زەبەنگ بەهادین: خۆشەویستی بونی هەیە؟

زۆرینەمان کە بابەتێک شی دەکەینەوە، یان بەدواداچونی بۆ دەکەین، پێش دەستپێکی بابەتەکە بنکۆڵی چارەسەر و دەرهاویشتەکان دەکەین. ئەمجارە بە شێوازێکی دی ئەم بابەتەم نوسیوە، بە جۆرێک مرۆڤ خۆی بیر بکاتەوە، خۆی بنکۆڵ بکات، خۆی بگەرێ لە ناو خۆیدا لە ناو بەرامبەرەکەی لە مێژوو لە ئەزمونەکان لە نوسینەکان تا وەڵامەکان بدۆزێتەوە، ئەو کات ئاخۆ تێدەگات، یان نا ؟ ئەوەیان نازانم، ئایا وەڵاممان دەست دەکەوێت، یان نا ؟ ئەوەش نازانم.
ئەو پرسیارەی رەنگە هیچی کەمتر نەبێت لە پرسیارەکانی وەک، ئایا خودا بونی هەیە؟، راستی بونی هەیە؟ ، جوانی بونی هەیە؟ ، سەرەتا باشتر وایە ئەوە بپرسین بۆ بروامان بە خۆشەویستی هەبێت؟ وەک چۆن پرسیار لە خۆمان دەکەین بۆ بروامان بە خودا هەبێت. ئایا بەراستی پێویستیمان بە خودا هەیە، وەک چۆن بپرسین ئایا پێویستیمان بە خۆشەویستی هەیە؟ وەک چۆن دەپرسین پێویستمان بە راستی هەیە، پێویستمان بە ژیان هەیە؟.
ئایا خۆشەویستی چۆن دەکرێت؟ ئایا کردارە، یان پەرچە کردارە؟، سروشتی بیرکردنەوە مرۆڤەکان چین و چۆنن کە ڕێرەو ئاراستەی ئەو بژرادەیە دیاری دەکەن؟ بژرادەی خۆشەویستی، قورسترین پرسیار کە زۆرینەمان لە وەڵامەکانی را دەکەین، ئەی ئەگەر ئەوەی پێیگەیشتیین و پێدەگەین خۆشەویستی نەبوو تەنها تەمێکی دروستکراوی خەیاڵەکانی مرۆڤ خۆی بێت، ئەگەر ئەم شتە کە ناومان لێنا خۆشەویستی درۆیەکەی گەورە بوو؟ یان نەخێر ئەوەیان خۆشەویستی نەبوو، بەڵکو خۆشەویستی شتێکی ترە و جیایە لەمە.
خۆشەویستی کەسێکە گوێت بۆ بگرێت، یان هاوکاریت بکات، یان خواستەکان پر بکاتەوە، یان ئارەزوەکان بەتاڵ بکاتەوە؟ یان ببێت بە تۆ، یان ببێتە کۆیلەت، یان ببێتە داردەست، یان ببێتە رێگایەک و تۆ بەسەریدا بپڕێیتەوە، ئەگەر ئەمان بوون خۆشت دەوێ؟ ئایا ئەمەیە خۆشەویستی؟
دوو مرۆڤ چۆن دەتوانن یەکیان خۆشبوێت وە دڵنیا بن کە ئەوە خۆشەویستیە تەنها لەبەر ئەوەی بەرگەی یەک دەگرن، یان لەبەر ئەوەی بونەتە هاوسەر و پێکەوە دەژین یان لەبەر ئەوەی پێکەوە گەورە بوون، یان لەبەر ئەوەی منال هەیە لە نێوانیان، یان لە بەر ئەوەی تازە دەبێت پێکەوە رێگاکان تەواو بکەن ئایا ئەمەیە خۆشەویستی؟
پریسارێکی دی ئایا هەمومان هەمان تێروانینمان هەیە بۆ خۆشەویستی هەمان بۆچونونمان هەیە؟ ئایا لای هەمومان هەمان رێچکەیە کە ئەوانەی پێشوش پێیدا تێپەریون، ئەگەر خۆشەویستی هەمومان هەمان شێوەیە بۆ هەریەکێکمان ئەنجامێکی جیاوازی هەیە؟ ئایا ئامانجەکانی خۆشەویستیش هەمان ئامانج نییە کە هەمومان هەمانە، ئەی بۆ ئەنجامەکان جیاوازن.
