ژیلوان بەکر: قۆندەرەکان گەورەن؟
سەریاس وتی:
– ئەمە سەری دووهەم هەفتەمە کەلەخەو رادەبم و هەستدەکەم پێڵاوەکانم بەپێیەکانم گەورەبوون!
هەفتەی پێشوو هەستی دەکرد کەلەپێیاندەکات ناتوانێت ئاسایی هەنگاویان پێوەبهاوێت، هەرچەندێک پێکانی هەڵدەهێنایەوە تاکێک لەپێیەکانی دادەکەوتنەخوار.
بەڵام سەرەتای ئەم هەفتەیە کارلەکار ترازابوو، ئەوەندە گەورەبووبوون بە پێیەکانی هەرچۆن لەپێیدەکردن، خۆیشی پێکەنینی بەخۆی دەهات کەئەوەندە بەپێیەکانی گەورەبوونە، وایان لێهاتبوو هەردوو پێیەکانی لەیەکیانی دەنان و کەچی هێشتاکەش پڕی نەدەکردنەوە.
سەریاس وایزانیبوو پێڵاوەکانن دەکشێن و گەورەدەبن، چونکە دوو هەفتەبوو لەپشوودابوو، سەرکار و کاربەدەستکەی خۆی نەبینیبووەوە و نەیدەزانی ئەو چی لێبەسەرهاتووە و کاربەدەست و دەسەڵاتدارەکانی تریش بەهەمان شێوە.
سەریاس پاسەوانی تایبەتبوو، کاربەدەستەکەی ئەمی لای خۆی گلدابووەوە و مۆڵەتی دوو هەفتەی دابوویە، چونکە لە بەرەوڕوو بوونەوەیەکدا چەند رۆژێک لەوەوبەر، مەردانە سنگی بەگولەوە نابوو لەپێناو رزگارکردنی ژیانی ئەودا، هەربۆیەشە سەریاس دوو هەفتەبوو نەیدیتبوو. ئەو ماوەی دووهەفتە مۆڵەتەش، مامەڵە و هاتوچۆی تەنها لەگەڵ هاوشان و دەوروبەرەکەی خۆیدابوو، بۆیە نەیدەزانی چی لەگۆڕەو سەردارەکەی و سەردارانەکانی تر رەنگوڕووخساریان چی بەسەرهاتووە.
دەگەڕێینەوە بۆلای پێڵاوەکان و کشانە سەرسوڕێنهێنەرەکەیان.
سەریاس نەیزانیبوو ئەوان نەبوون دەکشان و گەورەدەبوون، هیچکام لەشتە بێگیان و بەرجەستەکانیش نەبوون کە هەڵدەکشان و گەورەدەبوون، ئەو نەیدەزانی کە خۆی و دەوروبەرەکەین رۆژانە دیارنامێنن و بچووک دەبنەوە و هەست بەبوونیان ناکرێت.
زۆر لەمێژبوو رۆژانە کەدەیبیست خەڵکانێک لەناکاوێکدا دیاریان نامێنێت و دەپوکێنەوە و لەچاوان وندەبن، چەند هەفتەیەکیش لەوەوبەر و مانگانەش ئەو جۆرە هەواڵانەی پێدەگەیشت و دەیبیستن، تەنانەت ساڵانێکی زۆریش لەوەوبەر باسگەلێکی وەهای بیستبوو و لەلای خەڵکیش بیسترابوو. بەڵام ئەو هێشتاکە زۆر منداڵبوو یان درکی بەوشتانە نەدەکرد و خۆی پێوە سەرقاڵ نەدەکردن. هەربۆیە شتێکی لەوبارانەوە لەبیردا نەمابووەوە. بەڵام ئێستاکە خۆی ئەزموونی دەکرد کە ئەوشتەی باسی لێوەکراوە بەڕاست گەڕاوە وکەسان و خەڵکانێک هەبوون کەبوونیان کوێرەوە بووە وگۆڕ و نزرگەیەکیشیان نییە.
