بورھان شێخ ڕەئوف: خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی سوڵتان سەلاحەدین ئەیوبی پرسی کوردبوون.

وابزانم یەکەم کتێب کە خوێندبێتمەوە لە دەرەوەی پڕۆگرامی قوتابخانە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەم دەربارەی سەلاحەدینی ئەیوبی بوو، کە ئەو کات زانیاری وام نەبوو قوتابی شەشی سەرەتایی بووم برادەرێکی کەرکوکی کە شۆفێری بیلدۆزەر بوو بە داخەوە ناوەکەیم بیرنەماوە بە تەواوی، بەڵام ئەوەندە دەزانم یەکێک لە ناوە سیانیەکەی (قوربانی ) بوو لە پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای (سەنگاو بۆ تەپەگەروس) کاری دەکرد، من وتم یەکێک وتویەتی سەلاحەدین عەرەبە ئەویش وتی؛ من کتێبێکت بۆ دەھێنم دەیسەلمێنێت کە کوردە.
ئیتر دوای ئەوە ھیچ بابەت و کتێبێکی ترم لەسەر سوڵتان سەلاحەدین نەخوێندبووەوە تا ئەم دواییە نوسەری بە توانا دکتۆر مەجید ساڵح ئەم کتێبەی لەسەری نوسی زانیم زۆر بە سەلیقە و وردە لە توێژینەوەکانیدا بە تایبەتی دوای ئەوەی دوو کتێبی لە سەر شێخ نوری شێخ ساڵح و موستەفا پاشای یاموڵکی نوسی، زۆرم سوود لێبینی، ئیتر بڕیارمدا ئەم کتێبەش بخوێنمەوە، ھەروا دەرچوو زۆر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئەکادیمی و وردە و پڕە لە زانیاری بە لایەنی باش و خراپ لە سەر سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی، بۆیە لێرەدا ھەوڵدەدەم بە کورتی خوێندنەوەو خستنە ڕوویەکی کورتی بۆ بکەم.
کتێبەکە پێکھاتووە لەپێشەکی و شەش بەش ھەربەشەش لە چەند فەسڵێک وا بەش بەش بە خوێنەرانی خۆشەویستی ئاشنا دەکەم:
بەشی یەکەم/کورد پێش دەرکەوتنی ئەیوبیەکان کە لە سێ فەسڵ پێکھاتووە، کوردو ئیسلام کەباس لە ئاشنابوونی کوردبە ئیسلام، فتوحات لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق و عومەری کوری خەتاب و فتوحاتی سەردەمی ئەمەوییەکان و کورد لە سەردەمی عەباسیەکاندا دەکات، فەسڵێ دووەمی باسی وێنەی کورد لای مێژوونووس و فەقێ موسڵمانەکان دەکات کە بێگومان وێنەیەکی زۆر خراپی کوردیان پیشانداوە بە تایبەتی نەژادی کورد لای مەزھەبی شیعە نەژادی کورد لای مێژوونووسانی سونە، نەژادی کورد لای فارس، کوردو مەتریالیک و نوکتە ، ئامانجەکانی دێواندنی کورد، فەسڵی سێیەمیش باسی ئیمارەتە کوردییەکان لە سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا، دەوڵەتی شەدادی، دەوڵەتی دۆستەکی (مەروانی)، دەوڵەتی حەسنەویە.
بەشی دووەم/ پێنج فەسڵ لە خۆدەگرێت کە زنجیرەی فەسڵەکان لە بە شی یەکەوە تاکۆتایی بە زنجیرە ڕۆیووە، واتە بەشی دوو فەسڵەکانی چوار تاھەشت لە خۆ دەگرێت، کە فەسڵی چوارەم لە دوینەوە زێدی بنەچەی خانەوادەی سەلاحەدینە تاوەکو شام، دواتر شام دەروازەیەک بۆ دەستەڵات، فەسڵی شەشەم لە دایکبوونی سەلاحەدین لە ساڵی 1138 زاینی لە تکریت، فەسڵی حەوتەم شێرکۆ و سەلاحەدین و میسر، فەسڵی ھەشتەم شێرکۆ و وەزیری فاتمیەکان.
بەشی سێیەم/ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ئەیوبی لە میسر ئەمیش فەسڵەکانی نۆیەم تاوەکو سیازدەیەم لە خۆ دەگرێت کەباس لە سەلاحەدین و وەزیری خەلیفەی فاتمییەکان و یەکەمین ھەوڵی تیرۆرکردنی سەلاحەدین، کورد لە دومیات ئەھلی خاچ تێکدەشکێنن، ھاتنی نەجمەدین ئەیوب بۆ میسر، کۆتاییھێنان بە دەوڵەتی فاتمیەکان، سەلاحەدین مەلیکی میسر، ھەڵوێستی میسرییەکان لە بەرامبەر سەلاحەدین، جارێکی تر ھەوڵی تیرۆرکردنی سیلاحەدین، دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی کوردی، دامەزراندنی سوپایەکی بەھێز، کورد لە سوپای ئەیوبییەکاندا، دروستکردنی قەڵای سەلاحەدین (ئەلجەبەل)، مەبەست لە دروستکردنی قەڵاکە، تایبەتمەندییەکانی ، کتێبخانە قەڵاکە، قەڵاکە لە ئێستادا، چەسپاندنی مەزھەبی شافعی و وەلانانی مەزھەبی ئیسماعیلی شیعە، گرنگیدان بە سۆفی و کردنەوەی خانەقا، قوتابخانەوڕێکخستنەوەی ئیدارەی ئابوری و نەخۆشخانە.
بەشی چوارەم/ سەلاحەدین سوڵتانی میسرو شام و کوردستان ( جەزیرە) ئەم بەشەش فەسڵەکانی چواردەیەم تاوەکو نۆزدەیەم لە خۆ دەگرێت، باسی کۆتایی دەوڵەتی زەنگیەکان لە شام دەکات، شەڕی قرون حەمات، دانپێدانانی خەلافەت بە سوڵتان سەلاحەدین، شەڕی تەل سوڵتان ، ھەوڵەکانی تیرۆرکردنی سەلاحەدین لە شام ، شەڕی حەشاشەکان، گەڕانەوە بۆ میسر ، شکستی سەلاحەدین لە ڕەمڵە ن کۆچی دوایی مەلیک ساڵح و گەڕانەوەی سەلاحەدین بۆ شام، فەتحی (جەزیرە) کوردستان، پیچشینەی کورد لە ھەرێمی جەزیرە، یەکەمین گەمارۆدانی موسڵ ، فەتحی ئامەد ، گرتنی حەلەب ، دووەمین و سێیەمین گەمارۆدانی موسڵ ،شەڕی کورد و تورکمان ، نەبەردیی حتین ، رزگارکردنی قودس ، پەلاماری سێیەمی ئەھلی خاچ ، کورد ملکەچی تورک نابێت ، ھەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر قودس و بیرکردنەوە لە ئاشتی ، کۆچی دوایی سەلاحەدین لە ٤ئازاری 1193 زایینی لە قوتابخانەی ئەلعەزیزیە کە عەزیزی کوری عوسمان کوری سەلاحەدین دروستی کردبوو نێژرا، لەسەر کێلی گۆڕەکەی نووسراوە (سەلاحەدینی کورد)، دەوڵەتی ئەیوبی بە لێبوردەیی ئاینی کولتور و زانست بەناوبانگ بوو.
بەشی پێنجەم/ ئەیوبییەکان دوای سوڵتان سەلاحەدین ئەم بەشەش فەسڵەکانی بیست تاوەکو بیست و چوارەم لە خۆ دەگرێت باسی دایکی سەلاحەدین و زوموڕود خاتوونی ئەیوبی – ست شام، رەبیعە خاتوون کچی ئەیوب، موئنیسە خاتوون کچی سەلاحەدین، باباخاتوون، مەلیکە کچی عادل ئەبوبەکری ئەیوب، زەیفە خاتوون، کچی سولتان عادل، عسمەتەدین موئنسە خاتوون، عەزرا خاتوون کچی شاھەنشاھی کوڕی ئەیوب، ھاوسەرەکانی سەلاحەدین، ھۆکارەکانی ڕووخانی دەوڵەتی ئەیوبییەکان، ئینکاری کوردبوون.
