شــــــوان خورشــــــید: درۆی کاندید دەبارێت.
کاتێک باران بە ڕێژنە دەبارێت بە تایبەت لە وەرزی زستان و سەرەتای بەهار، ئەو ڕێژنە بارانەی زۆر بەهێزو پڕتاو دەبارێ، پێی دەوترێ; باران شەستە دەکات، یان شەستە بارانە. بەو مانایە ڕادەی باران بارین بە جۆرێکە کە لە چرکەیەکدا شەست جار دادەکاو بڕەکەی ئەوەندە چڕە هەست بە نێوان و جیاوازی دابارینەکەی ناکەیت. ڕێک وەک و بانگێشەی هەڵبژاردنەکەی لەمەڕ خۆمانە، کە دەبینین لە وەرزی هەڵبژاردن و کاتی بانگێشەی هەڵبژاردندا، درۆی بەربژێرەکان شەستە دەکات. ئەوەی هەیانەو نیانە تەنها وەعدو بەڵێنی درۆیە بۆ دەرچونیان و گەیشتن بە بزنسی سیاسی و خۆدەوڵەمەند کردن. گەر نا هەموان دەزانن لە شەش خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و لە چاوەڕوانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، با لە لایەنە عێراقیەکان بگەڕێن، لێرەدا هەقمان بەوان و بە بەڵێن و گفت و بەرنامەیانەوە نیە، ئەمەوێ قسە لەسەر نوێنەرو کاندیدانی کورد بکەم ئایا لە پێنج خولی پێشو لە چاوەڕوانی خولی شەشەم کە بڕیار وایە 11/11داهاتوو بەڕێووە بچێت، کاندیدو لایەنە سیاسیەکانیان چی لە توێشەبەرەیاندایە، دەتوانن ئەم بارودۆخە چەق بەستوەی خەڵکی کوردستان بە چ ئاقارێکدا بەرن و تا چەند ژیانی خەڵک چاک بکەن. وەک ئەوەی کە نەیانکردوە و ناشی کەن.
ڕۆژی هەینی 10/ 3 وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتی بانگێشەی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند بە شێوەیەکی فەرمی هەرچەندە زیاتر لە دوو مانگە دور لە ئەتیەکیەتی هەڵبژاردن و یاساو ڕێسای هەڵبژاردن بانگێشە بە شێوەیەکی زۆر ناشارستانیە دەستی پێ کردوە. بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارو هەڵوەستە لەسەر کردنە ئەوەیە; دایبنێ هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆی بەسەرکەوتویی بە ئەنجام گەیش، کاندیدو لیستە جەماوەریەکان سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، دەپرسین ئایا چی لە بارودۆخەکە دەگۆڕن، ژیانی خەڵک بەرەو کوێ دەبەن، چونکە هەموو حیزبە سیاسیەکان بە حیزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە هیچیان پێ نیە بۆ باش بونی ژیانی خەڵک پێشخستنی نیشتمان. نەک ئێستا پێشتریش هەر لە سەرەتای مۆدیلی هەڵبژاردنەکانەوە، کاندیدەکان و حیزبە خاوەن کاندیدەکان بەرنامەیان نەبووە تا لەسەر ڕاستی بەرنامەو پڕۆژەیان بتوانن دەنگی پێویست دەستەبەر بکەن تا بگەن بە پەڕلەمان. ئەوەی هەبوە درۆو بەڵێنی درۆی بێ شومار بوە بە خەڵکی ماڵەو ماڵ کردن بوە بە پێدانی بەڵێنی پڕ لە درۆ تا توانیویانە لەو رێگایەوە بگەن بە کورسی پەڕلەمان و ئمتیازەتەکانی پەڕلەمان، کاتێکیش گەیشتونەتە کورسی دەسەڵات لە هەموو بەڵێنەکانیان پەشیمان بونەتەوە. خەڵک هەیە لە یەکەم خولی پەڕلەمانی، پەڕلەمانتار نەبوبێت و پێشوو تر هیچی نەکردوە یان بۆی نەکراوە لەم خولەش حیزبەکەی کاندیدی کردوەو داوا لە دەنگدەرانی دەکات دەنگی پێ بدەن تا دەگاتە کورسی نوێنەرایەتی و خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات، وەک ئەوەی پێشتر دەس و پێی بەسترابێت. بەڵام ئەمجارەیان وەک ئەوەی جیاواز بێت دوبارەو چەند بارە بە فریودانی خەڵک و بەڵێنی پڕ لە درۆ، خەڵک و دەنگدەر فریو دەدەن و لە خشتەیان دەبەن، لەسەر قورسایی شانیان بگەنە بزنسی سیاسی پەڕلەمانی.