خۆشەویستی نهێنییەکە تا ئێستا مرۆڤ نەیناسیبێت، یان شاراوەیەکی مێژوییە و کەسمان دەستمان پێناگات، یان هەر خۆی لە ئەزەلەوە بونی نەبو،ە یان هەر ئەویش وەک کردارە ئاساییەکانی رۆژگارمانە و بەڵام خۆمان گەورەمان کردوە.
ئایا مرۆڤ یەک جار خۆشەویستی دەکات، یان چەندەها جار، چۆن بزانین کامییان خۆشەویستی بوون لەو هەموو پەیوەندیانەی هەمانە کە ناوی جیا جیامان لێناون، هەر خۆی خۆشەویستی وەک تۆی روەکێکە و گەورە دەبێت و گەشە دەکات، یان بە پێچەەانەوە گەورە دروست دەبێت و ووردە ووردە دەپوکێتەوە تەنها بۆ بەستنەوەی تاکەکانە. بۆ نەتوانین خۆشەویستیەکی دی بکەین ئەگەر ئەمەی ئێستا ئەو نییە ئەی ئەگەر ئەمە ئەوە بۆ نامانگەیەنێتە ئەوەی پێی بڵێین خۆشەویستی.
یان بڕۆینە روە زانستیەکانی خۆشەویستی کە پەیوەستی دەکات بە بایۆلۆژیەتی مرۆڤەوە چۆن ئەنزیم و هۆرمۆنەکان کارلێک لە مرۆڤ دەکەن لە پێناوی بەردەوامی و مانەوە کار لە سایکۆلۆژیەتی مرۆڤ دەکەن جیهانێک بخولقێنێت بە ناوی خۆشەویستی بۆ بەردەوامی ژیان. ئایا کەوا بێت خۆشەویستی وەهمی درەستکراوی سایکۆلۆژیەتی مرۆڤە؟ گەر وایە بۆ راستیەکە نەزانین و رێگە کورتەکە نەگرینە بەر.
ئەشێت خۆشەویستی ببەستینەوە بە ئاینەکان، یان فەلسەفەکان بۆ ئەوەی رێچکەیەک بدۆزینەوە تا رزگارمان بێت لە پرسیار کردن لەسەری؟ ئەی ئاخۆ وەڵامەکان قایلکەر دەبن.
پێناسەی خۆشەویستی خۆی چییە بنەماکانی چین رێکارەکانی چین چۆن دروست دەبێت و چۆن گەشە دەکات و چۆن بەردەوام دەبێت و چۆن دەمرێت و چۆن دەپوکێتەوە چۆن درەست دەبێتەوە.
خۆشەویستی کەی بکەین، ئایا پێویستە بیکەین، ئایا دەبێت هەر بیکەین؟ ئایا لە هەموو شوێنێک وەک یەکە خۆشەویستی، یان لە هەموو چینەکان هەمان شتە لە ناو نەتەوەکان و خێلەکان هەر یەک خۆشەویستیە کە لە هەمو جیهاندا هەیە؟ هەموو مرۆڤێک لە هەمان ساتدا دەیکا، یان دەگۆرێت کاتەکەی کەیە، بۆ دەبێ لەو کاتەیا بێت ئایا هەر دەبێت ناوی خۆشەویستی بێت.
جگە لەم پرسیارانە هەزارەها پرسیاری دی لەسەر خۆشەویستی، تا بوون هەبێ ئەو پرسیارانە بەردەوام دەبن و دەمێنن چەندێک زانست و ژیان و تەکنەلۆژیا و کۆمەڵگاکان پەرە بسەنن و پێشبکەون، بەڵام هەر وەڵامی ئەم پرسیارانە شاراوەن و دەبێت هەر بگەرێین و بپرسین، ئایا خۆشەویستی چییە و پێناسە راستەقینەکەی چییە، ئایا بونی هەیە یان بونی نییە.؟