دلێر محەمەد نوری: ئاڵای کوردستان پەڕۆیە یان شانازییەکی دزراو؟

ئەگەر تەماشای ئاڵای هەر وڵاتێک بکەین، دەبینین لە چەند ڕەنگ و هێما و شێوەیەک پێک هاتووە و هەر یەک لەمانەش بۆ خۆی واتایەکی هەیە. هیندییەکان و چینییەکان بۆ یەکەمجار ئاڵایان بەکار هێناوە و فارسەکانیش لە 500 بۆ 330 پ.ز ئاڵایان بەکارهێناوە کە ناوی (دەرفش کاڤیان)بووە.
بەم شێوەیە ئاڵا بووە بە هێمای زۆر میللەت و نەتەوە بۆ گوزارشت کردن لە بەهاکانیان لە نیو ئاڵاکەدا. جا بە هۆی ڕەنگەوە بێت، یان هێما یاخود هەر بەهۆی هەر شتێکی دیکەوە بێت.
کوردیش وەک هەر گەلێک، ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی هەیە کە پێی دەوترێت ئاڵای کوردستان. ئەم ئاڵایەش بۆ یەکەمجار لە لایەن بزوتنەوەی خۆییبوونەوە لە باکوری کوردستان داهێنراو و بەکارهات و دواتر لە سەردەمی کۆماری مهابات و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا هەرێمی کوردستان ئەم پارچە پەڕۆ نەخشێنراوە بە ئاڵاو شانازی خۆی دەزانێت.
ئەگەرچی سەردەمێک لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتداران دژی ئەم ئاڵایە بوون؍ وەلی ئێستا کوردایەتی بە ژمارەی ئەو ئاڵایانە ئەپێورێت کە لە سەر بارەگای حیزب هەڵدەکرێت و لە پشتی سەرۆکەکان و بە سنگی سیاسییەکانەوە هەڵدەواسرێت، نەک ژمارەی دەستکەوتە نەتەوەیی و دارایی و… هتد،دابینکراوەکان. ئەمە لەوەش بگەڕێ کاتێ لە بەر خاتری وەفد و کەسایەتی ئەقلیمی ئەم پێوەرانە بیر دەچنەوە و ئاڵاکان کۆدەکرێنەوە.
جا بۆیە ئەڵێم؛ ئەگەر ئاڵای ئەوانی دیکە تەنها لە ئەنجامی شەڕ و داگیرکاری دابگیرێت ئەوا ئاڵاکەی لە مەڕ خۆمان هەر بە دەست و بڕیاری خۆمان دەمێ یاساغە و دەمێ یاسایە، دەمێ خیانەت و دەمێ کوردایەتییە! هەر بە وێنەی هەموو شتەکانی دی ئاڵاکەشمان هەندێ جار وون و هەندێ جار شەکاوەیە.
پرسیارێکی جەوهەری هەیە، هەق وایە بیرێکی لێ بکەینەوە؛ ئاڵایەک کە لە پارچەیەک پەڕۆ پێکهاتبێت! کە لەوانەیە هەر بە ڕێکەوت هونەرمەندێک، یان بیرمەندێک، یاخود سیاسییەک نەخشەی کێشابێت. ئاخۆ ئەم قودسییەت و پیرۆزییەی لە کوێوە بە دەستهێنابێت.؟ دەستی کام شێخی سەرکردە و سەییدی نەژادپەرست ئەم هێزی تەفڕکی پێدابێت؟
کەس هێندەی نەرویجییەک شانازی بە خاک و وڵات و سەروەرییەکانی خۆیەوە ناکات، بەڵام لێرە پێڵاوی وەرزشی و گۆرەوی و جلی ژێرەوە و تەنانەت دەستەسڕی تەوالێتیشم بینیوە کە بە ئاڵای نەرویجی نەخشێنراوە، جا بۆ یادگارییەک بێت، یان بۆ بەکارهێنان بێت. تۆ سەروەری و خۆشگوزەرانی دابین بکە، ئاڵاکەت خۆ بە خۆ پیرۆز ئەبێت!
لە جیهاندا ئاڵا زۆرن؍ زۆرینەی زۆریشیان لە گۆڕەپانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە یەک بەرزی و بە یەک ئەندازە ئەشەکێنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەرگیز وڵاتەکانیان بە هەمان قەبارە باڵای سەروەری و بەخشندەییان بۆ میللەتی خۆیان و بۆ مرۆڤایەتی وەک یەک بەرز نین و ئەندازەی پەیامدارییان بۆ ژیان و بۆ جیهان وەکو یەک مەزن نین.
لە کوێ ئاڵای هۆڵەندا کە خۆشگوزرانی کەم وێنەی بۆ هاوڵاتیانی خۆی دابین کردووە، یەکسانە بە ئاڵای بوروندی کە تەنها بووە بە مایەی برسێتی و هەژاری بۆ هاوڵاتییانی خۆی؟
ئەبێ دانیمارکییەک ئاڵاکەی بە ناسنامە و شانازی بۆ خۆی بزانێ کە بە وڵاتی کەمترین ڕێژەی گەندەڵی دەستنیشان کراوە، یان سۆماڵییەک کە لە وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهانە؟
ئەگەر ئاڵا هەر بۆ شانازی لە سەر باڵەخانەکان و لە مەرزەکاندا هەڵبدرێت، ئەوا ئەمریکا لە 1969 ەوە وەک شانازییەک ئاڵاکەی لە سەر ڕووی مانگدا هەڵکردووە و ئەشەکێتەوە. جگە لە شانازی هەندێ جار چارەنووسی ئاڵا سووتاندنە وەک کاردانەوە. لە دانیمارک لە ژێر چەتری ئازادی ڕادەربڕین بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرێک ئەبێتە هۆی سووتاندنی ئاڵاکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا سەددان هەزار پەنابەری ئەو ناوچانەی لە ژێر سێبەری هەمان ئاڵای سووتێنراو دەحەوێنەوە.
لە 1948ەوە عەرەب ئاڵای ئیسرائیل ئەسووتێنێ کەچی زەڕڕەیەک لەو پرشنگە دیمکراتییەی تەلئەبیبی خەففە نەکرد، لە کاتێکدا سەددان هەزار عەرەبی ئیسرائیلی لە ژێر سایەی ئاڵای خۆشگوزەرانیی زۆر لە براکانیان لە غەززە باشتر دەژین.
لە نێو هەموو ئەو نموونانە ئاخۆ ئاڵای کوردستان چۆن پێناسە بکەین و لە ڕیزی کام ئاڵا و لە پۆلێنی کام لەو میللەتانە دای بنێین؟ ئایە ئاڵای سەرکەوتنە؟ ئاڵای کام شانازی و کام سەروەرییە؟
ماوەتەوە بڵێم؛ گەر پایەبەرز شێرکۆ بێکەس ڕوو بکاتە نشتیمان و پێی بڵێ” من پێناسەی تۆ بخەمە گیرفانم، یان نەیخەم، چی لە بێکاریم و لە بێزاریم و لە دڵتەنگیم ئەگۆڕێ چی؟ مەگەر ئێمەش ڕوو بکەینە ئاڵاکەمان و پێی بڵێین؛ ئێمە تۆ لە دڵماندا هەڵبکەین، یان هەڵنەکەین چی لە خاکی دابڕاو و ئابوری سەرخوراو و دادگای سەربڕاومان ئەگۆڕێ چی؟!
ئەمڕۆ ئاڵای تورکی لە سەر زۆرێک لە لوتکەکانی بادینان ئەکەشێتەوە و ئاڵاکەی خۆشمان بووە بە شانازی بۆ بەرپرس و حزبانێک کە لە داگیرکەر خراپتریان بە کوردستان کردووە.
ئەگەر قەرار بێ ئاڵای کوردستانم خۆش بوێ، ئەبێ بەر لە هەر شتێکی ئاڵاکە لەوان بسێنمەوە و بیدەم لە ئێخەی گەرێلا و گۆڕی شەهید و بیدەم لە سنگی دایک و باوکی شەهید و بیئاڵێنم لە ئێسک و پروسکی ئەنفال و پەیکەرەکەی عومەری خاوەر و مامۆستایەکی بێ مووچە و دەستگێڕێکی شێخ اللە و عەربانچییەکی بەر بەلدێکە و مناڵێکی ئاوارەی کەرکوک، بیدەم لە سنگی دەمیرتاش و شیروان شیروانی و بیئاڵێنم لە گۆڕی سەردەشت عوسمان و کاوە و سۆران و بیئاڵێنم لە قژی ژینا ئەمینی و گۆرەکەی قازی و ئەنجا بەرز هەڵیبکەم و سەر لە ئاستیدا دابنەوێنم.