نەوزادی موھەندیس: با کێبڕکێ ئابورییەکان، جێگەی ململانێی سیاسیەکان بگرێتەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە تا پێش سەرھەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی بەھەرسێ قۆناغەکەیەوە کە قۆناغی یەکەمی لە کۆتایی سەدەی ھەژدھەمەوە وساڵی ١٧٦٠-١٨٤٠ لە بەریتانیا دەستیپێکرد بە جێگرتنەوەی ماکینە و ئامێرە بەرھەمھێنەرەکان لەجیاتی کاری دەستی، و قۆناغی دووەمیشی لەسەدەی نۆزدەھەمدا و لەساڵی ١٨٦٠-١٨٩٠ کە بە شۆڕشی تەکنەلۆجیا ناسراو و قۆناغی سێیەمیشی لە سەدەی بیستدا و لە ساڵی ١٩٨٠وە و تاکو ئێستا بەردەوامە و بە شۆڕشی ژمارەیی ناونراوە ،جیھان گۆڕانکاریی گەورە و سەرسوڕھێنەری بەخۆوە بینیوە لە ھەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و بازاڕ و زانست و تەکنەلۆجیا و سەربازی و کۆمەڵایەتیشدا. ئەم شۆڕشانە ھێندەی شۆڕشی ئابوری و پێشکەوتن و گەشەکردن بوون نیوھێندە شۆڕشی سیاسی نەبوون.ھەربۆیە لەو سەردەمەوە کە نزیکەی ٢٦٥ ساڵ دەبێت ھەژموونی سیاسەت و بڕیارە سیاسیەکان لە دونیادا ھێواش ھێواش کاریگەری و ھەژموونی خۆیان لەدەستداوە و لەبەرامبەردا کەرتی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان گرنگی و کاریگەریی خۆیان سەپاندۆتە سەر ھەموو بوارەکان بە سیاسەتیشەوەو لە ئێستادا ھێندەی کێبڕکێ ئابوری و بازاڕ و بازارگانییەکان قسەی یەکلاکەرەوەیان ھەیە لە ململانێ گەرم و ساردەکانی جیھاندا نیوھێندە بڕیارە سیاسی و سەرکردە سیاسیەکان کاریگەرییان نیە.ھەربۆیە دەبینین کە سەرۆکی کۆمپانیا گەورە نێونەتەوەییەکان کاریگەری گەورەیان ھەیە لەسەر بڕیارە سیاسیەکان و دانان و داڕشتنی سیاسەتە نێونەتەوەییەکان و تەنانەت لە لایەن سەرۆکی دەوڵەتانیشەوە پێشوازییان لێدەکرێت.
لەدونیای سەرمایەداری ئەم سەردەمەدا کە ھەموو پێوەرەکان بونەتە پێوەری مادی و دوورن لەھەموو بەھا مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و دادپەروەری و یەکسانیەوە،مرۆڤایەتی و مرۆڤبوونیش کەوتونەتە بەر ھەڕەشە و لێکەوتە خراپەکانی ئەو سیاسەت و ئاڕاستەیەوە کە مرۆڤبوون بە بوونی سەرمایەی و توانا مادیەکانی دەپێورێت نەک بە فکر و فەلسەفە و ڕۆشنبیری و کەلتوور و دابونەریت و مێژووەکانیان.ھەربۆیە ململانێ سیاسیەکان لەلایەک و لەولای تریشەوە کێبڕکێ ئابوری و بازاڕیەکانیش گەرمتر و تاقەت پڕوکێنتر بوون و زۆرێک لەوڵاتان توانای ئەو کێبڕکیێیانەیان نیە و لەنیوەی ڕێگادا پاشەکشە و شکستی خۆیان ڕادەگەیەنن.لە ئێستادا دونیا بۆتە بازاڕێکی گەورەی ئابوری بەھێزەکان وتەنانەت ژمارەیەکی کەم لەکۆمپانیا نێونەتەوەییەکانیش یان ژمارەیەکی کەمی بانکە داراییەکان کۆنتڕۆڵ و جڵەوی ھەموو چالاکییە ئابوریەکانی جیھانیان بۆخۆیان قۆرخکردوە و یاری بە چارەنووسی وڵاتان و کۆمەڵگاکانەوە دەکەن.ڕۆژ بەڕۆژ خۆیان دەوڵەمەندتر و گەلانی تریش ھەژارتر دەکەن.
ھەربۆیە وڵاتانی گەورەی پیشەسازی ئەوانیش بۆخۆیان بەتەنھا ناتوانن کە بەشداری ئەو کێبڕکێ جیھانیە مەترسیدارە بکەن، ھەربۆیە خۆیان کۆکردۆتەوە لە چەندین کوتلە و بارستەی ئابوری نێونەتەوەییدا وەکو گروپی جی -٧ و ج-٢٠ و شانگھای و بریکس و…ھتد. جا کەوابێت ئەوا گرنگە کە وڵاتانی تازەگەشەکردوی جیھانی سێیەمیش خۆیان کۆبکەنەوە و ھەریەکەیان لە کوتلە ھەرێمایەتی و ناوچەییەکاندا خۆیان ڕێکبخەن بەپێچەوانەوە دەبنە خۆراکی گروپە زلھێز و کۆمپانیا زەبەلاحە نێونەتەوەییەکان و دەکەونە ژێر پێی کاروانە بێ بەزەییەکەی سەرمایەدارییەوە.
