نەوزادی موھەندیس: دیدێکی ئەندازیارانە بۆ کارەساتە سروشتیەکان و چۆنێتی ڕووبەوڕووبونەوەیان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە ڕوودانی کارەساتی سروشتی لەھەموو گۆشە و ناوچە و وڵاتێکی جیھاندا ڕوودەدات و بەدوای خۆشیدا زیانی گەورەی گیانی و ماڵی لێدەکەوێتەوە و تەنانەت جاری واھەیە ناوچەیەک بەتەواوەتی وێران و خاپور دەکات و کارەساتی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە. کارەساتە سروشتیەکان ھەمەجۆرن و لە ھێز و گوڕ و کاریگەری و پانتایی جوگرافی و زەرەروزیانەکانیاندا جیاوازن.ھەربۆیە لە جێگەیەک بۆ جێگەیەکی تر ئاسەوارەکانیان جیاوازە و ڕێوشوێنە خۆپارێزیەکانیش لێیان جیاوازترە.
کارەساتە سروشتیەکان ھەموو ئەو ڕووداوانە دەگرێتەوە کە لەدەرەوەی توانا و دەسەڵاتی مرۆڤەکان ڕوودەدان و مرۆڤ لە کات و ساتی ڕوودانیاندا ھیچ دەستێوەردانێکی نیە. لەگەڵ ئەوەی کە ھەندێک کار و کردەوەی مرۆڤ ڕەنگە ڕێگەخۆشکەربێت بۆ ڕوودانیان.
کارەساتە سروشتییەکان وەکو، لافاو و بوومەلەرزە و گڕکان و داڕمانی زەوی و وشکە ساڵی و بێبارانی و بەبیابانبوون و خۆڵبارین وبەرزبونەوەی پلەی گەرما و گێژەڵوکە و زریانەکان و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و… ھتد، دەگرێتەوە.
جا ڕوودانی ئەم کارەساتە سروشتیانە ھیچ وڵات و ناوچەیەک ناپارێزن و ھەمووان وەکو یەک دەگرێتەوە بەپێی گۆڕانی کەش وھەواکان لە وەرزەکانی ساڵدا.ھەیانە بەھێز و کاریگەر و وێرانکەرن، و ھەشیانە سووکتر و بێ زیانی گەورەی گیانی وماڵین.تائێستاش زانست و تەکنەلۆژیا پێشکەوتوەکانی سەردەمیش دەستەوستانە لەبەردەم ڕوودانیاندا و تەنھا ئەوەندەیە ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێشوەختە دەگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارە وێرانکاریەکانیان.
کوردستانیش وەک بەشێکی گرنگ لە وڵاتی عێراق و ھەڵکەوتە لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و تاڕادەیەک ناوچەیەکی شاخاوی و خاوەن کەشوھەوایەکی وەرزی بەپێی ھەڵکەوتە جوگرافیاکەی دەکەوێتە بەر شەپۆل و کاریگەرییە کەشوھەواکانی دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی و ھندی و ناوچەکانی قەفقاس و لەڕۆژئاواشەوە دەکەوێتە بەر شەپۆلەکانی دەریای سپی ناوەڕاست.کە ھەریەکەیان کاریگەری جۆراوجۆریان ھەیە. کەواتە ھەرێمی کوردستان دابڕاو نیە و ھەموو کات چاوەڕوانی کارەساتی سروشتی لێدەکرێت.
لە پەراوێزی ڕوودانی ئەم لافاوەی ئەم ڕۆژانەی لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە و …ھتد.کە بەداخەوە بوە ھۆی ڕوودانی کارەسات و زیانی گیانی و ماڵی زۆر بە ھاوڵاتیان و شەقام و پرد و ئاوەڕۆ و و خوێندنگە و گەڕەکە نیشتەجێکان و ئۆتۆمبێل و باخ و دارستان و سەرچاوەی ماسی و بەنداوەکان و ..ھتد.دەکرێت ھۆکار و ڕێگاچارەسەریەکان دیاریبکەین بۆئەوەی دووبارە نەبنەوە و کارەساتی ھاوشێوە ڕوونەدەنەوە.
