یوسف محەمەد بەرزنجى: جوانى مێژوو، لە وەرزەکانى بەرنگاریدا.

تێچاندن
ئەمڕۆ سۆشیال میدیا بەهەموو جۆرو ڕەنگێک بەشێکى زۆرى بەرفراوانى بۆتە خاشاکى ڕۆژگارو جوانییەکانى ژیان و مێژوویان شێواندووە، کۆمەڵێک خەڵکى نێو میدیا بەگشتيى زۆرێک کاریگەرى بەرچاویان هەیە لەشێواندنەکانداو تێکدانى هزرى بەشێکى کەسانى نێو کۆمەڵگەو کاریگەرى بەرچاویان وەک تارمایى بەسەر گەنجان و خۆشباوەڕانى نێو کایە ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانەوە هەیە، زۆرێک لەو کەسانە هەر ڕۆژێک لەسەر فاک و فیکێک و بالۆریەکن و مەبەستیان تەنیا تێکدانى ئارامى و ئاسودەیی خەڵک و دەستکەوتنى بڕێک ماددەیەو هیچ بەهاو سودێک لە مەبەستەکانیاندا نیەو هیچ بیروباوەڕو هزرێک لە بەهاى مرۆڤایەتیاندا نییە! ئەوان لە ناو میدیادا بە ئاراستەو شێوەیەک کاردەکەن و نێوەندەکە قۆرخدەکەن کە بەلایانەوە گرنگ نییە کۆمەڵگەو نەوەکان بەکام ئاقارو ئاراستەدا دەڕۆن و بەرئەنجامم بەچیدا دەکەوێتەوەو خەڵک توشى چ دۆزەخ و کارەسات و سەرگەردانیەک دەچێت و بەمەش دەیانەوێت ڕەوتى مێژوو ڕووداوەکان سەرەو بن بکەن و بەهۆکارى مەبەستدار لە بەرچاویى نەوەو گەنجانى بخەن و خەڵک و خۆشیانى پێوە ناشیرین بکەن.

(وەرزەکانى بەرەنگارى)
ئەم کتێبە بیرەوەرى بەڕێز(شۆڕش ئیسماعیل) پێشمەرگەو تێکۆشەرێکى دێرینە، خاوەنى ئەزمۆن و شارەزاى چیاو لوتکەو دۆڵو گوندودەشتەکانى گەرمیان و کوێستانە، بیرەوەرییەکانى(٧٦٣) لاپەڕەى قەبارە گەورەى وەزیریییە، (مێژووى ڕووداو و بەسەرهاتەکانى تەمەنى خەبات و پێشمەرگایەتیم تاساڵى ١٩٨٥ـــ بەرگى یەکەم) کتێبەکە لە چاپخانەى کارۆى سلێمانى ساڵى ٢٠٢٥ بەشێوەیەکى جوان چاپکراوە، شایانیی ئەوەیە خوێنەران ئەوانەى حەزیان بەمێژووى زارەکى و گێرانەوەیە بیخوێنەوە، کتێبەکە پشتى بەیادگەو خەیاڵى گێڕانەوە لە تۆمارکردنى ڕوداو قەوماوەکان وەک مێژووى دەڤەرو ناوچەکە بەستووە، ئەم مێژووەش دەتوانین لە ساڵى ١٩٥٠ــ ١٩٨٥وەک بەرگى یەکەم سەیرو دیارى بکەین.

ژیان لە شاردا
بەڕێزشۆڕش ئیسماعیل، دەسپێکى مناڵى و گەنجى لە شارى سلێمانى و گەڕەگى مەڵکەندى و گۆیژەو پیرمەنسور حاجى حان و شێخ محێددین، بەڕێکردووە یان گوزەراندووە، ساڵى ١٩٧٤ بۆتە پێشمەرگە، پلەکانى پێشمەرگایەتى تا سەرتیپ و ئەندامى مەکتەبى عەسکەرى و لیێپرسراوى مەڵبەندو مەکتەب و تا وەزیرى پێشمەرگە بڕیووە.
برایەک و باوکى بەدەستى بەعسییەکان شەهیدکراون، ئەوان خێزانێکى مام ناوەندو خوێنەوار بوون، زۆرێک لەخەڵکى سلێمانى دەیان ناسێت. زۆرێکمان ئەوانەى حەزیان لەمێژوو خوندنەوەیە، زۆرێک لە ياداشتيى هونەرمەندان و شاعیران و نووسەران و کەساتییە سیاسیى و ڕۆشنبیرو کۆمەڵایەتییەکانمان بینیوەو خوێندۆتەوە جا ناوخۆیى، یان جیهانى بێت. هەر لە بیرەوەرییەکانى وەفایى، ڕەفیق حلمى، ئەحمەد تەقى، ئەحمەد خواجە، تابیرەوەرییەکانى زۆرێک لەپێشمەرگەو کەسەیەتییە جۆربەجۆرەکانى دیکەش، زۆرێک خۆیان بەقارەمانى ناو ڕووداو کارەساتەکان دەنرخێنن، زۆرێکى تر لە پەرواز و دورەپەرێزی و بێلایەندا خۆیان خستۆتە ناو مێژووى کارەسات و قەوماوەکانەوە، لەبیرەوەرییەکاندا هەندێکیش خاوەن بڕیاو سەرکردەو کاربەدەست بوون، دەبنە فریشتەو وەک پەڵە هەورێکى خەیاڵ ئامێزى ناو چیرۆک و ڕوداوەکان دەردەکەون، وەک نەبایان دیبێت نەباران، بیرەوەرى و مێژووى زارەکى بەلاى گەلان و میللەتانەوە زۆر گرنگ و پڕبایەخن، دەبێت کارەسات و ڕووداو قەوماوەکان بێ ڕوتوش و پێدا گوتن و قەبەکردن و وشە فڕێدان، وەک خۆیان بە تێڕوانینى واقیعبینانە بگێڕدرێتەوەو تۆمار بکرێت، نابێت مافى کارەکتەرو بەشداربوانى نێو ڕووداوەکان و قەوماوەکان فەرامۆش بکرێت، یاخود لەپەراوێزدا لێیان بدوێین، تۆمارکرکردنى بیرەوەرى و یاداشت گەر لەهەلومەرج و کاتى خۆیدا هەنێ سەرە قەڵەمى لێتۆمار، یان یاداشت بکرێت، وەک مێژوو زۆر پێویست و گرنگ و بەسوودە، گەر پشت بەیادگە و بەڵگەنامەو کاتى دواتر ببەسترێت دەبێت بەویژدانەوە بابەتەکان تۆمار بکرێت و مافى گشتى وتاک فەرامۆش و خۆلە گێل کردنى تێیدا کەمبێت، دیارە پاشان مێژوو لەلێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانى رەحم بەخاوەنى یاداشت و بیرەوەرییەکان ناکات و بە کۆرەبابایدا دەچێتە خوارەوەو دەیخاتە ناو دادگاو ترازووى مێژووى ئایندەوەو توێژینەوەو لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنى وردى بۆ دەکات.

ئەم بیرەوەرییانە
ئەم بیرەوەریانەى بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەو، هاوڕێکانى ئەو وەک مێژووى زارەکى و یاداشت و بیرەوەرى کە چاپکراون و دیتومانن، زۆر پێویست و گرنگ و بەکەڵکن، چونکە ئەم بیرەوەریانەو ئەوانى دیکەش قۆناغ و هەلومەرجى سیاسیى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى ئەوێ ڕۆژانى ساڵ و وەرزە جیاوەزەکانى گەلەکەمان دەخەنە ڕوو وێنە ئەو ڕۆژە سەختانەى گەل و نیشتمانەکەمان پێدا گوزەرى کردووە، وەک مێژوو بەرچاو ڕونی و ڕێنمایمان دەکات، نەوەکانى ئێستاو ئایندەش کە بەو دۆخ و مێژووەدا گوزەریان نەکردووە، دەتوانرێت بەهۆى بیرەوەرییەکانەوە ئاشنابن، تێبگەن ئازارو نەهامەتى و ڕۆژە سەخت و دژوارەکان چین، برسێتى و کاولکردنى گوندو شارۆچکەو دروستکردنى ئۆردوگا زۆرە ملێکان و سوتماککردن نیشتمان لەکام مێژوو سەدەدایە، ئەنفال و کیمیاباران و گواستنەوەو وێرانکردن لەکام مێژوو قۆناغدا دەکەونە نێوەندى مێژووى گەلەکەمانەوە.