ھەر لەم ڕوانگەیەوە،ئەرکی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە کە دەوڵەمەندن بە ھەردوو سەرچاوەی وزە لە نەوت و غازی سروشتیەوە کە بزوێنەری ماکینەی پیشەسازی و بەرھەمھێنانی وڵاتانی زلھێزی دونیان کە ئەو دوو سەرچاوەی ژیان و مان و گەشەکردنیان بەھەدەر نەدەن و ھەرزان و تاڵانفرۆشیشی نەکەن.بەتایبەتیش ئەوانەیان کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرن و ڕوو لە زیادبوون دەکەن و ئەو دووسەرچاوەیەش تاکە سەرچاوەی داھاتیانە.
یەکێک لەو وڵاتانەش عێراقە بەھەرێمی کوردستانیشەوە،کە وەکو وڵاتێکی تازە گەشەکردووی ناوچەکە و دەوڵەمەند بەنەوت و غازی سروشتی، پێویستە زۆر بەوریایی و بە پلانێکی زانستی و واقعیانەی سەردەمەکەوە مامەڵە لەگەڵ ئێستا و ئایندەی خۆیدا بکات و ئیدارە و بەڕێوەبردن و دەسەڵات و حوکمڕانیەکی ڕەشید و عاقڵانە بەڕێوەبەرێت،چونکە ئاڵنگاری گەورە و مەترسیدار ڕووی تێدەکەن،ھەر لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانکاریە مەترسیدارەکانی ژینگە لە بەبیابانبوون و کەمی ئاوی شیرین و بەرزبونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵی و وشکبوونی ڕووبارەکان و دابەزینی ئاستی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی و …ھتد.کەھەموو ئەمانە وادەکەن کە ئەو داھاتە زۆر و زەوەندەی وزەکەشی بەشی خەرجی و پێداویستیەکانیان نەکەن.
ھەربۆیە عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە گرنگە چیدی واز لە مللانێی سیاسی ناڕەوای نێوان سەرکردە و پارتە سیاسیەکان و پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیەکان بھێنن و ھەموان پێکەوە دەستبدەنە کێبڕکێیەکی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی بۆ ئەوەی لەکاروانی گەشە و پێشکەوتنە ناوچەیی و دونیاییەکان دوانەکەون ،گرنگترین ھەنگاویش لەناوخۆوە دەستپێدەکات بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان بەھاوڵاتیان و بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانیان و پێکەوەنانی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران لەسایەی سیاسەت و پلانێکی بەڕێوەبردنی زانستیەوە لە سەر ئاستی ھەموو کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئاودێری و گەشتوگوزار و مرۆیی و وزەو و پەروەردە و زانست و کەلتور و دارایی و بانکی و …ھتد. جگە لەم ھەنگاوانە،نە عێراق و نەھەرێمی کوردستانیش ناتوانن تەنانەت مووچەی مانگانەی فەرمانبەران دابینبکەن لەکاتێکدا کە نرخی نەوت و غازی سروشتی لە بازاڕەکانی جیھاندا داببەزێت، بۆیە ھەمیشە لە حاڵەتێکی ترس و دڵەڕاوکێی ئابوردا دەژین،چونکە بناغەیەکی کۆنکرێتیی بەھێزیان دروستنەکردوە،بۆیە گرنگە کە کەرتی تایبەت گەشە و پەرەی زیاتری پێبدرێت و سوود لە ئەزموون و شارەزای کۆمپانیا ناوچەیی و جیھانیەکان وەربگرن و ژێرخانێکی ئابوری بەھێز دابمەزرێنن و عێراق و ھەرێمیش بە بازاڕەکانی ناوچەکە و دونیاوە ببەستنەوە و سوود لە ھێز و دەستی کاری گەنجانەی ناوخۆ وەربگرن.بەپێچەوانەوە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی ساڵانە دەبێتە قورساییەک و مەترسیەکی گەورە بۆسەر ئایندەی عێراق و ھەرێمیش.
تەنانەت لەسەر ئاستی حیزبایەتی و سیاسەتی ناو ھەرێمیش ،گەرەکە کە دەسەڵاتداران چیدی خۆخەریک نەکەن بە ململانێی ناڕەوا و بێزەنتیەکانی دەیان ساڵەی ڕابوردوەوە و لەبازنەیەکی بۆشدا بخولێنەوە و نەخۆیان سوودی لێدەبینن و نە بۆ میلەت و کۆمەڵگای کوردەواریش بە قازانج دەبێت.بۆیە پێویستە ئەو ململانێ سیاسیە ناتەندروستانە بگۆڕن بە کێبڕکێیەکی شەریفانەی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی کە بە قازانجی ئێستاو ئایندەی خۆشیان و کۆمەڵگاکەشمان دەشکێتەوە.گەرنا ئەوا بۆ دەیان ساڵ و بگرە زیاتریش ھەر بەھەمان مێژووی ڕابووردومان لە گێژاوێکی بێ سەروبەری بەردەوام و ڕووخێنەردا دەسوڕێینەوە و وڕوکاس دەبین و دەکەوینە دوای کاروانی گەشە و پێشکەوتنەکانی دونیاوە.
ھەربەمەش دەتوانرێت متمانەی جەماوەریش بەدەسەڵات و حوکمڕانییە خۆماڵیەکەمان وەدستبێنین و جەماوەریش باش تێگەیشتوە کە چیدی وتار و بەرنامە و ململانێی سیاسی حیزب و سەرکردەکان برسێتی خۆیان و خێزانەکانیان لەبیرناباتەوە و تەنھا و تەنھا گەشە و پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژە و وەبەرھێنان ودابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی پڕ شکۆ و کەرامەتە کە دەتوانێت متمانەیان بە سەرکردە و دەسەڵاتدارەکانی توندوتۆڵتربکات.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی