محەمەد بەرزی: هەڵگرتنەوەی منداڵ.

هەلگرتنەوە و بەخێوکردنی منداڵێک، کە لە لایەن دایک و باوکییەوە ناتوانرێت پەروردەبکرێت ، ڕێگایەکە بۆ دڵنیابوون لە ئاسودەیی و دواڕۆژێکی گەشی منداڵەکە. کردارێکی یاساییە، کە بەهۆی یەکێک، یان دوو هاوسەری دڵنەرمی خێرخوازەوە، خۆبەخشانە منداڵێک وەک هی خۆیان لەخۆدەگرن و دەبنە دایک و باوکی، کە لە ڕاستیدا منداڵی بایلۆژی خۆیان نییە. بەڵام بەرپرسیارێتی تەواو و مافی یاسایی پەروردەکردنی منداڵەکە لە ئەستۆ دەگرن و لە ماڵێکی پڕ ئاشتی و ئارامی و خؤشەویستیدا دەبێت بە ئەندامێکی هەمیشەیی خێزانەکەیان. واتە ئەرکی پەروەردەکردن و بەخێوکردنی وەک ئەندامێکی خۆشەویست و هەمیشەیی خێزانەکە، لە دایک و باوکێکی بایلۆژییەوە دەگوازرێتەوە بۆ دایک و باوکێکی بەخێوکەر. یان هەڵوەشاندنەوەی مافەکانی دایک و باوکی بایلۆژی، کە نەیانتوانیوە لە ژینگەیەکی سەقامگیری ئارامدا منداڵەکە بەخێوبکەن، بۆ دایک و باوکێکی بەخێوکەری دڵسۆز. بێگومان زۆرێک لە منداڵانی خێزانە زۆر داماو و هەژارەکان و ئەو منداڵانەشی لە دەزگای چاودێری و خانەی بێ سەرپەرشتاندا بەخێودەکرێن، لە سەرەتای ژیانی خۆیاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و کیشەی زۆر خراپ دەبنەوە، بەڵام بەخێوکەرانی خێرخوازان بە تەواوی بەرپرسیارییەتی یاسایی منداڵەکە، چ ئاسان و چ قورس بێت بە درێژایی تەمەنی لە ئەستۆ دەگرن. دیارە هەڵگرتنەوەش ڕەوتی ژیانیان دەگؤڕێت و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێت لە ژینگەیەکی خۆش و باوەشیکی ئارامدا زۆر بە باشی پەروردەبکرێن و گەورەببن و دواڕۆژێکی ڕووناکیان هەبێ. ئەم پرۆسەیەش سودی بۆ هەردوو خێزانەکە هەیە. لە لایەکەوە خێزانە ڕاستەقینەکەی منداڵەکە، ئاسودە و دڵنیادەبن، کە منداڵەکەیان لە دەستێکی ئەمیندایە و لە باوەشێکی پر ئارامی و خۆشەویستدا دەژی و دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک چاوەڕوانی دەکات. لە لایەکی تریشەوە خێزانە بەخێوکەرەکەش، کە هەموو هیوای ژیانیان منداڵێک بووە، لەوە دڵنیادەبن ، کە بە تەنها هەڵگرتنەوەی منداڵێک ئاواتی دامەزراندنی خێزان و خەونـی دایکایەتی و بـاوکایەتییان بــۆ دێتەدی. بەگشتیش هەڵگرتنەوە چەندین سوودی بۆ منداڵ هەیە وەک:
1- هێنانەدی خەونەکانی خێزانە بەخێوکەرەکە بــۆ پەروەردەکردنی منداڵ. ئەمڕۆش هەڵگرتنەوەی منداڵ بژاردەیەکی پەسندکراو و فراوانە ، بۆ ئەو ژنانەی منداڵیان نابێ، یان حەز لە دووگیانی و منداڵ بوون ناکەن و تەنها ئارەزووی بەخێوکردنیان هەیە.
2- ڕزگاربوون لە کێشە و ئازار و مەسرەفی دووگیانی.
3- دابینکردنی ماڵێکی پڕ لە خۆشەویستی بۆ خۆیان و منداڵەکە.
4- منداڵەکە لە جیاتی ناوی دایک و باوکی، ناوی بەخێوکەرەکەی وەردەگرێت، هەروەها بڕوانامەی بەخێوکردنی پیشکەش دەکرێت، کە جێگای بڕوانامەی لە دایکبوونی دەگرێتەوە و دەبێتە ئـەندامی خێزانە نوێی یەکە.
5- دروستبوونی پەیوەندی لە نێوان خیزانی منداڵەکە و خێزانە بەخێوکەرەکەدا.
6- دەرفەتی باشی خوێندن و خزمەتگوزاری و چاودێری تەندروستی و
دامەزراوە پزیشکییەکانی بۆ دابیندەکرێت. چانسی سەرکەوتنی لە بواری ئەکادیمی و پەروەردەیدا بەرزدەکاتەوە .
7- پشتگیریکردنێکی دڵسۆزانە لە لایەن هەردوو خێزانەکانی بەخێوکەر و بایلۆژییەوە .
8- بۆ بەخێوکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیری لە ماڵدا بۆ دابین دەکرێت، دەیپارێزێت لە تێکچوونی دەروونی، کە لەوانەیە لە سەرەتای منداڵیدا تووشی ببێت.
