نەوزاد بەندی: کۆمێنتێکم، ئیوەیش چاوێکی پیا بخشێنن.

Avatar photo

خوای گەورە ئەفەرموێ : فذكر انما انت مذكر ، واتا ئەی مرۆڤ بیر بکەرەوە، تۆ کەسێکی خاوەن بیر و لێکدانەوەیت و عەقڵت پێ بەخشراوە.
عسی ان تکرهوا شیئا و هو خیر لکم .. واتا ڕەنگە شتێکتان پێ ناخۆش بێ، کەچی خێر و بەرژەوەندیی خۆتانی تێدا بێ.
دنیا تەنها مناڵ و عەقڵسوک بڕوای پێ ئەکا و دڵی پێی خۆشە و خۆی تیا دادەمەزرێنێ ..ئەگینا پیاوی عاقڵ ئەزانێ کە دنیا تەکسییەکە، بێ ویستی خۆت دێیتە ناوی و بێ ویستی خۆت داتدەبەزێنن، بەڵام مناڵ و عەقڵ سوک بەردەوام هەست ئەکەن شتێک کە هی خۆیان نییە، هی خۆیانە و باوەشی پیا ئەکەن و بۆی ئەگرین و عاشقی ئەبن. بەڵام انسانی عاقڵ ئەزانێ چی هی خۆیەتی و چی هی خۆی نیە، بۆ نمونە گەورەترین ڕۆماننوس و دنیا بینی ڕوسیا، لیڤ تۆڵستۆی بۆی دەرکەوت ئەو هەموو ماڵ و موڵکەی کە لە باوباپیرانەوە بۆی ماوەتەوە، هی خۆی نییە، بۆیە هەمووی دابەشکرد بەسەر جوتیارەکاندا و خۆیشی کۆشکەکانی به جێهێشت و بوو بە جوتیارێک، تا مرد جوتیار بوو.
انسان نەک خاوەنی هیچ شتێک نییە، تەنانەت خاوەنی خۆیشی نییە، ئەو دەست و قاچ و چاو و نیعمەتانەی کە لە ژماردن نایەن، هەموویان بە شێوەیەکی کاتیی پێی دراون و هێواش هێواش لێی دەسەنرێنەوە.. لە دنیادا تەنها کاری چاک و عیبادەت هی خۆتە و ئەمێنێتەوە، بە پێوەری:
وَيَسْتَعْجِلُونَكَ بِالْعَذَابِ وَلَن يُخْلِفَ اللَّهُ وَعْدَهُ ۚ وَإِنَّ يَوْمًا عِندَ رَبِّكَ كَأَلْفِ سَنَةٍ مِّمَّا تَعُدُّونَ
هەزار ساڵ یان پەنجا هەزار ساڵ، ڕۆژێکی خوای گەورە بێ، ئێمە چەند سەعاتێ ئەژین، لە امتحانیشدا هەتا کاتی امتحان تەواو نەبێ، تەمەڵ و زیرەک .. ساقیت و ناجیح دیاری ناکرێن.. دنیایش بەو جۆرەیە، هەبوو ئەیووت خوایە گیان بۆچی سەدام ڕیسوا ناکەی ؟ .. ئێ هێشتا لە قاعەی امتحاندایە، مافی خۆیەتی ئەو دوو سەعاتە لە قاعەکە بمێنێتەوە.
دنیا لە هەمان کاتا خۆشە، چونکە عیبادەت و عەمەلی ساڵحت زیاد ئەکەی تیایدا، هەر بۆیە عەلی کوڕی ئەبو تاڵب ئەڵێ یەک سەعاتی دنیا ناگۆڕمەوە بە هەموو قیامەت .. وەک بڵێی دەقیقەیەکی ناو هوڵی امتحان ناگۆڕمەوە بە هەموو کاتەکانی دەرەوەی قاعەی امتحان، چونکە لەو دەقەیەی ناو قاعەکەدا ئەتوانیت پرسیارێ جواب بەیتەوە بەڵام لە دەرەوەی قاعەکە بۆت نییە هەر دەستیش بدەی لە لاپەڕەکەت، تازە تەواو ، لە قیامەتا ناتوانیت زەڕەیەک عیبادەت و ئیشی چاک بخەیتە سەر عیبادەت و ئیشە چاکەکانت.