بەشی شەشەم/ سوڵتان سەلاحەدین و ناسیونالیزمی کوردی ئەمە دوا بەشی کتێبەکەیە فەسڵەکانی بیستو پێنجەم تاوەکو فەسڵی سی و دووەم کە دوا فەسڵە لە خۆ دەگرێت، کەباس لە نەتەوە چییە؟ نەتەوەو نیشتمان، ناسیونالیزم، ڕەگ و ڕیشەی ناسیونالیزمی کوردی، نوخبەی کوردو پەرە پێدانی ناسیونالیزمی کوردی، سەلاحەدین لە ئەدەبیاتی ناسیونالیستی کوردیدا، سەلاحەدین لە ڕۆژنامەوانی کوردیدا، ئەو کتێبە کوردیانەی لە سەر سەلاحەدین نووسراون، ناسیونالیزمی عەرەبی و تەعریبی سەلاحەدین ،میسرو سەلاحەدین و جەمال عەبدولناسر، عیراق و سەلاحەدین و سەدام حسین، سەلاحەدین لە ڕوانگەی نوخبەی عەرەبیی سەدەی بیست و یەکەم، سوڵتان سەلاحەدین لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاواییدا، سەلاحەدین لەلە دادگای مێژوودا، کاژیک و سەلاحەدین، فەسڵی کۆتایی ئەگەر سەلاحەدین نەبووایە.
لە کۆتاییدا حەزدەکەم ئەوە باس بکەم کە زۆرکەس بە خۆیشمەوە زۆرجار لە پێگەو گرنگی ئەم سوڵتانە کوردەمان کەمکردۆتەوە، بەڵام دوای ئەم لێکۆڵینەوە مێژوویی و گرنگەی دکتۆر مەجید ساڵح ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنێت کە:
1. سوڵتان سەلاحەدین و بنەماڵەی ئەیوبیەکان دوای دامەزراندنی ئیمبراتۆریەتەکەیان چی گۆڕانکارییەکی پۆزەتیفی گەورەیان لە زەھنیەت و دیدو بۆچوونی گەلانی موسڵمانی دیکە بەرامبەر بە کورد دروست کردووە، لەم کتێبەدا بۆمان دەردەکەوێت کە پێش ئەیوبیەکان کە بە چاوی نزمەوە سەیر دەکران، چەند جیاوازن لە کوردی دوای ئەیوبییەکان کە سەربەرز و سەرفرازبوون. تەنانەت مێژوونووسی ناوداری تورک فاروق سومر (1924- 1995) سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کورد لە ئەنادۆڵ لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی دەڵێ: دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی پێگەی کوردەکانی بەھێزکرد،دەستەڵاتی ئەم حکومەتە لە ھەندێ لە ناوچەکانی ئەنادۆڵ دیمۆگرافیای نەتەوەیی ناوچەکەی گۆڕی و کوردەکان لە چاو جاران لە ناوچەیەکی فراوان بڵاوفراوانتر بڵاوبوونەوە. تەنانەت جۆرجی زەیدان دەڵێت کورد پێش سەلاحەدین لەناو ئیسلامدا ھیچ ناو دەنگێکیان نەبوو، لە سەردەمی دەوڵەتی ئەیوبی ( 564-648) کۆچی کە سەلاحەدین دامەزرێنەری بوو کوردەکان شان و شکۆیان پەیداکرد و میسرو شام و کوردستان و یەمەن و خۆراسان کەوتە ژێر دەستیان ، سەلاحەدین لە ڕووی ئەقڵ و سیاسەت و دلێری ە تەدبیرەوەمەزنترین پیاوی ئیسلام بوو.
2. تا ئێستا ھەر باسی کارە باشەکانی سوڵتان سەلاحەدینمان کرد ئەوەی کار بکات ھەڵەش دەکات، یەکێک لەو ڕەخنانەی کەلەو سەردەمەدا لە سوڵتان گیراوە ئەوەیە کە سەلاحەدین زیانی بە ئەھرامەکان گەیاندووە و بەردەکانی لە دروستکردنی قەڵاکەیدا بەکارھێناوە ، ھەرچەندە لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەدا عومەر عەبدولعەزیز مونیر دەڵێت لە سیاقی کولتووری ئەو قۆناغە مێژوویەدا بەکارھێنانی بەردەکانی ئەھرام بە تاوان لە قەڵەم نەدەدرا، چونکە ئەھرامە بچوکەکان ھیچ بەھایەکی ئابوورییان نەبوو وەک ئەوەی ئێستا ھەیەتی.