نەوزاد بەندی: ئەی ئەگەر بارانێکی تر باری؟.
خەڵکێکی دڵسۆز و ماندوونەناس و گیانفیدا و خێرخواز و بە ئەمەگ و نیشتمانپەروەر + خەڵکێکی هەلپەرست و تیکتۆک پەرست و خۆپەرست و ماستاوچیی و زلی بێهونەر و بەرژەندیی خواز و ڕیکلامچی و ( لایک و کومێنت و فۆڵۆ و سەبسکرایبخواز) بەردەوام سەرقاڵی شوێنەواری وێرانکەری لافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیەن، چۆن شارەکە پاک بکەنەوە و ماڵەکان ڕێک بخەنەوە و پێداویستییە ڕۆژانەکانی زیانلێکەوتووان دابین بکە. ئەمەیش لوتکەی مرۆڤایەتیی و ئەرکە مرۆڤایەتییەکانە لە ئاستێکی باڵادا. بەڵام وەک چۆن هەنگوین، عادیی و ئەسڵیی هەیە. وەک چۆن مۆبایل ئەسڵی و عادیی هەیە، بە هەمان شێوە مرۆڤایەتییش ئەسڵی و عادیی تێکەوتووە. فریادڕەسگەلێک هەن نە ناویان دیارە، نە کەس ئەزانێ کێن، نە وێنە ئەگرن، نە ئەهێڵن هیچ کەسێکیش وێنە و پیاهەڵدان و قوربان قوربانیان بۆ بکات. ئەمانە هەستی ئاینیی و نیشتمانیی (کە لە ڕاستیدا یەک هەستن ) ئەیانجوڵێنێ، بیر لە دەسکەوت و حەقدەست و شت ناکەن. وەک ماندێلا ئەڵێ؛ ئەوانەی کە داوای حەقدەستی خەباتی نیشتمانیی ئەکەن، لە بێڕەوشتترین کەسەکانن.
جۆریی دووەمی مرۆڤایەتیش، یان جۆرە عادییەکەی، خەڵکێکن لەبەردەم کامێرا نەبێ کاری خێرخوازیی و کۆمەکیی خەڵک ناکەن، لایڤ لە تیکتۆک ئەکەنەوە و لەگەڵ کارە خێرخوازییەکانیاندا ئەڵێن؛ ڕەحمەتتان نەبێ لایکی شاشە بکەن، ڕەحمەتتان لێ بێ فۆڵۆمان کەن، شەیرمان کەن، کۆمێنتتان بیر نەچێت.!
ئەمانە لە ڕووکەشدا مرۆڤایەتیی ئەنوێنن، بەڵام لە ناخدا ئاڵ و وێڵ بە مرۆڤایەتییەوە ئەکەن. یاری بە ژێی هەست و سۆزی میللەت ئەکەن و وایان لێدەکەن جزدانەکانیان بۆ بکەنەوە و بەو پەڕی ڕەزامەندییەوە داوای ژمارەی مۆبایل و ژمارەی کریدیتەکانیان لێ بکەن، بۆ ئەوەی بە مەمنونیەوە پارە و قوتی مناڵەکانیان بۆ بنێرن. ئینجا ئەم ئاڵ و وێڵکەرانە، بەوەیشەوە ناوەستن کە چەپڵە و وێنە و ئافەرین و پارە و لایک و فۆڵۆ و سەبسکرایب و کۆمێنتی خەڵکەکەیان لوش کردووە، لێرە و لەوێ لە ڕێی هەوادارەکانیانەوە داوای پۆستی باڵا و کورسی دەکەن.
ئیتر ئەم دوو جۆرە لە مرۆڤایەتیی هەیە، هەردووکیشیان لەگەڵ یەکتریدا سەرقاڵیی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی خەڵکی چەمچەماڵ و تەکیەیە. یەکێکیان بێدەنگ و بێ وێنە و بێ لایڤ و بێ بەرامبەر. ئەوەی تریشیان بە هات و هاوار و اللە اکبر و ڕەحمەت ناردن و جنێو و دەستڕێژ و لایڤ و وێنە و تیکتۆک و ئینیستیگرام و داواکردنی پلە و پۆستەوەیە.
ئەمانە هەموو تێکەڵاو بوون، لە هەوڵی ئەوەدان خەڵکی چەمچەماڵ و تەکیە بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان، هی پێش لافاوەکە. بەڵام ئەپرسم ژیانی ئاسایی چەمچەماڵ و تەکییە چۆن بوو؟ یان ڕاستتر ئەم هەموو هەوڵە ڕەسەن و فەیکە کە ئەدرێن لە پێناوی گەڕانەوەی خەڵکەکەیە بۆ چ جۆرە ژیانێ؟ ژیانی ئاسایی واتا ژیانی بێ دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ژیانی دوکەڵ و تەپ و تۆزی کۆرمۆر و پاڵاوگەی حیزبیی و پێ لەقە، ژیانی پڕ ژاوە ژاو و دوکەڵ و شەقاموێرانکەری تەنکەرە نەوت و نەفسا، ژیانی بێ موچەیی، ژیانی بێ نەوتیی، ژیانی بێ بەرنامەیی و میلیشایی و بێ یاسایی و خێڵگەرایی و بنەماڵەگەرایی و ئاغایەتیی و کوێخایەتیی.
باشە وەک کابرای دەشتەکیی ئەڵێ؛ خوامەرگ خوامەرگ، ئەگەر ئەمە ژیانە ئاساییەکە بێ، سەد ڕەحمەت لە مەرگ و هەر چی شتی نائاساییە.
لە کۆتاییدا لە دەسەڵات و خەڵک ئەپرسم؛ باشە ئەی ئەگەر بارانێکی بە خوڕی تر باری؟ چیتان کردووە بۆ ئەوەی جارێکی تر شار و ماڵ و قوتابخانە و قوتابی ئاو نەیانبات؟ یان بە تەما نین بارانی تر ببارێ، کورە دەی ئەگەر باریش، خوا گەورەیە. خوا کڵاوی بۆ بەڕوو دروستکردووە. قابیلە چی ئەبێ؟ ئەو پەڕەکەی جارێکی تر دوو سێ هەزار ماڵ وێران ئەبێ و هەڵبەت خەڵکەکەیش لە هەوڵ و کۆمەک و خەمخۆریی ڕاناوەستن. موسوڵمانان ئەڵێن؛ ژیانی موسوڵمان پڕە لە کارەسات و ئەبێ ئاسایی بێ بە لامانەوە. ئەوانی تریش ئەڵێن؛ هیچ نییە، نزمە پاڵەپەستۆیەکی سپارتا ئەنجیلینا ئۆرانۆسی دەریای ناوەڕاستە، هەفتەکەی تر خەڵکەکە ئەگەڕێنەوە بۆ سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.!
- Latest Posts by نەوزاد بەندی
نەوزاد بەندی: ئاوەڕشێن یان بە هەدەر دان.
-نەوزاد بەندی: بۆچی سوپاسی خوا ناکەیت؟.
-نەوزاد بەندی: باوک.!
- All Posts