بەڕاستی لە کێبرکێی هەڵبژاردندا حیزبە سیاسیە براوەکە دەیەوێت لەڕێی زۆرترین کورسی پەڕلەمانی پێگەیان لە حکومەت بەهێز بکەن بۆ بەرژەوەندی و دەسکەوتی حیزبی خۆیان نەک بۆ خزمەتکردنی دەنگدەرەکانیان، کاندیدە دەرچوەکانیش گەرەکیانە لە چوارساڵی ئەندامەتیان لەڕووی مادیەوە خۆیان تەکمیل بکەن و دواجاریش بەخانەنشین بونیان داهاتویان بنیات بنێن تا لە ژیاندا مابێتن، سا ئەگەر دەزگای پەڕلەمانی موچەکەی وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی ببوایە و خانەنشینی نەبوایەو یان ئەگەر بشبوایە شتێکی ڕەمزی ببوایە، ئەبوایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورسیانە کرێکاری بیانی لەفلیپینی بە گرێ بەست دابنێن، چونکە بناغەکەی بە گەندەڵی بنیات نراوە، شەڕێکی سەخت بەرۆکی بانگێشەی هەڵبژاردنی تەنیوە.
لایەنە سیاسیەکان بە حیزبی دەسەڵات و ئۆپۆسزیۆنەوە مەبەستم لایەنە کوردیەکانە هیچ پڕۆژەو بەرنامەیەکیان نیە، ئەوەی هەیانە دەیانەوێ لەڕێی خەڵکەوە بگەنە دەسکەوتی خۆیان و خەڵکیش وەک و گەمژە ببینن. گەر وا نیە ئەوە شەش خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان جگە لە نەهامەتی بۆ خەڵک چیتان کردوە، پێنج خولی ڕابردوو لە چاوەڕوانی خولی شەشەمیش چیتان ئەبێ، کام بارودۆخ چارەدەکەن، ژیانی خەڵکی بەرەو کوێ دەبەن، یان هەر ئەوەندە خەڵکیتان بەلاوە گرنگە تا گۆڵی خۆتان بکەن و بگەنە دەسەڵات. پاشان تا چوار ساڵی تر لە کۆگایان سەفتە کەن.
پێم وایە ئەگەر تا ئێستا بەو شێوەیە هێناوتانە، بەرژەوەندی نیشتیمانیتان کردۆتە چەکی کاریگەری خۆتان و خەڵکی پێ چەواشە دەکەن، خەریکە درەنگ دەبێت و ئیتر خەڵکی هوشیارە تێدەگات کە ئەوەی دەیڵێن پێچەوانەکەی ڕاستە. چونکە هەموو لایەنە سیاسیەکان جگە لە هەریسەکە بۆ خۆیان، چاوەڕێی هیچیان لێ ناکرێت و لە پاشەڕۆژ دا راستیەکان زیاتر رون دەبێتەوە، چونکە لەم دەڤەرەی ئێمەدا، هەم دیموکراسی و دەنگی خەڵک چەکەرەی نەکردوە، نە خەڵکیش تێگەیشتنی بە قەد ئەوە باڵای کردوە ڕەش و سپی لێک جودا بکاتەوە، تا نەهێڵن مشەخۆرە پیس خۆرەکان بەسەر شان و باڵی ئەواندا بچنە پانتایی بەهەشتی ژیان کردن بۆدروستکردنی جیهانێکی جیاواز بۆ خۆیان و کوڕ و خانەوادەکانیان و تۆی دەنگدەریش بۆ تیکە نانێک، مەمرەو مەژی هەر سکی خۆت بگوشی. بۆیە کاتی ئەوەیە خەڵکی بەرامبەر بە حیزب و کاندیدەکان کارنامەو پرۆژەی بوێ و دوای هەڵبژاردنیش بەدواداچون بۆ بەڵێنەکانیان بکرێت، ئەگەر وەک پێویست بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد، لێپرسینەوەیان لێ بکرێت و سزا بدرێن. بەو شێوەیە دەتوانرێ هەنگاو بەرەو دیموکراسی بنرێ و دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرایەتیش تام و مانا ببەخشێت.