عەبدوڵا کەریم مەحمود: سه‌دای ده‌نگی خه‌لیل پاره پاره‌یی.
تراژیدیای برینداربوونی خه‌لیل پاره‌پاره‌یی پێشمەرگەی کەرتی 5ی تیپی 51ی گەرمیان، لە گوندی لفتی ئاغا، له‌ئه‌نفالی سێی گه‌رمیان له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپای عێراق و ته‌كنه‌لۆژیای عه‌سكه‌ری و جاش، چیرۆکێکی تاڵی پڕلە تراژیدیای ئەو پێشمەرگە ونە جەرگبڕە یە. تائێستا له‌هیچ دیرۆکێک، ستایڵی فیلم و رۆمانێک، له‌هیچ جه‌نگێكی پڕ له‌به‌رگری میلله‌تانی دنیادا نەبینراوە.
خەلیل له‌نێوان ژیان و مه‌رگ و به‌رگریدا، بریندار ده‌بێت. له‌چاوه‌ڕوانییه‌كی بێ هوده‌دا، بە دەم ئازاری برینەکەیەوە، بێ سه‌روشوێن دەکرێت.
گه‌نجێك له‌ناوگوندێکی ته‌عریبکراو و ته‌بعیس و راگواستندا، عاشقی هونەر و کلتوورو نیشتمان و یاخیبوون و پێشمه‌رگایه‌تی دەبێت، كێوێك ده‌بێ لە ئیرادە و هه‌ڵوێست، هاوڕێی هاوڕێ پێشڕه‌وی حیزبی شیوعی بوو.
له 6/ 4/ 1988 سوپای عێراق و جاش له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه په‌لاماری گه‌رمیان ده‌ده‌ن، پێشمەرگەکانی یەکێتی و شیوعی گەرمیان، به‌چه‌كێكی ساده‌وه لەو پێ دەشت و گردۆڵكانه‌ی گه‌رمیاندا، رووبەرووی ئەو سوپا زەبەلاحە دەبنەوە، فیشه‌كێك به‌ر پشتی خه‌لیل پاره‌پاره‌یی ده‌كه‌وێت، ده‌ماری عه‌سه‌بی ده‌پچڕێ و ئه‌و جه‌سته به‌هێزه پۆڵاینە، پڕ لە جموجۆڵە، لە ناکاو تینی تیا نامێنێ، لە گۆ دەکەوێت و ئیفلیج دەبێ.
له 14/4/ 1988 سەدان و هەزاران، ژن و پیاو و منداڵی گونده‌كانی گه‌رمیان ده‌ستگیرو بێ سه‌روشوێن کران. هێزی پێشمه‌رگه هیچ بوارێكیان بۆ نەمایەوە،به‌چه‌ند کاروانێک لەگەڵ له‌ژن و پیاوو منداڵ و بریندارەکان روو دەکەنە بناری سەگرمە، هاوڕێ پێشمەرگەکانی، جەستەی خەلیل دەگەیەننە بناری سەگرمە.
له‌و زه‌مه‌نه‌ی ترس و گومانی ئەنفال و بێ سەروشووێن کردنەدا، جه‌سته‌ی بێ جوڵه‌ی خه‌لیل پاره‌پاره‌یی لەسەر بەتانیەکی شڕ لەسەر ئەو زەویە رەق و تەقە، لە نێوان بانی مۆردو ره‌باتدا، بێ كه‌س ده‌كه‌وێت.
لە شەوەدا تارمایی هەنگاوی رێچكه‌ی شه‌پۆلی پێشمه‌رگه و ژن و پیاوو منداڵ، به‌لای جەستەی بێ نازی خەلیل دا تێدەپەڕن، بەرەو بەرزاییەکانی سەگرمە هەڵدەگەژێن، هیچ كه‌سێکیان نه‌یان دەتوانی ئه‌و جه‌سته له‌كۆڵ بكات، چه‌ند نانه‌ڕه‌قێك و مه‌تاره‌یه‌ك ئاوی لەسەر به‌تانیه‌كی شڕەکەی بۆ بەجێ دەهێڵن.
