بێستون محەمەد قەرەداغی: جەنگی وزە و خوێندنەوەیەک بۆ لێدان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ساتەوەختی پێکهێنانی حکومەتدا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

کوژانەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان لە شەوی ڕابردوودا، تەنها دەرەنجامی هێرشێکی کوێرانەی میلیشیاکان نەبوو؛ بەڵکو ڕووداوێکە پەیوەندی بە قوڵایی ململانێی جیۆپۆلەتیکی ناوخۆیی و هەرێمایەتی ناوچەکەوە هەیە.
لە کاتێکدا کە عێراق و هەرێمی کوردستان لە قۆناغی هەستیاری ” پێکهێنانی حکومەت”دان، بە ئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بڕبڕەی پشتی بەرهەمهێنانی کارەبای 24 کاتژمێری هەرێمی کوردستانە، بەرجەستەکردنی تەواوەتی چەمکێکی زانستییە کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە “چەککردنی ژێرخانی وزە” دەناسرێت.

پارچەبوونی دەسەڵاتی ئەمنی
بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی لەم کاتەدا کۆرمۆر دەکرێتە ئامانج، دەبێت لەوە وردبینەوە کاتێک دامەزراوە نیشتمانییەکان (وەک وەزارەتی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان) ناتوانن کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر جوگرافیای وڵاتدا بکەن، هێزە حیزبییەکان سود لە “جوگرافیا” وەردەگرن بۆ سەپاندنی مەرجی سیاسی. بەنمونە پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی “شەرعییەتی گرێبەستە نەوتیەکانە و یەکێتیش لەگەڵیدا شەریکە” و ئیدارەدانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکەن.
یەکێتی دیسان خاوەنی “هەژموونی جوگرافیای کێڵگە غازییەکانە” و هێزی سەربازیی زۆنی غازەکەیە بەتایبەت (چەمچەماڵ). لێرەدا، هێرشەکەی شەوی ڕابردوو وەک دەرکەوتەی ئەم پارچەبوونە دەردەکەوێت. کلیلە ئەمنییەکە لە دەستی یەکێتیدایە، ئەگەر دەسەڵاتی تەواوەتیشی نەبێت، لەگەڵ ئەو هێزانەی کە میلشیان و پەنجەی تۆمەتیان بو درێژ دەکرێت هاپەیمانە، کە بەردەوام هەڕەشەیان لە کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان کردووە.

غاز وەک کارتی فشاری سیاسی
پەیمانگای واشنتن (The Washington Institute) لە شرۆڤەکانیدا دەربارەی دۆسیەی وزەی هەرێم، ئاماژە بە دەستەواژەی باج بە❞ غاز❝ دەکات. هێرشەکەی شەوی ڕابردوو هاوکاتە لەگەڵ دوو گۆڕانکاڕی سەرەکی:
هەوڵەکانی پارتی: بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە تیایدا ڕۆڵی یەکێتی سنووردار بێت، یان بە مەرجەکانی پارتی بێت.
هەڕەشەکانی پێشوو: بەرپرسانی باڵای یەکێتی پێشتر ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە” ڕێگە بە هەناردەکردنی غاز نادەن ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت”. لەم چوارچێوەیەدا، ڕێگەدان بە دروستبوونی “بۆشایی ئەمنی” بۆ ئەوەی درۆنێک، یان موشەکێک کێڵگەکە بپێکێت، پەیامێکی توندی دانوستانکارانەیە: “هیچ کابینەیەک لە هەولێر ناتوانێت ڕووناکی (کارەبا) بۆ خەڵک دابین بکات، ئەگەر ڕەزامەندی سیاسی ئەو هێزە وەرنەگرێت کە دەستی لەسەر قوفڵی غازەکەیە.”

خەڵوەتی سیاسی
لە عێراق و کوردستاندا، کاتێک ململانێی سیاسی دەگاتە بنبەست، لایەنەکان ڕوودەکەنە تێکدانی دۆخی ئەمنی و ئابووری بۆ شکاندنی ئیرادەی یەکتری.
کوژانەوەی کارەبا لەم کاتەدا، فشارێکی جەماوەری گەورە لەسەر حکومەتی هەرێم دروست دەکات. ئەمەش تەواوکەری ئەو هاوکێشەیەیە کە دەڵێت: ئاسایشی وزە لە کوردستان “گۆڕاوێکی سەربەخۆ” نییە، بەڵکو “گۆڕاوێکی پاشکۆیە.
بە خوێندنەوەی ورد بۆ ڕوداوەکان دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر تەنها کردەوەیەکی تیرۆریستی دەرەکی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ململانێیەکی ناوخۆی و هەرێمی پەیامەکە بۆ هەموو لایەنەکان (بە تایبەت پارتی و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان) ڕوونە:
“جوگرافیا حوکم دەکات. بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ هێزی باڵادەستی ناوچەکە، پرۆژەی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا لەژێر ڕەحمەتی درۆن و موشەکەکاندا دەمێنێتەوە و هیچ سیستەمێکی بەرگریی تەکنیکی ناتوانێت جێگەی ‘ڕێککەوتنی سیاسی’ بگرێتەوە.