شێرزاد شێخانی: دوو هەڵەی گەورەی موقتەدا صەدر.

لەدانیشتنێکی تایبەتدا لەماڵەکەی خۆی لەکاک نەوشیروانم پرسی ” بۆچی لەناو یەکێتی هاتیتە دەرەوە لەکاتێکدا تۆ جێگری سکرتیری گشتی و کەسی دووەمی ناو یەکێتی بوویت و چوویت بزووتنەوەی گۆڕانت دامەزراند؟ لەوەڵامدا وتی؛ لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نقومبوون لە گەندەڵی وباڵباڵێن و لەئەرکە سەرکییەکەی خۆی لایدا ئەویش خزمەتکردنی گەلی کوردستانە، لێرەدا دروستبوونی گۆڕان وەکو زەروورەتێکی بابەتی و مێژوویی خۆی فەرز کرد “. پێم وت ” ئینجا تۆ پێت وابوو لە دەرەوەی یەکێتی بتوانی بەرەنگاری گەندەڵی سەرکردایەتی یەکێتی ببیتەوە؟ ئایا باشتر نەبوو هەر لەناو ئەم رێکخراوەدا کارى خۆت دژی گەندەڵی بکردایە کە هەموو دەسەڵاتێکت هەبوو؟. وتی؛ نەدکرا “!. ئيدى لەوساوە هەنگاوەکەی کاک نەوشیروان بە دامەزراندنی بزووتنەوەکەی بە هەڵەیەکی کوشندەم زانی لەسیاسەتمەدارێکی گەورەی وەک کاک نەوشیروان، چونکە جیابوونەوەکەی گەورەترین زەبرو زیانی بە یەکێتی گەیاندو، لەبەرامبەر رکابەرە مێژووییەکەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە زۆر لاوازتری کرد.
هەڵەی دووەمی کاک نەوشیروان ئەوە بوو کە کەسانێکی نەفسنزم و بوودەلەو بەرژەوەندخوازیی هێنایە ناو بزووتنەوەکەی کە زۆری نەبرد بەشێکیان لە تەماعی پلەو پۆستی حکومی چوونە رێزی پارتی کە ئەو هێشتا لەژیاندا مابوو، بەشێکیشیان دوای مردنی خزانە ناو پارتی، ئەمەش کۆتاییهاتنی ئەو گۆڕانە بوو کە کاک نەوشیروان دروستی کرد، بەڵگەش ئەو شکستە گەورەیە بوو کە لە 25 کورسی پەرلەمانەوە هاتە سەر یەک کورسی دواتریش بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لەترسی سفر بوونەوە.
سەرکردەی شیعە موقتەدا صەدریش هەمان هەڵەی کاک نەوشیروانی دووبارە کردەوە کاتێک بەبێ هیچ پاساوێکی مەعقول ومەنتقی لەپەرلەمانی عیراق بە 73 کورسی و چەند وەزارتێکی حکومەتیشەوە کشایەوە و گۆڕەپانەکەی چۆڵکرد لەبەردەم ئەو کەسانەی بە گەندەڵی وەسفی دەکردن، ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەر راستگۆ بوایە هەر نەبێ ئەیتوانی لەناو وەزارەتەکانی خۆی لە حکومەتدا چاکسازی بکات و گەندەڵی نەهێڵێ.
هەڵەی دووەمیشی ئەمجارە بوو کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی کردەوە بە دروشمی ( تاقیکراو تاقیناکرێتەوە )، جارێکی تریش گۆڕەپانەکەی بۆ گەندەڵکارانی عیراقی بەجێهێشتەوە و کشانەوەکەشی لەهەڵبژاردنەکە هیچی بەدەستەوە نەدا و نەخشەی سیاسی بۆ داهاتووی عیراقیش هیچ گۆڕانکاری لەگەڵ خۆیدا ناهێنێ و، ئەنجامە بەراییەکانیش دەریانخست کە هەمان دەموچاوەکانی پێشتر چوار ساڵی داهاتوو حکومەتی عیراق بەڕێوەدەبەن، هیچ گۆڕانکارییەک روو نادات لەرووبەڕوونەوەی ئەو گەندەڵییەی موقتەدا بەتەمای بوو . ئیدی تا چوار سالێ تریش موقتەدا دەبێ لە ئاوازێکیتر بخوێنی.
پێموایە ئەگەر موقتەدا صەدر ئەمجارە بهاتایە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بێگومان هەمان ژمارەی کورسییەکانی پێشووتری ئەهێنایەوە، ئەوسا ئەیتوانی لەگەڵ هێزە شیعە میانڕەوەکان حکومەتێکی دامەزرندایە کە کاری لەپێشینەی نەهێشتنی گەندەڵی بوایە، بەمەش ئەیتوانی زەبرێکی کوشندە لەو حزبە گەندەڵکارانە بدات کە ئامانج وئاواتی بوو. بە راکردنی لەم بەرپرسیارەتییە ساحەکەی بۆ نەیارانی خۆی وگەندەڵکاران جارێکیتر چۆل کرد، صەدریش هیچ قازانجێکی لە بایکۆت و گۆشەگییری لە پرۆسەی سیاسی بەدەست نەکەوت.
وەکو مەسەلە عەرەبییەکە دەڵی (هەڵەی زیرەکەکان بە هەزارە) بەڵام من دەڵێم: هەڵەی موقتەدا بە ملیۆنێک دەنگ بوو.