چاوەکانی خەلیل، تەنیا تارمایی و دەنگی هەنگاوە ماندوەکانی ئەوانی دەبینی و دەبیست، بێ قاچی و بێ چوڵەیی و بێ کەسیی بە جۆرێک رۆح و ناخی بریندار دەکرد، سوێی ئازاری لەو گولە زیاتر بوو، کە جەستەی لە جوڵە خست. كه‌س نه‌یزانی جه‌سته‌و رۆحی خه‌لیل پاره‌یی، له‌بەر کزەی سه‌رما و باران له‌برساو له تینوا خامۆشە، یا بوو بە خۆراكی ده‌عبای كێوو قه‌ل و داڵ، یا كه‌وته ناو تۆڕی سوپای ئەنفال و جاشەوە و شوێن بزركراوە.
*خه‌لیل حه‌سه‌ن ئه‌مین ناسراو به (خه‌لیل پاره‌پاره‌یی )، لە 1967لە گوندی پارەپارەی ناوچەی داوێ لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندی پارە پارەو قۆناغی یەک و دووی ناوەندی لە گوندئ حەفت تەغاربووە، لە 1983 لە گەڵ فوئاد پارە پارەیی هاوڕێ ی‌دا، وەک دوو ئەکتەر رۆڵیان لە شانۆی( تەرازو)دا بینی وە، له (1983 -1984) له‌گه‌ڵ( هاوڕێ پێشڕه‌و)ی هاوڕێی دا، خوێندكاری سێیه‌می ناوه‌ندی بوون، له‌ناوه‌ندی موسه‌نا، له‌گه‌ڕه‌كی موسه‌ڵای شاری كه‌ركوك، له‌كۆتایی خوێندنی (1984) له‌یه‌كتریی دادەبڕێن.
له (1986) دوای ئاشتبوونەوەی بەرەی (جود ) و(ی. ن.ک)، جارێکی تر هاوڕێ پێشڕەو و خه‌لیل پاره‌پاره‌یی رەمەزان پارەپارەیی و چوار هاوڕێی تریان بە یەکتریی شاد دەبنەوە، هەر حەوتیان له‌كه‌ركوكه‌وه روویان کردە دێی( قه‌ڵا)ی ناوچه‌ی داوده‌ی گەرمیان.
خه‌لیل پارەپارەیی هاوڕێ پێشرەو نزیکترین هاوڕێ بوون، هاوڕێ پێشڕەو داوای لە خەلیل كرد، ببێ به‌پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی، به‌ڵام خەلیل داوای لێبوردنی كرد، وتی: لە بەرئەوەی زۆربەی هاوڕێکانم، پێشمەرگەن له‌كه‌رتی (5)ی تیپی (51)ی گه‌رمیان، دەمەوێت ببم بە پێشمه‌رگه یەکێتی.
هاوڕێ پێشرەو و هاوڕێکانی روویان كرده گونده‌كانی سه‌رووتری ناوچه‌ی داوده، هاوڕێ پێشرەو و خەلیل، چه‌ند جارێك، له‌جه‌وله‌ی پێشمه‌رگایه‌تیدا له‌ناوچه‌ی( داوده‌و بناری گل )، بە دیداری یەکتریی دەگه‌یشتن، یاده‌وه‌رییەکانی هاوڕێ یەتییان بۆ یه‌كتریی دەگێڕایەوە.
ئێواره‌ی (6/ 4/ 1988) سوپای ئه‌نفال و جاش به چه‌كێكی قورس و به پاڵپشتی كۆپته‌رو پیلاتۆز ده‌یان ده‌بابه‌و زرێ پۆش، له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه، زنجیره‌یه‌ك هێرشیان کردە سەر ناوچه‌ی داوده و بناری گل و گوندی لفتی ئاغا.
له (9 /4/ 1988) لە له‌گوندی لفتی ئاغابوون، سێیه‌م رۆژی به‌رگری بوو، هاوڕێ پێشرەو و خه‌لیل پاره‌پاره‌یی له‌دوو سه‌نگه‌ری نزیك یه‌ك له سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه بوون.
جوتیاری گوندی لفتی لە دەرەوت گونده‌كانیان بۆ بەرگری لە هێڕشەکانی سوپای ئەنفال دروست كردبوو، WوM سەنگەریان بە شێوەی پیتی.
عەلی بی کەی سی و تارق و خەلیل پارەپارەیی و پێشمەرگەیەکی تر لە سەنگەرێک بوون.
هاوڕێ پێشڕەو پێشمه‌رگه حزبی شوعی لە گەڵ یوسف حسێن و پێشمەرگەیەکی تری یەکێتی لە سەنگەرێکی تر بوون، 500 مەتر لە یەکتریی دووربوون.
