا دەباتە لووتکەی پێشکەوتن، لە پێناو هێرشکردنە سەر ڕۆژاڤا بخاتە مەترسیەوە.. بۆیە بەشێک لە چاودێران، تەسلیمبوونی ترامپ لەم بەرەیەدا بەدوور نازانن، بەتایبەتی کە هەر یەک لە سعودیە، قەتەرو تورکیا بەچڕی لۆبی بۆ بونیاتنانەوەی سوریای نوێ، بۆ گەڕانەوەی سێ ملیۆن ئاوارە لە تورکیا و گەڕانەوەی دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە سوریایەکی یەکگرتوودا دەکەن، بەڵام کێ دەتوانێت ڕێگا لە ئسرائیل بگرێت..!!
دەستی ئیسرائیل لە دابەشبوونی سوریادا
چەند مانگێک دوای ڕووخانی ئەسەد، کاریگەریی ئیسرائیل ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە دابەشکردنی دیفاکتۆی سوریادا بینی. لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، گیدۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئسرائیل لەکاتی دەستبەکاربوونی دا ڕایگەیاند، “گەلی کورد نەتەوەیەکی گەورەیە”، ئەوان “هاوپەیمانی سروشتی ئێمەن”. لە کاتێکدا ئەم گەلە هەڕەشەیەکی وجودی لەسەرە، ئیسرائیل نابێت بە قسە و بەڵێن ڕازی بێت، بەڵکو دەبێت هاوپەیمانییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ کورددا دروست بکات.
ئەم ڕاگەیاندنەی گیدۆن لە مێدیاکانی ئسرائیل، بەتابەتی لەلایەن ئیتا ئەنگێل، دەرهێنەری دیاری کەناڵی 12ی ئیسرائیلەوە دەنگی دایەوە، کە هۆشداریدا لەوەی کە وازهێنان لە کورد بە مانای لەدەستدانی هاوپەیمانێکی گرنگ دەبێت لە “سراتیجیترین ناوچە بۆ ئیسرائیل” بۆیە ئەو ڕاگەیاندنەی گیدۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، هاوشێوەی “جاڕنامەکەی بالفۆرە بۆ کورد” کە لە ساڵی 1917 ئارسەر بالفۆڕ، “وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە 1916- 1919” بۆ پشتیوانی لە دروستکردنی “ماڵێکی نیشتمانی بۆ گەلی جولەکە” لە فەلەستین، دایە لۆرد واڵتەر ڕۆتشیڵد، سەرکردەی جوولەکەکانی ئینگڵتەرا.
لەدوای ڕاگەیاندنەکەی گیدۆن سار، ئسرائیلیەکان لە ئەمەریکا، لۆبیان کرد بۆ ئەوەی بنکە سەربازیەکانی ڕوسیا لە لازقیە بمێنێتەوە. لەلایەکەوە بۆ پاراستنی عەلەویەکان، لەلایەکی دیکەوە، هەژموونی تورکیا لە سوریا سنوردار بکات، هاوکات ڕوسیاش هاوشێوەی ئەمەریکاو ئسرائیل لە سوریا بەشی هەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دابەشکردنی نەکات.
خوێنەری هێژا.. کۆمەڵکوژییەکانی کورد لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییەوە تا لەناوبردنی داعش، نەک تەنیا وەک سیاسەتی دەوڵەتی تاوانکار، بەڵکو لەڕێگەی تاڵانکردنی سامانی کوردە دەوڵەمەندەکان و سووتاندنی ماڵەکانیان لەلایەن دراوسێ موسڵمانەکانمانەوە، ئەوانەی ئێمە پێیان دەڵێین برا موسڵمانەکانمان، داخەکەم لە ژماردن نایەن.. پاکتاوی نەتەوەیی و نکۆڵیکردن لە بوونی کورد، ڕووی قووڵی شۆڤێنیزمی لە تورکیا، عێراق، سوریا و ئێراندا بەدڕندانەترین شێوە نەخشاندووە، بۆیە سەرباری تێبینیە زۆرەکان لەشێوازی مامەڵەی ئسرائیل و دووڕووی ئەمەریکا، ئێستاش ئەگەر لە ترسی ئەمەریکاو ئسرائیل نەبێت، برا موسڵمانە عەرەب وفارس و تورکەکانمان نەک تەنیا ڕۆژاڤا، بگرە هەفتەیەک نابات، سلێمانی و هەولێریش دەکەنە ڕووباری خوێن و تەختی زەوی دەکەن، بەڵام ئەوە ڕوونادات، چوونکە دەمێکە ئەمەریکاو ئسرائیل و ڕوسیا، سوریایان لەنێو خۆیاندا دابەشکردووە و ناوچەی عەلەویەکان “لازقیە” دراوەتە ڕوسیا.. زۆنی درووزەکان “سوێدا” بۆ ئسرائیلەو دەڤەری کوردیش کە لەم سەر بۆ ئەو سەری “ڕووباری فورات” دەگرێتەوە، خراوەتە سەر بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی ئەمەریکا. بۆیە دۆناڵد ترامپ بۆ دوورخستنەوەی شەڕانگێزی (ئەردۆغان ئەو برا موسڵمانە ئیخوانیەی کورد)، دەستکوتی سەردەم “صفقة العصر” ی بازرگانی و پیشەسازی بۆ ئەردۆغان واژۆ دەکات، ڕێگاش دەڕەخسێنێت تورکیا لە بونیاتنانەوەی سوریادا “هەرێمی سوننەکان” پشکی گەورەی هەبێت، لەبەرامبەردا، ئەردۆغان بۆ ئەوەی تاجی سەرۆک کۆمارێکی مەزن بکاتە سەری، دەبێت هەڕەشەکانی لەدژی ڕۆژاڤا خاو بکاتەوە و لەگەڵیان بسازێ، بەپێچەوانەوە، جگە لە فڕۆکەی بۆینگ، ئەردۆغان شتێکی دیکەی دەستناکەوێت.
سەرچاوە
https://www.reuters.com/world/israel-lobbies-us-keep-russian-bases-weak-syria-sources-say-
https://www.middleeastmonitor.com/20241111-israel-fm-calls-for-strengthening-ties-with-minorities-in-the-middle-east-especially-kurds/2025-02-28/
https://en.ilsole24ore.com/art/turkey-will-buy-usa-boeing-planes-and-f16-and-f35-fighters-shopping-list-AHcsdHkC