هەر بۆیە لە سورەتی عەسردا ، خوای گەورە ئەفەرموێ انسان لە زەرەردایە تەنها ئەوانەی ئیماندارن و ئیشە چاکەکان ئەکەن و حەقبێژن و خاوەن سەبر و تەحەمولن.. بەو پێوەرە بێ لەم شاری سلێمانیەدا یەک کەس ناچێتە بەهەشت.. سەیر ئەکەی ئیمانداره و ئیشی چاک ئەکا، کەچی ناتوانێ و ناوێرێ یەک کەلیمەی حەق بڵێ و ڕێی حەق پیشانی کەس بدات.. سەیر ئەکەی هەر سێکیانی تیایە کەچی سەبری نییە و ڕەخنە لە خوا ئەگرێ ئەڵێ خوایه ئەم زوڵمە تا کەی ؟ ..سەیر ئەکەی هەر چواریانی تیایه بەڵام درۆ ئەکا، تەنها ڕوو کەشە و بۆ بە دەستهێنانی پاره و پلە و پۆستی دنیا بەکاریان ئەهێنێ..
یان بێدەسەڵاتە و هێشتا چنگی لە دنیا گیرنەبووە، بۆیە هەرچوار سیفەتەکەی تێدایه، بەڵام کە دەستی له پلە پۆستێک گیر ئەبێ، واز له هەر چوار سیفەتەکە دێنێت و ئەبێ بە فیرعەونێکی زاڵم و قێزەون، هەر بۆیه خوای گەوره ئەفەرموێت هەر بەوەندە وازتان لێ ناهێنین بڵێن باوەڕدارین، تاقیتان ئەکەینەوە، دەسەڵات و پارە و پلە و پۆستتان ئەدەینێ ..بزانین ڕەسەن و ڕاستگۆن یان ناڕەسەن و درۆزنن.
یان خەڵکێک هەن هەر چوار هەر چوار سیفەتەکەی سورەتی عەسر جێبەجێ ئەکەن ، کەچی بەردەوام منەت بەسەرخوا و خەڵکا ئەکەن، کە ئەوان وەک ئەو خەڵکە بێدینە نین و ئیماندارن و چاکەکارن و حەقبێژن و خاوەن سەبرن، خوایش ئەفەرموێ پێیان بڵێ منەتی ئیمانداریی بەسەر مندا مەکەن، بەڵکو خوا منەتتان بەسەردا ئەکا کە هیدایەتی داون بۆ ڕێگای حەق و ئیسلام ..بۆ ڕێی بەهەشت کە دوو سەعات عاقڵانە و پیاوانە و مەردانە بەسەر ببەن و دوای ئەوە بڕۆنە بەهەشتی هەتاهەتاییەوە.
ئەمەیش ڕاستێکەی تەوازونی ئەوێت، تەوازونی ئەوەی کە جۆرێ لە دنیادا کار و هەوڵ بدەین وەک ئەوەی کە نەمرین، جۆرێکیش هەوڵ بۆ قیامەت بدەین، وەک ئەوەی کە تۆزێکی تر ئەمرین ..ئەم تەوازونە وەک ئەوە وایە خەریکی دروستکردنی خانوویەک بیت هێشتا لەناو خۆڵدا بیت و بناغە لێ بدەیت، بەڵام خەیاڵیشت لای ژووری ڕوناکی پاک و جوان بێ، کە دوای تەواو بوونی خانووەکە ئەچیتە ناوی. واتا لەناو خۆڵدا ئیش بکە و دڵت بەو کۆشکە جوانانەی بەهەشتیش خۆش و پتەو بێ .. ئەمەیه ئەو نیعمەتەی کە چێژێکی زۆری هەیە.. وەک ئەوە وایە لە سجنا بیت و پێت بڵێن دوو سێ سەعاتی تر ئازاد ئەکرێیت.
