بڕوا ستار: ئۆجەلان چۆن داوای چارەسەریی پرسی کوردی کردووە بۆ ڕۆژئاوا.؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

نەخشەڕێگای ئیمرالی؛ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا
A- دەبێت زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی تورکیا.
B- نەوتی چیای گابار بەشێکی گرنگی بۆ باکوور دەبێت.
C- هەسەدە و پەژاک هەڵناوەشێنەوە.
D- چەسپاندنی مۆدێلی حکومڕانی خۆجێی لە تورکیا
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ و گوێگرتن لە 134 کەسایەتی جیاواز، کۆمسیۆنی “هاودەنگیی نیشتمانی، خوشکوبرایەتی و دیموکراسی” لە تورکیا گەیشتە وێستگەی کۆتایی و هەستیارترین قۆناغی کارەکانی، کە بریتی بوو لە دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالی. ئەم دیدارە کە بە بەشداریی نوێنەرانی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی بەڕێوەچوو، تەنها کۆتاییهێنان نەبوو بە قۆناغی گوێگرتن، بەڵکو خستنەرووی پاکێجێکی گشتگیر بوو لەلایەن ئۆجەلانەوە کە دەستکاریی بنەڕەتی لە ژێرخانی دەستووری-یاسایی، ئابووری و سەربازیی تورکیا و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات. هەرچەندە وردەکارییەکان بەهۆی هەستیارییانەوە سانسۆر کراون و لە کۆنووسێکی 16 لاپەڕەییەوە تەنها ٤ لاپەڕەیان بۆ ئەندامانی کۆمسیۆن ئاشکرا کراوە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی.
لە چەقی داواکارییەکاندا بۆ باکووری کوردستان و تورکیا، ئۆجەلان چەمکی “وەچەرخانی دیموکراتیک”ی وەک کلیلی چارەسەر ناساندووە. ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەستووری تورکیا دەبێت لەو پێناسە تەقلیدییە دەربچێت کە تەنها دان بە “تورک”دا دەنێت و پێویستە بە ڕوونی ئاماژە بە بوونی “دوو گەلی بەهێز” واتە تورک و کورد بکات. لەم چوارچێوەیەدا، گۆڕینی ماددەی ٦٦ی دەستوور کە ناسنامەی هاووڵاتیبوون بە تورکبوونەوە دەبەستێتەوە، بە داواکارییەکی سەرەکی دادەنرێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە، ئۆجەلان پرسی زمانی خستووەتە قۆناغێکی کردەییەوە؛ هەرچەندە لەم قۆناغەدا داوای زمانی فەرمی ناکات بۆ ئەوەی ڕای گشتی تورکیا نەشڵەژێنێت، بەڵام بە مەرجێکی بنەڕەتی داناوە کە زمانی پەروەردە و فێرکردن دەبێت بە زمانی دایک (کوردی) بێت.
لە ڕووی ئابووری و ئیدارییەوە، داواکارییەکان ئاستێکی بەرزیان تۆمار کردووە کە تەنانەت سنووری داواکارییە کلاسیکییەکانیش دەبەزێنێت. ئۆجەلان بە ڕاشکاوی داوای جێبەجێکردنی “پەیماننامەی ئەوروپی بۆ حوکمڕانیی خۆجێیی” دەکات و خوازیاری مۆدێلێکی بەڕێوەبردنە کە لە مۆدێلی هەرێمی کوردستانی عێراق پێشکەوتووتر و بەهێزتر بێت. خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش، داواکاریی “پشکی داهات”ە؛ بەو پێیەی نەوت و سامانە سروشتییەکانی وەک کارەبای بەنداوەکان کە لە ناوچە کوردییەکان (کە ئەو بە کوردستان ناوی بردوون) بەرهەم دەهێنرێن، دەبێت بەشێک لە داهاتەکەیان بۆ حکومەتە خۆجێییەکانی ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە، وەک نموونەی نەوتی چیای گابار. ئەمەش هەنگاوێکە بەرەو سەربەخۆیی ئابووریی ناوچەکان لە ناوەندەوە.
سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئۆجەلان دیدگایەکی تەواو جیاوازی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا خستووەتە ڕوو. لە کاتێکدا ئەنقەرە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانەیە، ئۆجەلان ڕەتی دەکاتەوە هەسەدە چەک دابنێت یان هەڵبوەشێتەوە. لە بەرامبەردا، پێشنیار دەکات کە ئەم هێزانە لەبری ئەوەی وەک سوپا بمێننەوە، گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و ببنە هێزی پۆلیس یان هێزی ئەمنی ناوخۆیی بۆ پاراستنی ناوچەکانی خۆیان. ئەمەش ئاماژەیە بۆ مانەوەی قەوارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوا بەڵام بە فۆرمێکی جیاواز. هاوکات، ئۆجەلان دانی بەوەدا ناوە کە هەرچەندە کاریگەریی مەعنەوی هەیە، بەڵام ناتوانێت بڕیاری “هەڵوەشاندنەوە” بەسەر یەپەگە و پژاکدا بسەپێنێت، ئەمەش وەک پەیامێک کە ئەو هێزانە خاوەنی ئیرادەی خۆیانن.
ئەم ڕاپۆرتە و داواکارییانە بوونەتە هەوێنی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی هاوبەش لە پەرلەمانی تورکیا. ئامانجەکە دروستکردنی “ژێرخانێکە” بۆ چارەسەر، بەڵام قورسیی داواکارییەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە دەستوور و داهاتی نەوت، ئاڵنگاریی گەورەن لەبەردەم پارتە سیاسییەکاندا و قۆناغی داهاتوو دەری دەخات ئایا دەوڵەت ئامادەیە باجێکی وا گەورە لەپێناو چارەسەردا بدات یان نا.