نەوزادی موھەندیس: دیموکراسیە نەخەمڵیوەکەی عێراق و ھەرێم، ھەرئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە سیستەمی حوکمڕانی دیموکراسی لەھەر کۆمەڵگایەکدا لەسەر چەند پایە و بنەمایەک بونیاد دەنرێت کە پێکەوە ھەموانیان پڕۆسەکە، یان سیستەمەکە تەواو کامڵ دەکەن، نەک بە یەک، یان دوانیان. جا لەبەرئەوەی دیموکراسیش بۆخۆی پڕۆسەیەکی دوورودرێژی مێژووکردە لە ڕووی زەمان و زەمینەوە، ھەربۆیە بەپێی تێپەڕبوونی کات و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان و باشتر تێگەیشتن لە چەمک و کرۆکی دیموکراسی ئەوا زیاتر دەخەمڵێت و دواتریش پێدەگات، ئەمەش بە خۆنوێکردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاری و پێداویستیەکانی کۆمەڵگا لە قۆناغ و سەردەمە جیاوازەکاندا و وەڵامدانەوەی ھەموو ئەو پرس و ئاڵنگارییە نوێیە سروشتی و مرۆڤکردەکان دەبێت، بەتایبەتیش لەم قۆناغ و سەردەمە زۆر خێرایەی داھێنان و تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد و بەجیھانبوون و گۆڕانکارییە ژینگەییەکاندا.
ئەو پایە و کۆڵەکە گرنگانەی کە دیموکراسی لەسەر بەندە و بەھێز و خۆڕاگری دەکەن، بریتین لە ھوشیاری تاک و خێزان و تەواوی کۆمەڵگا، لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و ژینگەیی، فرە کەلتوری و ڕۆشنبیری، بوونی ھێزگەلە چالاکەکانی کۆمەڵگا لە چین و توێژ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕاگەیاندنێکی بەرپرسیار و ھوشیار و چالاک و زیندوو، سنووردارکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانی،گرنگیدان بە چەمکی ھاوڵاتیبونی ڕاستەقینە، دواتریش نوێنەرایەتیکردنێکی ڕاستەقینەی جەماوەر لەڕێگەی چێکردنی ھەڵبژاردنی ئۆرگانە سەرەکیەکانی حوکمڕانی، دواتریش سەروەربوونی یاسا و فەراھەمکردنی ئازادییەکان و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ھەروەھا کاری پێکەوەیی و ھاریکاریکردنی سەرجەم چیین و توێژەکانە. بەھەمان شێوە بوونی دوو جەمسەرە سەرەکیەکەی سیستەمی حوکمڕانیە لە بوونی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێزی نیشتیمانی و خەمخۆر کە بتوانێت ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات و وەک دەوترێت لەگەمە دیموکراسیەکەدا بتوانێت ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و سەرکەوتن و گۆڕانکاری ئەنجام بدات. ھەربۆیە گەر ھەموو ئەم پایانە پێکەوە کارنەکەن و نەبنە تەواوکاری یەکتری ئەوا بەدڵنیایی پڕۆسەی گەشەکردن و چەسپاندنی دیموکراسی ڕاستەقینە نایەتەدی و بەپێچەوانەوە خۆدەخواتەوە و ناخەمڵێت و پێناگات و ئیدی بە ناتەواوی دەمێنێتەوە.
ئەوەی ئاشکرایە لە عێراق و کوردستانیشدا، پڕۆسەی دیموکراسی لەماوەی 20- 30 ساڵی ڕابووردووی ئەم دەسەڵاتەی کەھەیە ھیچ کات ھەوڵیان نەداوە کە دیموکراسیەتی ڕاستەقینە بچەسپێنن و گەشەی پێبکەن، بەڵکو ئەوان تەنھا لەوە تێگەیشتوون کە ناوبەناو و بەویستی سەرکردە و پارتە دەسەڵاتدارەکان کەی پێیانخۆشبوو و زەمینەی سەرکەوتنی فەیکی خۆیانیان دابینکرد، ئەوکات بڕیار لە چێکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەدەن، وەک ئەوەی کە دیموکراسی تەنھا بریتی بێت لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بۆ پەڕلەمان و ئەنجومەنە لۆکاڵییەکان، ئیدی ھەموو بنەما و پایەکانی تری دیموکراسیەت دەخەنە ژێر پێیانەوە. ھەربۆیەشە دیموکراسی بە گشتی لە کۆمەڵگا دواکەوتوو و داخراو و ناھوشیارەکانی ئەم ڕۆژھەڵاتی ناوینە و بەتایبەتیش عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ناچەسپێت و ناخەمڵێت و ساڵ بەساڵیش لە پاشەکشەی بەردەوامدایە، چونکە لە نەستی سەرکردە و تاکەکانیشدا ھەمیشە بیری تاکڕەوی و خۆسەپاندن و ملھوڕی و توتالیتاری ئامادەگی ھەیە.گەر ئەم پڕۆسەیە ھەر بەم نەزم و ئاڕاستەیە بڕاواتە پێشەوە ئەوا ھەرگیز سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی ڕاست و ڕاستەقینە نابینین.