ئینجا لە خراپترین حاڵەتی گوزەران و سیحەتا هێشتا نیعمەتەکانی خوا پێی داویت، لە ژماردن نایەن. پاشان ئەبێ موسوڵمان دووربین بێ بۆ پێشەوە و بۆ دواوەیش .. من دائیم ئەڵێم کە حەزرەتی ئادەم ڕەوانەی سەر زەوی کرا، دنیا چی تێدا بوو ؟
دنیا تەنها ئاو و خۆڵ و بەردی تیا بوو، ئێستا ئەم هەموو کۆشک و مەکینە و جیهاز و شتانەی کە ئەیانبینین ، هەموویان لە خۆڵ و بەرد دروستکراون.. ئەو مارسیدس و ساروخ و شەمەنەفەر و تەیارە زەخمانە، هەموویان لە خۆڵ و بەرد و ئاو دروست کراون و.. دوای ساڵەهای ساڵ ئەبنەوە بە خۆڵ .. هەر بۆیه من بەو لێکدانەوەیە و بەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە، قەت قەت هەست بە حەسودی و فەقیریی خۆت ناکەیت، بە عەکسەوە گاڵتەت بەوانە دێت کە کۆشک و جیهازی دنیایان لە خۆیان کۆکردۆتەوە، وەک ئەوە وایه به لۆری و گەڵابه خۆڵ و بەرد له ماڵەکەی خۆیاندا هەڵڕێژن.. چونکە هەموو شتێکی دنیا له خۆڵ و بەرد دروستکراوە ..هەر بۆیە وەک گەمژە و گەلحۆ سەیری ملیۆنێر و ملیاردێر ئەکەیت، ئەو خۆڵ و بەردەی له خۆیان کۆکردۆتەوە و دوای چەند سەعاتێکیش ئەمرن و هەمووی بە جێ ئەهێڵن + دادگایی و حەق و حیساب لەسەر ئەو هەمووخۆڵ و خاشاکەی له خۆیان کۆکردۆتەوە ئیتر دزیویانە یان بە فێڵ و ساختە لە خەڵکیان زەوت کردووە و حەقی خوایشیان لێ نەداوە.
هەر بۆیه پێغەمبەرمان دروودی خوای لەسەر بێ ، ئەفەرموێ: اللّهمّ ارزق محمّداً وآل محمّد، ومن أحبّ محمّداً وآل محمّد العفاف والكفاف، وارزق من أبغض محمّداً وآل محمّد المال والولد.
خوای گەوره موحەمەد و ئەوانیشی موحەمەدیان خۆش دەوێت، پاکی و ژیانێکی سادەیان بدەرێ، ئەوانەیشی دژی موحەمەدن، ماڵ و مناڵ وسامانیان پێ ببەخشە.
بە مەعنایەکی تر، داوای کردووە خوڵ و بەرد و خاشاکی زۆر نەدات بە موسڵمانان، چونکە بەو خۆڵ و خاشاکە هەم عەقڵیان سوک ئەبێ و هەم ئەبنە عەبدی دنیا و عیبادەتیان لە بیر ئەچێتەوە، هەم حەق و حیسابی ئەو هەموو بەرد و خۆڵە ناشەرعییەیان لەگەڵدا ئەکرێ.
هەر بۆیە بەهەشت بۆ اولوا الالباب ، ــە، واتا بۆ خاوەن عەقڵ ولێکدانەوەیە.. بۆ گەمژە و گەلحۆ و هەڵخەڵەتاو بە دنیا نییە. خوای گەورە لە باسی ئەوانەدا ئەفەرموێ : کە خوا و قورئانیان لە بیر کرد، دەرگای هەموو شتێکمان لەسەر کردنەوە.