دەبوا ئەو رۆژە بۆسەرکار بگەڕایەتەوە و مۆڵەتەکەی کۆتایی هاتبوو، بەڵام هەرچۆن بیری دەکردەوە هیچ رێگەچارەیەکی نەبوو بۆ بەدەستخستنی جووتێک پێڵاوی شیاو بۆ رۆژەکەی، هەردەبوا بشگەڕایەتەوە چونکە دەستەڵاتدارەکەی سەروەری ئەوڕۆژە دەرچوونی هەبوو، دەبوا ئەمیش وەک پاسەوانێکی سەرەکی هاوسەفەری بووایە. بیرۆکەی لەپێکردنی پێڵاوی کچە دووساڵانەکەی هات بەزهندا، جابۆنا… هەرچۆنێک تێیانڕامابوو پڕبەپێیەکانی بوون، بێئەوەی هەڵوێستەیەک بکات و دووبارە بیری لێبکاتەوە خۆی ئامادەکردوو جووتە پێڵاوی کچە دووساڵانەکەی لەپێ هەڵکێشا. پاش خۆئامادەکردن ئینجا دەمانچەکەی لەقەدی دەنا بووبووە بەڵای سەری، ئەویش دووهەفتە لەوەوبەر کەلەبەرپشتێنەکەی دەنا بەئاستەم هەستی پێدەکرا کەچەکی هەڵگرتووە، بەڵام ئێستا ئەویش ئەوەندە کشآبوو بەهەندەی بیکەیسییک گەورەبووبوو، ناچار قایشێکی بۆ ئەویش دۆزییەوە و لەجیاتی لەبەر پشتێنەکەی بنێت نایە شانی.
دوای ئامادەبوون و لەشاننانی بیکەیسییەکەی دوو هەفتە لەوەوبەر تەنها دەمانچەیەکی تاریق بوو، لەگەڵ جووتێک پێڵاوی پەمەیی، کەبەدوو گوڵی سوور پشتەکانیان نەخشێنرابوون، لەماڵ بەدەرکەوتوو بەرەو شوێنکارەکەی و کاربەدەستە باڵاکە بەڕێکەوت.
لە رێگەدا زۆر کەسی هامشێوەی خۆی بەدیکرد کەپێڵاوی زۆر سەیروسەمەرەیان لەپێدابوو، جلکەکانیان و ئەوکەرەستانەی پێشیانبوو بەهەمان شێوە، یەکێک لەوکەسانەی هاتە بەرچاوەکانی، بەڕێوەبەری قوتابخانە سەرەتاییەکەی خۆیبوو، مامۆستا عیزەت ئەوەندە چرووسابووەوە چاکەتێک نەمابووەوە بەبەری خۆی کردبێت، بەبەروانکەیەکی منداڵی شیرەخۆرە خۆی پێچابووەوە و پەنا بە پەنا بۆخۆدزینەوە لەچاوانی خەڵک، بەکەناری دیوارەکاندا رووەو قوتابخانە پەلەپەل هەنگاوی هەڵدەهێنایەوە، لەولاترەوە چوار زرتە زەلامی بینی بەهەموویان نانێکیان بەچواردەستە نابووە شانیان و بەپڕتاو رایاندەکرد. لەبەردەم دەرگای مزگەوتەکەشدا دەدوانزە نوێژکەری بینی بەهەموویان خەریکی پێچانەوەی مێزەرێک بوون کەلەمێزەری خەتیبی مزگەوتەکە دەچوو.
سەریاسی پاڵەوانمان کاتێک گەیشتە جێگەی مەبەست و پرسگەکەی بەرپرس، رۆژ لەچێشتەنگاو نزیک بووبووەوە، نەیدەزانی لەکار دواکەوتووە، جاخاک بەدامانی وەها چوزانێت دە هەنگاوی ئەمڕۆی نیو هەنگاوی دوو هەفتە بەرلەئێستایەتی؟
هەرئەوەندە دەرگای ئۆفیسی سەرۆکی کردەوە و بەژوورکەوت، جەنابی رێزداری بەئاستەم لەپشت مێزەکەوە دەبینی، نەک لەبەرئەوەی سەرۆک بچووک بووبێتەوە! بەڵکە لەبەرئەوەی مێزەکەی بەردەم سەرۆک بەقەد شاخێک بەباڵای ئاسماندا هەڵکشابوو و رووخساری پیرۆزی سەرۆکیشی داپۆشیبوو.
-ئەوە بۆ ئەوەندە دواکەوتیت دوابڕاو؟ تۆ نازانیت ئەمڕۆکە دەرچوونمان هەیە؟
سەریاس بێئەوەی رووخساری سەرۆک ببینێت دەیزانی ئەو تۆمەت و بێڕێزییە بەرامبەری ئەو کراوە، چونکە لەوەوبەر بەو ریتم و پێداهەڵشاخینە ئاشنا بووبوو، هەرلەبەر خۆیەوە و بەداوای لێبووردنەوە پارسڤی دواکەوتنەکەی دایەوە و عوزرخوایی دەهێنایەوە.
سەرۆک هاتەوە دەنگ و وتی:
– ئەوە کوای بودەڵەی فیڕنەگولە؟ بۆچی ناتبینم؟
– ئەوەتام سەرۆک، لەبەردەم مێزەکەی مەعالیتانا، بەڵام نازانم بۆچی ئەومێزە لێمبۆتە شاخ و رووناکی رووخسارتی لێشاردوومەتە!
– مێزی چی و شاخی چی باسدەکەیت؟ ئەرێ بێقیمەت تۆ کوایت؟
سەرۆک سەرێکی لەپشت مێزەکەوە کێشا و سەریاسی لەدواجاردا بینی… یەکەوڕاست بەپشتا کشایەوە و دایە قاقای پێکەنین.
– هەتیوە گەڕە ئەوە چیە بەشانتەوە و ئەو پێڵاوانە چیە لەپێتدایە؟ ئەری ئەو دووگوڵە سوورە چیە بەسەریانەوە؟
سەرۆک هێشتا قاقا پێدەکەنی و چاوەکانی ئاویان دەکرد لەتاوی پێکەنینە گاڵتە جاڕییەکەی.
سەریاس تیادا مابوو چۆن بۆی روونبکاتەوە کە پێڵاوەکانی کشاون و نەیتوانیوە لەپێیان بکات، هەرلەبەر خۆیەوە و بەمنجەمنج هاتە گوفتار و وتی:
– قوربان چیبکەم ، باوەڕبکە پێڵاوەکانم ئەوەندە کشابوون و گەورە بووبوون، بەهەردوو پێم یەکیانی پڕنەدەکردەوە، ئەم چەکە نەعلەتییەش هەمان شتی لێقەوماوە!
سەرۆک پێکەنینەکە لەرووخساریدا لەچرکەیەکدا ئاوابوو و وەک هەوری رەش بینایی داپۆشیبێت گرماندی:
-کوام چەکی نەعلەتی کوڕی کەر؟ ئەوە چەکی نەعلەتی نییە، ئەوە شەرەف و کەرامەتی تۆ و ئاجداد و ئابائتە، ئەوە شەرەفی هەزارەهای وەک تۆ لە پەلەپیتکەکەیدایە، ئەوەت نەبێت خاوەنی ناوگەڵی ژنەکەشت نیت و نابیت هەی ناڕەوا… ناماقووڵیەکیشت کرد سەبارەت بەپێڵاوەکانت باش گوێم لێوەی نەبوو! چ شەکرێکت شکاند؟
سەریاس خەریکبوو لەدەمی دەرچێت و بڵێت؛ (سەرۆک ئەمڕۆ کەلەخەو رابووم، قۆنەرەکانم بەچەشنی خۆت و کورسی و مێزەکەت کشابوون و گەورە بووبوون کەنەمتوانی لەپێتان بکەم) .