9- بە پێچەوانەی دەزگای چاودێری و خانەی بێ سەرپەرشتاندا، بەخێوکردنەکە پێگەیەکی یاسایی دەبێت. ئەمەش نیشانەیە کە منداڵەکە خێزانێکی هەمیشەیی و پارێزراوی هەیە. ئەمڕۆش لە وڵاتە پێشکەوتووکاندا ڕێژەی منداڵانی هەڵگیراوە ئێجگار بەرزە، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا نزیکەی 100 ملیۆن ئەمەریکیی ، منداڵێ بەخێوکراویان هەیە.
10- ئەو منداڵانەی لەگەڵ خێزانە سروشتییەکانی خۆیاندا ناگونجێن، زوربەیان لەلای خێزانە تازەکانیاندا ئەو شتانە بەدەستدەهێنن، کە دەیانەوێت.
11- ئەو منداڵانەی بەخێودەکرێن، سەرچاوەی داراییان باشترە و تووشی هەژاری نابن و دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ: گەشتکردن و وەرزش و چالاکی جیاواز.
12- لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەندێک لە خێزانە هەژارەکان، منداڵ هەڵدەگرنەوە ، تا لە ڕێگای دەوڵەتەوە کۆمەکی دارایی وەربگرن.
13- لە دواڕۆژدا کاتێک منداڵەکە داهاتووەیەکی زۆر باشی دەبێت، ئەگاتە ئەو ڕاستییەی، بە بێ ئەو دایک و باوکە بەخێوکەرانەی، ئەو کەسە نەدەبوو، کە ئەمڕۆ هەیە. هەر بۆیە زۆر بە چاکی هەست بە خۆشەویستی زیاتری دایک و باوکی ڕاستەقینەی خۆی دەکات. سوپاسگوزاریان دەبێت و دەزانێ لە کاتی خۆیدا بڕیارێکی زۆر ڕاست و ژیرانەیان داوە.
14- هەندێک لە خێزانەکان بۆ یادی هاتنی منداڵێک بۆ ناو خێزانەکەیان ساڵانە ئاهەنگی ( ڕۆژی بەخێوکردن ) دەگێڕن . ئەمەش نێشانەی شانازیی کردنە بە منداڵەکەوە. منداڵەکەش هەست بە خۆشەویستی و دڵسۆزی و پەرۆشی بێ سنوریان دەکات.
ئەوەی شایانی باسە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا شێوازێکی تری هەڵگرتنەوەی منداڵ هەیە، کە ناودەبرێت بە: ( هەڵگرتنەوەی ئاشکرا ) . لەم هەڵگرتنەوەیدا خێزانی ڕاستەقینەی منداڵەکە، دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ خێزانە هەڵگرەوەکەدا دروستبکات و سەردانیان بکەن و لە ڕێگای نامە و ئیمێڵ و تەلەفونەوە ئاگاداری بارودۆخی منداڵەکەی بێ. بەمەش منداڵەکە پشتگیری و کۆمەکی لە هەردوو خێزانەکەوە بـۆ دەستەبەر دەکرێت. لەمانەش گرنگتر منداڵەکە هەست بە نامۆیی ناکات و زیاتر متمانەی بە خۆی دەبێت، دەشتوانێت هەموو کەسوکار و مێژووی خێزانەکەی خۆشی بزانێت. پاشان خێزانەکەشی لە ڕێگای ئەو پەیوەندییانەوە لە حاڵ و گوزەرانی باشی منداڵەکەی دڵنیادەبێت.
پاشان زۆر گرنگە بۆ ئەو دایک و باوکانەی منداڵیان هەڵگرتۆتەوە، لەناو خۆیاندا پەیوەندی دروستبکەن ، تا پێکەوە باسی ئەزموونە باش و خراپەکانی خۆیان بۆ یەکتری بکەن. زۆریش پێویستە کۆمەڵگا بە چاوێکی ئەوپەڕی ڕێزەوە تەماشای ئەو خێزان و منداڵانە بکەن. تانەیان لیێ نەدەن و قسەی خراپ و تۆمەتی نەشیاو نــەدەنـــە پاڵیان و ئاژاوە و درز نــەخەنە نێوانیانەوە، تا وەک کاکە ( حەمە ) ی دراوسێمانییان لیێ نەیەت ، کە پاش چەندین ساڵ منداڵی نەدەبوو ، چووبوون لە بەردەمی مزگەوتێکدا ، کۆرپەیەکی جوانیان هەڵگرتبۆوە ، پێش ئەوەی منداڵەکە فام بکاتەوە و لە ترسی ئەوەی کەسێک بە منداڵەکەی نەڵێ: ( ئەوانە دایک و باوکی ڕاستەقینەی تۆ نیین و تۆیان هەڵگرتۆتەوە ) ، سەری خۆیان هەڵگرت و لەو گەڕەکە دێرینەدا نەمان، کە جێگای لە دایکبوونی خۆیان بوو. کەسیش نەیزانی بۆ کویێ چوون!.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم : هەڵگرتنەوە و داڵدەدانی منداڵانی هەژار وبێ نەوایان، دیاردەیەکی هیوا بەخشە و کارێکی پیرۆز و ئەوپەڕی مرۆڤ دۆستانەیە . بە تایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، کە لە کۆمەڵگاکەماندا ڕێژەی هەژاری و بێکاری ئێجگار بەرزە ، زۆریش لە خێزانەکان شێوی شەویان نییە و ناتوانن ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن.

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .