ڕێباز فاروق گڕاوی: پەرتەوازەیی لە پێناو دەسکەوتی حزب.
لە ئەمڕۆدا هەرێم ئاریشە و گرێی گەورەی هەیە لە گەڵ ناوەند، کێشەکان کەڵەکە بون و زیاد دەکەن بە هۆی لاوازی سەرانی کورد و بێ پلانی، لەمەش خراپتر گوتاری حزبی و پەرتەوازەیی زاڵترە لە یەکتر خوێندنەوە لە نێو خۆدا.
نەبونی ستراتیژ و ئەجێندایەکی ڕوون، بێ پلانی کورت خایەن و مام ناوەند و درێژخایەن لە هەمبەر مافە دەستوری و شایستە دارای و چارەسەری ئالنگاریەکان بەگشتی.
وەك بودجە ، پێشمەرگە، جێبەجێكردنی ماددەی 140 و یاسای نەوت و گاز، لەگەڵ دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ جێبەجێكردنیان.
ئاماژەکان پێمان دەڵێن کورد بۆ چوار ساڵی تریش بە لاوازی لە عێراق دەمێنێتەوە.
دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی نوێنەرانی عێراق، لایەنە عیراقیەکان چوارچێوەی هەماهەنگیان دروستکرد، سەرەڕای ناکۆکیەکان شیعە لە ژێر چەتری (إيطار) كاردەکەن، سوننەش خۆی ڕێکخست کورد نەبێت خەریکی پارچە کردن و پەرتەوازەیی خۆیەتی، لە پێناو دەسکەوتی حزبی، ئەگەر چی کورد زیاتر لە (100) سالە کێشەی نەتەوەیی هەیە لەگەڵ عێراق.
ناکۆکی نێوماڵی کورد بۆتە نەریتی لایەنە سیاسیەکان و ئەمەش وایکردووە بەلاوازی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان دانوستان بکەن یان بچنە ناو حکومەتی نوێ و بێ کاریگەر لە ناوەند بکەون وەک کابینەکانی ڕابردوو، لایەنە کوردیەکان بونەتە دیاردەی پۆست وەرگرتن و گریرفان پرکردن لە ناوەند، هەمیشە کێشەکانی خەڵکی کوردستانیان لەسەر مێزی گفتوگۆ وەلاناوە، تەنها لە میدیاکان نەبێت بۆ چەواشە کردنی خەڵک و لایەنگرانیان باسدەکرێت!
لەم هەلو مەرجە ناسکەی عێراق لایەنێکی کوردی کەوتۆتە نێو غروری سیاسی، دەمارگیری حزبی، تەنانەت توشی نەخۆشی خۆبەزلزانین (جنون العظمة)بووە ، بۆیە کاری پێکەوەیی لێبۆتە گرێ کوێرە ، ئەوەی تریان کاردانەوەی ئەم جوڵەیە پێداگیری دەکات و دەیەوێت دانی پێدا بنرێت، لایەنکانی تریش پەرتەوازە بێ سەر بەدیار بەختی خۆیان دانیشتوان.
ناکۆکیەکان پەرلەمانی کوردستانیان پەکخستەوە، دوای ساڵێک بەهاو ڕێزێکی ئەوتۆیان نیە بۆ ئیرادەی دەنگدەرانی هەرێم و تەنانەت ناتوانن حکومەتی هەرێم پێکبێنن و لەم کاتەدا کار ناکرێت بۆ ئەجێندا و سترتیژی هاوبەشی لایەنە کوردییەکان تا یەک گوتار لە گۆڕەپانی عێراق ڕۆڵ بگێڕن.
لەمیانەی ململانەی نێوانیان، خەڵکی هەرێم و دۆزی کورد لە چوار چێوەی عێراق کەوتۆتە نێوان بەرداشی لایەنە کوردییەکان.
عەقلیەتی دەسەڵاتدارانی کورد تاوەکو و ئەمڕۆ ئەمەی تێنەپەڕاندوە کە لە ناوەند پاشکۆی لایەنە عێراقیەکان نەبن، هەمیشە دوای ڕوداوە سیاسیەکان کەوتون، دوای کار و بڕیارە گرنگەکان خەبەریان دەبێتەوە.
ئەمە وادەکات ڕیسەکە ببێتەوە خوری و بپوکێنەوە، بە تایبەت کە ناتوانن لە بەرگی حزب بێنەدەرەوە، لە سایەیان خەڵکی هەرێمیش کۆتی هەواڵێکی هاتن و نەهاتنی موچەبن، ئەم ناکۆکیانەی لایەنە کوردیەکان بەگشتی دوو هێزی دەسەڵاتدار بەتایبەتی هۆکاری بەردەوامی نەهامەتیەکانن.
بە ئاماژەی ڕوون کە ئامادەنین یەک گوتاربن لە ناوەند و بەرژەوەندییە ئابوری و حزبیەکانیان پێش هەموو مافە دەستوری و یاساییەکانی خەڵکی هەرێم خستوە.