به‌هۆی سه‌ختی په‌لاماره‌كانی دوژمنه‌وه، سه‌نگه‌ره‌كه‌ی خه‌لیل پاره‌پاره‌یی و هاوڕێكانی ئاشكرابوو، سەعات 10ی بەیانی تاریق له‌كاتی به‌رپه‌رچدانه‌وی په‌لاماره‌كانی هێزه‌كانی سوپای عیراق، له‌كاتی ده‌ستڕێژدا له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دا پێکراو دواهه‌ناسه سپارد.
پێشمەرگەکان نه‌یانده‌توانی لە بەر گولەی دۆشكه‌و هاوه‌ن و قەناس، کە وەک تەرزە بەسەر له‌سه‌نگه‌رەکانیان دەباری، سەر دەربهێنن. تەنیا هاوڕێ پێشڕەو عەلی بی کەی سی، دەیانتوانی بە دەنگ بەرز، ئاگاداری یەکتریی بکەنەوە، سەنگەرەکانیان چۆڵ نەکەن.
سه‌عات (3)ی پاشنیوه‌ڕۆكه‌ی پێشمەرگەکان ئاگاداركرانەوە: فیشه‌كێك به‌ر پشتی خه‌لیل پاره‌پاره‌یی كه‌وتووه‌و برینداره. هێزەکانی سوپا‌و جاش زیاتر لە سەنگەرەکانیان نزیك ده‌بووه‌وه، بواری به‌رگریكردن بۆ پێشمەرگەکان نەما. بەڵام پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی و شیوعی ته‌حه‌دای مه‌حاڵیان دەكرد، هه‌موو ئه‌و زنجیره په‌لامارانه‌ی سوپای عێراق و جاشیان شكاند، تا خۆرئاوابوو به‌رگریان كرد.
چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ناو سه‌نگه‌ره‌كانیان مانه‌وه و به‌توندی به‌رپه‌رچی هێرشه‌كانی سوپای ئەنفال و جاشەکانیان ده‌دایه‌وه، بۆئه‌وه‌ی پێشمەرگەکانی هاوڕێیان، شه‌هیدو برینداره‌كان بگوێزینه‌وه.
ئه‌وپێشمەرگانە تا دوافیشه‌ك به‌رگریان كرد، دواجار هه‌موویان له‌گوندی لفتی ئاغاوە به قووڵایی ئه‌و شه‌وه زه‌نگه به‌ره‌و گونده‌كانی دواوه کشانەوە، بڵێسه‌ی ئاگری ماڵه‌كانی گونده‌كان به‌ره‌و قووڵایی ئاسمان به‌رز ده‌بووه‌وه.
هاوڕێ پێشرەو و دلێرو قانع و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر، خه‌لیل پاره پاره‌یان بینی جه‌سته‌ی ئیفلیج ببوو، ئه‌و فیشه‌كه‌ی به‌رپشتی كه‌وتبوو، ده‌ماری عه‌سه‌بی بڕی بوو، خه‌لیل یان، خسته ناو داره‌مه‌یتێكه‌وه و گه‌یاندیانه دێی( وارانی خواروو) دایانە ده‌ست پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی و ته‌رمی شه‌هید تاریق یان گه‌یانده گوندی وارانی خواروو)، تارق خه‌ڵكی ئه‌و گونده بوو، گونده‌كه چۆڵ بوو، ته‌نیا باوكی له‌وێ مابوو.
هێزەکانی سوپای عێراق و جاش كۆنترۆڵی سه‌راپا گه‌رمیانیان كرد، شه‌پۆل شه‌پۆل ژن و پیاو منداڵ ده‌ستگیرو بێ سه‌روشوێن دە كران، هه‌موو دۆڵ و لاپاڵێك، هه‌رچه‌م و ئاوێك، هه‌ر بن به‌ردو كه‌ڵۆزێك، هه‌ر رێچكه‌و دێیه‌ك، هه‌ر گردۆڵكه‌و لاپاڵێك پڕبوو له‌خه‌ڵك.