ھۆکارەکانی ڕوودانی ئەو کارەساتە چیبوون؟
وەک پێشتر باسمان کرد کارەساتە سروشتیەکان مرۆڤ دەستی لەڕوودانیاندا نیە و ناشتوانێت بەریان پێبگرێت و تائێستاش نەتوانراوە زانستیانە کات و سات و شوێنی ڕوودانیشیان دیاریبکرێت.بەڵام دەتوانرێت پێبینی ڕوودانیان بکرێت ولە پێش ڕوودانیاندا ھەندێک ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارە وێرانکاریەکانیان.وەک:
• ئاشکرایە زۆرێک لەو کارەساتە سروشتیانە وەرزین و دەکرێت پێشبینی ڕوودانیان بکرێت وەک وەرزەکانی ھاوین و زستان بەشێوەیەکی گشتی،ھەربۆیە دەکرێت کە ڕێوشوێتی خۆپارێزی بگیرێتە بەر پێش ڕوودانیان.
• لە ھەرێمدا،دەکرێت کە پێش باران بارین و ھەر لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە،شارەوانیەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ھەستن بە پاککردنەوە و بەردانی ڕووبار و کەندوشیوەکان وئاوەڕۆ ێندوقیەکان و ناوشارەکان.
• چاکسازیکردنی ھەردوولای ڕێگا و شەقامە ((شانەکان)) سەرەکیە ناوخۆیی و دەرکیەکان.
• بەھەندوەرگرتن و حساب کردن بۆ زانیاریی و زانستە کەشوھەواییەکان و پشتگوێنەخستنی ئاگاداریەکان لەو بارەیەوە.
• چاکسازیکردنی بەردەوامی ھەردوو شانەکانی پردەکان و گۆمەکان و توندوڵکردنەوەیان بەشێوەیەکی زانستی و ئەندازیاری.
بەم شێوەیە دەکرێت کە زەرەر و زیانەکان کەمبکرێتەوە و ڕێگە لەکارەساتی دڵتەزێن و وێرانکەر بگیرێت.
لەڕووی ئەندازیارییەوە چی بکرێت ؟
لەم بارەیەوە،دەکرێت ھەموو ئەو پڕۆژە ئەندازیاریانەی کە لەلایەن کەرتی تایبەت و حکومەت و وەبەرھێنەرانەوە ئەنجامدەدرێن و جێبەجێدەکرێن،ئەم ڕێوشوێنانەیان تیادا بچەسپێنرێت:
• پێویستە ھەموو شار و شارۆچکەیەک ماستەر پلانی تایبەت بەخۆی بۆ بکێشرێت و ھەموو شارەوانیەکان بەپێی ئەو ماستەر پلانە پڕۆژەکان و خزمەتگوزاریەکان ئەنجامبدەن لەناو شار و لەدەرەوەی شار و شارۆچکەکاندا.
• ڕێگە بە ھیچ زیادەڕۆییەک نەدرێت لە نزیک چەم و ڕووبار و بەنداو و پرد و شەقامە سەرەکیەکانەوە لەلایەن ھاوڵاتیان وکۆمپانیاو وەبەرھێنەرانەوە.
• مەرج و پێوەرە ئەندازیاریەکان زۆر بەتوندی لە پڕۆژەکاندا جێبەجێبکرێن و لیژنەی بەدواداچوونی بەردەوام ھەبێت لەکاتی جێبەجێکردنیاندا.و زانیاری و پێوانە ئەندازیاریەکانیش ساڵانە یان چەند ساڵێک نوێبکرێنەوە،نەک ھەر لەسەر پێوەرە کۆنەکانی دەیان ساڵی ڕابووردوو کاربکرێت.