بۆیە لەدوای 6 خولی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق و ھەرێمەوە، ھێشتاش نەتوانراوە کە پڕۆسەیەکی بێ کەمکوڕی و دوور لە تەزویر و ساختەکاری و دەنگ کڕین و فرۆشتن و دیزاینکردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، ھەموو سەرکردە و پارتە سیاسیەکان بە بچووک و گەورەوە لەکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و دواتریش ئەنجامدانی پڕۆسەکە و تەنانەت پێشوەختەش لەھەوڵی ساختەکاری و دەنگ کڕین و ھاوپەیمانی درۆینەدان و تەنھا لە پێناو بەرژەوەندی کەسی و حیزبی و دواتریش دەستخستنی پۆست و پلە و ئیمتیازاتەکانی خۆیاندا کاردەکەن بۆ ئەوەی بۆ ٤ ساڵی ئایندە لەدەسەڵاتدا بمێننەوە،بەم شێوەیە دەسەڵات و ئیمتیازاتەکان بونەتە ئامانجی سەرەتا و کۆتا نەک چەسپاندنی سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی ڕاستەقینە. تەنانەت لەناو خودی حیزبەکانی خۆشیاندا کاری ئاڵوگۆڕی دەنگ و ساختەکاری و پشتیوانی ناڕەوا لە ھەندێک کاندید دژ بەھەندێکی تریان دەکرێت، ھەربۆیە ھەموو ئەو ھاوپەیمانی و لێکنزیکبونەوانە ھیچ کامیان لەسەر بنەمایەکی ڕاستودروستی دیموکراسی و خزمەتکردن و گەشە و ئاوەدانی وڵات و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا نیە و ناکرێت،ھەربۆیە ھێندە نابات شکستدەخوات و ھەڵدەوەشێنەوە و بەناو دۆست و یارەکان دەبنە نەیار و دژبەیەکتری لەسەر دابەشکردنی کێکە شیرین و بەلەزەتەکەی دەسەڵات.
عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە ھێندەی ڕۆچوونەتە ناو کایەی حیزبی تەسک و داخراو و تەنانەت بنەماڵەیی و دواتریش نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی توندڕەوەوە،نیوھێندە لە خەمی گەشە و پەرەپێدانی سیستەمی حوکمڕانیدا نین، بەڵکو ئەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنانەش وەکو پەردەپۆشکردنێکی ھەموو گەندەڵی و نادادپەروەری و نایەکسانی و نەبوونی ئازادیەکان پیشانی ناوچەکە و دونیای دەدەن.ئەگینا بچوکترین بڕوا و متمانەیان پێی نیە.
ھەرئەمەش وایکردوە کەجەماوەریش متمانەی بەھیچ کام لە سەرکردە و پارتە سیاسیەکان نەماوە، تەنانەت بەخودی ئەندام و لایەنگرانی خۆشیانەوە،ئەوەتا تەنھا ڕێژەی 56.11% بەشداری دەنگدانیان کردوە و 44% بایکۆت یان پوچەڵی دەنگەکانیان کردوە. ئەمە گەر ئاماژەبێت بۆ ڕاستیەک ئەوا ئاماژەیە بۆ نەبوونی ئازادی دەنگدان و سەربەخۆی تەواوی تاکەکان و بێ متمانەیی بە بەڵێنەکانی سەرکردە و حیزبەکان و تێگەیشتنی جەماوەریش لە نیەت و پیلانەکانی دەسەڵاتداران کە تەنھا بۆ بەرژەوەندی خۆیان ھەوڵدەدەن نەک گەل و وڵات.
پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق و ھەرێمیشدا چونکە بچووک کراوەتەوە تەنھا لە ئەنجامدانی ئەو ھەڵبژاردنە نەبەکامانەی کە دەکرێن و ئەوانیشیان بچووکردۆتەوە لە ساختەکاری و بەخشینەوەی پارە و پێدانی بەڵێنی درۆینە و… ھتد. ھەربۆیە ئەو ئەنجامانەی لێچاوەڕواندەکرێت کە دەتوانرێت بوترێت کەمترین نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خواستەکانی کۆمەڵگا و شەقام و جەماوەر دەکەن.
ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەدا دەرکەوت، ئەوەیە کە ئەو سەرکردە و پارتانە زۆرینەی دەنگەکانیان کۆکردۆتەوە بە (بەڕەوا و ناڕەوا) بریتین لەو پارتانەی کە:
• لە دەسەڵاتدان و توانای گەورەی مادی و مرۆیی و ڕاگەیاندنیان لەبەردەستدایە،کە دەتوانن بەکاریبێنن بۆ خزمەت و بەرژەوەندی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان و دەنگ کۆکردنەوە.
• ئەو پارتانەی کە تونیویانە کە ھەرچەند بەکەموکورتیش بێت،پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بکەن و توانیویانە ڕاوبۆچوونی کۆمەڵگا بەرەو خۆیان کەمەرکێشبکەن و بتوانن لەو ڕێگەیەوە دەنگی زیاتر کۆبکەنەوە.
• دواتریش ئەو پارتانەی کە تاڕادەیەک خاوەنی مێژوو وسیستەم و پەیکەربەندی و ئۆرگانی ڕێکخستنی حیزبین،توانیویانە کە زۆرترین دەنگەکان بۆخۆیان کۆبکەنەوە.بەبەراوورد بەو پارتانەی کە تەنھا وەکو حیزبی ھەڵبژاردن ھاتونەتە بوون.کە ڕەنگە بناغەیەکی بەھێز و کۆنکرێتیان نەبێت.و سەرکەوتنێکی خێرا بەدەستبێنن کە ڕەنگە بەردەوامی نەبێت.
ئەم سێ خاڵە بەڕوونی دەردەکەوێت لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردندا،ئەوەتا ھەریەکە لە لیستی ھاوپەیمانی ئاوەدانی و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق. لە ھەرێمیش لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کە سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتیان لەلایە.لە کەرکوکیش کە پۆستی یەکەم و پارێزگاری کەرکوک ڕێبوار تەھا لەلای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە بە سەرۆکایەتی باڤڵ تاڵەبانی.توانیویانە سەرکەوتنی گەورە و زۆرترین دەنگ بەدەستبێنن.
لەبەرامبەریشدا پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات یان ئەوانەی کە پشکیان ھەیە و ھاوبەشن لەدەسەڵاتدا بەڵام خاوەنی بڕیاری کۆتایی نین و کەسی یەکەمیش نین،نەیاتنوانیوە کە سەرکەوتنی گەورە وەدەستبێن.
لە کۆتایدا ،بۆئەوەی لەلایەک پڕۆسەی دیموکراسی و سیستەمێکی حوکمڕانی ڕاستەقینەی دیموکراسی لە عێراق و ھەرێمدا بێتە دی،پێویستە ھەموان پابەندی تەواوبن بە بنەما و چەمکی دیموکراسیەتەوە و دووربکەونەوە لە وتاری ئاگرین و زۆربڵێی و دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و بەرژەوەندی حیزب و سەرکردە و کۆکردنەوەی پلەوپۆست و ئیمتیازاتەکان و بەپلەی یەکەمیش لەگەندەڵی.بەپێچەوانەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری و کاربکەن بۆ گەشەوئاوەدانی وڵات و پێکەوەنانی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران و لەسەروو ھەمووشیانەوە بڕوابونی تەواوە بەنەما و بەھاکان لە ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کاری پێکەوەیی وگەشەو پێشکەوتنی ئابوری و سەروەربوونی یاسا. بەپێچەوانەی ئەم ھەنگاوانەوە ئەوا بۆ دەیان ساڵی تریش عێراق و ھەرێمیش لە دەوامەیەکی بەردەوام و فەوزایەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا دەسوڕێنەوە نەک ھەر گەشە و پێشناکەون بەڵکو پاشەکشەی گەورەش دەکەن لەسەر ھەموو ئاستەکان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
