نەوزادی موهەندیس: كاریگەرییە ئەرێنییەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشكرایە كێشە و گرفتە دارایی و یاسایی و دەستوری و ئیداریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە 10 ساڵی ڕابووردوو بە جیا لەگەڵ بوون و بەردەوامبوونی كێشە و گرفتە سیاسیەكان لەنێوانیاندا هەر لەساڵی 2003وە. هەموو ئەو كێشانەش ڕاستەوخۆ كاریگەری نەرێنی و زۆر خراپیان كردۆتە سەر پێگە و ناو و ناوبانگی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و گوزەرانی هاوڵاتیان بە پلەی یەكەم و تەواوی كەرت و بوارەكانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەی هەرێمی كوردستان.بۆیە گرنگبوو كە ئیدی سنورێك بۆ ئەم درێژەدان و بەردەوامبونەی كێشەكان دابنرێت و چیدی هاوڵاتیان و بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی و دواتریش تەواوی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ڕزگاربكرێت لە بێ مووچەیی و برسێتی و نانبڕین و گەمارۆیەكی نامرۆڤانەی ئابوری لەلایەن هەردوولای هەرێم و بەغدادیشەوە.
بەتایبەتیش دوای ڕاوەستانی پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە 25 /3/ 2023دا بەبڕیارێكی دادگای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، كە بەم بڕیارە ئیدی هەرێمی كوردستان تاكە سەرچاوەی داهاتە زۆر و زەوەندەكەی كە نەوت بوو لەدەستیدا و قەیرانە دارایی و ئابوریەكەش هێندەی تر توندبۆوە لەسەر حكومەت و هاوڵاتیان، چونكە نەدەتوانرا مووچەی مانگانەی مووچەخۆران لەكات و ساتی خۆیدا دابەش و دابینبكرێت. بۆیە هۆكاری هێز و پێزی هەرێم وشك كرا و ئیدی بەناچاری كەوتە گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی بەغداد و كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە. دوای ئەوەی كە بەبڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیش لەلایەك پڕۆسەی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی دەساڵەی بەنا دەستوری لە قەڵەمدا و دواتریش یاسای نەوت و غازی ژمارە 22 ساڵی 2007یشی هەڵوەشاندەوە.ئیدی بەغداد بە بڕیارێكی یاسایی باڵا جارێكی تر شادەماری داهاتی هەرێمی دووبارە بڕیەوە.
لە ئێستادا و دوای 2ساڵ و 6 مانگ و 2 ڕۆژ لە 27/9/2025دا پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەكاتژمێر 6ی سەر لەبەیانی دەستیپێكردوە دوای ڕێكەوتنی سێ قۆڵی بەغداد و هەرێم و كۆمپانیا نەوتیەكان و دواتریش توركیا كە چوار لایەنی سەرەكی پڕۆسەكەن. ئەم بڕیارە زۆر گرنگ و هەستیار و ژیارییە بۆ هەموان و كاریگەری زۆر گەورە و گرنگ و ئەرێنی دارایی و ئابوری و تەنانەت سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ هەر چوار لایەنەكە و بەتایبەتیش بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
كاریگەرییە ئەرێنییەكان بۆ هەرێمی كوردستان:
• هەرێم دەبێتەوە بەخاوەنی پشكی خۆی لە داهاتی نەوت و بەشە بودجەی ساڵانەی خۆی نەك هەر بەتەنها بۆ مووچە، بەڵكو بۆ هەموو سێكتەرەكانی تری ناو یاسای بودجە كە بڕێكی كەم نیە و ڕێژەكەی 12.67%.
• گرنگترین كار و دەسكەوت بریتیە لە دابین و دابەشكردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم لەكات و ساتی خۆیدا دوور لە لێبڕین و دواكەوتن كە كێشەیەكی گەورەی حكومەتی هەرێم بوو كە نەیدەتوانی ئەو ئەركە سەرەتاییەی خۆی جێبەجێ بكات و ئیحراجیەكی زۆری ڕووبەڕووئەبۆوە.
• پڕۆسەی گەشە و ئاوەدانی ڕوودەكاتەوە هەرێم لە هەموو كەرت و بوارەكاندا كە چەندین ساڵە لێی بێبەش بوە، لەڕێگەی ئەو بەشە بودجەیەی بۆ پەرەپێدانی هەرێمەكان تەرخان دەكرێت و تەنانەت لەو قەرزە نێودەوڵەتیانەش كە دەدرێن بە حكومەتی عێراق.
• هەلی كاری زۆر بۆ گەنجانی هەرێم دەڕەخسێتەوە، دوای ئەوەی كە زۆرێك لەو هەلی كارانە ڕاگیرابوون بەهۆی كارنەكردنی كۆمپانیا نەوتیەكانەوە.