خه‌ڵكه‌كه به‌ره‌و مه‌رگێكی ون و ئەوانیش له‌ململانێی ژیان و مه‌رگدا هه‌نگاویان ده‌نا، هێزێكی زۆری پێشمه‌رگه‌كانی (ی.ن.ك) و شیوعی و سۆشیالیست و هاڵاتیان له‌نێوان بانی مۆردو ژاڵه‌ی ره‌بات به‌چیای سه‌رگرمه‌دا هه‌ڵده‌گژاین، شه‌وە زەنگێکی ئه‌نگوسته‌چاو بوو، له‌خرمه‌ی پێكانیان و لێكخشانی تاقم و تفه‌نگه‌كانمان به‌ولاوه هیچ ورته‌یه‌كیان نه‌ده‌بیت. له‌بناری سه‌گرمه‌وه. پێشمەرگەکان ئاوڕیان ده‌دایەوە، ته‌نیا گڕی ئاگری گونده سوتاوه‌كان رووناكیان به‌گه‌رمیان ده‌به‌خشی.
له‌ناكاو لەو بنارە سه‌دای ده‌نگێكی پڕ له‌حه‌سره‌تی خەلیل پارەپارەیی، ناخی هه‌موویانی هه‌ژاند. پێشمه‌رگه.. ئاو … نان، وه‌رن، ئه‌مه رێچكه‌کەیه. لێره‌وه سه‌ركه‌ون. ده‌نگێک بوو، نوقمی ئازار‌و تینوێتی و برسێتی و ته‌نیایی. لە بەر كزه‌ی ئەو سه‌رمایە، لەناو قوڵایی شەوەزەنگەدا ون بوو.
(بڵێی كێ بێ له‌وبناری كێوه، به‌ته‌نیا به‌جێ مابێت، چه‌ند جارێك ئه‌و ده‌نگه پڕ له‌تراژیدیایه بانگی كردین هیچ كام له‌ڕه‌تڵه‌كه ئاماده نه‌بوو بۆ ساتێكیش له‌به‌رده‌م ئه‌و جه‌سته‌یه‌دا بوه‌ستێت.
له‌لایه‌كی رێچكه‌ی خواره‌وه‌ی كێوه‌كه، جەستەیەک له‌به‌تانیه‌كی شڕ پێچرابوو، هیچ جۆره جوڵه‌یه‌كی تیا نه‌مابوو،کاروانی پێشمەرگەو خەڵکەکە مه‌سافه‌یان وه‌رگرتبوو، به‌قاچه كه‌م تینه‌كانیانه‌وه رێچكه‌یان ده‌بڕی، ته‌نیا دوو كه‌س له‌ڕه‌تڵه‌كه‌و رێچكه‌كه ده‌رچوون، وتیان: ئێمه ئه‌م سه‌دای ده‌نگه به‌جێ ناهێڵین، بڕێك خواردن و نه‌ختێك ئاویان له‌ڕه‌تڵه‌كه بۆ كۆكرده‌وه، به‌ره‌و ده‌نگه‌كه هه‌نگاویان نا.
هاوڕێ پێشڕه‌و وتی: دوای چه‌ند رۆژێك کاروانەکەمان گه‌یشتینه ناو شوان، له‌وێ سه‌دای ئه‌و ده‌نگه له‌گوێمدا ده‌زره‌نگایه‌وه، دوای كیمیابارانی گۆپته‌په‌و عه‌سكه‌رو ئه‌نفالی چوار، ئێمه گه‌ڕاینه‌وه بۆ سنووره‌كانی گه‌رمیان، بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌و ده‌نگه ده‌نگی خه‌لیل پاره پاره‌یی بوو. له‌وكاته‌وه نه‌مان زانی چاره‌نووسی ئه‌و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره خۆشەویستەمان چی لێ هات؟
له‌م ساڵانه‌دا ناوه‌كه‌ی خەلیل پارەپارەیی مان، له‌لیستی شه‌هیدان لە گەڵ ناوی مستەشارو ئامر سریەی جاشەکاندا، بینی.
سەرچاوە:
١- هاوڕێ پێشرەو، له‌په‌راوێزی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا (په‌یڤێك بۆ یادی 19 ساڵه‌ی خه‌لیل پاره‌پاره‌یی ژماره (735)ی رێگای كوردستان، (11)ی نیسانی (2007/ل7.
٢- جەند زانیارییەکی فوئاد پارە پارەیی.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: کارزانەکانی شار‌و شاخ.
-عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: پڕۆژه‌ی مۆزەخانهی رۆژنامه‌وانی کوردی.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: مام عومەرەکەی ئیمام قاسم ی کەرکوک!
- All Posts