• ھەموو ناوچە قەدەغەکراوە ئەندازیاری و سەلامەتیەکان لە پڕۆژەکان و پرد و ڕێگاوبانەکان و ناو شارەکاندا زۆر بەتوندی پارێزگاری لێبکرێت و ھیچ کەس ولایەنێک بۆی نەبێت زیادەڕەویان لەسەر بکات.
• گرنگی زیاتر بە دروستکردنی ئاوەڕۆی ێندوقی بدرێت و ناوچەی قەدەغکراوی دیاریبکرێت و ساڵانە و لەکاتی خۆیاندا ێیانەبکرێن.
• کاری ێیانەکردنی ساڵانە و وەرزانەی پردەکان و شەقامەکان و گۆمەکان و شیو و کەندەڵانەکان ئەنجامبدرێن.
• ھەموو ئەو گەڕەک و ناوچانەی کە نزمن لەئاستی شەقامەکانەوە،گرنگە کە ئاوەڕۆی گەورە و فراوانیان بۆ دروستبکرێت بۆ دەرچوونی ئاو و باراناو و کۆنەبونەوەی لە جێگەیەکدا.
• دابینکردنی ئالیات و پێداویستیەکانی تری بەرگری شارستانی بۆ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و ڕاھێنانی کارمەندەکانیان و ئامادەبونیان لە نزیک جێگە مەترسیدارەکانەوە.بۆ بەھاناچوون بە خێراترین کات.
بەم شێوەیە دەکرێت کە حکومەت و دامودەزگاکانی تاڕادەیەک کۆنتڕۆڵی ئەو کارەساتانە بکەن و لانی کەم زەرەروزیانەکانیان کەمبکەنەوە.بۆیە ئەرکی حکومەتی ھەرێم و دامودەزگاکانێتی کە کار بکات بۆ:
• قەرەبووکردنەوەی پێویستی زیانلێکەوتوان و لێقەومانانی ئەو کارەساتانە.
• دانانی ێندوقێک بەناوی ((ێندوقی قەرەبووکردنەوەی کارەساتە سروشتیەکان)) و تەرخانکردنی بودجەیەکی ساڵانە بۆ ئەو ێندوقە.
• سزادانی کەسان و لایەن و دامودەزگا کەمتەرخەمەکان.
• پاداشتکردنی کەسانی خەمخۆر و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە ئەرکی خۆیان بەباشترین شێوە ڕادەپەڕێنن.
لەکۆتایدا،کارەساتە سروشتییەکان کارەستگەلێکن کە ھەموان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی ئاین و مەزھەب و نەتەوە و جیاوازی چین و توێژەکان،بۆیە گرنگە کە گیانی ھاوکاری و یارمەتیدان و دەستگیرۆیکردن لەناو کۆمەڵگاکەماندا بەھوشیاریەوە بڵاوبکرێتەوە و تۆخبکرێتەوە ،بۆئەوەی بەھەمووان کارەسات و مەترسی و فرمێسکەکانی یەکتری کەمبکەینەوە و وڵاتیشمان بپارێزین. با ئەم کارەساتی لافاوەش پەندێک بێت بۆ ھەموان کە چیدی بەدەستی خۆمان ((مرۆڤ)) ڕێگە خۆشنەکەین بۆ ڕوودانی کارەساتە سروشتیەکان،بە زیادەڕەویکردنمان لەسەر سروشت لە خاک و ئاو و ھەوا و پیسیان نەکەین و نەیانکەینە قوربانی خواست و ویستە تێرنەبوەکانمان بۆ دەستخستنی سەروەتوسامان و خۆدەوڵەمەند کردنی ناڕەوا.باھەموانمان خاک و نیشتیمانەکەمان لەخۆمان خۆشتربوێت و لە چاوتێبڕین و تەماحکاری خۆمان بیپارێزین چونکە نیشتیمانەکەمان سەرچاوەی ژیان و مان و بونمانە و چەندە ژینگەیەکی خاوێن و تەندروستمان ھەبێت ئەوەندەش کۆمەڵگایەکی ئاسودە و بەختەوەر و پێشکەوتو و ھوشیارمان دەبێت.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی