بەهرۆز جەعفەر: کوا کەرکوک و خانەقین.

ساڵی 2016 تیمێکی ئوستورالی هاتبوون بۆ “کەرکوک” داوایانکرد خەڵکیان پێ بناسێنین کە لەبواری جیۆلۆجی، ئەندازەی نەوت و ئاسایشی وزەدا کاردەکەن بۆ ئەوەی پاڵپشتی داراییان بکەن. بەدیاریکراوی ماوەی نێوان کەرکوک – سیدنی (13200 کم) سیانزە هەزار و دووسەت کیلۆمەترە. بەڵام ماوەی نێوان هەولێر و سلێمانی لەگەڵ کەرکوک هەر 100 سەت کیلۆمەترێکە! دوو دەیە تێپەڕی هێشتا سەرکردایەتی سیاسیی کورد نەیتوانی ستراتیژێکی یەکگرتووی هەبێت بۆ کەرکوک!
بەدیاریکراوی نازانم چ مانگێک بو، بەڵام هەر ساڵی 2018 بو! وتارێکم نووسی بەناونیشانی “ئەردەن و نەوتی کەرکوک” لە سایتی خەندان بڵاوبۆیەوە: چەند کاتژمێرێکی کەم و وتارەکە لە سایتەکە لادرا! لەگەڵ کاک سلێمانی عەبدوڵا یونس کەوتمە سەرهێڵ: بۆچی نووسین دادەنەن و لای دەبەن؟! وتی: باڵوێزخانەی ئوردون ئاگاداریان کردوینەتەوە کە ئەو نووسەرە چ هەقی هەیە عێراق نەوتی خۆی بە هەرزان و تاڵان دەدات بە ئوردون: خوا هەڵناگرێ کاک سلێمان وتبووی ئەوە هەر توێژەرێکەو هیچ هەقی سیاسەت و میاسەتی نییەو دڵتان هیچ نەکات! ئێ نەوتی ئەنبار بۆ نابەن بۆ ئوردون هەرزانترە!
بەهەرحاڵ؛ نەک کەرکوک بەڵکو بەڵگەنامەکان دەڵێن؛ موسڵیش کوردستانییەو ئەوە چەندین ساڵیشە پارتی دیموکراتی کوردستان لەوێ یەکەمە. ئێستا هەقە بپرسن: کوا کەرکوک و خانەقین!؟ ئەوە سێ دەیەیە چەندین بەرپرسی باڵای خانەقینی هاتوون لە سلێمانی خەریکی ئاین و ئۆینی ناوخۆیین و لەئاستی باڵادان و سەری خۆیان کپ کردوەو وەک “ئاگری ژێر کا” لە پشت هەموو دەنگە دەنگ و توندوتیژییەکانی ناوچەی سولەیمانی و هەرێمی کوردستانەوەن، کەچی خانەقینەکەیان دەیانجار تەعریبکرا، سەعدیەو جەلەولاکەیان داگیرکرا، نەک قسەیان نەکرد: بەڵکە دوور نییە هەر خۆیان لە پشت تەشەیوعکردن و بەشیعەکردنی خانەقینەوە نەبووبن! ئنجا هاتوون لەو دوورەوە گۆرانی بۆ حەبیبەکەیان دەڵێن!
سیاسەت زانستە، ئەگەر زانست نەبێ دیارە “ئیبن خەلدون، ئەرستۆ، ئەفلاتۆن، ماکیاڤیللی، تۆماس هۆبز، ڕۆسۆ، مۆنتیسکۆ، جۆن لۆک، کارل پۆپەر و تیۆدۆر ئادۆرنۆ، هانس مۆرگێنتاو، کینز واڵتز، هنری کیسنجەر و… دەیان زاناو فەیلەسوف و پڕۆفیسۆری گەورەی مێژووی بیری سیاسیی تەنها حیکایەتی بەر ئاگردانیان کردوەو، ڕاست ناکەن. لە زانستە سیاسییەکاندا تیۆرییەکی “دەیڤید ئیستۆن” هەیە بۆ درووستکردنی بڕیار: سندووقێک هەیە لەمسەرەوە پلان و بیرۆکەو پێشنیاری تێ دەکەی “مدخلات-Input” ئەو لەو سەرەوە “مخرجات-Output” ت دەداتێ. تۆ لەمسەرەوە چی تێ بکەی ئەو لەوسەرەوە ئەوەت دەداتێ؛ تۆ زبڵی تێ بکە، ئەویش زبڵت دەداتێ، نیشتیمانپەرەروەر و پیاوی ئازاو دەسپاک و ڕاستگۆ و بەئاگا لە کاروباری جیهانیی تێ بکە، زانستی سەردەمی تێ بکە ئەویش شتێکی وات دەداتێ. تۆ لەمسەرەوە بیست ساڵە فڵان و فیسار و فیسارو فووڵانت داوەتە کەرکوک؛ ئێ ئەویش هەر ئەوەت دەداتێ کە نیزیکەی (70٪) ی خەڵکەکەی بێزارن و ئامادە نین بچنە سەر سندووقی دەنگدان! هەیە لەسەر حیسابی کەرکوک بیست ساڵە وەزیر و پەرلەمانتارە، هەیە 16 ساڵە پەرلەمانتارە، هەیە 12ساڵە و هەشە 8 ساڵە: ئێ کورد وتویەتی “گوێز بە ژمارە مایەکەی دیارە!” کوا کەرکوک؟ کوا خانەقین؟ لەدوای 2003 ەوە تاکە یەک بڕیار نییە لە بەغداوە دەرچووبێت و لەبەرژەوەندی کورد بوبێت؛ تەنانەت کۆتاجار گوایە زەوی بۆ جوتیارە-کوردەکان وەرگیراوەتەوە ئەوەش نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. حیزبێکی باڵادەست و بەرپرسێکی باڵادەستی کەرکوک لەماوەی چل ڕۆژدا ڕۆژانە نیزیکەی ملیارێک دیناری خەرجکردوە، هەزاران زەرفی پارەی بەخشیوەتەوە، دەیان مایک بەدەستی کڕیوەو لەخۆی کۆیکردونەتەوە هێشتا ئەمە ئەنجامەکەیەتی; کورد لە خانەقین کورسییەکەی لەدەستدا، لە دووز لە دەستی داو لە کەرکوکیش زۆرینەبوونی لەدەستداوە!
هەموو شەڕو شۆڕشەکانی مێژووی شارستانییەت لە پێناو “شوێن- مەکان” دا بوە: ئاخەر میللەتانی دونیا شوێنێکی وەک کەرکوکیان بکەوێتە دەست ئاوها مامەڵەی تیادەکەن کە کراوە!؟ دەیدەن بەدەست فووڵان و فیسارەوە!؟ کاتێک یاداشتەکانی “داود بنگوریۆن”دەخوێنیتەوە، دەبینیت دوای دوەم جەنگی جیهانی جوولەکەکان لەسەر ئاستی هەرە مرۆڤە زیرەک و بەرچاو تێرو بە جەرگ و بیرتیژەکانی خۆیان لە دونیادا گەڕانەوە بۆ ئەوەی ئێستا ناوی “ئیسرائیل”ە، ئەی ئێمە!؟ کابرا وێنەکانی ماون کە لەشانزەی ئۆکتۆبەر پێش تانک و تۆپی حەشد کەوتبوو دەیهێنان بۆ ناو گەڕەکەکانی کەرکوک، کەچی ئێستا ئەو نمایندەمان دەکات؟! گوایە ئێوە چیتان کردوە لە کەرکوک کە ڕێژەی تەنها (2.5٪) لەسەدا دوو و نیو ی فەرمانبەرانی نەوتی باکور لە شارەکە کوردن؟ ئێ گوایە تۆ ئیتر چیتکردوە؟
بەریتانیا لەڕێگەی بی پی (bp) ەیەوە لە 2016 ەوە بەیاننامە دەردەکات لەسەر کەرکوک، ئوردون و ئوسترالیاشم بەنموونە هێنایەوە، دەبێت کورد کەی لەسەر کەرکوک بوەستێت و پیاچوونەوەیەکی ڕیشەیی بکات!؟
ئەمە پرسێکی زۆر گرینگەو، هەر کتومت ئێستای عێراق وەک ئەوە وایە لەسەر مێزی قومار بین، نابێت ڕێگە بدەی بدۆڕێی، ئەگەر وانییە تێبینی بکەن: لەساڵی 2021 سەدرییەکان 885 هەشت سەت و هەشتاو پێنج هەزار دەنگیان هێنا و 73 کورسییان بەدەست هێنا، لە (2025) دا هەمان عێراق، هەمان سندوق و هەمان دەنگدەر چوون بۆ دەنگدان، کورد ملیۆنێک و 800 هەزار دەنگی هێناوە کەچی (59) کورسی بەدەستهێناوە!؟ بۆیە ئەگەر بیر لە پارادایمێکی دی نەکرێتەوە نەک کەرکوک و خانەقین بەڵکو عەرەب تا بازیان و پردێ و تەق تەق داگیردەکات.