ناودار زیاد: خۆپیشاندانەكانی لاجان لاناز؛ زەنگێکی مەترسیدار بۆ کۆتاییهاتنی هەژموونی پارتی بەسەر عەشیرەتەکاندا.

Avatar photo

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی گوندی لاجان و پاڵاوگەی لاناز، تەنها خۆپیشاندانێكی ئاسایی یان داواکارییەکی خزمەتگوزاری و هەلی كار نەبوو، بەڵکو تەقینەوەی ئەو گرێیە بوو کە ساڵانێکە لەژێر پەردەی سەقامگیری و ئاوەدانیدا لە دەڤەری بادینان و هەولێر شاردراوەتەوە. ئەم قەیرانە پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی مۆدێلی حوکمڕانیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵماڵی و نیشانیدا کە چۆن تێکەڵبوونی بازرگانیی خێزانی لەگەڵ دەسەڵاتی سەربازی، بووەتە هۆی دروستکردنی سیستەمێک کە تێیدا هاووڵاتی دەکرێتە قوربانی بۆ بەرژەوەندیی بازرگانیی دەستەبژێرێکی دیاریکراو.
پاڵاوگەی لاناز چیتر تەنها پڕۆژەیەکی پیشەسازی نییە، بەڵکو بووەتە سیمبولی ئەو قۆرخکارییە ئابوورییەی کە بنەماڵەی بارزانی پێ دەناسرێنەوە. بەپێی زانیارییەکان، خاوەندارێتیی 51٪ی ئەم پڕۆژەیە بۆ (مەسرور بارزانی) دەگەڕێتەوە. فراوانکردنی ئەم پاڵاوگەیە تا ئاستێک کە دیوارەکانی بە ماڵی گوندنشینانەوە بنووسێت، دەرخەری ئەو عەقڵییەتەیە کە تێیدا قازانجی کۆمپانیاکانی دەسەڵات گرنگترە لە تەندروستی و ژیانی 400 خێزانی ئەو ناوچەیە.
ئەم دۆخە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە لە سایەی حوکمڕانیی پارتیدا، هیچ جیاوازییەک لەنێوان موڵکی گشتی و ژیانی هاووڵاتی و بازرگانیی حیزبیدا نەماوە. گوندنشینانی لاجان باجەکەی دەدەن بە پیسبوونی ژینگە و نەخۆشی و ژاوەژاو، لەکاتێکدا قازانجی ملیۆنان دۆلارییەکەی دەچێتە گیرفانی بازنەیەکی داخراوی دەسەڵاتەوە.
وەڵامی پارتی بۆ ناڕەزایەتییەکان، کە بە جووڵەپێکردنی هێزە تایبەتەکانی وەک گوڵان و لیواکان بە سەرپەرشتی مەنسور بارزانی دەرکەوت، خاڵێکی ڕەشی دیکەیە بە نێوچەوانی ئیدارەی هەولێرەوە. بەکارهێنانی هامەری ئەمریکی و چەکی قورس بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکێک کە داوای هەلی کار و هەوای پاک دەکەن، نیشانەی ترس و لاوازییە نەک هێز.
کوشتنی دوو هاووڵاتی و بریندارکردنی دەیان کەسی دیکە، سەلمێنەری ئەوەیە کە پارتی ئامادەیە هێزی چەکدار، کە دەبوو پارێزەری خاکی کوردستان بێت، وەک کۆمپانیایەکی ئەمنی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی کوڕانی بەرپرسان بەکاربهێنێت. گەمارۆدانی گوندەکە، بڕینی کارەبا و ئینتەرنێت و ڕێگری لە میدیاکان، ئەو دیموکراسییە ساختەیە دەخاتە ڕوو کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا پارتی بانگەشەی بۆ دەکرد. پارتی هەوڵیدا بە تاریککردنی لاجان تاوانەکان بشارێتەوە، بەڵام هاواری خێزانە کۆچپێکراوەکان ئەو دیوارە بێدەنگییەی ڕووخاند.
ئەوەی لە لاجان ڕوویدا، پەردەی لەسەر ستراتیژییەتی بەكارهێنانی عەشیرەتەكان لەلایەن پارتییەوە هەڵدایەوە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. بەڵێنی دامەزراندنی 120 گەنجی گوندەکە تەنها بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بوو، و دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، خەڵکەکە نەک هەر کاریان پێنەدرا، بەڵکو وەک تێکدەر مامەڵەیان لەگەڵ کرا. ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو دەنگدەرانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی کە بەڵێنەکانی ئەو حیزبە تەنها تا کاتی داخستنی سندوقەکانی دەنگدان بڕ دەکەن.
ڕەنگە مەترسیدارترین خاڵ بۆ پارتی لەم ڕووداوەدا، لەدەستدانی متمانەی جەماوەرەکەی خۆی بێت. عەشیرەتی هەرکی کە بەشێکی زۆری پێکهاتەی هێزە ئەمنییەکان و جەماوەری پارتی پێکدەهێنن، ئەمڕۆ هەست بە سووکایەتی دەکەن. داخستنی ڕێگا سەرەکییەکانی هەولێر-دهۆک و هەولێر-موسڵ لەلایەن خەڵکەوە، نیشانەی ئەوەیە کە پارتی کۆنترۆڵی بەسەر دڵی دەسەڵاتەکەیدا نەماوە.
پارتی ساڵانێکە شانازی بەوەوە دەکات کە نوێنەرایەتی عەشیرەتەکان دەکات، بەڵام ڕووداوەکانی لاجان دەریخست کە بۆ پارتی، عەشیرەت تەنها ژمارەیەکی دەنگدانە. کاتێک بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی لاناز دێتە پێشەوە، زەوی و کەرامەتی عەشیرەتەکان دەکرێنە قوربانی. دەرکەوتنی جەوهەر ئاغا و دەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەکان، گورزێکی کوشندەیە بۆ ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت هەولێر ئارامترین شوێنە؛ دەرکەوت ئارامییەکەی هەولێر تەنها بە زەبری هێز و بێدەنگکردن ڕاگیراوە.
میدیای نزیك لە پارتی هەوڵیدا خۆپیشاندانەکان بە دەستی دەرەکی و پیلانی یەکێتی یان هێزە شیعییەکان وەسف بکات، بەڵام ئەم پاساوە چیتر ڕەواجی نەماوە و جێی بڕوا نییە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ستەمی خودی پارتی زەمینەی بۆ دەستێوەردان خۆشکردووە. ئەگەر خەڵکی لاجان هەستیان بە زوڵم نەکردایە، هیچ هێزێکی دەرەکی نەیدەتوانی بیانجوڵێنێت. کردنەوەی دەرگا بۆ کەناڵەکانی وەک ئەلعەهد و میدیای یەکێتی، دەرئەنجامی سیاسەتی پەراوێزخستن و تاکڕەوی پارتی خۆیەتی، نەک هۆکارەکەی.
لە کۆتاییدا، خۆپیشاندانەكانی لاجان – لاناز نیشانی دەدات كە خۆسەپاندنی پارتی تا كۆتایی بڕ ناكات و ڕەنگە پارتی لەم شەڕەدا توانیبێتی بە زەبری هێز ڕێگاوبانەکان بکاتەوە و خەڵكەكە دامركێنێتەوە، بەڵام شەڕی خۆشەویستی و شەرعیەتی لە دڵی دانیشتوانی ناوچەکەدا دۆڕاندووە.