وەرزکانى بەرەنگارى
ئەم کتێبە زمانێکى سادەو جوانى گێڕانەوەى هەیە، نووسەر پێشمەرگەى ناو ڕوداو قەوماوەکانە، لە شارو گوندەکاندا، تا ئەم تەمەنەى خۆى قوربانى گەورەى بۆ نیشتمان داوە، بەزمانى شارو گوند، دۆخى ئەوێ ڕۆژێمان بۆ دەگێڕتەوە، لە ساڵى ١٩٧٤ــ ١٩٧٥ کەوتۆتە ناو ڕوداوەکانەوە خۆى شایەتى مێژوو قۆناغەکانە تا ساڵى ١٩٨٥، خۆى فەرماندەو هاوڕێى سەرکردەکانە، بەزمانى سادەو ساکار دەدوێت و پلار و ناشیرین کردن ناگرێتە بەرو، بەرانبەر بەهاوڕێ و سەرکردەکانى بەجوانى شیتەڵى ژیان و گوزەران لەگوندەکان و شارەکان دەکات، مافى داوە بەخەڵکى گوندو ژیان و گوزەران و موعانات و خەم و ئازارو شەونخونیانى بەهەندو بەڕێزەوە باس دەکات، هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەوەفاوە دەنرخێنێت، بەوردى باسى ئەو خێزان وکەسایەتیانەى گوندەکان دەکات کە لە چایەکەوە لەدەمى خۆیان گرتۆتەوە تا جل و بەرگ و جۆرها یارمەتى ماددى و مەعنەوى تر کەپێشکەشى ڕۆڵەکانیان کردووە، هەمیشە پێشمەرگەو خەڵک لەئامێزى میهرەبانى یەکترا بوون بێ یەکترى نەبوون و نەژیاون، ئەو جوانى و میهرەبانى خەڵک و گوندو چیاو ڕووبارەکان وەک تابلۆیەکى ڕەنگین باس دەکات و بەقەڵەمەکەى وێنەى کێشاوە، ئەو و هاوڕێکانى خۆیان بەقەرزاربار و میهرەبانى خەڵکى گوندەکان دەزانن، مێژووى ئەو ڕۆژگارەمان بەجوانى بۆ دەگێڕێتەوەو باسدەکات و پێی وایە ئەو مێژووە بەڕەنگاو ڕەنگى و جوانى دەمێنێتەوەو کەس بە ناشیرنکردن و شێواندنى قازانج ناکات.

سەردەمێکى دژوارو سەخت
لەم بیرەوەریانەدا زۆر بەجوانى و سەنگینى وەک فۆتۆگرافەرێک وێنەى ڕوداو کارەسات و سەختییەکانى ئەو ڕۆژگارەى چرکاندووەو بۆى تۆمارکردووین، هەر لەدڵڕەقى بەعس و هاو ئاوازەکانى کە جاش و جاسوسەکانن و هاوکارەکانیان چ ئازارێکیان هەر لەماڵ وێرانکردنەوە تا قەڵاچۆکردنى خەڵک و بێپاساوهێنانەوە وێنە گرتووەو خستونیەتە بەردەم مێژوو خوێنەرو لە پەرەگراف و دەستە واژەکاندا ڕەنگى داوەتەوەو بەڕاستگۆیانە لێی دواو ڕوداو کارەسات و قەوماو فرمێسک و خوێنى لە یاد نەکردووە کە بە سەر ڕۆڵەکانى گەلەکەیدا هاتووە، کەواتە خۆى نەکردۆتە پاڵەوان و خەڵک بەسەربازى بەردەمى، بەڵکو بەڕاستگۆییەوە ڕوداوەکان و شەڕەکان و خیانەت و تەسلیمبوونەوەو ملکەچى زۆرێکى وەک مێژوو خستۆتە بەردیدەو وەک گوێزى پاکراو لەمێژووەکە وەک خۆى لێی دواوە. بابەتەکانیشى قەبە نەکردووە، بەڵکو گێڕانەوەکان واقیعین.

مێژووى هاوڕێکانى
چۆن لەبیرەوەرییەکانیدا باسى گوند و خەڵکى شارى گێڕاوەتەوەو لەژیان و گوزەران و هەلومەرجى ئەوێ ڕۆژان دواوە، ئاواش زۆر بە بایەخ و ڕێزو نەوازشەوە لەپێشمەرگەو فەرماندەو هاوڕێکانى تواناو ژیان و گوزەرانیان بەشداریان لەدۆخ و شەڕو ئازارو نەبوونى و کەمیین و هەڵوێستیان لەبەرانبەر دوژمن و سەربازو پیاوخراپ و جاشەکاندا وەک هەستکردن بە لیپرسراوێتى و ئەرکى مرۆڤ دوستانەى خستۆتەڕو تەنانەت لەبەرانبەر خیانەت و تەسلیم بونەوەوزمانێکى جاش و سەربازەکاندا، بە زمانێکى سادەو ساکارو نەرم ڕووداو بەسەرهات و شەڕەکان دەگێڕێتەوە، تەنانەت وشەى ناشیرین و بێزراو لەکاتى ناخۆشى و شەڕو وێرانکردن و سوتانى گوندەکاندا لە دۆخى شەڕەکاندا بەکار ناهێنێت، ئەمەش سۆزو خۆشەویستى و سادەییى نوسەرو پێشمەرگە و فەرماندەى ڕاستەقینە پیشاندەدات و دەیخاتە ڕوو، هەندێ شەڕو ڕوداو چۆن باسکراوە ئاواش گێڕانەوەى بەسەرهات و قسەى پێکەنین ئامێزو کەسانى قسەخۆشى تێهەڵکێشى بابەتەکان کردووەو تەشویق و خۆشى بۆ خوێنەر فەرامۆش نەکردووە و لەبێزارى ڕووداوەکان دوریان ئەخاتەوە.

سەرنج و تێبینى بۆ ئەم بیرەوەرییانە
سەرنج و تێبینى نەک لە سەر کتێب، بەڵکو لە سەر بابەتێکى ئاسای گرنگە و بۆ دەوڵەمەندکردن و ڕاستکردنەوەو گرنگى پێدانە، بەڵام تەشەرلێدان و بچوکردنەوەى نوسەرو بابەتەکەو بەهەند وەرنەگرتنى و دەرچوون لە ڕەخنەى واقیعى بێپرنسیب و تەندروست و لە سنور تێپەڕین کارێکى خراپەو لە گرنگى نوسەرو ڕەخنەگر کەم دەکاتەوە، من لە خوێندنەوەى کتێبەکەدا هەندى بارى سەرنجم لادروست بوو بەهیوام، لە خزمەتى کتێبەکەو نوسەردابێت و سودى گشتى تێدابێت.
یەکەم/ ڕێزبەندى بۆ گێڕانەوەى مێژووى زارەکى پێویستە، بۆیە ڕێزبەندى و قۆناغە مێژووییەکان لەم بیرەوەریانەدا کەمەو تێکەڵاوە، یان زۆر کەم ئاماژەى پێدراوە.
دووەم/ زۆرترین بیرەوەرییەکان ساڵانى ١٩٧٦ ،١٩٧٧ ،١٩٧٨…ى لەخۆ گرتووە، کە کەمترین ڕوداو هێزو تواناى پێشمەرگە لە و ساڵانەدا دەردەکەون، بەڵام ساڵانى هەشتاکان تا هەشتاوپێنج کە زۆرترین ڕوداوى تێدایە ڕووى داوە کەمتر باسکراوە.
سێیەم/ باسى ڕوداوێک کارەساتێک دەکات، یان کەسایەتییەک پێشمەرگەیەک، فەرماندەیەک ناوى شاردۆتەوە، یان خۆى لێبواردووەو فەرامۆشى کردووە، جگەلەوەى ڕوداوەکە زیاتر لەچل ساڵ بەسەریدا گوزەراوە.
چوارەمین/ باسى ڕێکخستنی شارەکانى زۆر بەکەمى کردووە زۆر گرنگى پێنەداوە، لەکاتێکدا ئەرکى ڕێکخستنى شارەکان و تێکۆشەرەکانى هیچى کەمتر نییە لەخەبات و تێکۆشانى پێشمەرگە، جگەلەوە خەباتى نهێنى زۆر سەخترە لەخەباتى پێشمەرگەو ئاشکرا، پێشمەرگە لە ناوچەى ئازادو شاخدا بوون.
پێنجەمین/ کەرتى ژنان لەڕێکخستنەکاندا بەتایبەتى دواى ساڵى هەشتاکان برەوى پێدراوەو دامەزراوە، بەنمونە کەرتى شەهید(لەیلا) بەڵام ئەو لەلاپەڕەى سەرەتادا لێى دواوەو گرنگى پێداوە.
شەشەمین/ هیچ نامە، بەڵگەنامە و بروسکەو بەیاننامەو نوسراوێک، پشت پێبەستن بۆتۆکمەیی بیرەوەرییەکان بەکار نەهاتووە ئەمەش لاوازى لەگێڕانەوەدا دەخاتە ڕوو،کەواتە پشتبەستن بەبەڵگەنامەى نوسراو زۆر گرنگە بۆ هەموو مێژووە نووسراوەکان.
حەوتەمین/ وردەکارى کۆبوونەوە، هێرش و پەلاماردان، بۆسەنانەوە، هاتنە ناوشار، گەلێک ڕووداو پێویستى بەکەشفکردنى وردەکارى و پشتەوەى بابەتەکەو نهێنییەکانى هەیە تا خوێنەر مێژوو نهێنییەکانى بزانێ، چونکە بۆ خوێنەر گرنگە، نەک ڕووکەشى بابەتەکە.
هەشتەمین/ گێڕەرەوە هەر پشت بەمەدح و سەناو پێداگوتن و پێداهەڵدان دەبەستێت، ڕەخنە دەستنیشانکردنى کە موکورتییەکان و کێشەکان لەگوندو ناوپێشمەرگەدا ناخاتە ڕوو، تەنانەت کێشە سیاسییەکان، کۆمەڵاتییەکان وەک کەلتوورو دابوونەریتیش.