ئێ سەرزەمین تەنها ئاو و خۆڵ و بەردی تێدایه، واتا ڕێگامان پێدان کە باوەش بکەن بە ئاو و خۆڵ و بەردا و ..زۆر زۆری لێ کۆبکەنەوە بۆ خۆیان..واتا ببنە ملیاردێر و ملیۆنێر وەک ئەم عەقڵسوک و بێ حەیا و بێ شەرەفانەی ئەمڕۆ لە عەلەما ئەیانبینین. دەی فەرموو بزانین چی لەو هەموو خۆڵ و بەردە ئەکەن ؟؟ ..ئەسڵەن انسانی عاقڵ ئەوەی پێ قبوڵ ناکرێ، بۆ نمونە فڵانە مناڵی حیزبیی 5 ملیار دۆلاری هەیه ،یان فیسارە سەرۆک خێڵ 80 ملیار دۆلاری هەیه، بیر ناکەنەوە لەوەی کە ئەگەر سەد ساڵی تریش بژین، ناتوانن یەک لەسەر سەد هەزاری ئەو پارەیەیان خەرج بکەن. ئەگەر بتوانن هەموویشی خەرج بکەن، باشە چ خۆشییەک لە خەرجکردنا هەیه؟ یان ئەسڵەن خەرجکردن چییە؟ گۆڕینەوەی خاشاکە به خاشاک، دۆلار ئەکەیت بە فڕۆکە واتا لەناو ناچێ و هەر باره بەسەر شانتەوە و ..هەر چاوی ملیۆنەها کەسی زوڵملێکراو و قۆڵبڕاوت لەسەره و ..حەق و حیسابە قورسەکەی قیامەتیش چاوەڕێتە .. ئەووەڵ و ئەخیریش ئەو شتە ناشەرعی و دزراوانە لە ئەساسدا خۆڵ و بەردن .. ئەو خۆڵ و بەردەی کە گەڵابەیەک بە خۆڕایی لەبەر دەرگاکەتا هەڵڕێژن، ڕازی نابیت و ئەیکەیت بە شەڕ ..دەی وەڵا هەرچی شتێک لەو دنیایەدا هەیە و خەڵکەکە خۆی بۆ ئەفەوتێنێ و خیانەت ئەکا و ڕەوشت و بەهاکانی بۆ ئەدۆڕێنێ و ئەبێ بە کۆیله و شەو و ڕۆژ هەوڵی بۆ ئەدا، لە خۆڵ و بەرد و ئاو دروستکراون ..
هەر بۆیە فەقیر و ڕیسوا ئەوەیە ڕۆژەکانی ڕۆیشتوون عیبادەت و عەمەلی ساڵح و حەقبێژیی و سەبر ی تیا جێبەجێ نەکردوون ..
فەقیر و ڕیسوا ئەوەیە دڵی بۆ خۆڵ و خاشاکی دنیا لێی داوە و لە نەبوونیاندا، هەستی بە کەمیی و تێکشکان کردووە.
فەقیر و ڕیسوا ئەوەیە هەم و غەم و هەموو شتێکی دنیایه .
عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب ئەفەرموێ : خففوا تلحقوا .. واتا باری شانتان سوک بکەن و خۆڵ و خاشاک زۆر له خۆتان کۆ مەکەنەوە، با فریا بکەون ..با فریای گەیشتن بە بەهەشت بکەون، چونکە ئاشکرایه باری شانت قورس بێ، لە بچووکترین پێشبڕکێدا ئەدۆڕێیت.
نالی یش له شیعرێکدا بەو جۆرە خۆی ئەشکێنێ و نایەوێ بە خۆڵ و خاشاکی دنیاوە بلکێت:

چییە نالی وا وەک جوعول غەرقی شیاکەی
واتا نالی چیت بەسەر هاتووە وا وەک قالۆنچە لەناو شیاکە وپیساییدا نوقوم بووی؟

لە شوێنێکی تریشدا ئەڵێ: ئەگەر خاوەنی هەموو دنیایش بی، هێشتا زەلیل و داماوی.