• بوژانەوەی بازاڕی ناوخۆیی هەرێم بەهۆی دروستبوون و سەرلەنوێ كەوتنەوە كاری ئەو كۆمپانیایانە كە بە سەدان و هەزاران هەلی كاریان ڕەخساندبوو و بەشێكی زۆی پێداویستیەكانیان لەناو بازاڕەكانی كوردستاندا دابیندەكرد.
• ئەم بڕیارە و دەستپێكردنەوەیە، دەبێتە هۆكارێك بۆ سەرەتای چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشە هەڵپەسێردراوەكان و كەڵەكەبوەكانی تری نێوان هەرێم و بەغداد.
• وەك دەوترێت ((كاسەی پڕ ئاشتی ماڵە))، هەربۆیە ئەم بڕیار و دەستپێكردنەوەیە دەبێتەمایەی جێگیری سیاسی لەنێو هەرێم و عێراقدا و ئەوكاتیش ڕەنگدەداتەوە بەسەر هەموو لایەنەكانی تری ژیانی كۆمەڵگای كوردەواریدا لە ئاسایش و كۆمەڵایەتی و… هتد. چونكە زۆرێك لەكێشە و گرفت و تاوانەكان بەهۆی نەبوونی ئابوریەكی جێگیری تاك و خێزانەكانەوە سەریانهەڵدابوو.
خاڵە ئەرێنیەكان بۆ عێراق:
بەدڵنیایی داهاتی نەوتی عێراقیش زیاد دەكات، چونكە گەر ڕۆژانە بڕی 400هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە ئایندەدا بفرۆشێرت و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەتی عێراق كە بڕكەی بە نزیكەیی لە مانگێكدا 720ملیۆن دۆلارە بە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و ساڵانەش دەكاتە 8 ملیار و460 ملیۆن دۆلار، كە بڕیكی كەم نیە و هاوبەشیەكی باش دەكات لە دابینكردنی مووچە و بودجەی گشتی وڵاتدا. چونكە بەنرخێكی بەرزتر لەلایەن كۆمپانیایی سۆمۆوە دەفرۆشرێت.
عێراق بەو پێیەی دووەم بەرهەمهێنەرە لە ڕێكخراوی ئۆپێكدا دوای سعودیە و ڕۆژانە بڕی 4,6ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت و لەوبڕەش 3.3 ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە هەناردەدەكات و بەم بڕەی هەرێمیش هێندەی تر زیاتر دەكات. هەربۆیە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە مایەی زیادكردنی داهات و گەشە و بوژانەوەی زیاتری ئابوری و ئاوەدانیش دەبێت.
بەدڵنیاییەوە لەڕووی جێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیشەوە عێراقیش وەكو هەرێم دەسكەوتی گەورەی دەستدەكەوێت و ئەمەش بۆ قۆناغی ئایندەی دوای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت لە عێراق و هەرێمیشدا ڕەنگدانەوەی گەورەی دەبێت بەتایبەتیش كە مەترسیە ئەمنیەكانی ناوچەكە ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر و مەترسیدارتر دەبن.
خاڵە ئەرێنیەكان بۆ كۆمپانیا نەوتیەكان:
• ئەم كۆمپانیانەش كە لەلایەنی تەكنیكی و بەرهەمێنانەوە پسپۆر و باڵادەستن و لایەنێكی سەرەكی بڕیاردەرن لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمدا،دەسكەوتی مادی گەورە وەدەستدێننەوە و بۆ چەندین ساڵی تر كارەكانیان پەرەپێدەدەن.
• قەرزەكانیشیان دەستدەكەوێتەوە بەكاشبێت یان بە نەوت بێت و خەرجیەكانیشیان لەسەر كەم دەبێتەوە.
• ئەوە لایەنی توركیاش بەهەمان شێوە دەبێتە خاوەنی بڕێكی زۆرباشی داهات بەهۆی گواستنەوەی نەوتەكەوە بەخاكەكەیدا كە بۆ هەر بەرمیلە نەوتێك داوای 3-5 دۆلار دەكات.
بەم شێوەیە ئەم ڕێكەوتن و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، بڕیار و ڕێكەوتنێكی گەورە و گرنگ و كاریگەرە بۆ هەموان و بۆ سەر تەواوی كەرت و بوارەكانی ژیان و بەتایبەتیش بۆ سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و مووچەخۆران. بەهیوای ئەوەی جارێكی تر هەڵە و بڕیارە سیاسیە تاكڕەو بێ پلانەكان دووبارەنەبنەوە و هەرێمەكەمان لە مەترسیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكان دووربخرێنەوە و هاوڵاتیانیش ژیان و گوزەرانێكی پڕ شكۆ و كەرامەت بەرنەسەر.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی